Draw Media

گەندەڵی وەك كلتور

گەندەڵی وەك كلتور

2020-10-02 14:41:12


سـەركۆ یونس 
رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە تازەترین راپۆرتیدا عێراقی بەیەكێك لەگەندەڵترین وڵاتانی جیهان داناوە، لەكۆی (180) وڵات لە ریزبەندی (162)دا دێت، لەكۆی (100) نمرەی پێوەری رێكخراوەكە تەنها (20) نمرەی پێدراوە.
گەندەڵی بەجۆرو شێوەكانی لە عێراقی دوای رژێمی سەدام حوسەین‌و حزبی بەعس‌و هاتنەسەر حكومی زۆربەی سەركردەكانی ئۆپۆزسیون بەگشتی سەری هەڵداو رەگی داكوتاو شۆڕبوەتەوە ناو دامودەزگا حكومییەكانی ئەم وڵاتە شپرزەیە.
لەڕاستیدا دیاردەی گەندەڵی ئیداری دادەنرێت بەمەترسیدارترین دیاردە كە توشی وڵاتان دەبێت بەتایبەت وڵاتانی دواكەوتوو، كە دەبێتە رێگرو بەربەست لەبەردەم گەشەپێدانی ئابوری‌و بە چارەسەرنەكردنی دەبێتەهۆی لەناوبردن‌و داڕمانی ئابوری‌و توانای دارایی‌و كارگێڕی، سەرئەنجام بێ دەستەڵاتی دەوڵەت پیشان دەدات.
لەسەرجەم كابینەكانی حكومەتی عێراقدا چەندین بەرپرس لەئاستی وەزیرو بریكارو وەكیل وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی‌و تەنانەت فەرمانبەری ئاسایی تێوەگلاون بەگەندەڵی‌و بەسەدان كەیس‌و دۆسیە تۆماركراون لە دادگاكانی دەوڵەتدا.
بەپێی ئامارەكانی دەستەی دەستپاكی عێراق، لەماوەی (15) ساڵی رابردودا زیاتر لە (320) ملیار دۆلار بەهەدەردراوەو دیارنەماوە. هەروەها لەكۆی (12) هەزار دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە عێراق تەنها (1200) دۆسیە رەوانەی دادگاكان كراون‌و هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە كە شایانی باسكردن بێت.
سەرەڕای بوونی لیژنەی دەستپاكی‌و دادگاكان‌و چاودێری دارایی‌و لەماوەی رابردودا ئەنجومەنی باڵا بۆ نەهێشتنی گەندەڵی كە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم دەستەو لیژنانە بەرەنگاربونەوەی دیاردەی گەندەڵی‌و لێپرسینەوەیە لە گەندەڵكاران، بەڵام نەتوانراوە دیاردەی گەندەڵی كەمبكاتەوەو كاریگەری دروستبكات لەسەر بەهەدەردانی سامان‌و داهاتی گشتی‌و بگرە تۆڕی گەندەڵكاران گەورەترو فراوانتربوون‌و هەندێجاریش ئەم لایەنانەی سەرەوە خۆیان بەشێكن لە پرۆسە فراوانەكەی گەندەڵی.
دیوانی چاودێری دارایی لەعێراقدا كە دامەزراوەیەكی سەربەخۆیە لەبڕیاردان ئەویش توشی شەلەل بووە‌و بێدەنگی كراوەو لەئێستادا ئەدای كاری چاودێریكردنی لەوپەڕی لاوازیدایەو هیچی پێناكرێت‌و هەرچی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییە لە عێراقدا پاشكۆی لایەنێكی سیاسی‌و كەسین‌و ئەوانیش ئەو رۆڵەیان نییە لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و گەندەڵكاراندا.
بێگومان ئەم دیاردەیە لە هەرێمی كوردستانیش بوونی هەیەو جیاوازییەكی ئەوتۆ بەدی ناكرێت لەنێوان دامودەزگاكانی حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێمدا، رێكخراوی شەفافیەت بەیەكچاو سەیری واقعی دیاردەی گەندەڵی لەهەموو عێراق دەكات‌و راپۆرتەكانی گشتگیرە.
راستە بەنوسراو و بە فەرمی یەك كابینەی حكومی لە هەرێم هەیە، بەڵام كاریگەریەكانی دوو ئیدارەی لە هەولێرو سلێمانی‌و باڵادەستیی هەردوو حزب (یەكێتی‌و پارتی) لەكاروباری حكومی‌و دیاردەی گەندەڵی واقیعەو نكولی لێناكرێت‌و بەداخەوە بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە بووەتە كلتورو بەناو جومگەكانی هەرێمدا رەگی داكوتیوەو بەهەمان شێوەی حكومەتی عێراق لەهەرێم تۆڕی گەندەڵكاران لەفراوان بوندایەو ساڵانە بەسەدان ملیۆن دۆلار لەداهات‌و بودجەی گشتی بەهەدەر دەچێت‌و بەشێكی زۆری داهاتی هەرێم بۆ گیرفانی هەندێ بەرپرس و لایەنی سیاسی دەڕوات نمونە داهاتی نەوت‌و خاڵە سنورییەكان‌و فرۆشتنی دۆلارو پرۆژەكانی وەبەرهێنان‌و مۆڵەتە تایبەتەكانی بازرگانی‌و هتد.
تەنها جیاوازیەك كە حكومەتی عێراقی هەیەتی‌و شانازییە بۆی‌و حكومەتی هەرێم تائێستا نەیتوانیوە دۆسیەكانی گەندەڵی بجوڵێنێت‌و بدرێن بە دادگاكان ئەمەش بەهۆی لاوازی ئەدای دەسەڵاتی دادگاكان‌و بەحزبی بوونی دادوەران‌و پاڵپشتكردنی لایەنی سیاسی‌و هەندێجار كۆمەڵایەتی كەسی گەندەڵكار، بەداخەوە لەماوەی تەمەنی دامەزراندنی حكومەتی هەرێمەوە تائێستا نەمانبینیوە كە گەندەڵكارانی حكومی لەهەر پلەو پۆستێكدا بوو بێت، نەدراون بە دادگاو لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەكراوەو بگرە هەندێجار بەرپرسیارییەتی زیاترو بەرزتری پێدراوە..!
ئەم نەخۆشیە كە بووە بە كلتور زەمینەی رەخساندووە دەیان‌و سەدان كەس زیاتر لە موچەیەك وەردەگرن لەسەر حسابی چیینەكانی تری كۆمەڵگا كە بەدەست نەبوونی مووچەو تەنانەت كارەوە دەناڵێنن، ئەوەتا بەپێی بڵاوكراوەكان لەماوەی سێ مانگی رابردودا (48) هەزار بندیوار لە (6) وەزارەتی عێراق دەركراون.
بەپێی بڵاوكراوەیەكی تری ناڕەسمی (20%)ی موچەخۆرانی عێراق بندیوارن بەمەش حكومەت ساڵانە نزیكەی (8 بۆ 10) ترلیۆن دینار زەرەر دەكات.
بەهۆی گەندەڵی‌و دەستتێوەردانی حزبەكان پارەیەكی زۆر لە بودجەی گشتی عێراق بەفیرۆ دەچێت بۆ بندیوارو بەرپرسی حزبی‌و تەنانەت كارگەشتوەتە ئەوەی كە دەوڵەتی عێراق نەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی بدات‌و لەئێستادا گەنجینەكانی وەزارەتی دارایی نزیكن لە بەتاڵی‌و حكومەت ناچارە قەرزی گشتی بكات چونكە دابینكردنی پارە بۆ موچەی موچەخۆران قەبارەكەی زۆر گەورەیە لەئێستادا نزیكەی (4) ملێۆن فەرمانبەر هەیەو مانگانە حكومەت پێویستی بە (6) ترلێۆن‌و (200) ملیار دینار هەیە.
بەدڵنیاییەوە گەندەڵی لەدامودەزگاكانی حكومەتدا بووەتەهۆی بەفیرۆچوونی بودجەی گشتی وڵات، رێژەی (80%) زیاتری بودجە بۆ خەرجی بەگەڕ (النفقات التشغیلیە)و زۆربەی موچەی فەرمانبەران دەچێت‌و لەم رێژەیە موچەخۆرانی بندیوار رێژەیەكی گەورەی نەزانراون‌و بەپێی وتەی وەزیری پلاندانانی حكومەتی عێراق نازانێت ژمارەی راستی موچەخۆرانی چەندە..؟!
بواری گەندەڵی خانەنیشینانیشی گرتوەتەوە بەپێی بڵاوكراوە ناڕەسمییەكان زیاتر لە (23) هەزار خانەنیشینی (بندیوار) موچەی خانەنیشینی وەردەگرن بەبێ ئەوەی بوونیان هەبێت‌و تەنها ناوی وەهمین.!
لەلایەكی ترەوە گەندەڵی زۆر كراوە لەبواری تەندەری پرۆژەكانی دەوڵەت نرخی خەیاڵی‌و نادروست‌و پاشان فروشتنەوەی لەدەستی یەكەمەوە بۆ چەندین دەست‌و لەكۆتایدا یان پرۆژەكە جێ بەجێ نەكراوە یان بەپێی تایبەتمەندیەكان نەكراوەو گۆڕانكاری لە نەخشەكەدا كراوە.
شێوەیەكی تری گەندەڵی لەعێراقدا بریتییە لە مامەڵەكردن بە پلەو پۆستی ئیداری بەرز لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا، زۆرێك لە سیاسیەكان بۆ گەشتن بە ئامانجەكانیان بەپارە پۆستی ئیداری دەكڕن‌و ئەم كارەش بووەتە دیاردەیەكی باو لەعێراقدا بۆ نمونە نرخی پۆستی وەزاری لە حكومەتدا لەنێوان (10 - 25) ملیۆن دۆلار مامەڵەی پێوەكراوەو لە پلەنزمەكانی تردا نرخەكەش كەمدەبێتەوە.
جێگای خۆیەتی باسی گەندەڵی لە خاڵەسنوریە بازرگانییەكانی عێراق بكەین كە بەهۆی گەندەڵییەوە ساڵانە دەوڵەتی عێراق نزیكەی (2.5) ملیار دۆلار زەرەری لێ دەكەوێت‌و ئەم داهاتە وون بووانە دەچێتە گیرفانی ملیشیاكانی خاوەن دەستەڵات لە حەشدی شەعبی‌و حزبە سیاسیەكانی تر بەتایبەت لە باشوری وڵات..
نەگبەتی دەوڵەتی عێراق هەر بەگەندەڵییەوە نەوەستاوە لەم كاتەدا جگە لەقەیرانە سیاسییەكان بەهۆی سەرهەڵدانی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە ئابوری عێراق تووشی گەورەترین داڕمانی دارایی بووەتەوە ئەویش بەهۆی لێكەوتەكانی ئەم پەتا جیهانیە كەوای كردوە خواست لەسەر نەوت بۆ نزمترین ئاست داببەزێت بەمەش بودجەی عێراق كە زیاتر لە(95%) پشت بە داهاتی نەوتی فرۆشراو دەبەستێت كەم ببێتەوە و بودجە توشی گەورەترین كورتهێنان بووە و توانای دارایی حكومەتی بەرەو لاوازی بردووە.
لەهەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە ئەم دیاردەیە ببێتە كلتوری كۆمەڵگای عێراق و ئەو كاتە ڕزگاربون و زاڵبوون و كەمكردنەوە و بنەبڕكردنی گەندەڵی هەروا كارێكی ئاسان نابێت و پێویستی بە یاسای تایبەت و دادگای سەربەخۆ و ئیرادەیەكی سیاسی گشتگیری دەوێت كە لە ئاسۆی دوورو نزیكی حوكمڕانی سەركردەكانی عێڕاق و هەرێمدا نابینرێت ..
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand