Draw Media

یەدەكی بانكی‌و مەترسییەكانی بەردەمی لە عێراق 

یەدەكی بانكی‌و مەترسییەكانی بەردەمی لە عێراق 

2020-10-04 11:52:11


گوڵاڵە سدیق
یەدەكی نەختینەیی، یان نەختینەیی بیانی، هەمو ئەو نەختینە بیانیانە (بەزۆری دۆلاری ئەمریكییە)و سەنەدات‌و ئاڵتونانە دەگرێتەوە كە لە بانكی ناوەندی هەر دەوڵەتێك خەزن كراون، لەپێناو پاراستنی‌و پاڵپشتی بەهای پارەی نیشتمانی‌و راگرتنی باڵانسی ئابوری‌و دانەوەی قەرزەكانی سەر دەوڵەت.
لەسەرەتادا ئەم نەختینەییە تەنها بەشێوەی ئاڵتون‌و هەندێجار زیو هەڵدەگیرا، بەڵام لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە توانرا جگە لە ئاڵتون‌و زیو، بەشێوەی پارەی كاش دابنرێت، كە لە ئێستادا خۆی دەبینێتەوە لە دراوی دۆلاری ئەمریكی‌و یۆرۆ و جونیەی ئیستەرلینی‌و یەنی یابانی، بەڵام باوترینیان دۆلاری ئەمریكییە.
هێزو توانای ئابوری وڵاتان لەڕێی بڕو قەبارەی ئەم نەختینەییەوە دیاری دەكرێت، بەشێوەیەك هەر وڵاتێك بڕی پارەو قەبارەی ئاڵتونی خەزنكراوی زیاتر بێت، متمانەی لە سندوقی نێودەوڵەتی زیاترە، لەكاتی رودانی هەر حاڵەتێكی كتوپڕ زۆر بەئاسانی دەتوانێت قەرزی نێودەوڵەتی یان پاڵپشتی دارایی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت.
بەڵام بە كەمبونەی ئەم نەختینەییە لەبانكی ناوەندییدا دەوڵەت بەهای دراوە نیشتمانییەكەی لەدەست دەدات، هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە لە هەمو بانكێكی ناوەندی (حد الادنی) دانراوە لەكاتی كەمبونەوەی ئەم نەختینەییە.
واتە لەكاتی پوكانەوەی ئابوری هەر وڵاتێك، كاتێك كە ناتوانرێت جێگەی ئەو نەختینەییە لە بانكی ناوەندی پڕ بكرێتەوە، وردە وردە قەبارەی ئەم نەختینەییە كەم دەبێتەوە، لەم حاڵەتەدا دەوڵەت ناتوانێت ئیلتیزاماتە داراییەكانی جێبەجێ بكات، وە لەبەرئەوەی ئەم جۆرە دەوڵەتانە ئابورییەكی گەشەسەندوییان نیە، ناتوانن قەرزی دەرەكی یان نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن، چونكە پاڵپشتی نەختینەییان لە بانكی ناوەندی لاواز بوە.
ئەگەر هاتو بەشێوەیەكی نۆرماڵ دۆلاری هاتو شوێنی دۆلارە رۆشتوەكان نەگرێتەوە، ئەوا دەوڵەت ناچار دەبێت یان نرخی دۆلار بەرز بكاتەوە یان پارەی نوێ چاپ بكات، لەكاتی چاپكردنی پارەی نوێ بێ پاڵپستی نەختینەیی یان ئاڵتون ئەوا ئەو پارە چاپكراوە نوێیە بەهای راستەقینەی خۆی لەدەست دەدا، بەم شێوەیە هەڵئاوسان لە وڵات دروست دەكات.
لە عێراقی پاش 2003و لە دوای بەرزبونەوەی نرخی نەوت، دۆلارێكی زۆر هاتە ناو دەوڵەتی عێراقەوە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی زەبەلاح‌و لە رادەبەدەری حزبە عێراقییەكان‌و پشك پشكێنی حزبی، ئەم پارەیان توشی نەزیف كرد، بەچەندین شێوە پارەی دەوڵەتی عێراق رەشكرایەوەو نێردرایە دەرەوەی وڵات، بێ ئەوەی جێی ئەم پارە رۆشتوانە بە كاڵا پڕ بكرێتەوە. 
لە دوای 2003وە یەدەكی نەختینەیی چەندینجار لە بانكی ناوەندی عێراقدا بەرزی‌و نزمی‌و نەزیفی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەگەر سەیری تازەترین ئامار یان خوێندنەوەی بانكی ناوەندی عێراق بكەین لە زاری بەرپرسە باڵاكانەوە، هەر خۆیان دەرخەری ئەوەن كە بانكی ناوەندی لە لێواری كارەسات‌و هەرەسهێنان نزیك بوەتەوە!
بۆ نمونە: 
لەمانگی 9ی 2019 واتە یەك ساڵ پێش ئێستا، راوێژكارێكی ئابوری عادل عەبدولمەهدی بەناوی مەزهەر محەمەد ساڵح، لە لێدوانێكدا رونیكردەوە كە عێراق خاوەنی 87 ملیار دولارو 3,96 تۆن ئاڵتونە لە بانكی ناوەندی عێراقیدا.
بەڵام پاش دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە مانگی 3ی 2020، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەحمەد سەفار لە لێدوانێك رایگەیاند كە عێراق بە هەمو پارەی نەختینەیی‌و زێڕو سەنەداتەوە خاوەنی 87 ملیار دولارە!
لە ٢٤/٦/٢٠٢٠ شارەزایەكی ئابوری بەناوی عبدولڕەحمان مەشهەدانی لە لێدوانێك رایگەیاند لەكاتی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی تا دەست لەكاركێشانەوەی نزیكەی 36 ملیار دولار لە بانكی ناوەندی نەماوە ( اختفت!).
هەندێك لە پڕوپاگەندەكان دەڵێن كە سەركردە سەرەكییەكانی شیعە بە رێكەوتن لەگەڵ ئەمریكا ئەم پارەیان بردوە بەرامبەر وازهێنایان لە دەسەڵات. بەوپێیەی كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتو مەحاڵە بتوانن دەنگی پێویست بەدەست بهێنن بەهۆی یاسای تازەی هەڵبژاردنەوە، وە ئەم دەستكێشانەوەی شیعە لە دەسەڵات‌و رازیبونیان بە سیستمی فرە بازنەیی بەرامبەر بە بردنە دەرەوەی ئەو 36 ملیار دولارە بوە!
واتە بەگوێرەی ئەم لێدوانانە عێراق نیوەی نەختینەیی لەگەڵ وازهێنانی عەبدولمەهدی لەدەستداوە!
وە هەر بە پێی لێدوانێكی هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت بۆ ئەوەی بەهای دراوی عێراق هەرەس نەهێنێت، پێویستە كەمترین ئاستی نەختینەیی لە بانكی ناوەندی 52 ملیار بێت!
ئەمە لە كاتێكدا لە ٢٧/٩/٢٠٢٠ هەواڵی دیارنەمانی 6 تریلۆن دیناری عێراقی لە هەندێك میدیا عێراقییەكانەوە بڵاوكرایەوە، كە بۆ مەبەستی موچەی مانگی 9ی فەرمانبەرانی عێراق قەرزكرابـو!
ئەگەر لەماوەی كەمتر لە ساڵێك یەدەكی نەختینەیی لە بانكی ناوەندی عێراق لە 87 ملیاروە 36 ملیاری لەگەڵ رۆشتنی عەبدولمەهدی نەمابێت، وە بەپێی لێدوانەكانی هەیسەم جبوری پێویستە كەمترین بڕ 52 ملیار بێت، ئایا دەوڵەتی عێراق توانای پێدانی موچەی فەرمانبەرانی دەمێنێت لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمیش بۆ پێدانی موچە چاوی لەدەست‌و مەڕحەمەتی بەغدایە؟!
لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا ڤایرۆس‌و دابەزینی نرخی نەوت، دەوڵەتی عێراق هەتا ئێستا نزیكەی 15 تریلۆن دینار (زیاتر لە 12 ملیار دولار) قەرزی ناوخۆیی كردوە بۆ مەبەستی پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و خەرجییەكانی دەوڵەت، ئەمە جگە لەو 6 ملیار دولارەی كە كازمی لەسەردانەكەی بۆ وڵاتی سعودیە بەقەرز وەریگرت بۆ هەمان مەبەست، ئەمەش ئەو راستیانە دەردەخات كە دەوڵەتی عێراق وەك پێویست توانای پێدانی موچەو خەرجییەكانی نەماوە، چونكە مانگانە جگە لە فرۆشی نەوت‌و خاڵە سنورییەكان (هەتا ئێستا لەچنگی مافیای ناوخۆیی‌و حەشد رزگاریان نەبوە) ناتوانێت بێ قەرزی ناوخۆیی موچە دابین بكات، ئەمە جگە لەوەی ئەم قەرزكردنەی مانگانەی دەوڵەتی عێراق دەرخەری ئەو راستیەن كە بواری دەستبردن بۆ یەدەكی نەختینەیی لە بانكی ناوەندی نەماوەتەوە بە مەبەستی دابینكردنی موچە!
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand