Draw Media

پارتی و خیانەتی بەردەوام

پارتی و خیانەتی بەردەوام

2020-10-15 15:43:54


ساڵح ژاژڵەیی
ئەگەر  كەمێك بگەڕێینەوە بۆ ڕابوردوی  بنەماڵەی بارزانی یان پارتی   كە هەردوكیان یەك  شتن و لە دوو فۆڕم و ناوی جیاوازدا بۆمان دەردەكەوێت كە پڕە لە خیانەت و تاوان و تراجیدیا كە بەرامبەر بە میللەتی كورد ئەنجامیان داوە . پارتی هەرگیز سڵی نەكردۆتەوە لە ئەنجامدانی تاوان و خیانەت بەرامبەر بە میللەتەكەی  ئەگەر بەژەوەندی  خۆی كەوتبێتە مەترسییەوە  .
ئەگەر  هەندێك خیانەتیان لە ناچاریدا بەرامبەر بە میللەتەكەیان ئەنجامدابێ‌ وەكو خۆیان دەڵێن و پاساویان بۆ دێننەوە  ، زۆر خیانەتیشیان كردوە  كە ناچار نەبون و دەیانتوانی نەیكەن . . ئەگەر  ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 لە ناچاریدابوبێت و وەكو خۆیان دەڵێن موئامەرەی دەولی بوە ، ئەی  كاتێك یەكێتی نیشتمانی شۆڕشی نوێی دەست پێكردەوە بۆچی پارتی دژی وەستایەوەو لە بری ئەوەی ئەویش دەست بكاتەوە بە شەڕ دژی حكومەتی عێراق ، دەستی كرد بە پەلاماردانی پێشمەرگەكانی یەكێتی ؟؟. شەهید كردنی پێشمەرگە سەرەتایەكانی شۆڕشی نوێ وەكو حوسەین بابە شێخ و حەسەن خۆشناو و هەموو ئەوانی تر لە پێناوی چیدابوو ؟؟.
ئەنجامدانی كارەساتی  هەكاری و شەهید كردنی شەهید عەلی عەسكەری و دكتۆر خالیدو هەموو قارەمانەكانی تر لە پێناوی چیدابوو ؟؟ . كەس هەیە نەزانێت كە ئەو هێزە بەرەو سێ سنوور كەوتبونە ڕێگا بۆ هێنانی چەك  بوەو زۆرینەی هێزەكەش بێ چەك بون و هەرگیز بە نیەتی شەڕی پارتی نەكەوتونە ڕێگا ؟؟ ئەمەشیان موئامەرەی دەولی بوو ، یان خیانەت بوو ؟؟ پەلاماردانی هێزەكانی حیزبی دێموكراتی ئێران  لە دەڤەری پیران شەهرو ئاڵۆتان لە ساڵی 1982 و شەهیدكردنی سەدان پێشمەرگەو بە دیل گرتن و تەسلیم كردنەوەی سەدانی تر بە ڕژێمی ئێران  لەپێناوی چیدابوو ؟؟
ئەوكاتەی ئەوان ڕاوی پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتیان دەكرد لە قۆڵایی گەرمیانەوە  بە چلەی زستان پێشمەرگەكانی یەكێتی  كەوتنە ڕێگا  بۆ یارمەتیدانی حیزبی دێموكرات . باشە ئەگەر یارمەتیشی  نەدان  بۆچی شەڕی كردن و پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات  چ تاوانێكیان بەرامبەر بە بنەماڵەی بارزانی ئەنجامدابوو تا تۆڵەی خۆیان بكەنەوە ؟.بەڵام دیارە ئەمانە بونە خائین و بەكرێگیراوی بێگانە لەپێناوی مەرامەكانی خۆیاندا .  لە كاتێكدا  لە قوڵایی ناو خاكی كوردستان پێشمەرگەكانی  یەكێتی شەرَیان دژی بەعس دەكرد ، ئەوان ڕێكخستنەكانی خۆیان ڕادەسپارد شەڕی پێشمەرگەی یەكێتی بكەن و ئەگەر ناچار بون ، تەسلیم بە بەعس ببنەوەو  ببن بە جاش و بەردەوامبن لە دژایەتی یەكێتی .
نمونەی ئەوانە تەحسین شاوەیس و قالە فەرەج و دەیانی تر . باشە ئەمەیان لەپێناوی چی و موئامەرەی  كام دەوڵەتە بوو ؟؟. ئەی باشە ئەنجامدانی خیانەتی 31 ی ئابی 1996 لەپێناوی چیدابوو؟ . 
هیچ خیانەتێك و هیچ تاوانێك و هیچ تراجیدیایەك  كەپارتی ئەنجامی داوە موئامەرەی هیچ لایەنێك نەبوەو هەمویان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەنجامیان داوە و پارتی و بنەماڵەی بارزانی خیانەتیان بە شیرەوە خواردوەو پێیان تەرك ناكرێت و بە ویراسی حەزیان لە خیانەتە و بەدەست خۆیان نییە .
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ولەدەست دانی نیوەی زیاتری خاكی كوردستان خیانەتێكی تری بنەماڵەی بارزانی . ئەمەیان سودی چیبوو ، لەپێناوی چیدا كردیان ، كێ‌ پێی كردن؟. هەمومان دەمانزانی ئەوە كارێكی خراپە . هەموشمان هاوارمان كرد . ئەمەریكا بەو گەورەیی و زەبەلاحی خۆیەوە هاتە سەرخەت و تكای لە   بارزانی كرد ئەوە نەكات و ساڵێك دوای بخات و ئەوان دەبن بە كەفیل و  كێشەكانیان لەگەڵ عێراق بۆ چارەسەر دەكەن .
باشە كێ‌ ئاوا خوا دەیداتی و چۆن ئاوا بە ئاسانی لەقەی لی دەدات ؟ بەڵام دوایی دەركەوت  و ئێسزۆر لە سیاسەت مەدارەكانی جیهانیش  هاتنە سەر ئەو بڕوایەی كە بارزانی لەسەر داوای توركیا ئەوكارەی كردوە ، نەك بۆ  سەربەخۆیی كوردستان ، بەڵكو بۆ ئەوەی  هەرگیز كوردستان سەربەخۆ نەبێت .  ئێستا كە پارتی و بنەماڵەی بارزانی و ماستاو چی و  هەلپەرست و  بەناو مامۆستای زانكۆ و كۆیلەكانیان ڕادەستكردنەوەی كەركوك وەكو خیانەتی نیشتمانی وێنا بكەن و بیخەنە ئەستۆی یەكێتی ، ئەمەیان لە پێناوی چیدایە ، چما هەموو خەڵك نازانێت  ئەگەر ڕادەست كردنەوەی كەركوك بە بەغدا وەكو خیانەت وێنا بكرێت ، سەرۆك بارزانی پشكی شێری بەردەكەوێت ؟. 
من بەرگری لە یەكێتی ناكەم و نەشمكردوە .بە بێتاوانیشیان نازانم و  لە نوسێنێكی تریشمدا بە درێژی باسی ئەوەم كردوە . ئەوەی  بەسەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هات و ڕأدەستی بەغدا كرایەوە ، ئەنجامی ڕیفراندۆم بوو . 
ئەگەر ئەمە وەكو خیانەتیش بۆ یەكێتی حساب  بكرێت  بەرنامەی پێشوەختی یەكێتی نەبوەو  بە هۆی ڕیفراندۆمەكەی مەسعود بەرزانی  فەیلەسوف و سیاسەت مەداری گەورەی كوردەوە بووە ، كە ئەو ڕیفرادۆمەی كرد  بۆئەوەی  ئەو سنورە  لە دەست یەكێتی بچێت و دڵی توركیاش ڕازی بكات . 
بەرپرسەكانی یەكێتیش هەڵ خەڵەتێنران و بەدەستی خۆیان ماڵی خۆشیان و كوردیشیان وێران كرد . دواجار كراشن بە خائین .   ڕاستە ڕادەست كردنەوەی كەركوك و ناوچەكانی تر بە بەغدا  خیانەتەو پارتی و یەكێتی بەرپرسیارن ، بەڵام  وەكو دواجار دەركەوت پارتی ئەمەی  بە بەرنامە كردوەو  هیچ نیەتیشی نەبوە بەرگری لە كەركوك بكات  لە كاتی هێرشی  حكومەتدا .
حكومەتی عێراقیش بڕیاری دابوو كەركوك بگرێتەوە بە هەر نرخێك بێت ، كەواتە ڕێكەوتنەكەی یەكێتی لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بێ شەر ِبێنەوە ناو كەركوك زۆر باشتر بوو لەوەی كەركوك وەكو موسڵ وێران ببێت . خۆزگەی هەر لەسەرەتاوە  ڕێكەوتنایەو ئەو هەموو پیِشمەرگەیە بە خۆڕایی شەهید نەدەبون و  كوردانی توز خورماتوش ئاوایان بەسەر نەدەهات كە ئیستاش هەندێكیان نەگەڕأونەوە .
با واز لە هەموو شتێك بهێنین و  ئێمەش وەكو پارتی بڵێن  ڕأدەستكردنەوەی كەركوك خیانەت بووە . ئێمەش دەڵێن خیانەت بووە . پارتی دەڵێت ئەوە یەكێتی بوو خیانەتی كردو لەگەڵ بەغدا ڕێك كەوتنو كەركوكیان تەسلیم كرد . ئێمەش بە هەمان شێوە دەڵێن راستە ئەوە هەموی بە تەنها خیانەتی  هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی بووە .
باشە ئەی ڕادەست  كردنەوەی شەنگال  بۆ بەغدا دەچێتە چ بابێكەوە ؟ ئایا حكومەتی عێراقی هێرشی هینابوو بۆ سەر شەنگال ؟ .باشە كە حكومەتی بەغدا هێرشی نەكردووە ، خێرە ئاوا بە ئاسانی  شەنگال دوای ئەوهەموو كارەساتەی بەسەریان هێنا ڕأدەستی بەغدای دەكەنەوە ؟ . پرسیار ئەمەیە لە هەموو كەسێكی خاوەن ویژدان ، ئەوانەی خۆیان بە سیاسەتە مەدار دەزانن ، ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزی ئەم میللەتە دەزانن ، شەنگالیش ناچێتە بابی خیانەتەوە ؟.
باشە بۆچی ئەوەی كەركوك خیانەت بێ و ئەمەی شەنگال  ریكەوتن بێت ؟. ئەگەر ڕێكەوتنە ، لەپێناوی چیدایە ؟. ئەگەر بۆ كەركوك خیانەت بوبێت ، بۆ شەنگالیش خیانەتە . ئەگەر ڕادەست كردنەوەی شەنگال  بە ڕێكەوتن بوبێت ، مانای وایە رأِدەست كردنەوی كەركوكیش بەڕێكەوتن بوە و ناچێتە بواری خیانەتەوە . جیاوازیەكە تەنها ئەوەیە  شەل نییەو پای شكاوە .
پارتی دوو جار خیانەتی لە شەنگال كردوە . جاری یەكەم كە بارزانی فەرمانی بە هێزەكانی كرد بكشێنەوەو شەر ِنەكەن . گومانی زۆریش هەیە كە ئەوە ڕێكەوتن بوبێت لەگەل َداعش . بە چاوی خۆمان نەمان دی ژنانی رۆِژئاوای كوردستان پێشیان بە هێزەكانی پارتی دەگرت و كە ڕانەكەن و ئەوان خێراتر ڕایان دەكرد ؟
خیانەتی دووەم ڕأدەست كردنەوەی شەنگال بە بەغدا بەبێ ئەوەی هیچ گوشارێك لەسەر هێزی پێشمەرگە هەبێت و  نە حكومەتی عێراقیش پێی لەسەر  ئەوە داگرتبێت  بەزۆر بێتەوە شەنگال . بابزانین  هۆكارەكانی پشتی ئەم سیتاریۆیەی پارتی  چییە و لە پێناوی چێدت ئەمەی كردوە :
یەكەم : هەرچەندە لە ئێستادا  قایمقامی شەنگال پارتییەو  تەنها هێزی پارتی لییە ، بەڵام بۆ پارتی دەركەوتوە كە خەڵكی شەنگال نەك پارتییان ناوێت ، بەڵكو زۆرڕقیشیان  لێیانەو بە هۆكاری هەموو ئەو نەهامتیانەیان دەزانن كە بەسەریان هەتوە . سیاسەتی پارتیش ڕونە دەڵی ماستێك بۆمن نەبێت، باموشی تێدابێـت كێشە نییە . بۆیە چۆن لە خەمی لە دەست دانی كەركوك نەبوو ، بە هەمان شێوەش لە خەمی لە دەست دانی شەنگالیش نییە . پارتی لە ئێستادا دەیەوێت شەنگال بكاتە قوربانی بەرژەوەندیەكانی خۆی ، بۆیە وەكو هەدیە پێشكەشی بەغدای كردەوە . 
دووەم:  لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئابوری هەرێم خرایە . سەرۆكی حكومەت پارتییە .پارە نییە بۆ موچە . بۆیە مەرایی بۆ بەغدا دەكات و ئامادەیە دەست لە شەنگال و دەیان شوێنی تریش هەڵگرێت لە بەرامبەر ئەوەی  بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بدات و پارتی لەم تەنگەشەیە ڕزگاری ببێت و هەر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. لە لایەكی تریشەوە ئەمە وەكو مەرایی دەكات ، بۆ ئەوەی موتمانەی  بەغدا بە دست بێنێتەوە .ئەوەتا لە ئێستاوە پارتی پشتیوانی خۆی بۆ كازمی دەربڕیوە بۆ هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران .
سێیەم : بۆ ئەوەی پەكەكەو پەیەدە لەشەنگال دەەركرین چونكە پارتی ئەوانە بە دوژمنی خۆی دەزانێت. 
چوارەم : بە دەركردنی پەكەكەو پەیەدا لە شەنگال موتمانەی توركیا لە دەست نادات و پەیوەندیەكانیان  دەچێتە ئاستێكی باڵاترو باوەڕ  پێكراوترەوە .
دوای هەموو ئەوخیانەتانەی پارتی ئەنجامی داوە  لە ئێستادا ئەگەری زۆر هەیە بۆ ئەوەی پارتی خیانەتێكی گەورەی تری نیشتمانی ئەنجام بدات  لە پێناو مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا . هەموتان لە بیرتانەو زۆر دوور نییە كە پارتی  بەبی َهۆكار و بی َهیچ مەترسیەك هێزی بردە زینوی وەرتی َ. كڵاویشی كردە سەری وەزیری پێشمەرگە كە یەكێتییەو ئەوسنورەش سنووری یەكێتیە.
ماوەیەك دەنگە دەنگی لەسەر دروست بوو . یەكێتی هێزی بردە ئەو ناوە .دواجار كێشەكە هێوركرایەوە بەوەی  لیوایەكی هاوبەشی یەكێتی و پارتیان بردۆتە ئەوێ . دیارە ئەو  ناوە نزیك  سنوری هێزەكانی پەكەكەیە . توركیا  بەفرۆِكە چەند پێشمەرگەیەكی پەكەكەشی شەهیدكرد . 
هیچ گومانی تێدا نییە پارتی لە خۆڕایی ئەمەی نەكردوە لە خیانەتكردندا  خاوەنی ستراتیجی دوور مەودایە و ئەوەتا ئێستا خەریكە هێواش هێواش سەرەداوەكانی ئەم سیناریۆیە بەدەر دەكەوێت و خەریكە پارتی  بەرنامەكەی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە . حكومەتی عێراقی باری ئابوری زۆر خراپە . لە لێواری ئیفلاسبوندایە . ئەگەر كار ئاوا بڕوات  ئەو بڕەپارە كەمەی ئێستاش دێت ، ناینێرن . كەواتە  حكومەتی بەناو هەرێم موچەی پی َنادرێت . ئەگەر  بارودۆخەكە بەردەوام بێت ئەگەری ڕاپەڕینی گشتی هەیە . ئەو كات  دەسەڵاتی پارتی دەكەوێتە بەرمەترسی گەورەوە . لەبەر ئەوهۆكارە پارتی لە ئێستاوە خەریكی ڕێخستنی سیناریۆكەیەو  خەریكە لەم ڕێگایەوە  بیخاتە بواری جێبەجێكردنەوە .
ماوەیەكە ئاسایشی هەولێر قسە لەسەر كوژرانی بەرپرسی  ئاسایشی سەرزێڕی ( غازی ئالیخان )  دەكات و تاوانی كوشتنەكەی دەدات پاڵ پەكەكە .  داوا لە هاولاِتیان دەكات هەڵویستیان هەبێت . ئەی بۆچی داوای  لە هاوڵاتیان نەكرد  هەڵوێستیان هەبێت ، لە كاتی شەهید كردنی سەردەشت عوسمان و دەیان شەهیدی تر.
ئەمەش  پێشەكیە  بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە زەمینە خۆش بكات  بۆ هەڵگیرسانی  شەڕێكی خوێناوی گەورە . لە ئێستادا  پارتی ئارەزوی دەست پێكردنی شەڕێكی هەیە بۆ داپۆشینی گەندەڵی و تاڵانیەكان و هەڕاج كردنی نەوتی كوردستان و ئیفلاس كرد بە ئابوری هەرێم. توركیاش ئاواتە خوازە پارتی چرای سەوزی بۆ هەڵ بكات و بەهانەی هێرشی  بۆ بڕەخسێنێت . پارتیش ئامادەیەو هاوكاریی سوپای توركیش دەكات .
ئەگەر ئەوە ڕوبدات  هیچ گومانی تێدا نامێنێت  كە كوشتنی غازی ئالیخانی بەرپرسی گومرگی سەرزێڕی پارتی خۆی  ئەنجامی دابێت بۆ ئەوەی ئەوە بكەنەبەهانە دروستكردنی شەڕو دەست پێكردنی شەڕ  بۆ  سەر پەكەكە .
پارتی چەندین ساڵە بە بەردەوامی  ڕێگای خۆش كردوە كە هێزەكانی توركیا لەناو خاكی كوردستان جیگیر بكات  بۆ ئەوەی لە ڕۆژی تەنگانەدا توركیا  فریای بكەوێت  .  لە كاتێكدا بەغدا بەشە بودجەی هەرێم نەنێریت و هەرێم خۆشی دەڵی پارەمان نییە .  وەكو  ڕێبوار كەریم مەحمود  ئەندام پەڕلەمانی عێراق  دەڵێت سەرەتا  بەناوی  پاشەكەوتی موچەوە گیرفانی موچە خۆرانیان تاڵان  كرد .                                 قۆناغی دوای ئەوە بە لێبڕینی موچەو بەردەوام دواخستنی دەستیانپێكرد .
ئێستا قۆناغی خۆ گونجاندنیان  دەست پێكردوە . واتە حكومەت پارە بنێرێـت  یان نەنێرێـت ئێمە بە پێی ئەو پارەیە موچە دەدەین كە لەبەر دەستمانە . كەواتە لێرە بەدواوە ساڵی سێ  جار موچە دەدرێت. پارەی گومرگەكان لە لایەن پارتی و یەكێتیەوە دەدزرێت . پارەی نەوت دەدزرێت . پارەی  داهاتی ناوخۆ دەدزرێت . هەرچی كۆمپانیای گەورە هەیە ، كۆمپانیای حیزبین و باج نادەن .  ئەگەر بەغداش پارە نەنێرێت ، كەواتە موچە نامێنێت .
كەواتە مەترسی ڕاپەڕین دەست پێدەكات . بەڵام ئەگەر پارتی شەڕی پەكەكە دروست بكات  ئەوكات  شەڕەكە دەكاتە بەهانە بۆ پێنەدانی موچەو بارودۆخێك دروست دەكات خەڵك لە ترسی ژیانی خۆی موچەی لەبیر بچێتەوە .  بۆ ئاگاداریتان پارتی بۆ مانەوەی خۆی دەست  بۆ هەموو خیانەتێك دەبات و هیچ بەتەنگ ژیانی خەلكەوە نین و مانەوەی خۆیان لە هەموو شتێك پێ گرنگترە . ژیانی بنەماڵەی بارزانی بۆسەدان ساڵی تریش زامنەو ، نەبونی هاوڵاتیانیش  بە كێشەی خۆیان نازانن . 
 بۆیە زۆر گرنگە هاولاتیان دەرك بەو مەترسیە چاوەڕوانكراوە بن چونكە هەمووشتێكی خراپ لە پارتی چاوەڕوان دەكرێت . كاتی  ئەوەشە لەخەو هەستن و چیتر بیدەنگ نەبن . ئەگەر میللەت ئیرادەی هەبێـت  هەموو شتێكی پی َدەكرێت و لە هەموو حیزب و لایەن و حكومەتیش بە هێزترە . هەر وەكو دەشڵێن :
هیچ كەسێك بە دیكتاتۆری لەدایك نابێت ، ئەوە بێدەنگی خەڵكە دیكتاتۆر دروست دەكات .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand