کتێبەکەی بارزانی
2020-10-21 22:12:28
سەهین موفتی
تامەزرۆی وەدەستگەیشتنی کتێبەکە بووم، هەر بۆیێ ساتی گەیشتن و تەواوبوونم لە خوێندنەوەی تەنها چەند دەمژمێرێکی بەین بوو.
بارزانی، بە گەڕانەوە بۆ دیرۆکی چەند سەدەیەکی پێش ئێستێ( دابەش بوونی کوردستانییان لە نێوانی سەفەوی و عوسمانییەکان)، دەست بە نووسینەوە بۆ مێژوو دەکات پاشان دابەش بوونی کوردستان بەسەر چوار وڵات لە جەنگی جیهانی یەکەم، هەتا سەربووردەی دروستبوونی دەوڵەتی عێڕاقی کە ئەمیر فەیسەڵ، دووەمین کوڕی حوسێن شەریفی مەککە وەک پادشا دەستنیشانکراوە، لە ئەنجامی کۆنگرەی قاهیرە لە بەهاری 1921، و هەتا قۆناغی ئەمڕۆ.. بەروونی ویستی تەواوی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێڕاق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاو ئەمریکاش بەرامبەر بە دزۆزی کورد، نیشان دەدات.
کە تەواوی ویستی حوکمڕانییەکانییەکانی عێڕاق، هەمیشە کوردیان وەک پاشکۆ سەیرکردووەو وڵاتانی دیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان، چۆنییان پێ باش بووە، ئەمجار دۆستایەتی کوردیان کردووە.
سەرۆک لەم کتێبەیدا، بەردەوام خواستی کوردی وەک ئاشتیخوازانەو دوور لەشەڕو کاولکاری نیشانداوە کە بەدرێژایی سەد ساڵ، تەنها ویستوویەتی بە ئارامی بژیێت و هیلاکی جەنگەکانی پێشووترن، پاشان وەک هەموو گەلانی دونیا مافی سەربەخۆیی و بڕیار دان لە چارەنووسی خۆی هەیە..
هەربۆیێش، لەسەر ئەم بنەمایانەو لە چوارچێوەی دەستووری نوێی عێڕاقیش ( دوای رووخانی سەدام)، دوای ئەوەی کورد هیچ رێگایێکی ئاشتییانەو نیازپاکی نەما دەگەڵ بەغداد نەیگرێتە بەر، بۆی درکەوت کە لە هەموو هەوڵێک بۆ هاوبەشی لە دەوڵەتی عێڕاقدا پشتگوێ دەخرێت و حکومەتەکانی دوای سەدامیش، بە هەمان عەقڵییەتی شۆفێنی پێشوو پابەندی هیچ رێککەوتن و بڕیارو رێساو یاسایێک و دەستووریش نابن، بۆیێ گەلی کوردستان لە چواچێوەی راپرسی ( رێفراندۆم )، دوای ئەم هەموو شۆڕش و قوربانیدان و قڕکردن و جێنۆسایدو کێمیابارانکردن، ویستی بوو بە دەنگێکی ئاشتیانە داوای سەربەخۆیی بکات، کەچی لەم کاتانەدا هەموو دۆستەکان پشتیان لە کورد کردو بەژەوەندییەکانییان لەگەڵ حکومەتی عێڕاقدا زێدەتر دیدە بوو..!
هەر بۆیێشە بارزانی لەم کتێبەیدا رێنمایی بۆ نەوەی نوێ هەیە، کە لەهەموو قۆناغێکی دیکەی سیاسی و مانەوەی نەتەوەی کورد، باوەڕبوون بە دۆزی نەتەوەو پشت بەستن بە خوداو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و یەکڕیزی، لە سەرو هەموو هەنگاوێکی دیکەیە، وەک لە دوادێڕدا نووسیویەتی " لەگەڵ ئەوەشدا لە ژیانی گەلاندا نشووستی و سەرکەوتن هەیە، بەڵام خەبات و وەستانەوە دژی ستەمکاری و شۆڤێنیزم و رەگەزپەرستیش هەر بەردەوام دەبێت، چوونکە ئەمانە هەموویان لە دژی سرووشتی مرۆڤایەتین، گەلی کوردستان دەیەوێت بەشێک بێت لە مرۆڤایەتی نەک ستەمکاری". پێموایە ئەم دەربڕینە نیشانی حەتمییە کە دەوروبەرمان هیچ نیازێکییان نییە کورد وەک نەتەوە ببینن، بەڵکێ هەمیشە دەیانەوێت، وەک ژێردەستەو پاشکۆ ببیندرێیین، بەڵام ئەنجامی رێفراندۆم هەمیشەو بۆ قۆناغەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خواست و ویستی ئەم نەتەوەیەی بە روونی نیشانداوە.