مانگی داهاتوو بۆ کازمی قورسە
2020-09-29 21:44:22
فهرحان جهوههر
بەهۆی نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ، ئێران هەموو هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق ناچار بە کشانەوە یان زیان گەیاندن بکات ، تا دواجار کاریگەری لەسەر دۆڕاندنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی مانگی 11 دابنێت ، بۆیە ئەمریکا هەر زوو لە یارییەکە گەیشت و بڕیاری داخستنی باڵوێزخانەکەی دا ، لەلایەک وەک گوشار لەسەر حکومەتی کازمی بۆئەوەی شێلگیرانە رووبەرووی میلیشیاکان ببێتەوە و، لەلایەکی تریش بۆ پاراستنی گیانی دیپلۆماتەکانی لەو هێرشانەی کە خەریکە دەبێتە رۆژانە ، لە بەرئەوەی کاتەکە بۆ ترەمپ بەهۆی نزیک بوونەوەی هەڵبژاردن زۆر هەستیارە ، کوشتنی یەک دپلۆمات لەم کاتەدا بەسە بۆ ئەوەی کێرڤی جەماوەری ترەمپ بێتە خوارەوە و دووچاری دۆڕاندنی بکات.
هەرچەندە لە کاتێکی وادا وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو هێزانە کەمەر شکێن دەبێت ، بەڵام بەهەر شێوزاێک بێت دەرەنجامەکانی پێشبینی نەکراون ، بۆیە ئەمریکا لە ئێستا نایەوێ بچێتە ناو ئەم یاریەو تا بۆی بکرێ دەیەوێت ئەم مانگە بە ئارامی تێبپەڕێت ، هەرچی ئێرانە دەوێت ئەم مانگە بکاتە دەروازەو هەلێک بۆلێدان لە پێگەی جەماوەری ترەمپ و دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنی داهاتوو ، چونکە ماوەیەکی گەلێک زۆرە ئێران گرەوی سەرکەوتنی خۆی لەسەردۆڕاندنی ترەمپ و هاتنی کاندیدی دیموکراتەکان داناوە و پێیوایە بە رۆیشتنی ئەم ئیدارەیە ئیدی دەتوانێ ئاهێکی بەبەردا بێتەوە و گۆشارە ئابورییەکانی سەری سووک ببن ، بۆیە لەم رۆژانە و رۆژانی داهاتووشدا میلیشیایەکانی عیراق چاڵاکییەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ ئیحراج کردنی حکومەتی کازمی و لاوازکردنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە حکومەتەکەی و بێ هێوا بوون لێی ، لە ئەگەرێکی واشدا دوور نییە کازمی روو لە ئێران بکات بۆ مانەوەی خۆی سازشێکی گەورە بکات ، هەرچەندە لە روودانی ئەگەرێکی وا عیراق لە گێژاوێکەوە پێ دەنێتە ناو گێژاوێکی ئاڵۆزتر و کارەساتێکی و ئابوری روودەدات ، چونکە ئەمریکا و ئەورپا دەست لەسەر ئەژنۆ بەرامبەر یارییەکی وا ناوەستن ، یان روونتر ئەمریکا وا ئاسان دەست بەرداری پێگەی خۆی نابێت لە عیراق بۆ ئێران ، چونکە ئەو کاتە بەرژەوەندییە زیندووەکانی خۆیی و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو دەکەونە بەر مەترسی گەورە بۆیە ئاسان نیە بۆ ئێران گەمەیەکی وا سەر بگرێت.
لە رۆژانی داهاتوو ئێران هەڵمەتەکەی چڕتر دەکاتەوەو ئەمریکا هەوڵی هێورکردنەوە دەدات ، هەرچەندە هیچ گرەنتییەک نییە لەم یارییە تۆم و جێرییەدا ئێران سەرکەوتن بەدەست بێنێت ، بەڵام هەوڵێکە و دەیدات ئەگەر ترەمپ کۆشکی سپی بەهەر هۆکارێک جێهێڵا ، ئێران خۆی وەک سەرکەووتوو نیشانی کومەڵگای نێودەوڵەتی دەدات و حکومەتی کازمیش ناچاری خۆبەدەستەوە دان دەکات ، هێزەکانی لایەنگری خۆیشی لە هەڵبژاردنی پێش وەختەی داهاتووی عیراق سەردەخات ، بەمەش دەسەڵاتەکەی لە عیراق فراوانتر دەکات . تا چەند ئەم بەرنامەی ئێران دەبێتە هۆی سەرکەوتنی ، ئەوەولە رۆژانی داهاتوودا وەڵامەکەمان دەست دەکەوێت.