قسەیەك لەبارەی تاپۆڕەشەكەوە
2020-10-01 10:36:15
ئەبو كاروان
هەموومان دەزانين مافی چارەنووسی گەلان، مافێكی ڕەوایەو پێویستە گەل خۆی بڕیاری لەسەربداتو شێوازو دەرفەتی گونجاوی بۆ دەستەبەر بكات، ئەوەش دەزانیین كە یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەكان ئەو مافەی دەستەبەر كردوەو لە بەڵگەنامەكانی خۆیاندا وەك پرنسیب چەسپاندویانە، ئەو بابەتە بوارێكەو ئێرە شوێنی باسو خواستی نییە. هەر چۆن نامەوێ لەبارەی چۆنییەتی بڕیاردانی كاتی ڕیفراندۆمو ڕەهەندو مەترسییەكانیو وردەكاری نێو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بدوێم، نایشمەوێ لەم وتارە هەڵسەنگاندن لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بكەم، بەڵكو دەمەوێ تێبینییەكانی خۆم لە سەر (تاپۆ ڕەش)ەكەو ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم بخەمەڕوو، كە دەیان بەرپرس لەدوای لەدەستدانی 51%ی خاكی كوردستان ئەو دەستەواژەیان بەكارهێنا لەژێر ناوی (ڕۆژیك دێت ئەو كارتە بەكار دێنین). لەوبارەوە تەنها ئەم پەندە دەخەمەڕوو كە دەڵێت "كاروبارەكان بەپێی دەرئەنجامەكانی دەپێورێ"، جا هیوادارم لەمەبەستو مەغزای ئەم پەندە تێبگەن.
سەدەی بیستەم، سەدەی بەد ئەخلاقی زلهێزەكانە بەرامبەر كورد، سپاردنی چارەنووسی ملیۆنان ئینسانە بۆ سێ نەتەوەو دواتر چوار دەوڵەت لەپێناو قازانجی خۆیان، كە دەرئەنجامی دروستبوونی ئەو دەوڵەتانە دۆزەخێك بۆ گەلی كوردستان دروست دەبێ كە هەرچی تاوانی مرۆڤایەتی هەیە بەرامبەری بەرپای دەكەن، تا ئاستی جینۆساید، ئەو بەرژەوەندیانە تا ئێستا وەك خۆیانن، دیدی بەدئەخلاقی زلهێزەكان شتی وای لێنەگۆڕاوە، پرسیار ئەوەیە: ئایا ڕۆژیك دێت ئەو وڵاتانە پاشگەز ببنەوەو بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ مافەكانی گەلی كوردستان یەكبگریتەوە ؟ ئایا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زەمەنێك دێتە باوەڕی ئەو بڕیارە بدات ؟ كەواتە كاتێ بخوازن ئەو بڕیارە بدەن، ئەو دەمە پێویستییان بە تاپۆ ڕەشەكەیە؟
دیوەكەی تری ئەم بابەتە (سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقعە) هەر وەك چۆن هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی داعشدا سەركەوتنی بەدەستهێناو ناوچە كوردستانییەكانی ئازادكردو بەرپرسانی خۆمان حوكمڕانی ئەو ناوچانەیان كرد لەڕووی ئیداریو ئەمنیو ئابوریشەوە بە دۆسییەی نەوتیشەوە.
لە كوردستان ساڵانێكە سیاسەت دەكرێتو مێژووی دوورو درێژمان هەیەو مێژوویش دەخۆینینەوە ئەرێ كاتێك ڕاپەڕینی ئازار ڕوویداو بە شێك لە ناوچە كوردستانییەكان ئازاد كران، بریاری 688 بەمەبەستی پاراستنی ئەو سنوورە درا، خۆ ڕیفراندۆممان نەكردو (تاپۆ ڕەشەكەمان)یش نەبوو؟!
خەباتی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆییو بەدیهێنانی ئەو خەونە كۆتایی نەهاتووە، ئەو خەونە دەبێ بكەینە پرۆژە، كاری شلگیرانەو هەمەلایەنی بۆ بكەین، هەڵبەت لەسەر زۆر ئاست، پێش هەر شت لەئاستی نێوخۆییو ئینجا تێگەیشتن لە هەلومەرجی نێودەوڵەتیو بەرژەوەندییەكان، ئەوە چەند دەخایەنێت؟ نازانم، بەڵام یەقینم زوو یا درەنگ ئەو خەونە دێتە دی، بۆیە ئەوكاتە پێویستیمان بە (تاپۆ ڕەشەكە) نابێت.
بڕوام وایە بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیە خۆدزینەوەیە لە چارەسەركردنی قەیرانە كەڵەكەبووەكان، یاریكردنە بە سۆزو عاتیفەی خەڵكو خۆڵكردنە بەچاوی خەڵكەوە، دروست وایە چیتر بەرپرسانی شكستخواردوو یاری بە خەڵكی هەژارو ستەمدیدەی گەلەكەمان نەكەن.