تـڕەمـپ و کــورد!
2020-10-11 12:11:44
كارۆخ خۆشناو
لەسەرەتای دەست بەکاربوونی (دۆناڵد تڕەمپ) وەک (45)مین سەرۆکی ئەمریکا، زۆرترین لێدوان و تویت و هەڵوێستی بەرامبەر بە کورد هەبووە، لێرەدا دەتوانین لێدوانەکانی تڕەمپ پۆڵین بکەین بۆ:
1- لێدوانە ئەرێنیەکانی تڕەمپ بەرامبەر بە کورد، دوو نمونە:
یەکەم: چاوپێکەوتنی تڕەمپ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم لە (کۆڕبەندی داڤۆس) و ستایشکردنی ڕۆڵی کورد بە گشتی لە شەڕی تێکشکاندنی داعش.
دووەم: لێدوانی تڕەمپ لە (لوتکەی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ) کاتێک لە پرێس کۆنفڕانسێکدا گووتی "بە بروای من کورد گەلێکی مەزنن، جەنگاورەی ئازاو بە جەرگن لە زۆر بوار ھاوپەیمانی ئێمەن"
دەتوانم بڵێم بە دەیان جاری تر تڕەمپ بە شان و باڵی کوردی هەڵداوە لە ڕێگای لێدوان و تویت و هەڵوێستەکانیەوە، ئەم لێدوانانەی تڕەمپ بۆ ناساندنی دۆزی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا زۆر گرنگ و پڕ بەهان، بە جۆرێک ئەگەر کورد بیەوێت لە ڕێگای کۆمپانیاکانی لۆبیکردنەوە ئەم کارە ئەنجام بدات، پیویستی بە ملیۆنان دۆلار دەبێت.
2- هەڵوێست و لێدوانە نەرێنیەکانی تڕەمپ، دوو نمونە:
یەکەم: لە (9 ئۆکتۆبەری 2019) کاتێک تڕەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆردوگان داگیرساند تاکو ڕۆژئاوا داگیر بکات.
دووەم: لە (16ئۆکتۆبەری 2017) کاتێک تڕەمپ ڕێگایدا بە سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبی هێرش بکەنە سەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان.
بەکورتی هەڵوێست و تویت و لێدوانەکانی (تڕەمپ) بەرامبەر بە کورد زۆر و بۆرن:
1- زۆرن چونکە تڕەمپ لە ناوهێنانی کورد ژمارەی پێوانەیی شکاندووە بە بەراورد بە (٤٤) سەرۆکەکەی پێش خۆی، واتە تڕەمپ بەتەنیا لە هەموو سەرۆکەکانی پێش خۆی زیاتر ناوی کوردی هێناوە، بە جۆرێک تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو (۲٤) جار ناوی کوردی هێنا.
2- بۆرن چونکە تڕەمپ لە هەندێک لێدوانیدا بە شێوازێک قسە دەکات وەک ئەوەی کە زانیاری دروستی لەسەر کورد پێ نەبێت، بۆ نموونە لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا گلەیی لە کورد دەکات کە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانانی نەکردووە لە شەڕی (نۆرماندی) لە جەنگی جیهانی دووەم!
دۆناڵد تڕەمپ کارەکتەرێکی بزنسمان و سەرۆکێکی (دژە باوە) بۆیە جیاوازە لە هەموو سەرۆکەکانی تری ئەمریکا، واتە تڕەمپ لە دەرەوەی حەوزی واشنتنەوە هاتووە، بۆیە دۆکترینی تڕەمپ بۆ سیاسەتکردن بریتیە لە پێودانگی (بەرژەوەندیە ئابوریەکان) بەڵام لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکادا (تڕەمپ) تەنها سەرۆک بووە کە زۆرترین ناڕۆشنی لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەبووبێت، واتە سیاسیەتەکانی پێشبینی نەکراون (Unpredictable) لەگەڵ ئەوەشدا تڕەمپ خاوەنی شێوازێکی تازە و ناوازەی سیاسەتکردنە چونکە تاکە سەرۆکە کە (تویتەری) کردبێتە مینبەری بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە، بە جۆرێک ڕۆژی وا هەبووە تڕەمپ (17) تویتی کردووە!
لە کۆتاییدا ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکی و زانستی و ئەکادیمی (دوور لە سۆز) بۆ لێدوانەکانی تڕەمپ بکەین بەرامبەر کورد بەگشتی، دەبینین تڕەمپ جێگای ئومێدی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە چونکە سیاسەتی (ئەوپەڕی فشار)ی بەڕامبەر بە ئێران بەکار هێناوە، بەڵام جێگای نائومێدی باکور و ڕۆژئاوای کوردستانە چونکە (تڕەمپ دۆستی ئۆردوگانە) بەڵام سەڕەڕای هەموو (سەرنج و تێبینی و ڕەخنەیێک) تڕەمپ لە خولی یەکەمدا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە لە دەربڕینی لێدوان و هەڵوێستی ئەرێنی و نەرێنی بەرامبەر بە کورد، واتە دۆسیەی کورد لەسەردەمی تڕەمپدا دۆسیەیەکی زیندوو بووە، بۆیە دەتوانین بڵێین تڕەمپ لە ڕێگای تویت و لێدوانەکانیەوە خزمەتێکی زۆری بە ناساندنی دۆزی کورد کردووە، هەروەها هۆکارێکی گرنگ بووە تاکو ناوی کورد وەک (جەنگاوەری ئازا) ببێتە (ویردی سەر زمانی) ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا.