Draw Media

حورمەت لەنێوان دکتۆر بەرهەم و ئەواندا..!

حورمەت لەنێوان دکتۆر بەرهەم و ئەواندا..!

2020-10-18 18:03:54


د. حلمی رەسول رەزا

رەنگە دکتۆر بەرهەم ساڵح چانسی ئەوەی هەبێت بەشی زۆری ئەوانەی پەلاماری دەدەن، نزیک و سەر بەدەسەڵات و هاندراون، ئەم پەلاماردانانەش هەر ئەوکاتانە رویان نەداوە کە ئەو رەخنەی لەدەسەڵات گرتوە، بەڵکو هێرشەکانی سەری ئەو دەمانەش هەبوون کە ئەو خۆی لەدەسەڵاتدا پۆستی باڵای هەبووە، هۆکارەکەش بۆ خەڵکی هۆشیار روونە، چونکە ئەو هەردەم ویستی ئەوەی هەبوە بە فۆرمێکی جیاواز و بیرێكی نوێوە حوکمڕانی بکات، ئەمەش لەگەڵ ویست و داوای دژبەرەکانی نەگونجاوە، چونکە ئەوان هەردەم ویستویانە بیکەنە شەریکە دز و شەریکە گەندەڵیی خۆیان و لە بەرامبەردا بێدەنگی بکەن، بەڵام بەرهەم ساڵح هیچ کات دەستەمۆ نەبوە بۆ داواکانی بەرامبەرەکانی.
لە گەرمەی ئەو دنیا جەنجاڵەی سیاسەت و حوکمرانی کوردیدا کە هەموو کەسێکی  ئەم وڵاتە ئەتوانێت پەنجە بخاتە سەر ئێش و برینە قوڵەکانی ئەم کۆمەڵگایە، لە هەناوی ئەو هەموو بەریەککەوتن وکێشمەکێشەی  لەسەر تەخوین کردنی یەکتری و پاشقولگرتنە سیاسیانەی بە بەرچاوی هەموانەوە روودەدات و دەسەڵات و لایەنە حزبیەکان بێ باکن بەرامبەری، تەرزێک لەمیدیای سێبەر خۆیان شەتەکداوە و خەریکی هۆنینەوەی رەخنەی ئەخلاقی و گوتاری ناڕەوان لەسەر پەرەگرافێک لە قسەکانی دکتۆر بەرهەم، وەک ئەوەی ئەم کۆمەڵگایە لەهیچی کەم نەبێت، ئەو چەند ڕستەیە نەبێت کە دکتۆر بەرهەم لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی چەند ساڵ لەمەوبەر باسی لە سەفقەی سیاسی و حورمەتی ئینسان دەکات بۆ وەرگرتنی پۆست.
 لەراستیدا ئەوەی وادەکات نەیارەکانی فو بکەن بەم باڵۆنی درۆیەدا ئەوەیە، ئەوان لە پاشخانی سیاسی دکتۆر بەرهەم نە شەڕی برا کوژی و نە خوێنرشتنی کەسیان بە دەستی دکتۆر بەرهەم و نە پەلکێشکردنی هێزی بێگانەیان دەستدەکەوێت تا باسی بکەن، ئەوان دەزانن هیچ بیانویەکیان بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی ناوی  بە خیانەتکار و خاک فرۆش بهێنن، بۆیە بە ناچاری پەنا دەبەنە بەر ناشیرین کردنی، و دەست بۆ وشەو دەربرینەکانی دەبەن تاکو بیشوێنن و بە خەیاڵی خۆیان بە دروستکردنی ئەو چیرۆکانە دەتوانن عەیب و عارەکانی خۆیان کە لە ژمارە نایەت؛ بشارنەوە.
دکتۆر بەرهەم لەو شوێنەدا کە ئازاری پێ گەیاندون و بیریان ناچێتەوە باسی سەفقەی کردوە بۆ پۆست وەرگرتن، بەڵام نە ئەوساو نە ئێستاش نە سەفقەی کردو و نە بڕواشی پێی هەبوو، خۆ گەر ویستی بوایە دەیتوانی دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی بەسەفقە ببێتە سەرۆکی یەکێتی و قبوڵی نەکرد.
 بۆ هێرشکردنە سەر دکتۆر بەرهەم بەردەوام ئەو قەوانە سواوە لێدەدرێتەوە کە دکتۆر بەرهەم هاوڕێکانی بەجێ هێشتوەو وەفای نەبوە بۆیان، بەڵام ئەم قسەیە تەواو پێچەوانەیە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەموو ئەوانەی کە پێشتر لە پرۆژەی هاوپەیمانی دەگەڵیدا بوون بەشانازییەوە پەیوەندیان دەگەڵدا هێشتوەتەوە و بەردەوام سەردان و کۆبونەوەو پرۆژەیان پێکەوە هەیە، چونکە ئەوەی دەوترێت ئەوان بەشێک لە سەفقەی بوون بەسەرۆک کۆمارییەکەی بوون، تەنها درۆی ئەوانە بوون، کە دەیانویست ئەویش وەک خۆیان لێبکەن و لەبەرامبەر دەستکەوت و بەرژەوەندیە شەخسیەکاندا لەهیچ شتێک سڵ نەکەنەوە..
رێککەوتنی دکتۆر بەرهەم و یەکێتی لەسەر نێوەندگیری و  پێشنیازی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی بوو، پرۆسەکەش پێشتر لەناو ئەنجومەنی گشتی و بەرێوەبردنی هاوپەیمانی بەراشکاوانە گفتوگۆی لەسەر کراو جگە لەیەک دوو دەنگ نەبێت هیچ نارەزایەتیەک دەرنەبڕا، لەهەموو ئەوانەش زیاتر دکتۆر بەرهەم هاوپەیمانی رادەستی هاودیدەکانی کرد و وەک خۆی رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی کرد نەک هاوپەیمانی.
پرۆسەی دیاریکردنی دکتۆر بەرهەم بۆ سەرۆککۆماری هەم لەنێو یەکێتی و هەم  لە هۆڵی پەرلەمانیش بە هەڵبژاردن و ململانێی دیموکراسی ئەنجامدراو ئەم کارەش ئەو سیحرە بەتاڵ دەکاتەوە کە پۆستی سەرۆککۆماریی بە سەفقەی سیاسی وەرگرتبێت. 
 خۆ ئەگەر باس بێتە سەر بێ حورمەتی لەدنیای سیاسی کوردا، دەبێت ئەوکەسانە هەست بە بێ حورمەتی خۆیان بکەن، کە دەستیان لە دزینی داهاتی ئەم وڵاتەدایەو بەرۆژی ڕوناک بێ شەرمانە خاوەندارێتی لەشەری ناوخۆ دەکەن و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دەستیان بەدەستی داگیرکەرانەوەیە و بەهێزی ئەوان هەڕەشە لە کورد دەکەن، شوکر هوشیارە خەڵک دەمێکە فیکەی بێ حورمەتەکان بە بژێویی و گوزەرانی خۆیان دەناسنەوە و لەوە تێگەیشتوون، ئەگەر باشبیت خراپ دژتەو ئەگەر خراپیش بیت پێچەوانەکەی.. هەر بۆیە ئەو زۆرینەیەی ئێستا دژی دکتۆر بەرهەمن خۆشبەختانە میدیای سێبەرو لەبەرەی دەسەڵاتن، لەبارەی پرسی حورمەتیشەوە لەزمانی ئەوانەوە، ئەو مەسەلەیەمان بەبیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت: تا خاوەن ماڵ دزی گرت دز خاوەن ماڵی گرت..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand