گرەوەکەی مەسرور بارزانی
2020-10-12 14:53:25
ئاسۆ حاجی
گرەویان دەکرد کابینەی مەسرور بارزانی تەواو ئەمنی و شاراوە بێ و کەرستەی مامەڵەکردنی لەگەڵ خەڵک ترس بێ،بەڵام تەواو پێچەوانە دەرچوو مەسرور بارزانی لە مێژویی سیاسی کوردستان و ناوچەکەدا کابینەیەکی روون و دیار لە شوشە کردە چوارچێوەی کارەکانی،بێگومان ئەوە مانای سەرکەوتنی تەواو و کارنەکردنی بێخەوش نیە بەڵکو مانایەکی نوێی حوکمڕانی و پەیوەندی نێوان خەڵک و حکومەتە،کە دەکرێ بە سەرەتای باشترکردنی ئەوەی کراوە و راست کردنەوەی ئەو خواریانەیە کە پێشتر بە راست کردنەوەیان رانەگەیشتوون.
مانەوەی مەسرور بارزانی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 کاتژمێر لە نێو پەڕلەمان و لە بەردەم پرسیار و لێپرسینەوەی پەڕلەمانتاران رەنگە شکاندنی ریکۆرد بێ لەلایەن سەرۆک وەزیرانێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە یەک دانیشتنی پەڕلەماندا وەڵامی زیاتر لە 400 پرسیار بداتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو پرسیارانە وەک تەلە بوون و بەشێکی دیکەشیان بۆ شکاندن و دژایەتی کردنی سەرۆکی حکومەت و پێکهاتەی کابینەکەی بوو،بەڵام هەموو ئەوانە بە باشە و خێر بۆ حکومەت و سەرۆکەکەی شکایەوە چونکە وەک خۆی گوتی: لە ئێوە زیاتر سوورتر و گەرمترم لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و ریشەکێش کردنی.
بە درێژایی ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەم وێڕای هەبوونی قەیرانی دارایی و چارەسەرنەبوونی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەڵام خەڵک لە رووی دەروونیەوە زیاتر ئارامی و سەقامگیری پێوە دیارە و گەشبینترە لەوەی کە کێشەکان چارە دەکرێن و ژیان باشتر دەبێت چونکە هەست دەکەن ئیرادەیەکی بەهێز هەیە کە بۆ ئەو ئامانجە کار دەکا و تێدەکۆشێ،هەبوونی ئەو ئیرادەیەش هۆکارێکە بۆ گۆڕانی تێڕوانینی خەڵک بۆ حکومەت و دەسەڵات لە تێڕوانینێکی گوماناوی و ترس بۆ تێڕوانینێکی دڵنیایی و خۆشویستن،بە تایبەتیش کە بە هەوڵەکانی ئەو کابینەیە و سەرۆکەکەی ئاسۆیەکی گەش هەیە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی باش و کۆنکریتی لەگەڵ بەغدا لە چارەسەرکردنی گرفتی دارایی لەوەش گرنگتر لە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان.
ئەو کابینەیە شتێکی دیکەشی نیشاندا و خەریکە دەیسەلمێنێ کە کارنامەکەی و رێزبەندکردنی پرسەکان و کارەکان بە گوێرەی پیویستیان و پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵک وەک پێوەر وەرگیراوە،چەند جیبەجێ بکرێن ئەوەندە روبەری گەندەڵی گچکەتر دەبێ و ئومێدی خەڵک گەورەتر دەبێ،رەنگە ئەو کەسانەی کە یەک موچەیان هەبووە و ژیانێکی ئاسایی دەگوزەرێنن هێشتا هەستیان بە کاریگەری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی نەکردبێ بەڵام ئەوانەی کە زیاتر لە موچەیەکیان وەرگرتووە دەزانن کە چەند مانگە ئەو یاساییە کلک و گوێی کردوون و ئەو ناهەقیەی بۆ نەهێشوون و لەگەڵ بەردەوام بوونی کارەکان بەو ئاراستەیە ئەو حکومەت لە جیاتی ناوەندێک دەسکەوت و مشەخۆری ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەرکی راستەقینەی خۆی کە خزمەتکردن و پێشکەشکردنی باشتر و پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیانە.