خەڵاتی نۆبڵ بۆ ( تاڵەبانی، ئۆجەلان و سیستانی)
2020-10-12 14:56:18
ئەنوەر حسێن (بازگر)
(1)
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی (2020) درا بە (WFP – ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی) لە نێوان (318) کەسایەتی و لایەنی جیاوازدا.
(WFP) کە یارمەتی هەژاران و لێقەوماوان دەدات و خوادنیان بۆ ئامادە دەکات و گەورەترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە، کە هەوڵ دەدات بۆ بنەبڕکردن و کۆتاییهاتن بە هەژاری و یارمەتیدانی بێ سەرپەرشتان و لێقەوماوان، ساڵانە یارمەتی خۆراک دەبەخشێتە (90) ملیۆن کەس لە زیاتر لە (70) وڵاتدا.
لە کاتێکدا ئەو خەڵاتە دەدرێتە (WFP) کە برسێتی تەنگی بە زۆرێک لە کۆمەڵگانی مرۆڤایەتی هەڵچینوە بەهۆی شەڕ و ململانێی سیاسی و چەکدارییەکانەوە بە تایبەتی لە یەمەن، سوریا، ناگۆڕنا کارباخ، واش چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی برسییەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا بگاتە (265) ملیۆن کەس.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن ڕۆژانە (WFP) (5600) بارهەڵگری گەورەی پڕ لە خۆراک و (30) کەشتی و (100) فرۆکەی پڕ لە خۆراک دەگەیەنێتە دەست خەڵکانی برسی و ناوچەی کارەساتبار، واتا ساڵانە نزیکەی (15) ملیار ژەمە خۆراک ئامادە دەکات، کە بە تەنها لە ساڵی (2019) (8) ملیار دۆلاری لەو پێناوەدا خەرجکردوە، کە لە سەرتاسەری جیهان کۆیدەکاتەوە، بەڵام بەهای خەڵاتی نۆبڵ تەنها (1) ملیۆن دۆلارە، بەڵام گرنگی و بەهای خۆی هەیە بۆ ڕێکخراوەکەی.
خاڵێکی تری گرنگیش ئەوەیە، ڕەنگە ڕێکخەرانی خەڵاتی نۆبڵ بیانەوێت بەو پەیامە (WHO – ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی) لە ئێستادا هانبدەن بۆ دۆزینەوەی بە پەلەی ڤاکسینی کۆرۆنا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی کوشتوە و ئەمەش هاندەر بێت بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوو خەڵاتی نۆبڵ بدرێتە (WHO).
لەپاڵ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ (WFP) دەبێت ئەوەش بیر بخەینەوە، کە هێشتا کورد بۆ سەرۆک (مام جەلال و عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عێراقیش بۆ (سیستانی) چاویان لەسەر ئەوە خەڵاتەیە، کە مافی سادە و شایستەی خۆیان و گەلەکەیانە.
(2)
خەڵاتی نۆبڵ بۆ تاڵەبانی و سیستانی، مافێكی سروشتییە، وەكوو دوو كەسایەتی لە ململانێ و كێشە و قەیرانە تائیفی و مەزهەبییەكانی وڵاتێك كە ناوی عێراقە، ڕۆڵێكی یەكجار گەورەی ئاشتی و پێكەوە ژیانیان تا ڕادەیەكی باش دابین كردوە.
ئەگەر چی عێراق، لە ئەزەلەوە هەمیشە پڕ ئاریشەو قەیران و خوێنڕشتن بوە، بەڵام ئەگەر چەند هەوڵێك هەبووبێت بۆ بەرگرتن لەم ململانێ لە مێژووی عێراقدا و بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی بەعسەوە، تاڵەبانی و سیستانی بوون.
تاڵەبانی وەكوو كەسایەتییەكی دیموكرات و ئازادیخواز، سیستانی وەكوو مەرجەع و كەسایەتییەكی ئایینی شیعە، لە ڕابردوودا هەمیشە ویستویانە پردی پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكانی شیعە، سوننە و كورد بن، ئەمە بەو مانایە نییە كە ڕۆڵ و كاریگەریان لە ناو پێكهاتنە ئیتنی و مەزهەبییەكانی خۆیاندا نەبوە، یان هیچ كاریگەریی نەتەوەی كورد و لایەنگری بۆ كێشەی گەلەكەی نەبوە، یان لایەنگری بۆ مەزهەب و هەستی شیعەگەرایی نەبوە.
بەڵام هەرگیز نەزعەی نەتەوەیی كوردی و نەزعەی مەزهەبی شیعە گەرایی، نەبوەتە هۆی دژایەتیی و دوژمنایەتی لایەنەكانی تر، یان ڕەوایەتی دان بە هەر زوڵم و زۆرییەك كە كرابێتە سەر لایەك، یان بە تایبەت سوننەكان یان مەسیحییەكان و پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی كە ساڵانە دەدرێتە كەسایەتییەكی جیهانی و نێودەوڵەتی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ، بۆ كەسانێك كە خزمەتی ئاشتیان كردبێت یان خەڵكانێكی دیموكرات و عەدالەتخواز و ڕابەرێكی مەزنی كۆمەڵگاكانی خۆیان بن.
زۆرن ئەوانەی ئەم خەڵاتەیان وەرگرتوە (ئون سان سوگی لە بۆرما، ئیسحاق ڕابین، شیمۆن پێرێس، شیرین عبادی، فریدریك دیكلێرێك، كوفی ئەنان، مارتن لوسەر كینگ، نیڵسۆن ماندێلا، ئەنوەر سادات، محەمەد بەرادعی، میخائیل گۆربا تچۆف، هینری كیسنجەر، یاسر عەرەفات..).
ئەم ناوانە و زۆری تریشن، كە هەندێكیان نەك ئاشتیخواز نەبوون، بەڵكوو بەرپرسن لە كوشتاری خەڵكی بێ دیفاع یان لە سیاسەتی ئاپارتاید و هەڵاوێردنی ڕەگەزی، بەڵام دیارە پێدانی ئەو خەڵاتە بۆ دوایین هەنگاوی ئەم كەسانە بوە بۆ ئاشتی و ڕێككەوتن لەگەڵ نەیارەكانیان، بەڵام خەڵكانی ئازادیخواز و تێكۆشەری زۆریشیان تێدایە كە قوربانی زۆریان دا لە پێناو گەل و نیشتمان و ئازادی و دیموكراسی و لە بابەتی (ئان سان سوگی و ماندێلا)، كە بێ گومان مام جەلال و سیستانی ئەگەر لەمانەیان زۆرتر و زیاتر نەكردبێت، كەمتر نەبوە، بەڵام قەدەری عێراقییەكان و لەناویشیاندا كوردەكان وایە كە هێشتا فۆكەسی جیهان و لیژنەی دادوەری خەڵاتی نۆبڵی سوڵح باش نەچوەتە سەر كورد و عێراقییەكان، وەكوو چۆن لە ڕابردووشدا لە بواری ئەدەب، غەدریان لە یەشار كەمالی نووسەری كورد كرد لە توركیا.
دڵنیام خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی زوو یان درەنگ دەدرێتە مام جەلال و سیستانی، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو مافە سادە و ئەو ڕێزە گەورەیان لێ بگیرێت، هەست بكەن وەڵامی هەوڵ و خەبات و ئاشتی و قوربانییەكانیان وەرگرتوەتەوە.
(3)
سەرەنجام دەركەوت، عێراق، كوردستان، هەرێم و نە (ی.ن.ك) بێ مام جەلال، پڕە لە كەموكوڕی، غیابی ئەو ڕۆڵی هەیە لە سەرهەڵدانی قەیران و كاریگەریی خراپیشی كردەسەر ڕەوشی سیاسیی عێراق و هەڵكشانی كێرڤی نائارامی، توندوتیژی، تیرۆر و نائەمنی و ململانێی تایەفی شیعە و سوننە.
رۆڵی مام جەلال لە عێراقی نوێدا، لەو كاتەوە دەستی پێ كرد كە ئەمریكییەكان (2003) ویستیان عێراق بڕووخێنن، پرسیان ״مام جەلال بە بۆچوونی تۆ ئێران دەخاڵەت ناكات لە عێراقدا...؟، یان نابێتە لەمپەر لە بەردەم سیناریۆكانی ئێمە و كارەكانمان لێ تێك بدات...؟״
مام جەلال لە وەڵامدا، سەفەرێكی تاران دەكات و ئەمریكی و ئێرانییەكان لەو دوودڵییە نەجات دەدات، ئێرانییەكان ڕازی دەكات كە ئەمریكا ببێتە دراوسێی تاران - كە بۆ ئەو كات پەیوەندیی واشنتۆن و تاران لە ئەوجی خراپیدا بوو، بەڵام دوا جار، مام، بەوە ئێرانییەكانی قەناعەت پێ كرد، كە ئایا لە ڕووخانی ڕژێمی ئەفغانستان ئێوە، قازانجتان نەكردوە؟ كە هێزە دۆستەكانی خۆتان، مەبەستی بورهانەدین ڕەبانی و قەلبەدیین حیكمەتیار بوو؟ ئێستا لە ئەفغانستان حاكمن و هەر ئەمریكاش پرۆسەكەی بەڕێوە برد.
دوا جار مام پێیاندەڵێت: ״رووخانی سەدام و بەعس بۆ ئێوە، لە ئەفغانستان باشترە״، كە ئێرانییەكان دەڵێن چۆن؟
دەڵێت: ״هەموو هێزە سیاسییە شیعەكان، دۆستی خۆتانن، بەشێك لە سوننەكان و توركمانەكان و ئێمەی كوردیش هەر دۆستی نزیكی خۆتانین״، بەو شێوەیە ئێرانییەكان ڕازی دەبن، نەك دژی پرۆسەی ڕووخانی عێراق و سەدام نەبن، بەڵكوو هاوكاری و هەماهەنگی بكەن و بۆچوونەكانی مام جەلالیشیان لە دواییدا بۆ دەركەوت كە سەد دەر سەد ڕاستن، هەر بۆیە ئێرانییەكان و ئەمریكییەكان هەمیشە پشتیوانی سەرۆك كۆمار بوون و پێیان وابوو كە ڕێگای نەجاتی عێراقییەكانە و ڕۆڵی ئەو ڕێگرە لە هەڵگیرساندنی شەڕی تائیفی نێوان شیعە و سوننە، كە ئەو كات دەوڵەتی توركیا، دژایەتیی خۆی لەگەڵ ڕووخانی سەدام و عێراق نیشانداو هاوكاری ئەمریكای نەكرد.
مام یەكەم سەرۆك كۆمار بوو لە مێژووی عێراقدا، وەكوو سێ پێكهاتە نەیدەڕوانییە عێراقییەكان، بۆی گرنگ نەبوو مامەڵە و ڕێزگرتن لە سەر بناغەی كوردبوون، شیعەبوون، سوننەبوون بێت، بەڵكوو لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە فۆرمی هیومانیزم و ڕێزگرتن لە ئیرادەی تاكەكان و فەراهەمكردنی ئازادییەكان و دیموكراسی و ڕێزگرتن لە مافەكانیان، سەیری عێراقی دەكرد.
واتا لای مام، مامەڵەكردن لە سەر بنەمای ناسنامە، تائیفە، ئیتنیك، ڕەگەز، ڕەش و سپی نەبوو، هەر ئەوەشە عێراقییەكان، مام جەلالیان لە ڕەنگ و ڕەفتاری تەنها كوردبووندا نەدیوە.
ئەوەش مانا و مەغزاكەی ئەوەیە سەرۆك، بە بێ ڕەفتار و مامەڵەی دیموكراسیانە و فەراهەمكردنی ئازادی ناتوانێت لای هەموو تاكەكانی ناو ئەو سیستمە بە یەك چاو سەیر بكرێت بە تایبەتیش لە عێراقدا كە لێوانلێوە لە شەڕ و كێشە و مێژوویی و ناكۆكییەكانی قوڵپدەدەن، بە تەنها فاكتەرێكی سادەی بەس بوو.
هەر بۆیە تا سەردەمی وجودی مام لە بەغدا، بەر بەو ناكۆكی و تەقینەوانە گیرابوو كە ئێستا ڕوویان دا.
بێ گومان ڕۆڵی مام جەلال لەگەڵ سیستانی تەواوكەری یەكتر بوون لە عێراقدا، ئەم وەكوو ڕابەر و كارێزمایەكی دیموكرات و ئازادیخواز، سیستانیش وەكوو مەرجەعیەت و پیاوێكی مەزهەبی و دینی كە هەمیشە دەستی بە ئاشتییەوە بوو كە نەكا لە ڕێگا دەربچێت و ببێتە ماڵوێرانی بۆ گەلانی عێراق.
واتا مام و سیستانی لە عێراق، تەواوكەری یەكتربوون، هەر بۆیە ئێستا عێراقییەكان، كورد و وڵاتانی دراوسێش دەبێت بۆ ڕێزگرتن لەم خەبات و تێكۆشانەی ئەوان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەناعەت پێ بكەن، كە تاڵەبانی و سیستانی شایەنی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵن بۆ ئاشتی.
چۆن ئەم مافە دراوە بە شیمکۆن پێرێز و عەرەفات، لە سەر پرۆسەی ئاشتی و سوڵحی ئیسرائیل و فەڵەستینییەكان.
چۆن درا بە دیكلێرك و ماندێلا لە ئەفریقای باشوور لە سەر كۆتاییهاتن بە سیستمی ئاپارتاید و هەڵاوێردی ڕەش و سپی.
بەڵام مەسەلەیەكی گرنگ هەیە كە لە عێراقدا هەرگیز جارێكی تر دووبارە نابێتەوە، ئەوانیش نە دیكتاتۆریەتی سەدام حسێن و ڕژێمە ڕەفتار فاشیەكەی، نە دیموكراسییەكەی تاڵەبانی و ڕۆڵە گرنگ و مێژوویی و ئاشتیخوازانەكەی، ممكنی نییە هیچیان لە عێراقدا جارێكی تر دووبارە ببنەوە.
(4)
وەكوو زۆر جاری تر، لیژنەی دادوەری خەڵاتی نۆبڵ دوور لە چاوەڕوانی زۆربەی شارەزایان و پسپۆڕان، دابەشكردنی خەڵاتەكانی جۆرێك لە تەم و ناڕوونی پێوە دیارە.
یان وەكوو زۆر جاری تری لیژنەكە بە لێكدانەوە و تێڕوانینی سیاسی و كاریگەریی سیاسەتی وڵاتانی زلهێز تۆمەتبار دەكرێت بۆ پێدانی خەڵاتەكە لە بابەتی ئەوەی ڕوویدا و خەڵاتەكەی دا بە دوو كەسی پاكستانی و هیندستانی.
مەلالا یوسفزای، ڕكابەری چەندین ناوی دەكرد بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە، لەوانە (ئیدوارد سنودن، تشیلی مانینگ، پاپای ڤاتیكان، فلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕووسیا) و سەرئەنجام خەڵاتەكە بە نسیبی مەلالای پاكستانی بوو.
مەلالا، ئەگەر چی چالاكوانێكی چالاكی بواری مافەكانی فێركردنە بە تایبەت بۆ ژنان، لە ساڵی (2012) لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە برینداركراو دواتر ڕەوانەی بەریتانیا كرا بۆ چارەسەر و دواتریش میدیاكانی خۆرئاوا زیاد لەپێویست مەلالایان گەورە كرد و وەكوو سیمبوڵێكی بێ وێنە بۆ دژایەتیی تاڵیبان بەرجەستەیان كرد، لە سەر ئاستی نەتەوە یەكگرتوەكان و سەرۆكی ئەمریكا و گەورە بەرپرسانی ئەورووپی پێشوازی لێ كراو بە ملیۆنان نووسخە كتێبی جۆراوجۆر بە زمانە زیندوەكانی جیهان لە سەر ژیانی چاپكرا.
لە كاتێكدا مەلالا هێشتا زۆر گەنجەو تەمەنی (17) ساڵە، پێشتریش هیچ ئەفراندن و پەرجویەكی سەیر و سەمەرەی نەخوڵقاندبوو، بەڵام هەمیشە خۆرئاوا ئەم جۆرە سیاسەتانە بەكاردەهێنێت، كە بێ گومان بە مەبەستی سیاسی و لێكدانەوەی باكگراوندی سیاسی.
لە پاڵ مەلالاشدا بە هاوبەشی خەڵاتەكە درا بە كایلاش ساكوارانی چالاكوانی مافی منداڵان، گوایە ناوبراو پارێزگاری لە تەقالید و سوننەتەكانی غاندی كردوە و بەكاریهێناوە.
هەر كەس دیقەتی هەر دوو ناوەكە بدات، تابلۆیەكی پەردەپۆشكراوی سیاسی هەست پێ دەكات بۆ پێدانی خەڵاتەكە، بە واتایەكی تر پێدانی خەڵاتەكە مانا و مەغزا سیاسییەكەی ئەوەیە كە دراوەتە دوو كەسی هیندستانی و پاكستانی، كە ئەم دوو وڵاتە زیاتر لە (40) ساڵە لە شەڕ و ململانێی تونددان و تەنانەت چەندین جار شەڕ لە سنورەكانیان ڕووی داوە و بە هەزاران كەس بوونەتە قوربانی، هەمیشە ئەمریكا و خۆرئاوا مەترسی هەڵگیرساندنی جەنگێكی ئەتۆمی لە نێوانیاندا دەكەن، بە هۆی ئەوەی هەر دووكیان خاوەنی چەكی ناوەكین، بۆیە هەمیشە ئەو وڵاتانە دەیانەوێت دەستیان بەو دوو وڵاتەوە بێت و ئاگاداریان بن تا نیمچە كیشوەری هیندستان نەبێتە مەیدانی جەنگێكی گەورە.
بە تایبەتی كە هەر دووكیان بە دۆستی ئەمریكا و خۆرئاوا دەناسرێن و لە ناوچەكەشدا سێ مەترسی گەورە هەن كە ڕۆڵی ئەوان دەتوانێت مەترسییەكان ئیحتوا بكات، ئەوانیش ئەفغانستان، ئێران، بزووتنەوەی تاڵیبان و قاعیدەیە.
واتا دەكرێت بڵێین، بەم تێڕوانینانە خەڵاتەكە ڕەهەندێكی سیاسی هەیە، وەكوو چەندین خەڵاتی پێشووتر كە سەد دەر سەد ڕەهەندی سیاسی هەبوە، وەكوو پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ نێڵسۆن ماندێلاو فریدریك دیكلێرك لە 1993 لە باشووری ئەفریقا لە نێوان دوو كەسایەتی شۆڕشگێڕ و دیكتاتۆر.
دلالیلاما لە تبت (1989)، میخائیل گۆرباچۆڤ لە سۆڤیەت (1990)، ئون سان سوكی لە بۆرما (1991) بە تایبەتتریش پێدانی خەڵاتی نۆبڵ، یاسر عەرەفات، ئیسحاق ڕابین، شیمۆن پێرێز لە فەڵەستین و ئیسرائیل (1994)، تەوا و خەڵاتێكی سیاسی بوو.
شیرین عبادی (2003) لە گەرمەی ململانێی نێوان تاران و خۆرئاوا، باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا (2009)، لیو شیار بوو لە چین (2010)، دواترینیشیان كایلاش ساتیارانی هیندستانی و مەلالا یوسفزای پاكستانی بۆ ساڵی (2014).
بە تێڕوانین لەو ناوانەی سەرەوە، دەكرێت وا خوێندنەوە بە پێدانی ئەو خەڵاتە بكرێت كە زۆر جار ڕەهەندێكی سیاسی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت.
ئەگەر نا ئایا لەیلا زانا شاییستەتر بوو بۆ خەڵاتی نۆبڵ یان مەلالا یوسفزای؟ لە كاتێكدا لەیلا زانا بەقەدەر هەموو تەمەنی مەلالا لە زینداندا بوە و ئەشكەنجەی كێشاوە بە دەست دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە و چالاكوانێكی سیاسی و بەهێزی بواری سیاسی، كوردایەتی و ژنان بوە و هەڵسوڕاوێكی گەورەی ناوچەكەش بوە.
مەبەستی سەرەكی نووسینەكەم، ئەوەیە كە پێشتریش وتبوم ئایا عەبدولڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكاری كوردستان(PKK) شاییستەی ئەم خەڵاتە نییە؟ لە زۆربەی ئەو ناوانەی لە سەرەوە هاتوون، بە تایبەتی لە مەلالا شاییستەتر نییە؟ لە كاتێكدا ئۆجالان هەموو ژیان و تەمەنی بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردی چەوساوە و ژێردەستەتەرخان كردوە.
هەموو ژیانی بەدیهێنانی دونیایەكی باشتر و خۆشگوزەرانیتر بوە بۆ ژنان، كوڕان، كچانی كوردستان و بەناچاری دەستی دایە خەباتێكی چەكداری سەپێنراو لە بەرامبەر ئەو مانیفێستە چەپەڵەی ئاتا تورك كە دەیوت كوردەكان توركی شاخەوین نەك مرۆڤ.
ئۆجالان شاییستەی خەڵاتی نۆبڵە یان مەلالا كە (21) ساڵە لە زیندانێكی تاكەكەسیدایە، بە بەرچاوی لیژنەی دادوەر خەڵاتی نۆبڵ و ئەمریكا و ئەورووپا لە سەر چیش..؟
تەنها شۆڕش و خەبات و بەرگری لە گەلەكەی هەڵبژاردبوو، ئامادە نەبوو تەسلیمی سیاسەتە نەگریس و چەپەڵەكانی ئەمریكا و ئەورووپا بێت، بۆیە بە گەلەكۆمەكێی نێودەوڵەتی (ئەمریكی، ڕووسی، ئیسرائیلی، ئەڵمانیی، توركی، یۆنانی، سووری و كینیایی) وەكوو دیاری (1999) گرتیان و تەسلیمی بوڵند ئەجەویدی سەرۆك وەزیرانی توركیایان كردەوە.
ئێستاش ئامادە نین خۆی لە زیندان ئازاد بكەن و ڕێكخراوەكەی لە لیستی تیرۆر دەركەن، كە لە شەڕەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە كۆبانێ دەركەوت، ئۆجالان و بزووتنەوەكەی توانای خوڵقاندنی چ موعجیزەیەكیان هەیە بەرامبەر گەورەترین گروپی تیرۆریستی داعش كە زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەی هێناوەتە لەرزین و شڵەژان، بەڵام تەنها خوێندكارانی ئاپۆچی بوون كە شكستیان بەم گروپە هێناو بەناچاری ئەمریكاش بڕیاری پشتیوانیانی داوە.
ئۆجالان سیمبولی ئازادیخوازی ڕێگای مرۆڤایەتییە یان مەلالا؟
ئۆجالان شاییستەی خەڵاتی نۆبڵە یان مەلالا؟