لەدامەنەی دوو هەڵوێستدا لەپەرلەمانی کوردستانەوە
2020-10-29 07:37:41
ئیبراهیم میکە عەلی
ئاشکرایە لەدوو ڕۆژی ڕابردودا هەولێرو پەرلەمانەکەی لەدوو هەڵوێستی تەواو پێچەوانەو جیاوازدا دەرکەوتن:
هەڵوێستی یەکەم: هەڵوێستی ژمارەیەک لەئەندامانی پەرلەمان بوو کە بەشێوازێکی شارستانییو پرۆتۆکۆلییو بەنوێنەرایەتی حزبو دەنگدەرەکانیان، پەیامی ناڕەزایەتیاندایە دەستی کونسوڵی فەرەنسا لەهەرێم.
هەڵوێستی دوەم: دیسان هەڵوێستی ژمارەیەک لەئەندامانی پەرلەمان بوو کە وەک زۆرینەی ڕەهاو بەنوێنەرایەتیی حزبو دەنگدەرەکانیان پشتیوانیی خۆیانیان دەربڕی بۆ کونسوڵی فەرەنسا.
ئەم دوفاقیە لەهەڵوێستگرتندا، لەدیدی منەوه ئاماژەیەکی خراپی ترە لەنەخشاندنی وێنەی گەلی کوردو دەسەڵاتو تەنانەت دامەزراوەکانیشیدا، لەبەرئەوەی کە ئیشی من نییە هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستەکان بکەمو بڵێم کامیان باشەو کامیان ناباش، بۆیە باس لەو دیوەی مەشهەدەکە ناکەم، ئەو ڕوەی کە دەمەوێ قسەی لەبارەوە بکەم ئەمەیە:
ئەگەر ئەم چەشنە هەڵوێستانەو هاوشێوەکانیان پێوەربن بۆ موسڵمان بونو دەسنیشانکردنی شوناسی ئایینیی تاکو حزبەکانو کۆمەڵگە، ئەوا ڕوبەڕوی ئاستەنگێکی تری جفاکیی دەبینەوە کە پێشتر زۆرێک لەلێکدانەوەکانمان لەسەر ئەو تێگەیشتنە بونیادناوە، ئەویش بریتییە لەوەی کە زۆرجار لەدەربڕینە فەرمییو نافەرمییەکانی کەسایەتییو دامەزراوە ئایینییو کۆمەڵایەتییو هەندێكجار ئیدارییەکانیشەوە دەوترا 95%ی خەڵکی کوردستان موسڵمانە.
پرسیار لێرەدا ئەمەیە: ئەگەر بەو پێودانگەی سەرەوە شوناسی ئایینی دەسنیشان بکرێت، ئایا ئیتر مانایەک بۆ ئەو ڕێژەو پۆلێنکردنو شوناسە ئایینییە دەمێنێتەوە؟! بێگومان ئەمە پرسیارێکی شڵەژێنەرە، چونکە گەر ڕادەستی ببین، شوناسی ئایینی کۆمەڵگە تێکدەچێتو گەر پشتگوێشی بخەین دیسان درێژە بەخۆ خەڵەتاندن دەدەین.
بۆیە وەک دەرچەیەک لەدیدی بەندەوە بۆ وەڵامی پرسیارەکە، وایدەبینم کە پرسەکە لەبنەڕەتەوە پرسێکی سیاسییەو ئاڵێنراوە لەئایینەوە، پرسی پێگەو باڵادەستی سیاسەتەکانی دوو وڵات لەزلە وڵاتانی جیهانو ناوچەکەیەو ئایینو دروشمو هێما ئایینیەکان کراونەتە قوربانی سیاسەت، هەرێمو حزبەکانیشییو جەماوەرەکەشی بەدوایاندا خۆنەویستانە کێشراونەتە ناو یارییەکەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم پرسەی کە ئەمڕۆ کراوەتە باسی ڕۆژ، پرسێکی ناوخۆیی فەرەنسایەو لەبنەڕەتەوە دەبوو فشاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییو چالاکوانان لەو ئاراستەیەدا بوایە کە ڕێگە نەدرێت ئەو پرسە یەکڕیزیی ماڵی کورد تێکتر بدات بەسەریەکداو کارتی ئایینو هێماو دروشمە ئایینییەکان بکرێنە کارتی سیاسیی.