Draw Media

گەشتوگوزار بەڕەڵایی نیە. داهـاتـــــە

گەشتوگوزار بەڕەڵایی نیە. داهـاتـــــە

2020-09-27 11:04:36


سەركۆ یونس
كەرتی گەشتوگوزار لەزۆربەی ئابوری وڵاتانی جیهاندا بەیەكێك لە پایەكانی ئابوری نەتەوە دادەنرێت‌و بەشداری كارای هەیە لە بەدەستهێنانی داهات‌و بزوێنەری گەشەپێدانی بەردەوامە بۆ ئابوری وڵاتان نمونەی ئەو وڵاتانەی كە زیاتر پشت بە داهاتی گەشتوگوزار دەبەستن زۆرن لەوانە سویسراو كەنەداو توركیاو ئیتالیاو ئیسپانیاو ئیماراتی عەرەبی‌و یۆنان‌و فەرەنسا، لەساڵی (2019) لە ئیسپانیا گەشتوگوزار بەڕێژەی (14.2%) بەشداری ئابوری نەتەوەیی كردوەو لە وڵاتانی تریش ئەم كەرتە گرنگە بەڕێژەی جیاواز بەشداری دەكات.
رۆژی (27 -9)ی هەموو ساڵێك بەڕۆژی جیهانی گەشتوگوزار لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكانەوە دانراوە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەرتی گەشتوگوزار یەكێك بوو لەو كەرتانەی كە زۆرترین زیانی بەركەوتوە ئەمەش دەرەئەنجانی بەربەستەكانی قەدەغەی هاتوچۆی ناوخۆیی ‌و دەرەكی‌و كەمبونەوەی لەناكاوی خواستی بەكاربەران لەسەر گەشتكردن‌و ئەمەش بوو بەهۆی زەرەروزیانی ئابوری‌و لەدەستدانی سەدان هەلی كارو بێكاربونی رێژەیەكی بەرچاو لەپێنج مانگی یەكەمی ساڵی (2020) زیانەكانی گەشتوگوزار نزیكەی(320) ملیار دۆلار بووەو رێژەی (56%) ژمارەی گەشتیارانی جیهان كەمی كردوە.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان ژنان‌و گەنجان لەكەرتی گەشتوگوزار زۆرترین چین‌و توێژن كە بەرشاڵاوی لەدەستدانی كارەكانیان بوونەتەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، لەهەمان كاتدا ئابوری ئەو وتانەی كە زیاتر پشتیان بە داهاتی كەرتی گەشتیارییەوە دەبەست زۆرترین زیانیان بەركەوتوەو داهاتی گشتیان توشی كەمبونەوە بوون.
بەپێی هەمان راپۆرت بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە رێژەی (90%)ی شوێنە كلتوریە گەشتیاریەكانی جیهان داخراون لەئێستادا سوودیان لێ نابینێریت‌و بەمەش مەترسی بۆ سەر سەدان شوێنی كلتوری‌و رۆشنبیری مرۆڤایەتی دروست دەبێت.
لە راپۆرتی رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانیدا هاتووە لە دەرئەنجامی كاریگەریەكانی ڤایرۆسی كۆڤید-19وە لەنێوان (100 بۆ 120) ملیۆن كاری گەشتیاری راستەوخۆ لەژێر مەترسی لەدەستداندان.
بەپێی راپۆرتەكان هەریەكە لە (ئوستورالیاو چین‌و مالیزیا‌و مەكسیك‌و كۆریای باشور) زۆرترین زیانیان بەركەوتوە كە بەچەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت‌و پاشان هێڵەكانی گواستنەوەی ئاسمانی‌و گازینۆكان‌و هاتوچۆی دەریایی‌و چێشتخانەو میوانخانەكان زیانی گەورەیان بەركەوتوە.
هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردودا تاڕادەیەكی زۆر باش سوودی لەم كەرتە گرنگە بینیوەو خۆشبەختانە زۆربەی رەگەزەكانی بواری گەشتیاری تێدا هەیە سەرەڕای كەموكوڕییەكان بەڵام هەرچۆنێك بێت توانرا كوردستان وەك هەرێمێكی گەشتیاری لە ناوچەكە بناسرێت‌و ژمارەی گەشتیارانی بیانی‌و ناوخۆی عێراق گەواهیدەری ئەم راستیەیە كە لە ساڵانی رابردودا بەسەدان هەزار گەشتیار روویان كردوەتە ناوچە گەشتیاریەكان‌و ئوتێل‌و میوانخانەكانی شاروشارۆچكەكانی كوردستان. لەهەندێ ساڵدا بەپێی ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئومێدبەخش بوون‌و ئەمەش بووە بەسەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ حكومەت‌و كەرتی تایبەت هەتا پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەساڵی (2018) نزیكەی (3) ملیۆن گەشتیار هاتونەتە هەرێمەوە لەم رێژەیە (80%)ی لەناوخۆی عێراقەوە بوەو رێژەی (20%)ی گەشتیاری بیانی بوون، بەداخەوە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە (2020)دا كاریگەری راستەوخۆی كردوەتە سەر ئەم كەرتە گرنگەی ئابوری هەرێم‌و بەشێوەیەك نزیك ببوویەوە لە داڕمانی تەواو، خۆشبەختانە لەماوەی پێشوودا حكومەت بڕیاری كردنەوەی سەرجەم ناوچە گەشتیارییەكانی داو وردە وردە ئەم كەرتە خەریكە دەبوژێتەوە و جموجوڵی گەشتیاری ناوخۆیی پەرەی سەندوەتەوەو رۆژانە بەدەیان ئۆتۆمۆبیلی گروپەكانی گەشتیاران دەبینین لەڕێگاوبانەكان.
ئەوەی جێگای سەرنجە بەداخەوە بەشێكی خەڵك‌و هەندێ لایەنی سیاسی بەرەو پێشچوون‌و گەشەسەندنی كەرتی گەشتیاری بە شتێكی خراپی دەزانن بۆ سەر كۆمەڵگا بەگشتی‌و چینی لاوان بەتایبەتی تەنانەت هەندێ كەس‌و لایەن بەبێ ئەخلاقی ناودەبەن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هۆشیارییە لە گرنگی ئەم كەرتە بۆ داهات‌و ئابوری وڵات‌و بەخراپ سەیركردنی بەوەی بەرەو پێشبردنی گەشتوگوزار بە بەرەڵای‌و خراپە ئەژمار دەكەن لەسەر كۆمەڵانی خەڵك. هەر لەبەرئەمە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆمەڵێك هەنگاو بنێت بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكەو گرنگیدانی زیاتر بەم كەرتە نیشتیمانییە بدرێت، ئەویش بەجێ بەجێ كردنی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە:
1-    هۆشیاركردنەوەی هاونیشتیمانیان بەوەی كە تێبگەین گەشتوگوزار داهات پەیدا دەكات‌و دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ رێژەیەكی بەرچاوی هاوڵاتیان بەگشتی‌و دانیشتوانی ناوچە گەشتیارییەكان بەتایبەتی.
2-    برەودان بە گەشتوگوزار دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانی خاوەن بڕوانامەی بێكاری هەرێم، كە لەئێستادا رێژەی بێكاری لە ئاستێكی مەترسیداردایە.
3-    پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان گرنگی زیاتر بدەن بەم كەرتە، ئەویش بەكردنەوەی ئامادەیی گەشتوگوزار یان بەشێك لە پەیمانگاو زانكۆكان لەو شارانەی كە گەشتیاری تێدا بوونی هەیەو ئەمەش بەمەبەستی پێگەیاندنی كادری گەشتیاری خاوەن بڕوانامە.
4-    پێویستە حكومەت بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ هێزێكی تایبەت ئامادە بكات بۆ راگرتن‌و پاراستن‌و ئارامی ناوچە گەشتیارییەكان كە راهێنانی باش‌و سەردەمیانەیان پێ كرا بێت‌و لەژێر ناوی (پۆلیسی گەشتیاری)دا كارو فەرمانەكانیان جێ بەجێ بكەن.
5-    پێویستە یاسایەكی تایبەت لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەربچێت كە ئەم كەرتە گرنگە رێكبخات‌و بەیەكێك لەسەرچاوەكانی داهات ئەژمار بكرێت، ئەو داهاتەی بەدەست دێت وەك باج دابنرێت‌و یان بچێتەوە وەزارەتی دارایی یان لەخزمەت شوێنە گەشتیارییەكاندا بێت.
6-    پێویستە وەزارەت‌و دامودەزگاكانی تری حكومەت بەچاوێكی گرنگەوە لە گەشتوگوزار بڕوانن‌و هاوكاربن لەبەرەوپێشبردن‌و گەشەپێدانی ئەم كەرتەو هەموو ئاسانكارییەك بكەن بۆ برەوسەندن‌و بەرەوپێشچوونی گەشتوگوزار، بەتایبەت لەئێستادا كە حكومەت بەدەست كەمی داهاتەوە دەناڵێنێت‌و تەنانەت توانای پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی نەماوە، بۆیە گرنگە حكومەت هەموو ئاسانكارییەك بكات‌و رێگرییەكان نەهێڵێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand