Draw Media

دە کاتژمێرەکەی بارزانی لە پەرلەمان

دە کاتژمێرەکەی بارزانی لە پەرلەمان

2020-10-06 09:56:07


سەهین موفتی

مەسڕور بارزانی، لە دەستپێکی کابینەکەی راستگۆیانە هەنگاوەکانی دەستپێکردو هەموو توانای حکومەتەکەی خستە گەڕ لەبۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەموو قەیرانانەی یەخەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە.
ئاخر، دابەزینی نرخی نەوت، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، کەمی بودجەو لێبڕینی لەلایەن حکومەتی بەغداد، ململانێ و کێشەی سیاسی ناوەخۆ، قاچاخچێتی لە مەرزەکان، دونیایێک گەندەڵی پێشوو، ئەمانە پیاوی خۆی دەوێت رووبەڕوویان ببێتەوە..!
 بارزانی، لە دە کاتژمێرەکەی پەرلەمان، هەم لە وتارو پێشکێشکردنی راپۆرتەکەی، هەم لە وەڵامدانەوەی پرسیاری نەوەدو هەشت پەرلەمانتار، سەلماندی کە خودی خۆی بە وردو درشتی ئاگاداری دۆخ و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمەکەیەتی، ئەوەشی سەلماند لەهەموویان زێدەتر لە خەمی چاککردنی ئەم دۆخە نەخوازراوانەن کە دووچاری هەرێمەکەی بۆتەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بوێرانە، راست و رەوان کۆی کێشەو پرسە هەنووکەییەکانی خستنە روو، ئیدی هیچ بوارێکی لەبۆ موزایەداتی سیاسی موزایەدەچییەکان نەهێشتەوە...!
 جارێکی دی، راست و رەوان وەک سەرۆکی حکومەتی هەموو تاک و هاونیشتیمانییانی هەرێمەکەی دوور لە حیزبێتی، هیچ بەڵێنێکی بریقەداری نەدا کە پێی جێبەجێنەکرێت، وەک خۆی گووتەنی" بەڵێنێنک بدەین، دەبێ بەجێی بگەیەنین" ، ئەم دەربڕینانەی ناوبراو راستگۆیی  دەسەلمێنێت، کە ویستی هەیە حکومەتێکی باش، حوکمڕانی کوردستان بکات.
پاشان، پشووفراوانییەکەی بەرانبەر ئەم هەموو پرسیارە، گەواهی جددیەتی بارزانی بوو بۆ چاکتر کردن و رێکخستنەوەی کۆی پڕۆسەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی... هتد.
دەرگای ئەنجومەنی وەزیرانیشی ئاوەڵا کرد، کە هەرکەس و لایەنێک پڕۆژەی سەرخستن و دەربازبوونی هەر جۆرە قەیرانێکی هەبێت، با بفەرموێت بە یارو نەیارەوە.
ئیدی، هەقی خۆیەتی و کاتێتی، لە بری هاش و هوش و موزایەدەی سۆشیال مێدیاو تێڤییەکان، کۆی پارت و لایەنە سیاسییەکان بیر لە هاوکاری گشتگیری بکەنەوەو پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، بۆ دەربازبوون لەم دۆخە نەخوازراوانە، چوونکێ مەسڕور بارزانی سەلماندی کە حکومەتەکەی هی هەموانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand