Draw Media

ئازادی‌ راسته‌قینه‌ ..كۆمه‌ڵگه‌ی‌ به‌رپرسیار

ئازادی‌ راسته‌قینه‌ ..كۆمه‌ڵگه‌ی‌ به‌رپرسیار

2020-09-30 14:41:45


ئاسۆ جه‌بار

سارته‌ر له‌نوسینێكدا پێمانده‌ڵێت: "مه‌حاڵه‌ فه‌لسه‌فه‌ی‌ ئازادی‌ شوێن له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا بدۆزێته‌وه‌ كه‌ هێشتا خه‌ڵكی‌ تیایدا پێویستیان به‌ ئازادی‌ راسته‌قینه‌ هه‌بێت." ئازادی‌ راسته‌قینه‌ قوڵ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئاستی‌ فه‌رهه‌نگی‌ ‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ‌و شارستانییه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌كچۆن ئازادی‌ ئینسانه‌كان به‌بێ‌ دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ‌و سه‌روه‌ری‌ یاسا ‌و قبوڵكردنی‌ جیاوازییه‌كان نابێته‌ ئازادییه‌كی‌ ئینسانی‌ ‌و شارستانی‌، به‌هه‌مانشێوه‌ ئازادی‌ راسته‌قینه‌ ستانداردێكی‌ شارستانی‌ ‌و ئینسانییه‌ له‌فه‌زایه‌كی‌ یاسایی‌ ‌و كراوه‌ ‌و شه‌فاف ‌و په‌یوه‌ندیامێز ‌و خولقێنه‌ری‌ دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ‌و ئینسانی‌، وه‌ك یاسپه‌رز ده‌ڵێت: "ئازادی‌ ناژی‌ ته‌نیا له‌جیهانی‌ ئازادییه‌كاندا نه‌بێت".

كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كراوه‌ واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ هێزه‌ فه‌رهه‌نگی‌‌و شارستانییه‌ جیاواز‌و هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كان، واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ راسته‌قینه‌ سه‌ربه‌خۆ‌و زیندوه‌كان، واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌‌و دامه‌زراوه‌ی‌ سیاسی‌‌و شارستانی‌ ‌و رۆشنبیری‌ ‌و فه‌رهه‌نگی‌ جیاجیا، دواجار كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كراوه‌ واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ سیاسی‌ ‌و فه‌رهه‌نگییه‌كان ‌و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ململانێی‌ زیندو ‌و راسته‌قینه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كراوه‌ واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ میدیای‌ ئازاد ‌و چاپه‌مه‌نییه‌ سه‌ربه‌خۆكان‌و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ روانین ‌و دنیابینییه‌ جیاوازه‌كان.

ڤالته‌ر لیپ ده‌ڵێت: دیموكراسی‌ گوزارشته‌ له‌ ده‌زگایه‌ك یاخود میكانیزمێكه‌ كه‌ به‌پێی‌ توانا یه‌كانگیری‌ ئیراده‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ خه‌ڵك بێت، چونكه‌ هه‌تا كۆنترۆڵ ‌و چاودێری‌ حكومه‌ت ‌و ده‌وڵه‌ت له‌كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ خه‌ڵكدا زیاتر بێت، ئاسایش ‌و ئارامی‌ خه‌ڵك كه‌متر ده‌بێته‌وه‌... كاتێك ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌ ماشێنێكی‌ گه‌وره‌ بۆ داگیركردنی‌ ژیان‌و سه‌رله‌به‌ری‌ كایه‌‌و پێكهاته‌ ئابوری‌ ‌و سیاسی‌ ‌و فه‌رهه‌نگی‌ ‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌رباری‌ ئه‌و داگیركارییه‌ جاهیلانه‌یه‌، جارێكی‌ دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ زمانحاڵی‌ ته‌واوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ ‌و گروپه‌ جیاوازه‌كان، جارێك ده‌بێت به‌ قسه‌كه‌رێكی‌ ئایدۆلۆژی‌، پێكڕا به‌پێی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌كات ‌و شوێنه‌ جیاجیاكاندا خۆی‌ ده‌گۆڕێت بۆ بونه‌ورێكی‌ جیاواز، هه‌ندێجار وه‌ك خوتبه‌بێژێكی‌ ئاینی‌، ناوبه‌ناو ده‌بێت به‌ گوته‌بێژێكی‌ دیكتاتۆر ‌و ره‌هاگه‌ر، هاوكات به‌رده‌وام ده‌بێته‌ قسه‌كه‌رێكی‌ كاریزمی‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان ‌و په‌خشكردنی‌ وه‌هم ‌و خۆَشباوه‌ڕی‌، خولقاندنی‌ فه‌نتازیای‌ چاوه‌ڕوانی‌ ‌و سازكردنی‌ سه‌رزه‌مێنێكی‌ وێكچوی‌ پڕ له‌بێئاگایی‌، به‌ڵام لێوانلێو له‌وه‌هم، خاڵی‌ له‌ژیان، به‌ڵام لێوان له‌ حیكایه‌ت ‌و یاده‌وه‌ریپه‌رستی‌ ‌و پیرۆزخوازی‌ ‌و حیزبسالاری‌ ‌و دواكه‌توخوازی‌ ‌و جه‌هلخوازی‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand