چارەنوسی حیزبەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق
2020-10-13 10:18:11
عوسمان گوڵپی
تا ئێستا ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق فەردی فرەبازنەیی دەبێت، بە جۆرێك كە لەگەڵ كۆتای ئافرەتاندا گونجاو بێت، بەمەش یەك بازنەیی پارێزگاكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەكرێتە چەند بازنەیەك، ئەگەر چی یاسایی هەڵبژاردنەكان زۆر بڕگە و ئاستەنگ ماوە لە بەردەمیدا و ئەگەری گۆڕانكاری لەبەردەمدا زۆرە و هێزە سیاسیەكان كاریگەریان لەسەر تێپەڕاندنی یاساكە دەبێت و دەستەوەستان دانانیشن یاسایەك پەتی سێدارە بۆ قەبارەی حیزبەكانیان هەڵواسێ، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە یەكلاكردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردنە،
فرەبازنەیی و قایمەی فەردی لە بنەمادا لێدانە لە پێگە و دەنگی حیزبە بچوكەكان، ئەو حیزبانەی بەبێ كۆبوونەوەی دەنگی بازنەی فراوانی پارێزگایەك، ناتوانن دەنگی پێویست بۆ كورسی بهێنن.
ئەم جۆرە یاسایە كە فەردی و فرەبازنەییە، حیزبەگەورەكان تۆختر دەكاتەوە و حیزبە بچوكەكان كاڵتر، هەر بۆیە لەو وڵاتانەی ئەم یاسایە جێ بەجێدەكرێت(بەكەمێك گۆڕانكاریەوە) ئەو وڵاتە دیاردەی فرەحیزبی تێیدا پاشەكشەی كردوە و دیاردەیی جوت حیزبی و تحالفات تێیدا گەشەی كردوە
بەڕای من ئەم یاسایە گەر بتوانرێت جێبەجێ بكرێت، ئەوا هەنگاوێكی جدی دەبێت بۆ پاشەكشەی ئەو فرە حیزبیەیی كە هیچ ئیزافەیەكی پێ نەبوو بۆ ژیانی خەڵك و ژینگەیەكی سیاسی ناتەندروستی بەرهەم هێناوە و دوكانی سیاسی گەشەپێدا، هەندێك حیزب دەكوژێنێتەوە و هەندێكیتریش دەخاتە دۆخی نەبوون، لە بەرامبەردا حیزبە جێ نفوزەكان تۆخ دەكاتەوە و چانسێكیش دەداتە كەسایەتیە سەربەخۆكانی دەرەوەی حیزب، بەلەبەرچاوگرتنی ژینگەی عێراق كە ژینگەیەكی ئاڵۆزە و پێشبینی و خوێندنەوەی ئاسان نیە و سەختە
ئەم یاسایە بۆ هەرێمی كوردستانیش گۆڕانكاری جدی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونكە ئەم یاسایە چانسی دەرچونی كاندیدی حیزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكیەتی زۆر لاواز دەكات، بەجۆرێك كە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتی چونە بەغدای حیزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكیەتی زۆر كەم دەكاتەوە، بەجۆرێك كە هیچ یەك لە هێزەكانیتر ناتوانن لە تاقانەیی دەرچن لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و هەندێكیشیان پێیان لە بەغداد دەبڕێت.
تاكە دەرگای بەدەستهێنانی كورسی بۆ حیزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكیەتی، تحالفات و كۆبوونەوەیە لە دەوری یەك بەجۆرێ كە لە بازنەكاندا یەك كاندیدیان هەبێت و هەموان دەنگی پێ بدەن و ڕێككەوتن بكەن لەسەر دابەشكردنی كاندیدەكانیان بەسەر بازنەكاندا، ئەوەش بێ كێشە نیە، چونكە هێزە سیاسیەكانی دەرەوەی پارتی و یەكیەتی زۆر دوورن لەیەك و بازنەی دەنگدەرانیان جیاوازە و جەماوەریان زۆر دوور كەوتونەتەوە لەیەك، لە ڕابردوودا هێندە كاریان لەسەر یەك و دژبەیەك كردوە كە زۆر قورسە ئەم جەماوەرانە پێكەوە كۆكبن لەسەر دەنگدان بە كاندیدەكانی یەك، ئەوە جگە لەو دابەشبوونە سیاسیەی كە هەیانە لە نێوان پارتی و یەكیەتی، ڕەنگە دوو نمونەی ڕابردوو بۆ تێگەشتن لە هاوپەیمانێتی بەس بێت( لیستی چاكسازی چوار حیزبەكە ، لیستی ئیسڵاح) هەردوو لیستەكە كە هاوپەیمانێتی بوو شكستی خوارد
با دەنگەكانی ڕابردووی سلێمانی بكەینە نمونەیەك بۆ ئەو فرە بازنەییە، كە بەپێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق و بەپێی یاساكە دەبێتە پێنج بازنەی هەڵبژاردن، واتە توانای جەماوەری حیزبەكان لە سلێمانی پەرت ئەبێت بۆ پێنج بازنە، وە دەنگی هیچ بازنەیەكیان ناگەڕێتەوە بۆ بازنەیەكیتر، لەمەدا تاكە هێزی سود مەند یەكیەتیە، كە توانای سیاسی و ئیداری و سەربازی لەم ناوچەیە هەیە و كۆمسیۆنەكەش لە پارێزگای سلێمانی گوێڕایەڵیەتی و توانای یاریكردنی هەیە بەدەنگەكان و هەڵبژاردنەكانیتریش هەر وایكردوە
سەبارەت بە حیزبەكانیتر، كۆمەڵی ئیسلامی كە لە تەواوی پارێزگای سلێمانیدا یەك كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و ژمارەیەك دەنگی فەوتاویشی هەبوو، ئێستا ئەو دەنگانەی كە كۆمەڵ لەپارێزگای سلێمانی بەدەستی هێناون پەرت دەبن بۆ پێنج بازنە و لە بەهێزترین بازنەیدا كە دەڤەری ڕاپەڕینە ژمارەی دەنگەكانی ناكاتە لە %٣٠ كورسیەك، ئەمەش پێماندەڵێت لەو پێنج بازنەیە كۆمەڵی ئیسلامی چانسی بەدەستهێنانی هیچ كورسیەكی نابێت، ئەم نمونەی كۆمەڵی ئیسلامیە بۆ یەكگرتووی ئیسلامیش تەواوە و هەمان دەرئەنجامە، لە ئەنجامی گریمانەی ڕێككەوتنی ئەم دوو هێزەشدا، هێشتا چانسی بەدەستهێنانی كورسی لە هیچ بازنەیەكدا نیە، بۆیە پێویست بە هێزی سێهەم دەكات بۆ ئەوەی بتوانن لە بازنەكاندا ببنە ڕكابەری یەكیەتی بۆ بەدەستهێنانی كورسی و لەم حاڵەتەشدا باشترین چانسی كورسیان هەڵەبجە و دەڤەری ڕاپەڕینە.
بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش دۆخەكە سەخترە، چونكە ئەوان لەبەردەم دابەشبونی جەماوەرەكەیاندان و لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن سود لە كۆتای ئافرەتان ببینن، لە بەرامبەردا ئەوانەی لە خوار گردەكەوەن گەر لەچوارچێوەی كاندیدی سەربەخۆدا خۆیان كاندید بكەن ئەوا گۆڕان ڕكابەریەكە دەگوازێتەوە بۆ ناو خۆیی و ئەو جەماوەرەی كە لەهەمان بازنەدا كاردەكەن، ئەمەش زۆر سەخت دەبێت، ئەوەی گرنگە بۆ گۆڕان ئەوەیە كە پێویستی بەهێزی دووەمە بۆ ئەوەی لە بازنەكاندا ببێتە ڕكابەر و لە باشترین حاڵەتدا و بەبونی هێزی دوەمیشەوە ئەوكات چانسی دەبێت بۆ چونە بەغدا، بۆ نەوەی نوێش یاریەكە قورسترە، تواناكەی دابەش دەبێت بۆ پێنج بازنە و لە هیچ بازنەیەكیشدا بە ئەندازەی بەدەستهێنانی كورسی دەنگدەری مسۆگەری نیە، لەبەر ئەوەی بۆشاییەكی گەورەی لە نێوان خۆی و حیزبەكانیتر دروستكردوە ناتوانێ بەڕێككەوتنێكی ئینتیخابی ئەو بۆشاییە كەم بكاتەوە و بەسود بیشكێنێتەوە بۆ خۆیی و خۆی لە تەنهایی دەربازكات، بۆیە نەوەی نوێ دەبێت پشت بە تواناكان و نفوزی خۆی ببەستێت و بەمەش شەری بەدەستهێنانی كورسی زۆر قورس دەبێت، لە پارێزگای سلێمانی پارتی هەمان چارەنوسی حیزبەكانیتری هەیە، وەك چۆن ئەمە بۆ حیزبەكانیتریش ڕاستە لە هەولێر و دهۆك بەقازانجی پارتی، یەكیەتی حیزبی دەستخاڵی دەڤەری پارتیە و حیزبەكانیتریش حاڵیان لە سلێمانی باشتر نیە، هەرچی حیزبە بچوكەكانیترە لە حاڵەتی یەك بازنەیی پارێزگادا كورسیان بەدەست نەهێناوە، ئەوا لە فرەبازنەیدا بەشداریكردنیش دەبێتە نوكتەی هەڵبژاردن و نەك بۆ خۆیان بەڵكو هیچ ئیزافەیەكیان بۆ حیزبەكانیتریش نابێت و هیچ لایەكیان پێ لاسەنگ ناكرێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە چانسی بەشداری ژمارەیەك كەسایەتیە لەدەرەوەی حیزبەكان و بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن، ئەگەرچی ئەم یاسایە دەرفەتێك دەكاتەوە لەدەرەوەی حیزب خەڵك نوێنەری خۆی بگەیەنێتە پەرلەمان، بەڵام ئایا هەرێمێك كە تەواوی جومگەكان قۆرخی دەسەڵاتە و هەڵبژاردنیش پرسێكی یاریپێكراوی گاڵتە ئامێزە، تا چەند دەتوانێ ئەو دەرفەتە تۆخ بكاتەوە بۆ كاندیدانی سەربەخۆ، لە حاڵەتێكدا دۆخی دەستكاری دەنگی دەنگدەران وەك هەڵبژاردنەكانی پێشتر دەبێت، لەبەردەم ڕەحمەتی دەسەڵاتدا
لە كۆتایدا من پێموایە ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی بە حیزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكیەتی دەهێنێت لە بەغداد و بازنەی كاری حیزبەكان دەبێتەوە بە سلێمانی و هەولێر، وە ئەمەش وا دەكات نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد یەكلاببێتەوە بۆ یەكیەتی و پارتی و هیچ دەنگێك لەدەرەوەی ئەمان نەبێت، بازنەی كاری حیزبی كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو و نەوەی نوێش دەبێتەوە بە سلێمانی و هەولێر نەك بەغداد،
لەم حاڵەتەدا هێزەكان تەنها بە تحالفاتی گەورەی فراوان دەتوانن هاوسەنگی بگۆڕن و بەتەنیشت یەكیەتی و پارتیەوە خەڵكی خۆیان بنێرنە پەرلەمانی عێراق، ئەوەش بۆ ئەم هێزە پەرتبوانە ناكرێت،
لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا زەمینەی پێكەوە بەشداربوونی ئەم هێزانە هەیە؟ ئایا ئەم هێزانە بایی ئەوە متمانەیان هەیە دەنگدەر لەبەرامبەر پارتی و یەكیەتیدا دەنگیان پێ بدەن؟ چۆن دەتوانن لەو ماوە كەمەدا دووری نێوانیان كەم كەنەوە و ببنە یەك پاكێج؟ ئایا ئەتوانن؟ كەمن پێموایە ناتوانن
گەر سەرنج بدەیت، پارتی و یەكیەتی لە قسەكردن لەسەر ئەم یاسایە تەنها باس لە ناوچە جێناكۆكەكان دەكەن، چونكە پارتی كورسیەكانی هەولێر و دهۆكی بە فرەبازنەیی مسۆگەرە و یەكیەتی كورسیەكانی سلێمانی، كێشەی ئەوان موسڵ و كەركوكە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە فرەحیزبی پاشەكشە دەكات و حیزبی باڵادەست گەشە دەكات، ئەوەش خواستی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریكایە لە عێراق بۆ ئەم قۆناغە