Draw Media

پارتی، وا ڕامه‌هێنن..!

پارتی، وا ڕامه‌هێنن..!

2020-09-15 19:01:22


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

  هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ململانێی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان جڵه‌و بكرێت. ئه‌مه‌ ته‌عبیره‌ له‌ نه‌هێشتنی جیاوازی، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ زۆر پێویسته‌، هه‌ر پێویستییه‌كی سیاسی نییه‌، واته‌ ته‌نها بۆ گوزارش نییه‌ له‌ فره‌یی و هه‌مه‌ڕه‌نگی كه‌ له‌دۆخێكی عه‌قڵانیدا ده‌شێ ببێته‌ فره‌یی له‌ بژارده‌و فراوانكردنی ئاسۆی بیر و ته‌گبیری سیاسی، بەڵکو پێویستییه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ییشه‌، چونكه‌ ئێستا وڵات له‌ قه‌یراندایه‌، ژیان و گوزه‌رانی دانیشتوانی هه‌رێم ئاسایی نییه‌، ناڕه‌زایی و تووڕه‌ییه‌كی زۆریش له‌ واقعی سیاسی و ئابوری و كارگێڕیی هه‌رێم هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش پێویستیی به‌ حیڕاكی سیاسییه‌، نه‌ك ته‌ماشاكردن و دانیشتن به‌ دیار هه‌لومه‌رجه‌كانه‌وه‌.
   ئه‌گه‌ر ئه‌و جیاوازییانه‌ نه‌بن، مانای وایه‌ ته‌واوی هێزه‌ سیاسییه‌كان، وه‌ك یه‌ك، له‌و دۆخه‌ به‌رپرسن، ئه‌مه‌ ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و هێزانه‌ش ڕاسته‌ كه‌ له‌ حكومه‌تدان. كه‌ تۆ (شه‌ریك) یان به‌شدار بوویت له‌ حكومه‌ت، به‌و مانایه‌ نییه‌ جیاوازییه‌كانی خۆت له‌ڕووی ئیداری و سیاسییه‌وه‌ بچه‌پێنێت و ببیته‌ سێبه‌ری ئه‌وانیتر، ته‌نها له‌یه‌ك حاڵه‌تدا ئه‌مه‌ قبوڵه‌ كه‌ ته‌واو یه‌كسان و هاوباش، ده‌ستت له‌كۆی ئه‌و بڕیار و سیاسه‌تانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌دا هه‌بێت كه ئه‌مڕۆ، به‌ رۆژی نیوه‌ڕۆ،‌ شه‌قام لێیان ناڕازییه‌و به‌ ئه‌زموونیش ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ خراپن. 
    هه‌ر هێزێك، با له‌ ناو حكومه‌تیشدا بێ، ئه‌گه‌ر (هاوبه‌ش)ییه‌كه‌ی به‌م فۆرمه‌‌ نه‌بێ، ئه‌گه‌ر ده‌ستی له‌ بڕیاره‌كاندا نه‌بێ و به‌ڵكو به‌سه‌ریدا بسه‌پێنرێن، ئه‌وا ته‌واو مافی گوزارشتكردنی له‌ جیاوازیی خۆی هه‌یه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م جیاوازییه‌ له‌به‌ر ئیعتیبارو به‌رژه‌وه‌ندیی فه‌ردی و گروهیی تایبه‌ت بشاردرێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وسا هێزه‌ سیاسییه‌كه‌یه‌ كه سبه‌ی رۆژ،‌ له‌به‌رده‌م رای گشتی و له‌به‌رده‌م سندوقه‌كانی ده‌نگداندا، باجه‌ گه‌وره‌كه‌‌ی ده‌دات، بگره‌ شكۆو ئیعتیباری ده‌شكێت.
  له‌لایه‌كی تر، جیاوازی، هه‌ڵوێستێك نییه‌ بۆ خۆشی!، به‌ڵكو له‌دوای ته‌عبیر لێكردن بۆ ململانێكردنه‌،‌ بۆ كرده‌ی عه‌قڵانییه‌، بۆ ئه‌وه‌یه‌ بیسه‌لمێنیت كه‌ ده‌شێ تێزی تۆ، له‌ دۆسییه‌و دۆزێكی دیاریكراودا، گونجاوترو راستتر بێت‌، هه‌ركاتێكیش به‌رامبه‌ر له‌رێی پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندیگرتن Communication و گفتوگۆو ئارگیۆمێنتی عه‌قڵانییه‌وه‌ ئه‌مه‌ قبوڵ نه‌كات، ئه‌وسا ئیتر ده‌بێ ململانێكان، به‌فۆرمی تری سیاسی و دیموكراتییانه‌ باشتر ده‌ربكه‌ون، جه‌مسه‌رگیرییان بۆ بكرێ، هاوپه‌یمانێتییان بۆ بهێنرێته‌ ئاراوه‌، دیبلۆماسییه‌تیان بۆ بخرێته‌كار، هه‌ڵمه‌تی میدیایی و ماركێتینگی سیاسییان بۆ ئه‌نجام بدرێت، واته‌ به‌ زیاتر له‌ فشارو میكانیزمێكی سیاسیی ناتوندتیژ، به‌ڕێوه‌ ببرێن تا به‌ ده‌ره‌نجامێك ده‌گه‌ن كه‌ دۆخی باو تێپه‌ڕێت. 
   بێگومان، شه‌رمه‌، به‌هه‌ر بیانوویه‌كه‌وه‌ بێت، شه‌رم له‌م ململانێیه‌ بكرێت!، یان بچه‌پێنرێت. له‌ په‌یوه‌ندیدا به‌ واقعی هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌م پرسه‌ زیاتر به‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی ده‌گرێت. ئه‌م هێزه‌، خه‌ریكه‌ له‌ ململانێ ده‌كه‌وێت، خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ هێزێكی ملكه‌چ و بێده‌نگ، هێزێكی بێ جیاوازی و خۆ راهێنه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ر شتێك كه‌ ركابه‌ره‌كه‌ی، واته‌ پارتی، بیه‌وێت.
  ئه‌م هه‌ڵوێسته‌، خراپه‌. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌رۆكێكی یه‌كێتی چووه‌ هه‌ولێر و به‌ده‌نگی به‌رز ئه‌و ململانێیه‌ی له‌ناو پایته‌ختی هه‌رێمه‌وه‌ جاڕدا، به‌وه‌ بڕێك ئومێدی سیاسی بۆ ئه‌م هێزه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام زۆری نه‌برد، دیسانه‌وه‌ خامۆشی و بێده‌نگبوونه‌وه‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌، كار گه‌یشتۆته‌ زیانگه‌یشتنی گه‌وره‌ له‌ میسداقییه‌تی سیاسیی ئه‌م هێزه‌. 
  له‌لایه‌كی تره‌وه‌، زۆر هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ پارتی وا ڕابهێنرێت كه‌ كه‌س بیر له‌ ململانێكردنی نه‌كاته‌وه‌، له‌وه‌ هه‌ڵه‌تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی ئه‌م ده‌ماره‌ سیاسییه‌ ترسناكه‌ی تیا ئه‌ستوور بكات!. ئه‌و دۆخه‌، له‌ مه‌ودای دووردا، ته‌نانه‌ت بۆ پارتیش خراپه‌. له‌دۆخی بۆشایی هێزی تردا كه‌ بكه‌وێته‌ ململانێوه‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا، ئه‌وا به‌ سروشتی حاڵ، ئاراسته‌ی ململانێ رووه‌و ناوه‌وه‌ی ریزه‌كانی پارتی خۆی ده‌چێت، ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش هه‌ن و به‌رچاون و ده‌رگای ده‌ستوه‌ردانیشی به‌سه‌ر خۆیدا كردۆته‌وه‌‌!، بۆیه‌ ده‌بێ ته‌نانه‌ت پارتیش ململانێی هێزه‌كانی تری پێ ئاسایی بێت، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی، ته‌حه‌مولیشی بكات و بۆ ده‌سكه‌وتی كاتی و كورتمه‌ودا، تێنه‌كه‌وێت و خۆشی ناشیرین نه‌كات. 
   ئه‌و گروپه‌ی كه‌ له‌ناو پارتیدا دژی هه‌موو جیاوازی و ململانێیه‌كی یه‌كێتییه‌و نایه‌وێ ركابه‌ریی بكات‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دوورمه‌ودای پارتیدا كار ناكات، وه‌كچۆن ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ی كه‌ له‌ناو یه‌كێتیدان و ته‌نها خه‌می ئه‌وه‌یانه‌ دڵی پارتییان لێ نه‌ڕه‌نجێ، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی دوورمه‌ودای یه‌كێتی و چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانیش، ئه‌جوڵێنه‌وه‌.
  سیاسه‌ت، كایه‌ی سڕینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازییه‌كان نییه‌. دۆخی وا له‌ سیاسه‌تدا، دۆخێكی فاشییانه‌یه‌، یان به‌ كارتۆنی كردنی فره‌یی سیاسیی و په‌روه‌رده‌كردنێكی له‌سه‌رخۆی نه‌زعه‌ی داپڵۆسین و سڕینه‌وه‌و تۆتالیتارییه‌ته‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پارتی كه‌ ناسنامه‌ی دیموكراسی هه‌ڵگرتووه‌، خۆی له‌م دۆخه‌ دووربخاته‌وه‌، یه‌كێتییش خۆی بێ شكۆ و بێ ئه‌رزش نه‌كات و بزانێ كه‌ی ململانێ ده‌كات و به‌ چ شێوه‌یه‌كیش به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه‌ له‌ به‌‌رژه‌وه‌ندیی باڵای خه‌ڵك و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌ پڕوكێنه‌ره‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمدا بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand