Draw Media

سنوری خوێن و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ...

سنوری خوێن و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ...

2020-10-19 09:00:04


د. سیروان حەسەن 

رۆژھەلاتی ناوەراستی نوێ دەستەواژەیەکی نوێیە وەکو دەستەواژەکانی تر "سیستەمی نوێی جیھانی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە".
سنوری خوێن پرۆژەیەکی نوێە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەڵام تاکو تستا ڕوناکی نەبینیوە و ئەم پرۆژەیە لە لایەن ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی ئەمریکی بە ناوی ڕالف پیتەرز لە ساڵی ٢٠٠٦  لە کتێبەکەیدا پلان بۆ داناوە و تێیدا سنورەکانی ئێستا زۆربەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراستی ھەڵوەشاندۆتەوە و گۆریوێتی بە سنوری پێکھاتەی ئاینی و نەتەوەیی و مەزھەبی وە ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە دابەشکردن و کەرت کردن و لێبڕین و خستنەسەری سنوری چەند وڵاتێک کە ھەندێکیان بچوک دەبێتەوە و ھەندێکی تر گەورە وە ھەندێکیان دەگۆڕێن بۆ دەوڵەتی نوێ. 
پیتەرز وتارێکی لە گۆڤاری ھێزی سەربازی ئەمریکی (Armed Forces Journal) لە ژمارەی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٦ بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "سنوری خوێن Blood border" کە بەشێکی کتابەکەی بوو بە ناونیشانی "ھەرگیز واز لە شەڕ مەھێنن" ، ئاماژە بەوە دەکات کە ناكۆکیەکانی رۆژھەلاتی ناوەڕاست و ناجێگیری بارودۆخی ناوچەکە دەگەرێتەوە بۆ ناڕێکی و کەم وکورتی سنورەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەوروپیە ھەلپەرستەکان دایان ناوە ، سنورە نادادپەروەرەکان بەردەوام کێشەو گرفت دروست دەکەن وە کێشەی گەورەی ناوچەکە ئیسلام و توندڕەوەکان نین بەڵکو سنوری نێوان وڵاتانی ناوچەکەیە کە تا ئێستا قسەکردن لە سەری قەدەغەیە ھەر چەندە کۆمەڵە ئاینی و نەتەوەیەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە ژیاون وتێکەل بوون بەلام لە گەڵ ئەوەشدا پێویستە سنوری وڵاتان دووبارە نەخشەکێش بکرێتەوە بۆ پاراستنی مافی نەتەوە و ئاینەکانی ناوچەکە. 
گۆرینی سنورەکان کارێکی زۆر قورس نیە بەڵکو چارەسەرە ئەگەر تەماشای ھەزاران ساڵی کوشتن و بڕین و پاکتاوکردنی رەگەزی بکرێت لە ناچەکە کە زیاتر بەھۆی نارێکی و ناجێگیری سنورەکانەوە بووە وە ھەر بەو شێوە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت ئەگەر چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە بۆیە پێویستە سنورەکان دووبارە دابڕێژرێنەوە، بۆ پێکھێنانی رۆژھەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ پیتەرز نەخشەیەکی نوێی خستۆتە ڕوو کە سنورەکانی ئێستای سڕیوەتەوە و وڵاتان كەرت و دابەش دەکات و دەوڵەت ھەیە دەبێتە چەند دەوڵەتێک وە ھەروەھا وڵاتی نوێ دێتە کایەوە و وڵات ھەیە گەورە دەبێت و ھەیە بچوک دەبێتەوە ، پیتەرز سەرزەنشتی ئەمریکا دەکات بەوەی کە ھەنگاوی بۆ ئەم پرۆژە نەناوە دوای ڕوخانی رژێمی سەدام بە دابەشکردنی عێراق بۆ سێ دەوڵەتی سەربەخۆ ئەوانیش دەوڵەتی شیعە لە باشوری عێراق کە دەبێتە بەشێک لە دەوڵەتی شیعەی عەرەبی کە بە درێژای کەنداوی فارسی دەکشێت و دەوڵەتی سنەی عەرەب لە ناوەڕاستی عێراق کە لە سێ پارێزگا پێک دێت وە لە دوایدا یەکگرتن لەگەڵ سوریا ھەڵدەبژێرێت و دەوڵەتی کوردی " کوردستانی سەربەخۆ" لە باکوری عێراق.
لە نەخشەکەدا سوریا بەشێک لە کەنارئاوەکانی لە دەست دەدات بۆ لوبنان گەورەی رۆژھەڵاتی کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی دەوڵەتی فینیقی.
ئوردن وەکو خۆی دەمێنێتەوە و چەند ناوچەیەکی باکوری سعودیەی دەخرێتە سەر.
بۆ سعودیە پیتەرز پێشنیار دەکات کە مەکە و مەدینە جیابکرێنەوە و بخرێنە ژێر یەک دەسەڵاتی ئاینیەوە وەکو ئەوەی فاتیکان دواتر بکرێنە دەوڵەتێکی ئیسلامی پیرۆز وە چەند ناوچەیەکی باکوری سعودیە دەخرێتە سەر ئوردن و بەشێکی باشوری دەخرێتە سەر یەمەن وە چەند ناوچەیەکی نەوتاوی دەخرێتە سەر دەوڵەتی شیعەی عەرەبی.
ئێران بە پێی نەخشەکە بەشێکی زۆری خاکەکەی لە دەست دەدات بۆ ئازەربایجان و کوردستان و دەوڵەتی شیعی و بلوشستانی سەربەخۆ وە بەشێکی ناوچەی ھیراتی ئەفغانستانی دەست دەکەوێت بە ھۆی بوونی پەیوەندی زمان و مێژویەوە لە نێوانێان بەوە ئێران دەبێتەوە دەوڵەتێکی نەتەوەی بۆ فارس.
ئەفغانستان قەرەبوو دەکرێتەوە بە گەڕانەوەی ھۆزەکانی ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای پاکستان بۆی.
سەبارەت بە پاکستان بۆ ئەوەی ببێتەوە دەوڵتێکی سروشتی دەبێت واز لە بلوش بێنێت بۆ دروست کردنی بلوشستانی سەربەخۆ.
کوەیت و عۆمان وەکو خۆیان دەمێننەوە لە رۆژھەلاتی ناوەراست نوێ.
ئیمارات ھەندێ لە ئیمارەکانی دەلکێنرێن بە دەوڵەتی شیعەی عەرەبی کە دژ بە ئێرانە و دوبەی وەکو خۆی بە سەبەخۆیی دەمێنێتەوە.
بە پێی وتارەکە دیارترین ستەم و نادادپەروەری لە ناوچەی رۆژھەلاتی ناوەڕاست نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆیە بۆ نەتەوەی کورد کە ژمارەیان ٢٧-٣٦ ملێۆن کەس دەبێت لە جیھاندا و دابەش بوون بە سەر چەند ولاتێک کە زۆر خراپ مامەڵە لە گەڵیاندا دەکەن و تاکە نەتەوەن لە سەر زەوی بەو ژمارە زۆرەوە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەبن.
پیتەرز کۆتای بە وتارەکەی دێنێت و دەڵێ ئەگەر گۆڕانکاری لە سنورەکان نەکرێت بە پێی پێکھاتەی ئاینی و نەتەوەیی و مەزھەبی ئەوا گۆماوی خوێن بەردەوام دەبێت بە خوێنی ئێمەشەوە.
گۆڕانکاری لە رۆژھەلاتی ناوەڕاست ماوەیەکی زۆرە بووە بە جێی بایەخی ھێزە نێودەوڵەتیەکانی جیھان بە تایبەتی ئەمریکا ئەویش بۆ کۆنترۆڵکردن و پاراستنی ھاوسەنگی لە ناوچەکە کە سالانێکی زۆرە شڵەژاو و قەیراناویە لە رووی ئابوری و سیاسی و سەربازیەوە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەواندا نیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand