Draw Media

رۆژنامەوان شێروان شێروانی بۆ دەستگیرکراوە؟

رۆژنامەوان شێروان شێروانی بۆ دەستگیرکراوە؟

2020-10-13 19:23:23



ئاسۆ جەبار
وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی رۆژنامەوان شێروان شێروانی و تاوتوێکردنی راگەیندراو و ناڕەزاییەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە کۆمیتەی بەرگیرکردن لە رۆژنامەنوسانی جیهان کە بنکەی سەرەکیان لە نیۆرکەو هاوکات راگەیندراوەکەی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەوانان و وەڵامی ێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕا کۆمەڵێک پرسیار و گومان دەوروژێنن سەبارەت بەدەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەوانە بەو شێوەیە.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دیندار زێباری لەدواهەمین وەڵامدانەوەیدا سەبارەت بە دەستگیرکردن و ئەو تومەتانەی ئاڕاستەی شیروان شێروانی رۆژنامەوان کراوەلە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، شێروان شێروانی لەسەر فەرمانی راگرتن كە لە دادگای لێكۆڵینەوەی دهۆك دەرچووە دەستگیر كراوە و "تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (21) بۆ ساڵی 2001 كە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەمواركراوە".
بەڵام سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیردن لەرۆژنامەوانان زیاتر یاساکە رووندەکەنەوەو دەڵێن؛ بۆ زانیاری خوێنەران ماددەی 156 لە یاسای ژمارە 111 ی ساڵی 1969 یاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بە سزادانی ئەو كەسانەی بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لەرێگەی بەكارهێنانی چەكەوە، دەچنە ناو حزب یان گروپێكەوە بە هاوكاری بێگانە.
هاوکات کۆمیتەی بەرگری لەمافەکانی مرۆڤ لە نیۆرک بەیاننامەیەکیان ناردووە بۆ دەنگی ئەمریکا لەوبارەیەوەو دەڵێن "- پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق هەر تۆمەتێک لەسەر ڕۆژنامەنووس شێروان ئەمین شێروانی ئاشکرا بکەن یان دەستبەجێ ئازادی بکەن."
سەنتەری میترۆ لە رێی بەرێوبەرەکەیانەوە بەیاننامەیکیان ناردووە بۆ دەنگی ئەمریکاو دەڵێن " ‎زۆربەی وەڵامەكانی دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان قایلكەر نین بۆ رای گشتی ناوخۆو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان."
بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان هیچ بەیاننامە یان لێدوانێکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردتەوە.
هاوکات سەنتەری میترۆ دەڵێن رێكخەری حکومەتی هەرێم بۆ راسپاردە نێودوڵەتییەکان ئەوەی بیرچەوە کە " لە ئەیلولی 2003 وە پەرلەمانی كوردستان كاركردنی بەو مادەیە راگرتووە"
‎هەر بەپێی ئەو راگەیێندراوەی زێباری ، باس لەوە دەكات كە لەكاتی لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا، شێروان شێروانی دانی بەوەدا ناوە كە ئەو "لە سەرچاوەی دەرەكییەوە یارمەتی دارایی كراوە بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوی، ناشرینكردن و گوتنی قسەی نەشیاو بە بەرپرسان و كەسانی خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی دیاریكراو، هەروەها بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەكان بۆ دروستبوونی تووندوتیژی هەروەها هەڕەشەكردن لە دادوەران".
‎ رووگش محیەدین هاوسەری رۆژنامەوان شێروان شێروانی بە سی پی جەی وتووە، کە ئەو پۆلیسانەی کە چواریان جلی مەدەنییان لە بەردا بوو، کاتژمێر 4:30 ی ئێوارە گەیشتنە ماڵەکەیان و دەستیان بەسەر دوو لاپتۆپ و دەفتەر و چەند سی دییەکی ڕۆژنامەنووسەکەدا گرت و دەمانچەیەکیان لەسەر سەری شێروان دا راگرتووەو کەلەپچەیان کردووە و پاڵیان پێوەناوە و بە پاڵ و بەزۆر خستویانەتە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە؛ ئەو گوتیشی ئەفسەرەکان فەرمانی دەستگیرکردنی شێروانیان پێبووە، بەڵام نە ئەو فەرمانە و نە ئەفسەرەکان نەیان ووت لەبەرچی دەبێت دستگیر بکرێت.
رووگەش محێەدین بە کۆمیتەی بەرگری رۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندوە کە نازانێت شێروانی لە کوێ زیندانیکراوە یان بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراوە.
ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ نوێنەری سی پی جەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕایگەیاند:"دەبێت دەسەڵاتدارانی کورد لە باکوری عێراق هەر تۆمەتێک کە لە دژی رۆژنامەنووس شێروان ئەمین شێروانی کراوە ئاشکرا بکەن؛ ئەگەر ناتوانن ئەوە بکەن، پێویستە دەستبەجێ ئازادی بکەن ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە کار لەسەر جێبەجێکردنی یاسا دەکات، لەبەرئەوە ناتوانێت رۆژنامەنوسان بشارێتەوە تەنها بە ئارەزووی خۆیان."
لە ڕۆژانی پێش دەستگیرکردنیدا، شێروانی لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک، کە زیاتر لە 10 هەزار شوێنکەوتووی هەیە، بڵاوی کردووەتەوە، ڕەخنەی لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گرتووە و داوای لە پارێزەران کردووە، کە پرسیار لە سەرۆکی حکومەت بکەن لەبارەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە هەرێم.
هاوکات ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ لە لێدوانی ڕێکخراوەکەدا بۆ رێکخراوی سی پی جەی ئەوەی هەڵسەنگاندووە، کە شێروانی دەکرێت بە پێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن یان ناوزڕاندن بە یاسای عێراقی ئەگەر بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن تۆمەتبار و تاوانبار بکرێت، دەتواننن تا پێنج ساڵ زیندانی و بڕی 5 ملیۆن دیناری عێراقی (4200 دۆلاری ئەمریکی) سزای بدەن؛ ئەگەر بە مادەی 433 ی یاسای سزای عێراقی تۆمەتبار بکرێت بە ناوزڕاندن، لەوانەیە ڕووبەڕووی یەک ساڵ زیندانی و بڕی 100 دینار (نزیکەی 8 سەنتی ئەمریکا) بکاتەوە.
شایەنی باسە بەپێی راپۆرتی ئەوکاتەی کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانان سی پی جی لەنیۆرک، شێروانی پێشتر لە 28ی کانوونی دووەمی 2019 لە شاری دهۆک دەستگیرکرا، بە و تۆمەتانەی کە لە دژی ئاسایشی دەوڵەت ئەنجام دراون، ماوەی 42 رۆژ زیندانیکرا. هەروەها بەپێی توێژینەوەی سی پی جەی ، لە نیسانی 2012 دا شێروانی بەبێ فەرمانی گرتن و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەسەر دوو ماددە کە رەخنەی لە گەندەڵی حکومەت گرتووە دەستگیرکرا .
لەکۆتایی بەیاننامەیەکایندا سەنتەری میترۆ دەڵێن ئێمە وەك سەنتەری میترۆ تۆمەتەكانی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی رەتدەكەینەوە، داوا دەكەین دەسبەجێ ئەو مادە یاساییە بگۆڕی بۆ یاسای رۆژنامەگەری و بە كەفالەت ئازاد بكرێت.
هەروەها دەیان رۆژنامەوان و میدیاکار لەهەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمەکە ئەم دەستگیرکردنەی شێروان شێروانی رۆژنامەنوس شەرمەزار دەکەن. کەمپینی داکۆکی لەئازادی و سەلامەتیی ” شێروان شێروانی ” و هەموو ئەو چالاکوانانەی کە لە زینداندان دەڵێن "ئێوارەی چوارشەممەی 7 ـی ئەم مانگە، تاقمێک لە چەکدارانی دەمامکداری دەسەڵات بە ترس و تۆقاندنەوە هەڵیانکوتایە سەر ماڵ و حەرەمی خێزانیی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی و لە بەر چاوی خێزان و منداڵەکانی لە ژێر هەڕەشەی چەک دەستگیریان کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە."
لەکۆتاییدا پرسیار دەکەیەن دەکرێت ئەو تومەتانەی کە ئاڕاستەی رۆژنامەوان شیروان شێروانی کراوە بەبەڵگەوە بۆ رایگشتی ئاشکرا بکرێت؟ بۆچی ئەو رۆژنامەوانە مافی قسەکردنی لێسەندراوەتەوەو لەو رۆژەوەی کە دەستگیرکراوە نەیانهێشتووە هیچ لێدوانێک بدات بۆ میدیاکان؟ ئەو بەڵگانە چین کە رێکخەری حکومەتی هەرێم بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دیندار زێباری دەڵێت ئەو رۆژنامەوانە شێروان شێروانی دانی بەوەدا ناوە كە ئەو لە سەرچاوەی دەرەكییەوە یارمەتی دارایی كراوە بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوی؟

شایەنی باسە کردەی دەستگیرکردنی رۆژنامەوان شێروان شێروانی رووبەڕووی رەخنەو ناڕەزایی بۆتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا و هاوکات چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەم کردەوەیە شەرمەزار دەکەن و داوای روونکردنەوە یان دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن.

سەرچاوەکان:

-حکومەتی هەرێم

-رێکخراوی کۆمیتەی بەرگری لەرۆژنامەنوسان سی پی جەی.

-سەنتەری میترۆ.

-سەندیکای رۆژنامەنوسان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand