درەو:
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر موسەنا سەمەڕائی ئەندامی پەرلەماندا سەپێنراوە، لەگەڵ گەڕانەوەی 30 ملیار دینار.
دەستەی دەستپاكی، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، سزاكە بەهۆی دەستکەوتی نایاسایی لە گرێبەستەکانی پەیوەست بە کۆمپانیاکانی پاڵاوگەی باکور و باشور.
دەستەی دەستپاكی ئاماژەی بەوەشكردووە، سزای زیندانیکردنی توندی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەسەر پەرلەمانتار زیاد جەنابیدا سەپێنراوە، لەگەڵ گەڕانەوەی چوار ملیار دینار بەهۆی دەستکەوتی نایاسایی لە گرێبەستەکانی پەیوەست بە کۆمپانیاکانی پاڵاوگەی باکور و باشور.
موسەنا سامەڕائی، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمە، كە خاوەنی 17 كورسی پەرلەمانە، هاوكات زیاد جەنابیش یەكێك بووە لە پەرلەمانتارە دیارەكان، كە لە هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی تردا دەستگيركران.