Draw Media

سێ قسەی خۆمانە

سێ قسەی خۆمانە

2020-09-13 12:45:55


پەیكار عوسمان

١- لەبارەی هەرێمی سلێمانییەوە:
ئەوەی ئێمە ئەبێ بیکەین، باشکردنە نەك بەشکردن، پرسی هەرێمی سلێمانیش، ئەگەرچی بڕێك ڕەوایەتی و پاساوی هەیە، بەڵام شتێکی شکڵییەو جەوهەریی نیە، چونکە کێشەی ئێمە، ئەوەنیە کە هەڵەبجە پارێزگابێت یان قەزا، سلێمانی محافەزەبێت یان هەرێم، باشور هەرێمبێ یان دەوڵەت.. تا ئێرا تەنیا ناوەو تەنیا شکڵ و قەپاغی پاکەتەکەیە، کێشەکە ناوەڕۆکەو ئەوەیە کە لەناو پاکەتەکەدایە، پاکەتەکەی ئێمەش هەر فۆڕم و ناوێکی هەبێت، ناوەڕۆکەکەی هەر ئەو زبڵەیە کە هەیەو ئێمەش ئەبێ خودی زبڵەکە پاك بکەینەوە نەك ناوی زبڵخانەکە بگۆڕین!
خۆ ئەگەر بەشکردنەکە یەکسانبێ بە باشکردن و گۆڕانی جەوهەریی لێبکەوێتەوە، ئەوە شتێکی باشە. بەڵام ئەگەر تەنیا شتێکی ڕوکەشیبێ و هەر ناوێکی تربێ بە هەمان ناوەڕۆکەوە، ئەمە کارێکی زیادەیەو ئێمە لێرەدا تەنیا شتێكی ناپێویستمان کردوە، لەبری شتێکی پێویست کە گۆڕینی ناوەڕۆکەکەیە. بەبێ گۆڕینی ناوەڕۆکەکەش باشکردنێك ناکرێ و لێرەدا سەربەخۆبوونی هەولێر لە بەغدا چەنێك مانای هەبوو، سەربەخۆبوونی سلێمانیش لە هەولێر هەر ئەونە مانای هەیە!
دواتر هەر خودی ئەمەی کە هەیە بەشە. دوو بەشی جیایە بە هەمان ناوەڕۆكی خراپەوە، خۆ ئەگەر بەشکردنێك لە ئارادابێت، ئەبێ بۆ باشکردن و بۆ هێنانە کایەی ناوەڕۆکێکی ماقوڵتربێت، نەك بۆ بەدەستوریکردنی بەشێك لە بەشەکانی شەڕی ناوخۆ، کە هەمان ناوەڕۆکی بەشەکەی تری هەیە!
ئەی باشکردن بە چی و چۆن؟ باشکردن بە هەرشتێك و هەرچۆنێك کە بۆت ئەکرێ. مەسەلەن باشکردنی دنیا بە خۆت، هەر بەوەی کە جارێ لەو گەڕێ و چیتر تەنیا خۆت خراپ نەبیت، بەمەش ئینسانێکی ترو ئەخلاقێکی تر هاتۆتەبوون، کە هەر ئەمە بۆ خۆی، ناوەڕۆکێکی ترە.

٢- لەبارەی کازمییەوە:
مادەم شتەکە هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردنە، با یەکسەر بچینە سەر باسی هەڵبژاردن. لەڕاستیدا ئەو دەنگەی تۆ لە ڕقی پارتی و یەکێتی ئەیدەی بە کازمی، دواتر کازمی، ئەیکاتەوە بە کارتی گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. ئەو دەنگەشی کە پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی خۆمان، بە جنێودان بە کازمی و بە عەرەب کۆی ئەکەنەوە، دواتر ئەیکەنەوە بە کارتی گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ کازمی و برا عەرەبەکان، بۆ بەشداریکردن لە بەغدا.
بەڵام هەرچۆنێكبێ ئاوەکە لەبەری بڕوا باشترە، تەنانەت گەنوگوشی لەبەر بڕوا باشترە لە گەنوگووی وەستاو.
لەڕاستیدا کێشەی عێراقی نوێ، پێشئەوەی تائیفی بێت، ئەخلاقییە. کێشەکە، کوردو عەرەب و سونەو شیعە نیە، کێشەکە دزی کوردو دزی عەرەب و دزی سونەو دزی شیعەیە. یەعنی دزی تائیفە سەرکەوتووە بەسەر خودی تائیفەداو مەسەلە تائیفییەکەش هەر ئەم دزانە تۆخی ئەکەنەوە بۆ داپۆشینی دزییەکان، ئەگینا عێراقییەکان بە تائیفەکانیشیانەوە، ئەکرێ وەکو براو وەکو گوڵ بژین ئەگەر دزی لێگەڕێت.
مەسەلەکەش کازمی نیە، مەسەلەکە ئەمریکایە، یەعنی ئەگەر ئەمریکا بڕیاری دابێت کە دەستی دزەکانی تائیفە کورتکاتەوە، ئەوکات تائیفەکان خۆیان کێشەنین و ئەتوانن پێکەوە بژین، چونکە ئەوکات نانێك لەسەر سفرەی هەمووانە کە ئەبێتە خاڵی هاوبەش و ئاشتی ماڵ، بەڵام ئێستا ئەو خاڵە هاوبەشە نیەو دزراوە. لەبری نانە دزراوەکەش، ڕقیان داوەپێت، بۆیە تائیفە لە جیاوازییەوە بووە بە شەڕو کێشەو تائیفیەت!

٣- لە بارەی بیرەوەرییەکانەوە:
(مەرجی سەرەکی کەسایەتی شۆڕشگێڕو سیاسی، ئەوەیە کە خۆی تێپەڕێنێ بۆ گشت) ئەمە پێوەرەکەیەو تۆ چەنێك لە خۆت دوورکەویتەوە، ئەونە لە گشت نزیك ئەبیتەوەو ئەونە شۆڕشگێڕو سیاسیت. چەنێکیش لە خۆت نزیك بکەویتەوە، ئەونە لە گشت دوور ئەکەویتەوەو ئەونە ناشۆڕشگێڕو ناسیاسیت.
لەوپەڕی دوورکەوتنەوە لە خۆدا، ئیتر مەسافە نامێنێ و بەتەواوی لەگەڵ گشتا ئەبیتەوە بە یەك، ئەمەش لە ڕێگەی قوربانیدان و خۆبەختکردنەوە! لەمپەڕی نزیکبوونەوەش لە خۆدا، دیسان مەسافە نامێنێ، بەڵام ئەمجارەیان بەدیوە خراپەکەیدا، یەعنی گشت لە خۆتا سفرئەکەیتەوەو ئەیکەیتە قوربانی خۆت!
سیاسی و شۆڕشگێری ئێمەش لەم جۆرەی دووەمن، بە دوو بەڵگەی زۆر سادە:
یەکەم بە دەلیلی ئەو دۆخە خراپەی کە هەیە، کە بەرهەمی نوخبەیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕە کە هەرگیز نەیانتوانی سیاسی و شۆڕشگێڕبن و خۆیان تێپەڕێنن، بەڵکو پەنجا ساڵە لە خۆیاندا چەقیون و هەموو شتێکیشیان کردە قوربانی خۆیان.
دووەم بە دەلیلی بیرەوەری سەرکردەکان، کە لە هەموویاندا حیکایەتخوان خۆی بێخەتایەو ئەویتر خەتابارە، کە ئەمەش هیچ نیە جگە لە گرێ ی چەقین لە خۆداو لێرەشدا مەبەستم هەموویانە نەك تەنیا ئەمەی ئەخیریان.
لەڕاستیدا سەدەیەکە ئێمە گیرۆدەی نوخبەیەکین کە نەك هەر نەیانتوانیوە خۆیان تێپەڕێنن، بەڵکو کۆی سیاسەت و چارەنوسی میلەتێکیشیان لەناو ڕق و عوقدەو کێشە شەخسییەکانی خۆیاندا چەقاندوە.
وڵات ئەوانە دروستی ئەکەن کە تا دوا خاڵ لەخۆیان دوور ئەکەونەوە لە بەرژەوەندی گشت. وڵات ئەوانە کاولی ئەکەن و ئەیفەوتێنن، کە تا دوا خاڵ لە گشت دوورئەکەونەوە لەبەرژەوەندی خۆیان.
مەسەلەن ئەمریکا جۆرج واشنتۆن دروستی ئەکات، کە بەڕادەیەك لە خۆی دوور ئەکەوێتەوە، کە دەستورێکی دیموکرات دانێ و ڕازی نەبێت ببێ بە دیکتاتۆر، ئەگەرچی زەمینەو دەرفەتی ئەوەشی هەبووە! ترەمپیش بە نزیکبوونەوە لە خۆ، خەریکە تێکی ئەداو لە ئێستاوە قسە لەسەر ئەوەیە کە ئەگەر دەرنەچێ ئەنجامەکە قبوڵ ناکاو ئەمریکا ئەشێوێ!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand