Draw Media

مەلا بەختیار سەر بەکام دیوی شۆڕشە؟

مەلا بەختیار سەر بەکام دیوی شۆڕشە؟

2020-10-01 19:03:30


دانا حەمەعەزیز 

کاك مەلا بەختیار، سەرلەبەری کتیبی"لەبری بیرەوەری" لەسەر دوو هێڵی تەریب، نوسیوە و خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا نیە. هێڵی یەکەم تایبەتە بە حیکمەت و لیهاتویی خۆییی و، ئەوەی تریان پەلاماردان و شکاندنی بەرامبەرەکانێتی.
لە وەسفکردنی جوامێریی و مەعسومیی خۆیدا، کاك مەلابەختیار خەیاڵی خوێنەر بەلای پاڵەوان و بلیمەتێکی شۆڕشگێڕدا ئەبات کە لە مێژوودا، کەمە. ڕواداوەکان بەجورێك ئەگێڕێتەوە، ئەو لە کوێ بوبێ، ئارامیی باڵی بەسەردا کێشاوە و دادپەروەریی کەریمخانی زەند لەو ناوچەیە جێبەجێ کراوە.
خۆبادان بە هاوڕێیەتی شاسوار جەلال و ئازاد هەورامی یەوە، ئەگەر ڕاستیش بێ، پارێزبەندی نیە بۆ خراپەکاریی و پیلانگێڕیی. خۆکردن بەهاوڕێی ئەو دوو سەرکردەیە، گرەنتی جوامێریی و بەڵگە نیە بۆ پابەند بوون بە پرەنسیپ و ڕەوشتی هاوڕێ ی کۆمەڵەوە لە ڕۆژانی ئیختیفای ١٩٧٦ وە تا ڕۆژی دەسگیرکردن!
شانازیکردنی کاك مەلا بەختیار بە خۆڕاگریی خاڵە شەهاب و جەمالە ڕەشەکانەوە، بچوکترین پاساو بۆ پاکانە و ئیعترافکردن لەسەر هاوڕێ و هاوڕێبازەکانی ناهێڵێتەوە بەبێ ئەوەی جگە لەڕۆژی (گیرانەوەیدا لە دۆڵە ڕووت)، کەس قسەیەکی پێ وتبێت.
بەپێی بەڵگەنامەکان تەنها نەوشیروان مستەفا دژی لە سێدارەدانی کاك مەلا بەختیار بوە، کەواتە لەبەرامبەر پەلاماردنی نەوشیروان مستەفادا، پیاهەڵدان و ستایشکردنی کەسایەتی فەریدون عەبدولقادر جگە لەوەی ڕوقایمیەکی سەیرە، ناوەرۆکی"لەبری بیرەوەری" بەتاڵئەکاتەوە و ئامانجی نوسینی کتێبەکە ئەخاتە ژێر گومانەوە!
کاك مەلا بەختیار، ئازادە چۆن مەدحی خۆی ئەکات، بەڵام هەڵبژاردنی ڕوداوەکان و گێڕانەوەیان لە یەك دیوەوە لەپێناو پەلاماردانی کاریزماو کارەکتەرە کۆچکردوەکانی شۆڕش، بەئامانجی ناشیرینکردنی مێژوو، ئەچێتە ناو هەمان سەنگەری شۆڕشی چەوشاوە کە (ئاش) یش بەشێك بوە لێی. لە هەمان کاتدا ڕەنگە کاردانەوەی خراپ و ڕوداوی تریان لێبکەوێتەو!
ئەگەر کاك مەلا بەختیار ڕاستگۆ و شەریکە بەشی سەروەریەکانی کۆمەڵە و شۆڕشی نوێ بوایە، ڕوداوەکانی لەهەردوو دیوی(شۆڕش) و (شۆڕشی چەواشە) وە ئەگێڕایەوە و ڕوحمی بە زیندوەکان نەئەکرد بە بارزانیەکانیشەوە.
گێڕانەوەکانی کاك مەلا بەختیار بەوجۆرەی لە کتێبەکەیدا هاتوە، بێ سێ و دوو، بەشێکە لە ئەجندای پاڵەوانەکانی شۆڕشی چەواشە کە لە ڕۆژە تاریکەکانی مێژوودا لە پێناوی لەناوبردنی شۆڕشدا، دەستیان بە پشتێنی دوژمناندا ئەکرد!
مرۆڤی ڕاستگۆ کە باسی شۆڕشی نوێ ئەکا، ناکرێ خۆی لە باسکردنی هەڵوێست و ڕەفتاری (تێکدەران)ی شۆڕش گێل بکات. هۆکاری ڕوداوەکان و کاردانەوەکان ئەبێ وەك خۆی بگێڕدرێتەوە. ناڕەوایی (لەناوبردنی هێزەکانی برایم عەزۆ، حەمە غەفور، حەسن خۆشناو، کارەساتی هەکاری و هاوکات بەجاشکردنی تەحسین شاوەیسەکان...)، پێش ناڕەوایی (دەستکردنەوەکان بووە لە کۆنە مەلاییەکان) کەخودی کاك بەختیار خۆی، بەشدار و ئاگاداری هەموەیەتی بە ناڕەوا تیرۆرکردنی (تالیب ڕۆستەم)یشەوە!
کە باسی ئارام و سیروان تاڵەبانی و مامە ڕیشە و سەید کەریم ... ئەکەیت، لەجیاتی باسکردنی پارتی، عەیبەیەکی گەورەیە بێیت پەلاماری کارەکتەرەکانی شۆڕش بدەیت. هەروەك چۆن بوختانی دیلکوشتنی شیوعیەکان بەبێ باسکردنی ڕوداوەکانی پێشوتر بەتایبەتی ڕوداوەکەی باداوان و کوشتنی شەماڵ و سەرباز لەلایەن حەمە حەلاقەوە، عەیبەیەکی گەورەیە. بێگومان وەڵامێکی دروست بۆ پرسیاری بۆچی بەدرێژایی مێژوو،حزبی شیوعی جگە لە باڵەکەی بەهادین نوری، هەمیشە لەگەڵ باڵی ڕاستڕەو-خێڵەکی بزوتنەوی کوردایەتیدا بوە؟ زۆر نهێنی ڕون ئەکاتەوە ، ئەبوایە بەشێك بوایە لە بیرەوەریەکانی کاك مەلا بەختیار.
لە کوردوستانی عێراق، لە نێوان (١٩٦١-١٩٩١) دا، دوو شۆڕش کراوە، شۆڕشی ئەیلول بە ئاشبەتاڵ و شۆڕشی نوێ بە ڕاپەڕین کۆتایی هاتوە. مامجەلال ڕابەری شۆڕش نوێ و، نەوشیروان مستەفا سەرکردەی مەیدانی ئەو شۆڕشە و سەرکردەی ڕاپەڕین بوە کە بەدرێژایی میژووی سەد ساڵی ڕابردو، لە هەر چوار بەشەکەی کوردوستاندا بە گەورەترین دەسکەوت و سەرکەوتنی کورد دائەنرێت.
ململانێی خوێناوی ناوماڵی کورد، کە تائێستا بەردەوامە، لە ١٩٦٤ وە (ئەوکاتەی بارزانی ڕەحمەتی لەگەڵ سوپای عێراقدا ڕیکەوت و پەلاماری باڵی مەکتەبی سیاسی دا لە ماوەت)، دەستپێئەکات. ڕوداوە خوێناویەکان پەیوەستن بەیکەوە، گێڕانەوەیان بەیەك دیودا، بەو ستایلەی کاك مەلا بەختیار کە خۆی لەگەرمەی ڕوداوەکاندا ژیاوە، بەر لەهەرکەس، ناحەقیەکی گەورەیە لەمێژوو، ئەبێتە سەرەتای چەواشەکردنێکی خراپی ئەو نەوانەی لە ڕوداوەکاندا نەژیاون. مەترسیەکی تری ئەمجۆرە مۆدێلە لە گێڕانەوەی ڕوداوەکان، جگە لە تۆڵەکردنەوە، ئەوەیە ئەگەر پاڵنەر و (بلاك مەیڵ) دیکەی لە پشتەوە بێت!

کاك مەلا بەختیار و ڕاپەڕین

داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەدامەوە، قۆناغێکی نوێی و پڕ ئومێدی بۆ کورد و بۆ شۆڕش ڕەخساند. دابەشکردن و بڵاوکردنەوەی سەرلەنوێی هێزی پێشمەرگە بەسەر میحوەرەکان، هاوکات بوو لەگەڵ دروستکردنی شانە چەکدارەکان و دەستپێکردنی هەڵمەتی بەرفراوانی ڕاگەیاندن بۆ جۆشدان و هوشیارکردنەوەی خەڵک لە ئیزگەی دەنگی گەلی کوردوستانەوە. ئەوکاتە مامجەلال وڵات بە وڵات ئەگەڕا بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ پرسی کورد و یارمەتیدان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی نێودەوڵەتی لەسەر مەترسی مانەوەی رژیمی سەدام. نەوشیروان مستەفا هەموو ڕۆژێك لە "زەڵێ" وە وتاری "ئاخاوتنی ڕۆژ" ی بۆ ئیزگە ئەنوسی و بەهەردو زمانی کوردی و عەرەبی ئەخوێنرایەوە. سەرەپای خەڵکی کوردوستان خرۆشابوو، هەموو چاوەڕوانی بڕیاری زەڵێ بوون. لە کوردوستانی ئێرانیش خەڵك لە ئۆردوگاکان، لە پیران شارەوە تا کرماشان، بەژن و پیاوەوە هەریەکە بەپێی توانای خۆی ئامادەییان بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە دەر ئەبڕی، چەندین کادر و فەرماندە و پێشمەرگە لە ئەوروپاو پاکستانەوە گەڕانەوە بۆ بەشداریکردن لە ڕاپەڕین.
لەو کاتەدا، لەو دۆخە چارەنوسازەدا، پاش دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان لە ١٧/١/١٩٩١، کاك مەلا بەختیار لە مقەڕی پارتی یەوە لە ڕاژان، بەیان ی دژی ئامادەکاریەکانی ڕاپەڕین دەرکرد، خەڵکی سارد ئەکردەوە و ئەو هەنگاوەی یەکێتی وەك حزبێکی ناسیۆنالیستی کوردیی، بە شوێنکەوتنی پیلانی ئەمریکا و ئیمپریالیزم، وەك کارەسات و خۆکوژیی وەسف ئەکرد و ئۆباڵەکەشی خستبوە ئەستۆی سەرکردایەتی ئەو حزبە.
کاك مەلا بەختیار کە دوای ڕاپەڕین هاتەوە بۆ کوردوستان و لەکۆڕەودا دوبارە لە پێنجوێنەوە گەڕایەوە بۆ ئێران، لە ئاست باسکردنی ئەم وەرچەرخان و وردەکاری ئەم دەسکەوتەدا نەك هەر بێدەنگە، بەڵکو هاتوە لەگەورەیی ئەو سەرکەوتنە کەمئەکاتەوە و تۆمەتی تەخریب و تەقاندنەوە ئەخاتە پاڵ سەرکردایەتی ڕاپەڕین.
کاك مەلا بەختیار بەشێك نیە لە شۆڕشی نوێ و ڕاپەڕین، بەڵام کارەکتەرێکی گرنگە لە ڕوداوەکانی دوای ڕاپەڕین و داهێنانی ئەم فۆرمە داوەشاوی حوکمڕانیی هەرێمی کوردوستان. کاك مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح و هاوڕێکانی لە بناغەدانەرانی ئیتیفاقیەی ستراتیجی ین، هەرئەوانیش لە پاڵنەر و ڕاوێژکارنی مامجەلال بون بۆ قەبوڵکردنی واقعی ٣١ی ئاب کە کۆتایی بە پرۆسەی سیاسی هێناو کوردوستانی بە ئابوری ئازاد و ڕیکەوتن نامەی پەنجا ساڵەی بارزانی و تورك و دواجار ڕیفراندۆم و ئەم ڕۆژە ڕەشە گەیاند.

دانا ١/١٠/٢٠٢٠

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand