پارتی بەهێزتر دەبێت!!
2020-10-14 20:21:31
د. ئیسماعیل نامیق
سەرۆکی حکومەت راستدەکات پارتی خەڵک دەنگی پێداوە وئێستا 45 کورسی لەپەرلەماندا هەیە، جا ئەو ژمارە زۆرەی کورسی چۆن بەدەستهێناوە ئەمە بابەتێکی دیکەیە، چونکە لەهەڵبژاردن وپەرلەمان وحوکمڕانیدا ژمارەی کورسی سەنگی مەحەکە، ئیتر رێژەی دەنگدان چەند بووە وچەند نەبووە، ئەمە حوکمی لەسەر بینا ناکرێت. بۆ نموونە لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا لە 2012 رێژەی دەنگدان ( %53.6 )، و لەهەڵبژاردنەکانی 2016 رێژەی دەنگدان ( %55.6 ) بوو، لەم هەڵبژاردنەی دوایدا هیلاری کلینتۆن دوو ملیۆن وشەش سەد هەزار دەنگی لە ترەمپ زیاتر بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ترەمپ لەکۆی ( 538 دەنگی هەڵبژاردن، کە پێی دەوترێت electoral college واته كۆمهڵگهی ههڵبژاردن)، ( 306 ) دەنگی بەدەستهێنا لەبەرامبەردا هیلاری ( 232 ) دەنگی بەدەست هێنا، ترەمپ بەکەمینەی خەڵک وزۆرینەی کورسی حوکمی کرد وهیلاریش بەزۆرینەی خەڵک وکەمینەی ژمارەی کورسی ماڵئاوایی کرد. کەواتە ئەوەی حوکمدەکات ژمارەی کورسیە.
پرسیارێکی گرنگ لێرەدا سەرهەڵدەدات، ئایا چۆن ناڕەزاییەتیەکانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر پارتیدا بگۆڕدرێت بۆ ژمارەی کورسی پەرلەمانی؟ راستیەک هەیە ئەوەیە، کەگۆڕینی بەرامبەر بەهەمان تێڕوانین ورێباز وهەڵسوکەوتەکانی ئەو کارێکی ئاستەم ودرۆزنانەیە، بۆ نمونە ئەمریکا وبلۆکی رۆژئاوا قەت نەیانئەتوانی بەپەیڕەوکردنی سیستمی سۆسیالیستی بەسەر یەکێتی سۆڤیەتدا زاڵ بن، موحەمەد ( د. خ ) قەت نەیئەتوانی بەپەیڕەوکردنی رەفتارەکانی قورەیش بەسەریاندا زاڵ بێت وچاکسازیی بکات، موساش نەیئەتوانی نەوەی ئیسرائیل بگۆڕێت، ئیسرائیلیش نەیئەتوانی بەهەمان بیرکردنەوە وعەقڵیەتی عەرەب بەسەریاندا زاڵ بێت. کەواتە ئەمە راستیەکەیە، بەهەمان رێباز ورەویەی بەرامبەر ئاستەمە بەسەریدا زاڵ ببیت، یان بیگۆڕیت. لەکوردستاندا راستیەکی تاڵ هەیە، ئەویش ئەمەیە لەساڵی 1964 بەبیانوی خراپی پارتی وگۆڕینی ئەوەی ناونراوە رێبازی بارزانی، روبەڕوی زۆر نەهامەتی ویەکتر قڕکردن وروداوی ناخۆش بوینەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاراستە وهەوڵەکانی ئەم گۆڕانکارییە، یان هەر لەبنەڕەتەوە قوتابی قوتابخانەکەی بارزانی بوون، یاخود لەکۆتاییدا گەڕاونەتەوە سەر ئەو رێبازە، بۆیە ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە، دەبینین پارتی وەکو خۆی ماوەتەوە، ئەو هەوڵانەش بەدوادا هاتوون یان بەلادا هاتوون.
خزمینە دەبێت قەناعەت بەوە بکەن، کە بەحیزبی ماڵبات حیزبی ماڵبات ناگۆڕدرێت، حیزبێک لهم سهردهمی نابووتی پۆست وئیدارهدا، هەموو رێباز وگوتاری سیاسی وستراتیژی کارکردنی بریتی بێت لەداواکردنی پۆست وکڕوزانەوە وشەڕکردن بۆ پۆستی بەڕێوەبەرێک یان جێگری بەڕێوەبەرێک، چۆن دەتوانێت حێزبێک بگۆڕێت، کەهەموو سەرۆکایەتیەکان وجومگە گرنگەکانی حوکمڕانی کۆنترۆڵ کردووە ولەبەغداد ودەرەوەش نوێنەرایەتی کورد دەکات، بەخوا ئەمە خەیاڵ پڵاویە. ئاخر حیزبێک نەتوانێت لەناوخۆیدا سود لەکادیرە باشەکانی خۆی وەربگرێت، چۆن دەتوانێت، نمونەیەکی جیاوازتر لەپارتی پێشکەش بکات، من بەرگری لەپارتی ناکەم، بەڵام قەناعەتی تەواوم بەوەیە، حیزبێک دەتوانێت پارتی بگۆڕێت کەلەپارتی نەچێت، لەحیزبایەتی وحوکمڕانیدا، لەسەر رێبازەکەی پارتی وبارزانی رێ نەکات، ئەگەرنا پارتی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەهێزتر دەبێت، چونکە خەڵک بڕوای وایە دەنگدان بەدەستی یەک باشترە وەک لەدەستی دوو!!
نمونەیەکی زۆر سادە، لەدەڤەری سلێمانیدا ئەوەی پێی دەوترێت زۆنی سەوز، لەجیاتی نمایش وستایش دەکرێت زۆر بەهێمنی چاکسازیی زۆر گەورە بکرێت، ئەگەر من لەبوارەکەی خۆمدا قسە بکەم کەزانکۆ وخوێندنی باڵایە، دەکرێت پۆستە باڵا وزانستیەکانی ناو زانکۆ وخوێندنی باڵا لەجیاتی ئەوەی لەلایەن کۆمیتە ومەڵبەند وبارەگا حیزبیەکانەوە، خەڵکی خراپ وگوێ لەمشتیان بۆ دابنرێت، هەوڵبدرێت خەڵکی بیانی بهێنرێت، ئەو پۆستانەیان پێ پڕ بکرێتەوە، تا زانکۆکانمان لەزانکۆ بچن نەک بارەگای حیزبی، لەهەمان کاتدا ببن بەناوەندێکی گەورەی زانست وبیرکردنەوە، بەمە گیانی داهێنان دێتە ناو زانکۆکان وکۆمەڵگەش پێشدەکەوێت. ئەگەر بڕواتان وایە بەحیزبی کردنی زانکۆکان ژمارەی دەنگەکانتان لەهەڵبژاردندا زیاد دەکات، دڵنیاتان دەکەمەوە هەڵەن، چونکە ئەوانەی ئێوە پۆستیان پێ دەدەن، رەنگە تەنها خاوەنی یەک دەنگی خۆیان بن، ئەمە لەحاڵەتێکدا ئەگەر دەنگ بدەن، قوتابیانی زانکۆش لەرقی رەفتاری خراپی زۆربەی ئەوانەی ئێوە بەپۆست دڵیان رازی ئەکەن وراتان گرتوون، دەنگتان پێ نادەن، کەواتە ئیتر بۆچی زانکۆ بەحیزبی دەکەن ودەیکەنە بەشێک لەبارەگا حیزبیەکانتان، ئایا چاکسازیی وا دەکرێت؟ بەم شێوەیە دەتوانن هەژمونی پارتی کەمبکەنەوە؟ بێگومان نەخێر. کەواتە بۆ ئەوەی رێ لەباڵا دەستی پارتی بگرن، دەبێت مۆدێلێکی جیاواز لەپارتی پێشکەش بکەن ولەئەو نەچن نەلەرێبازیدا نەلەرەفتاریدا، ئەگەر وانەکرێت، پارتی هەر بەپارتی پارتان دەمێنێتەوە وئەوانی دیکەش پارتی پۆست. خەڵک چیتر ئەوەی قبوڵ نیە لەناخدا مەشرەب پارتی بن وبتانەوێت بەپیشاندانی نەیارێتی بۆ پارتی پۆستی زیاتر لەپارتی وەربگرن، ئەم رێگەیە کۆن بووە، لەرابردودا تاقیکراوەتەوە وئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، بۆیە رێگە راستەکە ئەوەیە، نابێت لەپارتی بچیت، بۆ ئەوەی بتوانیت لەگەڵ پارتیدا بجەنگیت، مەبەستم لەجەنگ ململانێی دیموکراسیە.
تێبینی/ من هیچ دوژمنایەتیەکم لەگەڵ پارتیدا نیە وحیزبێکی سیاسیە ومافی خۆیەتی کاری سیاسی خۆی بکات، بەڵام من ئەم مۆدێلەی پارتی بەمۆدێلێکی خراپ ئەزانم لەژیانی حیزبایەتی وحوکمڕانیدا، لەم روانگەیەشەوە رێگە بەخۆم ئەدەم رەخنەی لێ بگرم وهیوای ئەوە بخوازم رۆژێک لەڕۆژان بەرێگەیەکی دیموکراسی پارتی لەحوکمڕانیدا نەمێنێت.