خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەكان
2020-10-17 11:21:16
سەركۆ یونس- ئابوریناس
خەرجی مانگانەی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانو فەرمانبەرانی سێبەرو ڕاستەقینەی هەرێم نزیكەی (894) ملیار دینارە بەبێ لێبڕین. لەساڵی دارایی (2020)وە تائێستا (4) مووچەدراوەو تەنها مانگێك بەتەواوی دراوەو دوو مانگی بەلێبڕینی (21%)ەوە دراوەو ئەم مانگەش كە كرا بە مووچەی مانگی ئەیلول بەلێبڕینی (18%) دەدرێتو مووچەی (5)ی ئەمساڵیش كرا بەپاشەوكەتی وون بوو!
ئاشكرایە ڕێژەیەكی بەرزی خێزانەكان پشتیان بەو مووچە بەستوە كە مانگانە وەك فەرمانبەرو خانەنیشینو كەسوكاری شەهیدانو ئەنفالكراوەكانو كەمئەندامان وەردەگرێتو دەتوانین بڵێن ئابوری تاكو خێزانەكانی هەرێم پەیوەستە بەمووچەوە.
ئەگەر لە (9) مانگی ڕابردودا نمونەی تەنها یەك فەرمانبەری خێزاندار وەربگرین تێبینی دەكەین گریمان مووچەی مانگانەی (800) هەزار دینار بێت ئەوا تەنها یەك مانگی بەتەواوەتی وەرگرتوەو دوو مانگی بڕی (632) هەزار دیناری مانگانەو كۆتا مانگیش (656) وەرگرتوە لەماوەی سێ وەرزی ساڵدا ئەگەر كۆی مووچەی وەرگیراو دابەشی هەر نۆ مانگەكەی بكەین ئەوا بۆ هەر مانگێك بڕی (302) هەزار دینار دەكات بەم بڕەش دەبێت كۆی پێداویستیەكانی ڕۆژانەی سەرجەم ئەندامانی خێزانەكە دابین بكاتو بۆ هەندێك كرێی خانوو و قیستو قەرزی ڕابردوو لەم بڕە دیاری كراوە بداتەوە..!
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشكی بخەینە سەر بابەتی خۆگونجاندنی مووچەخۆرانو فەرمانبەرانە لەبارودۆخی قەیرانی دارایی و ئابوریدا..
ئاشكرایە خواستی كڕیارو بەكاربەر بۆ پێویستییەكان خواستێكی بێ كۆتایەو پڕكردنەوەی پێویستییەكان بۆ هەندێ شمەكو خزمەتگوزاری بەردەوامەو هەمیشەییو دوبارەدەبنەوە وەك پێداویستی خواردنو خواردەمەنیو جلوبەرگو پێویستییە خودییەكان.
لەبارودۆخێكی قەیراناوی ئەمڕۆی ئابوریو دارایی كوردستاندا كە داهاتی خێزانو تاك تاڕادەی كەمبوونەوە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە پێویست دەكات لەسەر لێپرسراوی خێزانەكان یان ئەو كەسانەی بەرپرسیاریەتی تاكەكانی خێزانیان لەسەرشانە بەو داهاتەی لەبەردەستیاندایە خەرجییەكانیان ڕێكبخەن بۆ ئەوەی بتوانن بەو داهاتە كەمو سنوردارە زۆرترین پێویستی پڕ بكەنەوە، ئەگینا هەروەك چۆن حكومەت توشی كورتهێنان بووەتەوە لە بودجەی گشتیدا، بەهەمان شێوە بودجەی خێزانەكان توشی كورتهێنان دەبنەوەو ناچار بۆ پڕكردنەوە پێویستی بە قەرز دەبێت، كە ئەمەش بۆ خۆی جارێكی تر بارگرانی زیاتر دەهێنێت بۆ سەر شانی خێزانەكان.
ئاشكرایە بارگرانی زیاتر لەسەر چینی مامناوەندی مووچەخۆرانە كە لەئێستادا بەچینی هەژاران ئەژماردەكرێن، چونكە هەر كەمبونەوەی داهاتەكانیان نی یە لەبەرامبەردا بەرزی نرخەكانیش ئاستەنگەكە قورستر دەكات، واتە لەهەمانكاتدا كە داهاتی نەختینەیی كەمە بەڵام بازاڕیش هەڵاوسانەو بەدەستهێنانی پێداویستییەكان بۆ زۆرێك لە خێزانە مووچەخۆرەكان كارێكی گرانەو پارەی بەردەست بەشی كڕینی پێداویستییەكان ناكات، لەبەرئەوە دەبێتو ناچارین كە هەوڵ بدەین یەكەمجار پێداویستییە سەرەكییەكانی وەك خۆراكو خواردەمەنی بەبڕی پێویستی ڕۆژانە دابین بكەینو هەوڵ بدەین لەو بازاڕو ماركێتو دوكانانە شتومەك بكرین كە نرخیان نزو گونجاوە، بەمەرجی كواڵیتیو تەندروستی هەروەها پێویستە جلوبەرگ لەم بارودۆخەدا گرنگی زۆری پێ نەدرێتو جگەلە پۆشاكی پێویست زیادەڕۆیی لەكڕینی جلوبەرگی ناپێویستدا نەكرێت، پێویستییە جوانكارییەكان دوابخرێن بۆ كاتێكی ترو لەهەوڵی دابینكردنی پێداویستییە هەنووكەییەكاندا بین وەك خۆراكو خواردەمەنییە پێویستییەكان.
گرنگە خێزانەكان هۆشیارییەكی ئەوتۆیان هەبێت تا بتوانن ئەم بارودۆخە تێ بپەڕێنن بۆئەوەی تووشی داڕمانی زیاتری داراییو ئابوری نەبنو كاریگەری نێگەتیڤ نەكاتە سەر لایەنەكانی تری ژیان بەگشتیو لایەنی كۆمەڵایەتی بەتایبەتی.
بابەتی خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەكان بابەتێكی خودی تاكەكەسو كۆمەڵگایەو پەیوندی بە خودی كەسو تاكو خێزانەكانەوە هەیەو لە كۆمەڵگایەك بۆ كۆمەڵگایەكی تر جیاوازی هەیەو دەچێتە ژێر ڕكێفی زانستی دەرووناسییەوە، لەم بارودۆخانەدا پەیوەندی ئابوریو دەرووناسی دەردەكەوێت، هەڵبەت بۆ پێداویستییە ناپێویستییەكان دەتوانرێت دوا بخرێت لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر، بۆ نمونە كڕینی مۆبایلێكی زیرەكی گرانبەها لەئێستادا دوا بخرێت بۆ كاتێك كە داهاتی تاكەكەس زیاتر بێت لە پێداویستییە سەرەكییەكان، خۆشبەختانە زۆرێك لە كۆمەڵگاكان توانیویانە زاڵ ببن بەسەر خواستەكانیانداو سنورێك بۆ پێویستییەكانیان دابنێن..
ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئابوریو دارایی ئەمڕۆیی هەرێم بێ گومان هۆكاری سیاسیو ئابوریو دەرئەنجامی هەڵەو بێ پلانیو كورتبینی سیاسییە دەستەڵاتدارەكانەوە سەری هەڵداوەو ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسیو پلانی تۆكمەیی ئابوریو دارایی نەگیرێتەبەر دەبێت چاوەڕێی قەیرانی قورسترو كاریگەرتریش بین بەداخەوە باجی قورسی ئەم قەیرانانە دەبێت فەرمانبەرو چینە دەستكورتەكانی كۆمەڵگا بیدات..
ژیانی سەختی ئەمڕۆی مووچەخۆرانو فەرمانبەرانی هەرێم وا دەخوازێت خێزانو تاكەكانی كۆمەڵگا پێویستیانە هەڵسوكەوت بكەنو سنورێك بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان دابنێن هەرچەندە بۆ زۆرێك لە تاكو خێزانەكان قورسەو هەروا كارێكی ئاسان نی یە..
بەئومێدی هۆشیارییەكی گونجاوی ئابوریو دارایی بۆ تاكو خێزانەكانو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە قورسانەی ژیانو گوزەرانی مووچەخۆرو فەرمانبەرانی هەرێم.