ئەم هەموو جنێوە بۆ ژنە نووسەرێک دوایی مردنی
2020-10-10 16:14:34
فەرحان جەوهەر
میللەتێک بەشێکی خوێندەوارەکانی تا ئەو ئاستە جنێو فرۆشبن ، مرۆڤ تەنها ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە و بڵێت : خودا رەحم بکات ، نەک هەر بە ئێمە ، بەڵکو بەنەوەی داهاتووش .
دوایی بڵاو بوونەوەی هەواڵی مەرگی خانمە ژنی شاعیرو نووسەر مهاباد قەرەداغی لە راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، ئیدی وەک ئەوەی هەواڵی مەرگی ترسناکترین بوونەوەری سەر ئەم زەمینە راگەیاندرابێت ، بە سەتان و بگرە هەزاران کۆمێنتی پڕجوێن بۆ مەرگی ئەو خانمە ژنە شاعیرو نووسەرو زیندانی سیاسییە نووسرابوون . کە هەر لە پێناوی ئەو جنێوفرۆشانەدا سەردەمێک گەنجایەتی خۆی لە تێکۆشان و زیندان بردەسەر.
بەشێک لەو کۆمێنتانە بەناوی بەرگری بوون لە ئیسلام و دین ، گوایە ئەو ژنە دژی دین بووە و داوای یەکسانی ژن و پیاوی کردووە ، هەندێک لە کۆمێنتەکانی تریش پەیوەندیان بە بەشداری ئەو بووە لە دەسەڵات ، ئەوەی من بەمەترسی دەبینم نەک لە ئێستادا ، بەڵکو لە داهاتووشدا ئەوهەڵە تێگەیشتەنە مەترسیدارەیە لە دین ، لەلایەن بەشێکی زۆری گەنجانی وڵاتەکەمان ، ئاخر ئێمە هەر لە منداڵییەوە وافێرکراوین کە دوایی مردنی کەسێک ، جگە لە رەحمەت بۆ نادردن و بەچاکە باس کردنی هیچ شتێکی خرابی لەبارەوە نەبێژین ، ئەگەر لە ژیانی خۆشیدا چەندە خراب بووبێت ، کە دەڵێم : ئێمە وا فێرکراوین مەبەستم هەموو ئەخلاقی کوردەواری وابووە ، هەر بەمنداڵی هەموو دایک و بابێکی کوردەواری منداڵەکانییان وا پەروەردە کردوونەو پێیان گووتونە : کە مرۆڤ دەمرێت شەیتان ئیدی دەستی لێ هەڵدەگرێت ، بۆیە نا بێت بەهیچ شێوەیەک بە خرابە باسی کەسی مردوو بکەن ، ئەمە ئەخلاقی دینی و کوردەواری بوو ، ئەی ئێستا گەنجەکانمان بۆچی دەست بەرداری ئەم ئەخلاقە و ئەم دینە جوانە بوون ؟ پێموایە ئەو تێگەیشتنە خرابەی ئەمڕۆ لە دین و نەمانی ئەو کوولتورە کوردەوارییە جوانەی خۆمان ، بەشێکی زۆری پەیوەندی بە پەروەردەی ئیسلامی سیاسی و حزبەکانیانەوە هەیە ، دەیانەوێت ئەم تێگەیشتنە دینیە کوردەوارییە لە ناو بەرن ، وەک چۆن لە ناویان بردووە ، راستە هەموو ئەوانەی ئەوجێنوانە دەدەن ئەندام و لایەنگری حزبە ئیسلامییەکان نیین ، بەڵام بەنائاگاییەوە بەشێکی زۆر گەنجەکانمان و ئەندامانی حیزبەکانی غەیرە ئیسلامیش کەوتونەتە ژێر هەژموونی ئەو دینە سیاسیەی لایەنە ئیسلامییەکان ، کە سەرچاوە سەرەکییەکەی ئیخوانی مسرو قەتەر و سەلەفییەکانی عەرەبستانی سعودیەن ، ئەمە ئەخلاقی ئیسلامی سیاسییە ، خەڵکی غەیرە خۆیان بەکافرو زەندیق دەزانن و خۆیان زۆر پێ لە خەڵکی تر باشترو ئیسلام ترە ، لە کاتێکدا دینی راستەقینەو دوور لە سیاسەت شتێکی جیاوازترمان پێدەڵێت : ئەویش ئەوەیە تەنها خودای مەزن دەزانێت کێ مان لە کێ باشترین و هەر زاتی ئەعلاش دەزانێت کێ دەچیتە بەهەشت یان دۆزەخ ، ئەوانەی خۆیان پێ لە خەڵک باشترو موسڵمان ترەو بڕیار لەوەدەدەن چ کەسێک بەهەشتی و چ کەسێک دۆزەخییە ، ئەمانە لە هەموو کەسێک زیاترلای باری تەعالا ناخۆشەویستن .
میللەتانی تر هەرلە دەوروبەرمان نەک باسی ئەوروپا بکەین ، چۆن رێز لە رەمزە رۆشنیرو نووسەرو هونەرمەندەکانیان دەگرن ، یەک رۆژ پێش مردنی خاتوون مهاباد قەرەداغی ، هونەرمەندی بەناوبانگی ئێرانی شەجەریان مرد ، کە تا ساتی نووسینی ئەو وتارەش نەنێژراوە ، سەیرکەن خەڵکی ئەو وڵاتە ئیسلامییەی کە موزیکی حەرامکردووە چ بۆ ئەو هونەرمەندەی خۆیان دەکەن ، بەهەزاران هەزار کەس بێ گوێدانە مەترسی ئەو پەتایە وەک رێزو پەرۆشی بۆ مەرگی شەجەریان کۆبوونەتەوە ، کەس ناپرسێ شەجەریان ئاینداربووە یا بێ ئاین ، پیاوی دەوڵەت بووە یا ئۆپۆزسیون ، لای ئەوان گرنگ ئەو خزمەتەیە کە بە هونەر و ناوبانگی میللەتەکەی کردووە ، دە سەیرکەن ئەوە لە پێش چاوتانە و دراوسێ تانن ، ئەرێ بەڕاست ئێمە تۆزیک بەسەرخۆماندا ناشکێینەوە ؟ لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو هەر خەریکی جوێندانین بەیەکتر و رۆژی دواتریش هەر ئەو کارە دووبارە دەکەینەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین هیچ ئەنجامێکیشی نییە و نابێت ، کەسێکیش رۆژانە کارێکی بێ ئەنجام بکات و رۆژی دواتریش هەمان ئەو ئیشە دووبارە بکاتەوە لە شێت زیاتر هیچی تر نییە .