Draw Media

تەنورەو کتێب یۆگاو ئیسلامی

تەنورەو کتێب یۆگاو ئیسلامی

2020-09-29 14:07:34


پەیكار عوسمان

کێشەی تەنورەو کێشەی کتێب، هەمان شتەو کێشەی هۆشیارییە. سانسۆری جەستەی کچان و سانسۆری قەڵەمی نوسەران، هەمان پرسەو پرسی ئازادییە. ئیسلامی و یۆگیش هەردوکیان هەمان شوێنیان ئەیەشێ کە کۆڵنجی مێگەلسازییە!

لە هۆشیاریدا، ئەخلاق ئازادە لە جەستەو کتێب ئازادە پیرۆزیی. بە پێچەوانەوە جەهل لەسەر دوو پایە وەستاوە، ئەخلاقێکی کۆیلەی جەستەو عەقڵێکی کۆیلەی موقەدەس. مێگەلبازەکانیش، هەمیشە توند دەست ئەگرن بە ئەخلاقی جەستە سەنتەرو عەقڵی پیرۆزی سەنتەرەوەو بەمەش کۆمەڵگا نقوم ئەکەن لە جەهلی خۆیداو قوڕی جەهلیش هەر تۆزی بت و مێگەلی لێهەڵئەستێ!

نە کتێب شوێنی هۆشیارییە، نە جەستە شوێنی ئازادییە، بەڵکو ئازادی و هۆشیاری لە شوێنێکی تردا ڕووئەدەن و ئەوە تەنیا لێکەوتەکەیەتی کە ئەکەوێتە سەر جەستەو سەر کتێب.
ئەو شوێنەش ناوەوەی خۆت و بیرکردنەوەیەو خۆ ئەگەر شتەکە لەوێدا ڕوونەدات، ئیتر نە جەستە پەیوەندی بە ئازادییەوە هەیەو نە کتێب پەیوەندی بە هۆشیارییەوە هەیە!
جەستەو کتێب هەردوکیان دیارو مادەن، بەڵام بیرکردنەوە نادیارو نامادیەو ئەوە عەقڵە کە ئیرادە ئەجوڵێنێ و ئیرادەش مادە ئەجوڵێنێ و بەمجۆرە نامادییەکەی ئێمە، ئەکەوێتە ناو مادەوەو لەوێدا خۆی نیشان ئەدات.

بەڵی ڕووداوە گەورەکەی ژیانی مرۆڤ، بیرکردنەوەیەو بیرکردنەوەش لە عەقڵی فەردیدا ڕووئەداو عەقڵی فەردییش هەر ئەوەیە کە ئەتوانێ عەقڵی جەمع بخاتە ژێر پرسیارەوە. جا کە بەبیانوی پیرۆزی و ئەخلاقەوە، لە عەقڵی فەرد بدەیت و بیگەڕێنیتەوە بۆ ناو چوارچێوەی مێگەل و عەقڵی کۆ، یەعنی هیچمان نەکردو هەر ئەوەم یاری!

عەقڵی دژەکتێب و عەقڵی دژەتەنورەش، لەوێوە کێشەن کە لەمپەڕن لەبەردەم ئەم بازدانەی عەقڵی فەرد، نەك لەبەرئەوەی کە خودی کتێب و تەنورە، دوو شتی زۆر موهیم بن و نوێنەری ئازادی و هۆشیاریی بن! نەخێر ئەسڵەن ئەشێ، بەرەی تەنوورەش، هەروەکو بەرەی دژەتەنوورە، زۆر نائازادو دیلی جەستەبێ و بەرەی کتێبیش، هەر وەکو بەرەی دژەکتێب، زۆر ناهۆشیارو بتسازو مێگەلبازبێت.

لەڕاستیدا خوێندنەوە دوو سەرەیەو ئەشێ کتێب، پەنجەرەی ڕووناکی و ئیلهامی ئازادی بێت و ئەشێ سەری مەنهۆڵ و پەتی کۆیلەییش بێت. ئەوە بوون و ئامادەیی عەقڵی تۆیە، کە نایەڵێ ببیتە سەلەی خۆڵ و نوسەر زبڵت تێ فڕێدا، کە نایەڵی وشەکان ببنە پەت و بچنە ملت.

بە هەمان شێوە، گرێ ی جەستەش دوو سەرەیەو داپۆشین و ڕووتبوونەوە، هەمان گرێن و نە ئەمیان ئەخلاقەو نە ئەویان ئازادی. بەڵکو ئەخلاق خۆی ئەخلاقەو ئازادیش خۆی ئازادییە، ئیتر بە هەر شکڵ و جلێکەوەبێت. تۆ لە غاباتەکانی ئەمازۆن گەڵایەکت لەبەرابێ و لە شارەکانی ئەفغان خێمەیەکت لەبەرابێ، نە ئەمیان هیچی لە ئەخلاق و ئازادی کەمکردوەو نە ئەویان هیچی لێ زیاد ئەکات.

یەعنی جل مەسەلەی پێویستی و کولتورو حەزو مۆدێلە، نەك مەسەلەی ئەخلاق و ئازادی. خودی ئەخلاق و خودی ئازادی، تەواو ناجلی و نامادی و ناجەستەیین و ئەوانەی کە کورتی ئەکەنەوە لە جەستەدا، توجاری ئەخلاق و توجاری ئازادین، نەك ڕێبواری ئەخلاق و ئازادی.

لێرشەوە وەکچۆن پێویستە ئەخلاق لە جەستە ئازادکرێ بە دیوی داپۆشیندا، ئاواش پێویستە ئازادی لە جەستە ئازادکرێ بە دیوی ڕووتکردنەوەدا. بەمەش ئەخلاق و ئازادی هەردوکیان لە جەستە ڕزگاربکرێن و ببڕێنەوە ناوچەی نامادی ئێمە. بەدیوەکەی تردا، جەستەش لە ئەخلاق و ئازادی ڕزگاربکرێ و بدرێتەوە دەست کولتورو حەزو مۆدێل.

کتێب موقەدەس نیەو وەکچۆن ئەکرێ دەلاقەی هۆشیاری بێت، ئاواش ئەکرێ کیسە زبڵ بێت. ڕۆژنامەوانیی موقەدەس نیەو وەکچۆن ئەکرێ سەرچاوەی زانیاری بێت، ئاواش ئەکرێ کونە فیتنەبێ. فەیسبوکیش هی خۆتە بەڵام شوێنی تایە سوتاندن نیە، چونکە دوکەڵەکەی ئەچێ بە لوتی ئەوانیتردا.
یەعنی وەکچۆن کتێب و ڕۆژنامەو فەیسبوك، شتەکانی تر ئەخەنە ژێر پرسیارەوە، ئا وا خۆشیان لەژێر پرسیاردان و خۆیان بت و موقەدەس و دەرە پرسیار نین!

بەڵام لێرەدا سانسۆر ئەبێ ئەوسەریی بێت نەك ئەمسەریی، یەعنی دادگایی بێت نەك حکومەتیی. لانیکەم لەمسەرەوە ڕێگەم بدە قسەکە بکەم، ئینجا لەسەری سزام بدە، نەكئەوەی پێش کردنی دەمم داخەیت!
ئاخر ئیجرائاتە ئەمسەرییەکە، ئەشێ کوشتنی قسەیەكبێت پێش وتنی و ئەمەش پێشێلی ئازادییە، بەڵام ئیجرائاتە ئەوسەرییەکە ئەشێ پاراستنی خودی ئازادییەك بێت کە من پێشێلم کردوە، بۆ نا، خۆ نوسەر لە سەرو هەڵەوە نیە.

بەڵام لە یاساو دادگاو سانسۆری ئەوسەریی گرنگتر، سانسۆری فەردییە. هەر ئەونەی ڕێگەبدەین مرۆڤ مرۆڤبێ و خۆیبێت، ئیتر هەر خودی مرۆڤبوون، جگە لەوەی هەڵگری ڕەهەندی ئازادییە، هەڵگری ڕەهەندی پابەندیشەو مرۆڤ کە مرۆڤبوو ئیتر خۆی ڕێگە بەخۆی نادا کە شتانێك بکات!
یەعنی وەکچۆن ئازادی ڕاستەقینە ئەکەوێتە ناو مرۆڤبوونەوەو ئەوەیە کە مرۆڤ ئیرادەی ئازادبێت، ئەخلاقی ڕاستەقینەش هەر ئەکەوێتە ناو مرۆڤبوونەوەو ئیتر مرۆڤ خۆی ئازادانە پابەندە بەبێ هیچ ناچارییەك.

لەڕاستیدا ماڵی یۆگاو ماڵی بانگخواز، هەمان ماڵن، لەوێدا کە هەردوکیان مێگەلسازن. نە ئەمیان ماڵی ئازادییەو نە ئەویان ماڵی ئەخلاقە، چونکە ئەسڵەن ئەخلاق و ئازادی لەناو ماڵ و ئایدۆلۆژیاو گروپدانیەو تەنیا لەناو خۆتدایە. ئەوانیش هەریەکەو شەڕی تیجارەتی خۆی ئەکاو هەریەکەو خۆی بە وەکیلی ڕۆحی ئەوانیتر ئەزانێ و شتەکە شەڕی مێگەلسازیی و دوکانداری ڕۆحە نەك پرسی ئەخلاق و ئازادی. ئیسلامیی پێیوایە کە تاکە وەکیلی ڕۆحیی مێگەلەکەیەو یۆگیەکانیش هاتوونەتە ئەو مەجالەوەو ئیتر کاسپی و بازاڕەکەیان بەر یەك کەوتووە!

تۆ ڕۆحی خۆت هی خۆتەو لەناو خۆتدایە نەك لە گیرفانی بانگخوازو لە باخەڵی مامۆستای یۆگادا. تۆ ئەتوانی ئیسلامانە ئازادو ئەخلاقی بێت و ئەشتوانی بودییانە وابیت. ئەکرێ نوێژو یۆگاش هەردوکیان بکەیت و هەردوکیان لەناو تۆدا لە ئاشتیدابن و شەڕێك لە ئارادا نەبێت، ئاخر ئەوە توجاری یۆگاو توجاری نوێژن کە شتەکەت بۆ ئەکەن بە ڕق و بە شەڕو بە دوو بەرە، ئەگینا خودی موحەمەدو بودا، ئەشێ لە جیهانێکی باڵادا زۆر نزیك و برادەربن، خۆ ئەوان وەکو منو تۆ بێعەقڵ نین!

ئەمەوێ بڵێم، بۆئەوەی مرۆڤ لە پابەندییە ناچارییەکان نەجاتی ببێ و بکەویتە ناو مرۆڤبوون و پابەندی ئازادانەوە، هیچ چارێکمان نیە، جگە لە لێدان و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی مێگەلوون. ئاخر ئەخلاق خۆی، پابەندی فەردی ئازادانەیەو ئەخلاقی موزەییەفیش پابەندی جەماعیی ناچاریانەیەو مێگەلیش هیچ نیە جگە لە تۆڕێك پابەندی ناچاریی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand