Draw Media

ئاڵای کوردوستان و فرمێسکی تیمساحانە

ئاڵای کوردوستان و فرمێسکی تیمساحانە

2020-10-17 18:43:19


عومەر عەلی 

زۆر شتێکی ئاساییە کە حەشدی شەعبی و هەر هێزێکی تری عەرەبی و فارسی و کوردی و تورکی ئاڵای کوردوستان بسوتێنێ و سوکایەتی بە پیرۆزەکانی بکات و هاوڵاتیانی ئەشکەنجە بدات و سوکایەتیان پێ بکات .ئێمە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانەمان لە ڕابردوو ئێستاو ئایندەدا دەبینین .ئەوان کۆمەڵە نەتەوەو هێزێکی ناسیونالیستی و لەم دواییانەدا توندڕەوی ئاینی بەسەردا کراوەو بەمەش فاشیزمێکی ناسیونالیستی توندڕەوی دژبە کورد دروست بووە .
بەڵام ئەوەی نائاساییەكە هەر ئەو هێزانەی کە ئێستا فرمێسکی تیمساحانە بۆ ئاڵای کوردوستان دەڕێژن لەگەڵ ئەو هێزانەی کە ئاڵای کوردوستان دەسوتێنن هاوپەیمانن و بە هەردولایان گەورەترین تۆڕی مافیایی گەندەڵی و دزینی سامانی عێراق و کوردوستان دروست کردوەو نایانەوێ کەسیان لەمپەڕ بۆ ئەوی تریان دروست بکەن.حەشدی شەعبی دەیانەوێت بەم هەڵوێستەیان جارێکیتر بونی خۆیان بسەلمێننەوەو لەبەرامبەر فشار کانی ئەمریکاو شەقامی خۆپیشاندەران جارێکیتر خۆیان نمایش بکەنەوە.پارتیش دەیەوێت ئەمە بکاتە روداوێک کە تیایدا خۆی وەک پاڵەوانی نیشتمانی و نەتەوەیی لەقەڵەم بدات .بەتایبەتیش لە ئێستادا کە یادی ١٦ی ئۆکتۆبەرە.
هەرچەند ئەم روداوە لە کاردانەوەی لێدوانێکی هۆشیار زێباریدابوو بۆ کەناڵی ئەل حوڕە، کە حەشدی شەعبی بەداعش چواندبوو داوای کردبوو کە ناوچەی سەوز چۆڵ بکەن .بەڵام هەر ئەم پیاوە لەدوای سوتانی بارەگاکەیان و ئاڵای کوردوستان سەدو هەستا پلە بایدایەوەولە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی عەهد کە هی عەسائیبی ئەهلی حەقە  حەشدی شەعبی بە هێزێکی موجاهیدو پاڵەوان لە قەڵەم دا .
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایە بۆچی پارتی هێزێکی ئەوەندە لاوازە لەبەردەم دوژمنانی دەرەوە، بەڵام بۆچی بەرامبەر بە هێزەکانی ناوخۆی کوردوستان ئەوەندە جەربەزەو توندە.؟
 لە ڕاستیدا ئاڵاو سیادەو هەمو پیرۆزەکانی نیشتیمان لە پێناو پاراستنی کەرامەت و شکۆی مرۆڤی ئەو نیشتیمانەدا دروست دەکرێت .ئێمە لە پارتی و یەکێتی دەپرسین ئەگەر ئێوە ئەوەندە بە پەڕۆشن بۆ ئاڵای کوردوستان ئەی خێرە مرۆڤ و هاوڵاتی کوردستانتان بەم دۆخە گەیاندووە؟ .
لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا لە سوکایەتی بە ئاڵاو نیشتیمان و نەتەوەی کورد تان کردوە هیچ دوژمنێک ناتوانێت پێی بکات .هەر 16ی ئۆکتۆبەر بوو بەهۆی سیاسەتی ناحەکیمانەی ئێوەوە لە سەدا پەنجاویەکی خاکی کوردوستانتان لە دەست دا .گەلی کوردوستانتان خستۆتە خراپترین دۆخ و بەشێکی زۆری لە خوار هێڵی هەژاریە وە دەژین .شەق لە مامۆستاو پزیشک و ڕۆژنامەنوسو خۆپیشاندەر هەڵدەدەن و ڕەوانەی زیندانی دەکەن.گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگا بێکاردەکەن و ئاگایەکتان لە ژیانی پیرو پەک کەوتەو نەخۆشان نیە .مافەکانی هاوڵاتی پێشێل دەکەن و پەرلەمانتار بەر شەق دەدەن و دەرگای پەڕلەمان دادەخەن، ئەنجومەنی وەزیران دەکەنە گروپی کۆیلەکان و کەسێک جورئەتی دەربڕینی ڕایەکی ئازادانەی نیە .لە لایەکی ترەوە هەر ڕۆژە بەبیانویەک پێشڕەوی  هێزی بێگانەکان دەکەن بۆ سەر هەرێمی کوردوستان .ڕێکەوتنی سیخوریان لەگەڵ مۆردەکەن و هاونیشتیمانیانی خۆتان دەکەنە قوربانی بۆ بەرژەوەندی ئەوان ،ئایە هێزێک ئەمە ئەخلاقی سیاسی بێت بەرامبەر بە هاوڵاتی و هاونیشتیمانیانی خۆی ئەگەر فرمێسکی تیمساحی بۆ ئاڵای کوردوستان بڕێژێت جێی باوەڕە؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand