پەیامەكەی بارزانی لە خۆشەویستی بافڵە یان لە رقی لاهورە؟
2020-10-08 08:38:36
مەحموود یاسین كوردی
دواجار بارزانی لە نێوان خراپ و خراپتر خۆی بۆ خراپەكە یەكلاكردەوە، لە ساڵیادی كۆچی دوای مام جەلال پەیامێكی كورت و پوخت بۆ سەركردایەتی نوێی یەكێتی نارد، گوتی: پارتی و ماڵی بارزانی مامەڵەی فەرمی لەگەڵ دوو كوڕانی مام جەلال دەكەن.
نامەكە روون و ئاشكرایە هەر لە سەرەتای نامەكە بە "برازا" دەستی پێكرد و بە "مامتان" كۆتایی هات، ئەم نامەیە سەرەتای قۆناغی رێككەوتنێكی ستراتیژی نوێیە لە نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە، پێدەچێ كاك مەسعود هەمان رۆڵی حەمایل خان دایكی رەحمەتی ببینێ كاتێك بە ئامادەبوونی زۆربەی كوڕەكانی داوای لە بارزانی و تاڵەبانی كرد وەكو برا پشتیوانی یەكتر بكەن، كۆتایی بە ناكۆییەكان بهێنن ئەوەشی بە بیر 5 كوڕەكەی هێنابووە كە مام جەلال كوڕی شەشەمی مەلا مستەفایە.
بە دیوێكی دیكە سەیری بكەین هەموو ئەو مەحزەرەوە و كۆبوونەوانەو رێكەوتنامەی لە سەر كاغەز نووسرا بوون لە نێوان پارتی و یەكێتی و ناویان لێنابوو رێككەوتنامەی ستراتیژی لە بنەما هیچ نەبوو بەڵكو رێككەوتنەكە زیاتر خێزانی و كۆمەڵایەتی نێوان بارزانی و تاڵەبانی بە چاودێری ژنێكی زێباری، كە دواتر شۆڕبووتەوە بۆ بابەتی سیاسی و پۆست و پلەو پارە هەربۆیەش لەگەڵ نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی رێككەوتنەكە كێشەی كۆتایی پێهات.
ئەو نامەی بارزانی بە چەندین قۆناغ تێپەڕیوە تا گەیشتووتە ئەو سیاغەیە چونكە لە چەندین كۆبوونەوە و دیدار گوتوویەتی كە بافل تاڵەبانی جێگای متمانە نییە هەر لە سەر ئەو بنەمایە ساڵێك دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە ئاهەنگی ساڵیادی سەربەخۆی ئەمریكا هەولێر ئامادە نەبوو چەند خولەكێك گوێی لێبگرێ تەنانەت بانگیشی كردبوو جەنابی سەرۆك! كاك مەسعودیش تەنیا وەڵامەكەی ئەوە بوو سەركەوتووبی كوڕی خۆم!.
لە دێرەكانی ئەو رستەیە نائۆمێدی و نیگەرانی قوڵی بارزانی لە عەرابەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێدەگەی، بەڵام دوای تێپەڕینی 3 ساڵ بە سەر ئەو برینەی سارێژنەكراوەی بارزانی و هەروەها ئیزافە بوونی برینی شكانی كاندیدەكەی لە كۆشكی سەلام، كاك مەسعود بە پەیامێك ئەوەی بۆ هەموو لایەك روونكردەوە كە بارزانی و پارتی كوڕانی مام جەلال بە میراتگری شەرعی و درێژەپێدەری رێبازی مام جەلال دەزانن نەك خەڵكی دیكە.
بۆیە بە دەستهێنانی شەرعییەتی كۆنگرە لە لایەن لاهور شێخ جەنگی بەلای پارتییەوە جێگای قبوڵ كردن نییە هەر لە سەر ئەو بنەمایە پارتی ئیعتیراف بە بافڵ دەكات وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی و میراتگری مام جەلال هەر لەگەڵ ئەوانیش مامەڵە دەكات هەر لەگەڵ ئەویش مەلەفەكانی شەراكەتی هاوبەش لە حكومەت و دۆسییەی نەوت و خالە سنوورییەكانی بەغداو زۆر دۆسییەی دیكە یەكلادەكاتەوە.
ئەو پەیامەی بارزانی لە خۆشەویستی و متمانەی بافڵ تاڵەبانی بەڵكو لە رقی لاهور شێخ جەنگییە وەكو ئەو مەقولە بەناوبانگە هەیە لە (لیس حباً فی علی ولكن كرها فی معاویە).
ئەمساڵ 16ی ئۆكتۆبەرێكی جیاوازە
هاوڵاتی ژیر لەو یارییە تێدەگات بافڵ و لاهور جگە لەوەی ئامۆزان و هاوسەرۆكی یەك حیزبن هاوكات هەر دووكیان عەرابی 16ی ئۆكتۆبەر بوون، ئەگەر بە لای بارزانییەوە لە پشتەوە خەنجەریان لە پارتی دراوە ئەوا هەر دووكیان كردوویانە، بە پێچەوانەوە بافڵ تاڵەبانی لە رووی میدیا و گفتوگۆی تەلەفزیۆنی لە لاهور شێخ جەنگی حزووری هەبوو هەر لە سكای نیوزە و بگرە تا كەناڵی ئەفاق و عەهد قسەی لە سەر ئەو بابەتە دەكرد، بۆیە پێشبینی دەكەم دوای ئەو پەیامەی بارزانی ئەمساڵ لە یادی 16ی ئۆكتۆبەر پارتی لە میدیاكانی تەنیا باسی لاهور شێخ جەنگی دەكات و بافڵ لە لیستەكە دەردەهێنێ، چونكە ناكرێ بارزانی لە پەیامەكانی بافڵ بە برازای خۆی وەسف بكات لە ئیعلامیش پارتی بە خائین!.
رێبازی مام جەلال بووتە كراسەكەی عوسمان
بیگومان پارتی كێشەی لەگەڵ رێبازی مام جەلال نییە بەڵام چ رێبازێك؟ رێبازێكی دوای رێككەوتنامەی واشتن و هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە لە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی و ناردنی نامە بۆ بارزانی كە خانوێكی لە سەری رەش بداتێ، نەك ئەو رێبازەی تاڵەبانی لە 1964 نوێنەرایەتی دەكرد. بۆیە بارزانی بەر وونی دەڵێ هیوادارم ئێوەش درێژە بە رێگای باوكتان بدەن، بە روونی ئامادەی پارتی بۆ رێككەوتن و ئیشكردن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەربرێ و دەیەوێ ئەو دۆخە دەروونییەی لەگەڵ كوڕەكانیش هەیە بیڕەوێنتەوە، بۆیە وەكو تەواوكەری پەیامەكەی بارزانی باوك بارزانی كوریش پەیامی نارد باسی شوێنكەوتووە راستەقینەكانی مام جەلالی دەكرد.
بەلای پارتی لاهور شێخ جەنگی لە رێبازی مام جەلال لایداوە و شوێنكەتووی راستەقینە نییە.
پارتی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ جیاكردنەوەی بوخچەی هەر دوو هاوسەرۆك هەر ئەمەش بوتە كێشە بۆ لاهور شێخ جەنگی چونكە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەو ئیعتیراف و مامەڵەكردنی پارتییە، ئەگەرچی لە نێوخۆی یەكێتی و زۆنی سەوز لایەنگر و هێزی سەربازی و توانای مرۆی و ئابووری هەیە،
پارتی بۆ لاواز كردنی لاهور شێخ جەنگی لە بەردەم رایگشتی سیاسەتی پەرتبكە و زاڵ بكە پەیڕەو دەكات، تێگەیشت دەبێ سەرەتا یەكێتی رادەستی بافڵ بكات لە سلێمانی لە هەولێریش مامەڵە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی دەكات بەڵام قسەكە لێرەیە بنكەی جەماوەری یەكێتی كاتی خۆی ئەو سیاسەتەیان لە مام جەلال قبوڵ كردو روویان لە كاك نەوشیروان و گۆڕان كرد ئێستا لە بافڵ تاڵەبانی قبوڵی دەكەن؟