شوڕشو خۆپێشاندانەكانی ئۆكتۆبەرو بەراوردێك
2020-10-06 10:41:52
ئەبو كاروان
ئێمە لە دەرگای یەكەمین ساڵیادی شۆڕشی گەلانی عێراقین دژی گەندەڵییو تایفیەتو بەشبەشێنەو ستەمكاریو ونبوونی چەمكی دەوڵەتو لەپێناو هاوڵاتیبوون، شۆڕشی تشرینی یەكەم، كە تێیدا سەدان هەزار كەس بەئافرەتو پیاو، بەگەنجو پیرەوە ڕوویان لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەكان كردو رووبەڕووی میلیشیاو هێزە كۆنەپەرستەكان بوونەوە، دوای قوربانیەكی زۆرو گرانبەها توانیان حكومەتەكەی عادل عبدولمەهدی ناچار بەدەستلەكاركێشانەوە بكەن، شۆڕشگێرانی عێراق وێڕای ئەو هەموو توندوتیژییە زۆرو قێزەونەی بەرامبەریان ئەنجامدرا، شكۆمەندانە دەستبەرداری ئاشتیو شێوازی ئاشتیخوازانەی شۆڕشەكەیان نەبوون، ئەوە راستە ئامانجەكانی ئەو شۆڕشە هێشتا بەتەواوی بەدینەهاتووەو رێگایەكی سەختو دوورو درێژ ماوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی، بەڵام بەهەموو مانایەك ئەوەی روویدا وەچەرخانێكی گەورە بوو لە مێژووی عێراقدا، كە حكومەتێك بەپشتیوانی هێزی زۆری چەكدارو میلیشیاو ژماریەك وڵاتی ئەقلیمی كۆنەپەرستو خاوەن ئیمكانیەت روخێنرا..
هیچ بزوتنەوەییەكی جەماوەری بەدەر نییە لە كەموكوڕیو كۆسپی گەورەی بۆ دروست نەبێ لە هەردوو باری خودیو بابەتیەوە، رەنگە هیچ كۆسپێك هێندەی سەرهەڵدانو بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا زەربەی لە شۆڕشی ئۆتۆبەری گەلانی عێراق نەدابێ، كە شۆڕشگێران لەپێناو تەندروستیو هەستی بەرپرسیارێتی گەورەیان بەرامبەر تەندروستی خەڵك ناچارانە گۆڕەپەنەكانیان چۆڵ كردو خۆیان كەرنتینە كرد، كە ئەوەش بووە هۆی جۆرێك لە ساردبوونەوە لە خۆپیشاندانەكان، بەڵام گرەو لەگەڵ تەحەمولی گەلی عێراقو هیچ گەلێكی لەبەرامبەر ستەم ناكرێ، گەر بشكرێ گرەوێكی دۆڕاوە.
ئەو خۆپێشاندانانە ئەو تێزەی بۆ جارێ سەدەم سەلماندەوە كاتێك هەر گەلێك رادەپەڕێ، ئەوا هیچ هێزێك نییە، بەری پێ بگرێ، جا ئەو هێزە چەندە چەكدارو توندوتیژبێ، چەندە پشتیوانی دەوڵەتانی هەبێ.
لە خۆپیشاندانەكانو هەروەها یادكردنەوەی ساڵیادی ئەو شوڕشەدا، سكرتێرو سەركردەكانی حزبی شیوعی عێراق لە پێشی پێشەوەی خۆپیشاندەران بوون لە بەغداو پاریزگاكان، هەر ئەوكات كە لولەی تفەنگ كرایە خۆپیشاندەرانو لەسەرەتای شۆڕشەكە هەردوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لە ئەندامێتی ئەنجومەنەكە كشانەوە، ئەوان لەبری پاساوی بێ بنەماو نیشتەجێبوون لەنێو بارەگاكان، سەنگەریان بووە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندەران، ئەوەش مایەی شانازی بوو بۆ ئێمەی شیوعیەكانو گەلانی عێراقو كوردستان.
بۆیە لێرەدا دوپاتی دەكەمەوە كە دۆخی هەرێمی كوردستانو ژیانی خەڵك تادێت خراپتر دەبێ، ئەم حكومەتە سەنگی نەماوە، تا ئەو سنورەی خەڵكو دایكی ئەنفالكراو ڕوو بكاتە كازمی پێی بڵێ: (كوردستان ئەمانەتی تۆ بێت).
هاتنی كازمی ئەو پێشوازییەی خەڵكو ڕووكردنە بەغداو داوای موچەی ڕاستەخۆ لە بەغداو تەماشاكردنی بەغدا وەك ئومێد زۆر مەسجی ئێجگار گرنگی پێیە، كە ئەم دەسەڵاتە حورمەتی نەماوە، لەنێو دڵو دەروونی خەڵكدا ڕووخاون، ئەوەی هێشتوونیەتەوە هەلومەرجێكەو تەنها، ئاڵۆزی دۆخەكە لەڕووی بابەتیو زاتییەوە هێشتوونیەتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوامن لە نادادیو گەندەڵی، لە بەحزبیكردنو بە هەدەردانی سامانی گشتی، لە هەڕاجكردنی كەرتی گشتیو فرۆشتنی، لە نەدانی موچەو برسیكردنی خەڵك، كەواتا پرسیار ئەوەیە لەبەرامبەر تابلۆیەكی وادا، ئێمە دەبێ چی بكەین؟ خەڵك چۆن تەماشامان دەكات وەك حزبی شیوعی كوردستان؟ ئاستی كاریگەری سیاسیمان چەندە ؟
ئەو شۆڕشەی گۆڕەپانی تەحریرو پاریزگاكانو شێوازەكەیو بەشداری چەپو هاوڕییانمان لە حزبی شیوعی عێراقو هێزە پێشكەوتووخوازەكان شایانی كەڵك لێوەرگرتنە، بۆ ئێمە وەك حیزبی شیوعی كوردستان، وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن، وەك هێزێك كە لە رابوردو و ئێستادا سەنگەرمان سەنگەری خەڵكو زەحمەتكێشانە، پێویستە خۆمان پێشڕەوایەتی ناڕەزایەتییەكان بكەین.