لە تاڵانی داهاتی نەوت و گومرگەكانەوە ، بۆ تاڵانی زەوی وزار
2020-09-13 09:49:01
ساڵح ژاژاڵەیی
بۆ بەڕێز/
پارێزگاری سلێمانی ، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ، داواكاری گشتی پارێزگای سلێمانی ،سەرۆكی شارەوانی پارێزگای سلێمانی ،سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی ، وەزیری شارەوانی ، بەرپرسی هێزەكانی 70 پێشمەرگە ، وەزیری پێشمەرگە ،ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ، پەڕلەمانی كوردستان ، لایەنی بەرپرسیار . سەرەتا سڵاوێكی گەرم لە هەموتان .
دیارە بابەتی تاڵانی نەوت وگومرگەكان بابەتێكی گەرمەو هەمومان ئاگامان لێی هەیە . ئەمە هۆكاری سەرەكی ئیفلاسبونی هەرێمی كوردستانەو خولقاندنی ئەم بارودۆخەی ئێستا یە كەَ هاوڵاتیانی تێكەوتون . دیارە ئەوەش لە خۆوە نەبوەو هەموی بە بەرنامە بوەو ئەوەتا ئێستا بە ئاشكراو بە بەرچاوی هەمومانەوە داهاتی گومرگەكان بەتاڵان دەبرێت وپارەش نییە بۆ موچە . ئەوەتا لە ناچاریدا خەڵك پەنا دەبات بۆ كازمی و پێی دەڵێن : تكایە وەرە بە فریامانەوە . بزانن ئەوە كاریكی چەن بە ئازار و چەند ئابڕوبەرانەیە بۆ بەرپرسانی ئەم هەرێمە.
لە بازگەی شیراوی نزیك شاری هەولێر لە هەموو سەیارەیەكی بارهەڵگر بە تایبەتی ئەوانەی چیمەنتۆی سلێمانی دەگوێزنەوە ، بڕی 30 هەزار دینار وەردەگرن وەك سەرانەو بۆ حكومەتیش نییە . داهێنان لە جۆری دزی و تاڵانی لەلایەن حیزبەكانەوە بەردەوامی هەیە .
دیاردەی زیادەڕەوی لەسەر موڵكو ماڵی گشتی دیاردەیەكی گشتگیر بوە لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی . لە دوای ڕاپەڕێن لە بری ئەوەی یەكێتی و پارتی گوندەكان ئاوەدان بكەنەوەو گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ بدەن ، هەرچی گەنج و لاوی گوندەكان هەبون كردیانن بە چەكدارو موچە خۆری سەر بەخۆیان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا . دوای ئەوە لێشاوی كۆچ كردن لە گوندەكانەوە بۆشارە گەورەكان دەستی پێكرد و زیادەڕەوی و دەست درێژی بۆ سەر موڵكی گشتیش دەستی پێكرد .
لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بۆ بەدەست هێنانی دەنگی هاولاِتیان چاو پۆشییان لە زیادەڕەوی دەكرد بۆ سەر موڵكی گشتی لەپێناوی بەدەست هێنانی دەنگی خەڵكدا . هەر دوای تەواو بونی هەڵبژاردنەكە یەكسەر قەدەغە دەكرا. كێشە گەورەكە هەر لەوەدا نەبوو كە زیادەڕەوی دەكرایە سەرموڵكی گشتی ، بەڵك و كارەسات لەوەدایە لە ناوەڕاستی شاردا گوندێك دروست بكرێت و سیماو جوانی شار تێك بدات و دواجار ببێتە ئەمری واقیع و نەتوانرێت ئەوهەموو خانوانە تێك بدرێنەوە .
گوندی كانی سپیكەی كۆن كەئێستا كەوتۆتە ناوڕاستی شارەوە بە شێوەیەكی ئەوەندە ناڕێك خانوەكانی دروست كراون جوانی شاریان تێكداوەو تا ئێستاش بە شێك لە خانوەكانی بە لەوح سەریان گیراوە.
بۆ نمونە تۆسپی نزیك كانی گۆران كە ئێستا نزیكەی 5 هەزار خانودەبیت لە گوندێكی گەورە دەچێت .
بە هەزاران زیادە ڕەوی لەم بابەتانە لە دەورو بەری شاری سلێمانی ئەنجام دراوەو تا ئێستاش زیادە ڕەوی بەردەوامە . چونكە حكومەت جدی نەبوو لە ڕێگری كردن . چاوپۆشی بەرپرسانی حیزبی و حكومی لە پێناوی وەرگرتنی بەرتیلدا هۆكاری سەرەكی ئەوەبوو .
لە دوای هەموو ئەو ڕوداوی زیادە ڕەویانە لە پڕ فەزیحەیەكی زیادەڕەوی گەورە لە ناوچەی ڕاپەڕینی ناو شاری سلێمانی بە تایبەت دەورو بەری گوندی قۆڵەرەیسی ئاشكرا بوو . بەسەدان و هەزاران پارچە زەوی بە زیادە ڕەوەی دابەش كراو فرۆشرا بە بێ ئاگاداری شارەوانی . دەركەوت بەرپرسانی گەورەی حیزبیشی تێدایە . كار گەیشتە ئەوەی زانای قایمقامی لەسەر گیراو لە سجنی ئاساییشدا بە شێوەیەكی گوماناوی كوژرا .
زیادە ڕەوی بۆ سەرموڵكی گشتی بە درێژایی دوای ڕاپەڕین تا ئێستا هەر بەردەوامە . ئیدارەی گشتی و بەرپرسە دەست ڕۆیشتوەكان هەر شوێنێكی بەنرخی ناو شار هەیە دەستی بەسەردادەگرن . بەرپرسانی حیزبی و حكومی بە ئەنواعی فرت و فێڵ بەردەوام خەریكی ئەوەن ئەرزە بەنرخەكانی ناو شار بۆخۆیان بەرن . بەناوی بەرهەم هێنانەوە ئەرزەكان دەدەنە ئەم ئەو خۆشیان دەبن بە شەریكیان . ئاخر لە كوێی دنیا هەیە حكومەت بە یاسا موڵكی گشتی هەڕاج بكات . وەبەرهێنان بە مانای ئەوەیە كەسێك سەرمایەكەی لە كارگەیەكدا یان هەر پڕۆژەیەكی تردا لەناو وڵات بخاتە گەر ِو هەلی كار بۆ خەڵك .فەراهەم بكات . بەڵام تۆ بێی بە سەدان دۆنم زەوی بە خۆڕایی بدەی بە خەڵك خۆشت قەرەبوەكەیان بۆ بدەیتەوە . ئەوكەسەش خاوەنی هیچ نەبێت و پێشەكی پارە لە خەڵك وەرگرێت و شوقەی پێ دروست بكات ، كە بڕی تێچوی شوقەیەك 5 دەفتەر دۆلار بێت و بیفرۆشیتەوە بە 10 هەتا 15 دەفتەر دۆلار . باشە بەرهەمهێنانی ئەم كارە لە كوێدایە ؟؟ .ئاخر جگە لەشوقە دروستكردن بەرهەم هێنان لە چی تردا كراوە ؟ باشە حكومەت دەسكەوتی چییە لەم كارەدا ؟؟.
ئەی ناكرێت لە بڕێ پێدانی ئەم هەموو زەویانەو دەوڵە مەند كردنی خەڵك لەسەر حسابی گشتی ، گرێبەستیان لەگەڵ بكرێت چەند قۆتابخانەیەك یان خەستەخانە دروست بكەن ، یان زەویەكان بە موزایەدە بفرۆشن و بە پارەكەی شاری پی َجوان بكەن ؟.بۆ ئاگاداریتان لە شاری هەولێر شوقە هەیە لەیەك كاتدا بە چەند كەسێك فرۆشراوە . یان خاونەی كۆمپانیاكە پَێشەكی پارەی زۆری لە خەڵك وەر گرتوەو شوقەكانیشی دروست نەكردوەو هەر خۆی شاردۆتەوە .
تەنها وەكو نمونە . شاسوار ئەو هەموو زەویانەی بە خۆڕایی وەرگرتوە . خاوەنی یەك دۆلار نەبوە . نرخی تێچوی شوقەكانی وەكوپێشەكی وەرگرتوە . دوایش بڕی 40 ملیۆن دۆلاری بەقەرز لە حكومەت وەرگرتوەو تا ئێساش ئەو پارەیەی نەداوەتەوە . تكایە پێم بڵێن لێرەدا چی بەرهەم هێنراوەو بۆكێ ؟.
كۆمپانیای بەڕێز كە كە بەناو سوڕەت قەیدی كۆمپانیاكەی لەسەرەو بەرپرسی حیزبی لە پشتەوەیە نەك هیچ سودێكی نەگەیاندوە ، بەشێك لەو ئەرزانەشی فرۆشتۆتەوە كە بە خۆڕایی پێی دراوە .
ئەگەر پرسیارێك ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی وەبەر هێنانی سلێمانی بكەم و پێی بڵێم ئەو دوو تاوەرە بەرزەی نزیك پردی كۆبانی كە دروست كراون ، ئایا ئەرزەكەیان كڕیوە ، یان بە ناوی وەبەر هێنانەوە وەریان . گرتوە ؟؟. كە تەواوكران و شوقەكان فرۆشران ، چ بەرهەمێكیان بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت ؟ . حكومەت دەسكەوتی چی دەبێت ؟؟.
پرسیارێكی ترم ئەوەیە ئەوزەویە بەتاڵەی كە لە دوای تاوەرەكانەوە تا نزیك دیواری قەبرستانەكەی شێخ ئەحمەدی هیندی ماوەو ئیستا پەڕژین كراوە ، ئەگەر بە موزایەدە بفرۆشرێت بایی دوو ملیۆن دۆلارە ، ئایا ئەویش بەناوی وەبەرهێنانەوە بە تاڵان دراوە یان فرۆشراوە ؟ ئەگەر فرۆشراوە پارەكەی چەندە ؟ ئەگەر نەفرۆشراوە دراوە بە كێ و بۆچی پێی دراوە ؟
لە بنەڕەتەوە یاسای وەبەر هێنان بۆ تاڵانی زەوی وزاری گشتی و بۆ بەرژەوەندی كەسانی دەست ڕویشتوی حیزبی و حكومی دانرەوە ، نەك بۆ گەشە كردی وڵات بەرژەوەندی گشتی . چونكە دزی و تاڵانی دەست درێژی بۆ سەر موڵكی گشتی هەر بەردەوامەو كەسیش فزەی لێوە نایەت .
. عەقڵی كێ ئەوە قبوڵ دەكات بەرپرسێك لەم سەردەمی گەندەڵی و تاڵانی و پاشا گەردانیەدا ئاسان كاری بۆ كەسێك بكات بە خۆڕایی ئەرزێك بایی یەك ملیۆن دۆلار بێت و لە ڕاهی خوادا پێی ببەخشێت . زوربەی شوقەو ڤیلاكانی بەرزایەكانی قەیوان كڕاون و بە هەدیە دراون بەو بەرپرسانەی ئاسان كارییان كردوەوە بۆ بەخشینی موڵكی گشتی بە خۆڕایی .
لە نێوان بەرپرسانی حیزبی و بواری وەبەر هێنان و خاوەن بەرژەوەندیەكان تۆڕێكی دەڵالی بە هێز هەیەو كاری ئەوانە دابەش كردن و ڕێك خستنی بەرژەوەندی ئەو كەس ولایەنانەیە . حكومەتێك ئەمە دامو دەزگاكانی بێت و خۆی خەریكی تاڵانی و دزی بێت و شەرعیەتیش بەو دزی كردنە بدات ، چاوەڕوانی چی لێدەكرێت بۆ میللەتی بكات .ئیش
ئیستا كە من ئەمە دەنوسم بە دوور نازانرێت بەیانی تۆمەتبارم نەكەن بەوەی تەشهیرم كردوەو پەروەندەیەكی باشم بۆ بهۆننەوەو بمدەن بە دادگا وەكوچۆن سۆران عەمەریشیان دا بە دادگا . بۆ ئەمەیان داواكاری گشتی وەك تفەنگ لە سەر پێیە . یەكسەر دێتە سەر خەت و فەرمانی گرتنت بۆ دەردەكات بە پێیی یاسای ژمارە فڵانو برَگەی ئەوەندە لە یاسای عێراقی .
داواكاری گشتی لە ئێستادا ئیشی ئەوەیە گەندەڵیەكانی بەرپرسانی حكومی و حیزبی بشارێتەوە ، نەك بەرگری لە مافی گشتی بكات . كاتی خۆی لەسەر دامەزراندنی كارگەی بەردی مەڕمەڕی ماوەت لەلایەن وەزارەتی پیشەسازییەوە كە ئەو كات خاتو پەروین بابەكر ئاغا وەزیر بوو ، ڕاپۆرتێكم دا بە فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی و نە كارگەی بەردی مەڕ مەڕ دروست كراو ، نە پرسینەوەش لە كەس كرا .
كۆمپانیا ئیتالیەكەش بە خۆڕایی بڕی 5 ملیۆن دۆلاری كاشی برد . گرێبەستەكەش بە بڕی 13 ملیۆن یۆرۆ مۆر كرابوو . بەڵام لەو كاتەدا خەڵك هەبوو ئامادەبوو هەمان كارگە بە دوو ملیۆن و نیودۆلار تەواو بكات . ئەگەر ئەو 5 ملیۆنە دۆلارەی خاوەن كۆمپانیاكە بە بەلاش بردی ، وەكو هاوكاری بدرایا بە كارگەكانی بەردی مەر ِمەڕی ناوخۆ ، دەیانتوانی بەشی هەموو خلیچ بەرد دابین بكەن .
كاتێك ئێمە لەسەر دامەزراندنی ئەو كارگەیە شتمان دەنوسی خاتو پەروین وەڵامی دەداینەوەو دەیگوت :چیتر ناهێلم خەڵك بەردی مەر ِمەڕ بە گران بكڕێت . هەموو كارگەكە هاتە سەر ئەوەی دیوارێك لەسەر شەقامەكە دروست بكەن بۆ ئەوەی خەڵك وا بزانیت لەودیو دیوارەكەوە كارگە دروست دەكرێت . دوایی هەموو كارگەكە هەر ئەو دیوارە دەرچوو . خۆ ئەو كاتیش داواكاری گشتی هەبوو ، بۆچی هیچیان نەكرد .
ئەوەندە بەنزینخانە زۆر بوە لە سنوری پێویست تێپەڕیوە . چەندین بەنزینخانە هەیە هەربەبێ مۆڵەت و بە كەڵەگایی دروستكراوە بەپشتیوانی بەرپرسانی حیزبی . لە گوندی ئەڵمانیەوە تا دەگاتە دوڕیانی سەرچنار كە تەنها 8 كیلۆمەتر دەبێت ، 8 بەنزینخانەی لێیە . ئەگەر سەرنج بدەن تاكە شوێنێك لەناوشاری سلێمانی كە بەجوانی مابۆوە لەگەڵ ئەوەشدا كە هیچی تێدا دروست نەكرابوو ،ئەو بەشەی شەقامی 60 مەترییە كە دەكەوێتە نێوان خەستەخانەی هەرێم و ئوتیل تایتانیك . بەڵام هەر ئەوەندەمان زانی لە ناوڕاستی ئەو شوێنەو لەسەر شەقامە گشتییەكە بەنزینخانەیەك قوت كرایەوە .
ئەگەر ئەم شارە ئیدارەی هەبێت و كەسێك هەبێت بە تەنگ جوانی سیمای شارەوەبێت وخەمخۆری ئەم شارەبێت ڕێگا دەدات بەنزینخانە لەو شوێنە دروست بكرێت ؟ . دەبوو بەرپرسانی شار پلان دانین كە ئەو مەسافەیە بكەن بە جوانترین و سەرنج ڕاكێشترین شوێنی شار .
دەبوو بكرایە بە ڕێزێك باڵەخانەی بەرز ، هەموی وەكو یەك بەرز ، هەموی بە یەك ڕەنگ. بەڵام كێ لەخەمی شاردایەو كێ ئەوە بكات . هەر ئەوەندەت زانی دوو بەیانی و سێ بەیانی بەرپرسێكی تر مەلهایەك لە تەنیشت بەنزینخانەكە بكاتەوەو ، یەكێكی تریش قومار خانە . لە وڵاتانی پێشكەوتوی دنیادا لەسەر هەڵواسینی تابلۆیەك لەسەر شەقامێك ئەنجومەنی شار كۆبونەوەی لەسەر دەكات و سەیری شوێنەكە دەكەن بۆ ئەوەی بزانن ئەم تابلۆیە سیمای شەقامەكە ناشیرین ناكات .
با هەموو ئەوانە بخەینە پشتی سەرو باسی تازەترین سكاندال واتە فەزیحەی ئەم شاری هەڵمەت و قوربانییە بكەین و سەرنج بدەن چی لەم شارەدا دەكرێت و دەگوزەرێت . لە گەڕەكی ئاوبارەو مەلا داود و ڕاپەڕێن بە هەزاران پارچە زەوی تەنها بە فۆڕم دابەش كراوە بەسەر ئەندامانی دژە تیرۆردا . بەبێ ئەوەی ئەم زەویانە لە لایەن شارەوانییەوە ئیفراز كرابن .
لەساڵی 2013 حكومەت ئیفرازی وەستاندوە بۆ دابەشكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران . ئێستا هاتون داهێنان دەكەن . بە فۆڕم زەوی دابەش دەكەن و دوای ساڵێكی تر فرت و فێڵێك دەدۆزنەوەو فەرمانێك دەردەكەن بۆ تاپۆ كردنیان . قسەكە لەسەر ئەوە نییە ئەوانەحەقی وەرگرتنی زەویان هەیە یان نیانە ، قسە لەسەر ئەوەیە بە دەر لەیاسا ئەم زەویانە داەبەش دەكرێن .
لە لایەكی تریشەوە فەرماندەكانی پێشمەرگەش خەرێكی ئیفرازكردنی ئەو زەویانەنەن كە گوایە موڵكی فەرماندەین ، بەڵام بێ ئاگاداری شارەوانی و فەرمانگەی بەرپرسیار . كار گەیشتۆتە ئەوەی فەرماندەكانی پێشمەرگە كەوتونە مونافەسەو ململانێ لەگەڵ یەكتری و ئەمیان دەڵێت بۆ ئەو بۆی هەیە زەوی دابەش بكات بۆچی بۆمن نییە . گوایە ئەمە بۆ كەس و كاری شەهیدانی شەڕی داعشە , بەڵام زۆر دوورە لە ڕاستیەوەو ئەمە كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت . بیر لەوە بكەنەوە كە بەبێ ئاگاداری شارەوانی ئەم زەویانە ئیفڕاز دەكەن ، چۆن شوێنی قوتابخانەوباخچەو خەستەخانەو پانی شەقامەكان دیاری دەكەن . ئایا ئەمانەش نابنە گوند لە ناوەڕاستی شاردا .
لەم ڕۆژانەشەدا لە دەروازەی ڕاپەڕێن گردبونەوەیەك ئەنجام دراو بە ئاشكرا داوا لەحكومەت و پەڕلەمان دەكەن فریای دەڤەری ڕاپەڕین و دەشتی بیتوێن بكەن چونكە هەرچی بەرپرس هەیە خەریكی داگیر كردنی موڵكی گشتییە . گومانی تێدا نییە ئەم دیاردەیە لە سنووری پارتی دوو ئەوەندەی ئەم سنورەیە .
بە ئاشكرا دەست درێژی كراوەتە سەر مڵك و ماڵی مەسیحیەكانیش و ئەوانیش بارەیان لی َ هەستاوە . دیاردەكە بەردەوام لە گەشە سەندندایە چونكە دیاردەی دەست بەسەراگرتنی موڵكی گشتی لە كەسە یەكەمەكانی ئەم وڵاتەوە دەستی پێكردوە . سەیری مسعود بارزانی و نیچیری برازایی و مامجەلال و دارودەستەكەیان بكەن و بزانن چ كارەساتێكیان بەسەر ئەم وڵاتەدا هێناوەو چەند هەزار دۆنم زەوییان بۆ خۆیان داگیر كردوە .
داوا لە هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەم كە لەسەرەوە ناوم هێناون هەتا زوە بەپیر ئەم فەزیحەیەوە بچن و لێكۆَلێنەوەو بە دواداچون بكەن پێش ئەوەی كارەساتێكی وەكو زانای قایمقام دوو بارە ببێتەوە . دڵنیان هەر لەناو ئەوانەدا كێشە دروست دەبێت كە خەریكی دابەشكردنی زەویەكانن . بە دوادا چون بكەن بزانن كێن ئەوانەی ئەم كارانە دەكەن و لە حكومەت گەورەترن . بۆ ئەوەی چیتر شكۆی حكومەت ڕیسواتر و سوكتر نەبێت .
ماوەتەوە ئەوەی ڕو بكەمە جەنابی پارێزگارو لێی بپرسم : جەنابتان كەسی یەكەمی ئەم پارێزگایەن ئایا ئاگاداری ئەم ڕوداوانە نێت ، یان ناوێرێت قسە بكەی ؟ ئەگەر ئاگاداری بۆچی ڕێگا دەدەی ئەو سەرپێچیانە بكرێت؟ ئەگەر ئاگاداری و ناتوانی قسە بكەیت ، باشتر وایە بچیتە ماڵەوەو ڕێز لە كەسایەتی خۆت بگرێت . ئەم قسەیەم بۆ جەنابی پارێزگار بەو مانایە نییە كە بڵێم بی َتوانایە یان پیاوێكی دەست پاك نییە . بەڕاستی نمونەیە لە چاكیدا .
بەڵام لە پارێزگای سلێمانی ئەگەر پارێزگار لەسەر پشكی یەكێتی نەبێـت ، هەر رۆِڵی پێشوازی كردنی دەبێت و شێریش بێت هیچی پێناكرێت . پارێزگار بیت و نەتوانی ڕێگری لەكردنەوەی بەنزینخانەیەك بكەی لە شێوێنێكی نەگونجاو بە هۆی ئەوەی بەر پرسێكی حیزبی لەپشتەوەیە ، ئەوپۆستە چ بایەخێكی هەیە . بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ئەوە ساڵێكە خۆتان و ئێمەشتان سەر قاڵ كردوە گوایە پرۆژەی لامەركەزیتان بۆ پارێزگاكان ئامادە كردوەو دەتانەوێت دەسەڵاتی زیاترتان هەبێت .
باشە ئێستا كێ ڕێگای لە ئێوە گرتوە چاوپۆشی لەو هەموو سەرپێچیانە بكەن ؟؟ باشە لە هەولێرەوە فەرمانتان پێ كراوە ئێوە لەم شتانە نەپێچنەوە ؟ ئەگەر وایە قسەیەكم نییە . ئەگەر وانیەو دەستان كراوەیە بۆچی بێدنگن ؟ ئایا ناوێرن قسە بكەن ؟ خۆ ئەگەر لامەركەزیش بەدەست بهێنن هەر ئەوانەی ئێستا بە كەڵەگایی ئەم سەرپێچیانە دەكەن ،حاكمی ئەم شارە دەبن . ئەی ئەوكات چی دەكەن و چی دەڵێن؟؟؟ . وابزانم هیچتان پێ ناكرێت و بەم سیناریۆیە دەتانەوێت خۆڵ بكەنە چاومان وپێمان بڵێن ئێمە دەستمان بەستراوەو ئەگینا هەموو شتێكمان پی َدەكرێت .
دەڵێن لە شاری سلێمانی فەرمانگەی داواكاری گشتی و داواكاری گشتی هەیە . نازانم ئەوە ڕاستە یان درۆیە چونكە تا ئێستا هیچیان نەكردوە . ئەگەر بڵێن كەس لە هیچ ئاگادارمان ناكات ، فەرمون ئەمە هەیە و وەكو دەڵێن ئەمەش ئیشی ئەوانە . با بەفەرمون بەدوادا چون بكەن .
پرسیارێكیشم لەبەڕێزان بەرپرسی هێزەكانی 70 و وەزیری پێشمەرگە هەیە ئایا ئاگاداری ئەم تەخشان وپەخشانی زەویانەن لە لایەن فەرماندە سەربازیەكانیانەوە ؟ حەق وایە ئەوانیش بێنە دەنگو قسەیەكیان هەبێت هیچ نەبێ بۆ ئەوەی وەڵامێكیان هەبێت و ڕاستییەكان بۆ هاولاِتیان رون بكەنەوە و كێ ناڵێت ئەم قسەو باسانە دوورن لە ڕاستییەوەو دروست كراونین .
وەكو هەمومان دەزانین سەرۆكی شارەوانی بەرپرسی كاری دابەشكردنی زەوی وزارە بە هەما هەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی تر . نازانم ئاگاداری ئەم فەزیحەیە نییە ، یان ئاگادارەو چاوپۆشی لێ دەكات ، یان ناوێرێ قسە بكات ؟ یان لەبەر ئەوەی حیزب دایناوە ، چی پێ بڵێن ئەوە دەكات ؟ چۆن پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بە هیچ لایەنێك نادات ، بە هەمان شێوەش یەكێتی پۆستی شارەوانیەكان بە تایبەتی شارەوانی سلێمانی بەكەس نادات و ئامادەشە بە پۆستی پارێزگار بیگۆڕێتەوە چونكە نان لە زەوی زاردایە نەك پۆستی پارێزگاری بێدەسەڵات .
تكایە وەڵامێكی خەڵك بدەرەوەو بۆئەوەی بزانین كاری جەنابتان چییەو با بە خۆڕایی تۆمەتبار نەكرێی . حەق وایە سەرۆكی شارەوانی لەسەر ئەمە بێتە دەنگ نەك خەریكی دانانی كۆمپانیای قەبر هەڵكەندن بێت و خەڵكی پی َدەوڵەمەند بكات . حاڵی خەڵك زۆر جوانە، ماوەتەوە ئەوەی ئەركی خاوەن مردوكانیش قورستر بكەی . هیوادارم جەنابی وەزیری شارەوانیش بێتە سەرخەت و قسەی خۆی هەبێت . خۆ ئەگەر بڵێت ئێمە حكومەتێكی دوو ئیدارەییمان هەیەو ئەوەی لە سلێمانی ەگوزەرێ ، پەیوەندی بە منەوە نییە ، ئێمەش قسەیەكمان نابێت .
ئێستاش كاتی ئەوەیە ئەنجومەنی وەزیرانیش قسەیەكیان هەبێت و بەدوادا چون بۆ ئەم كارەو ئەوانەشی لەم شێوەیە لە هەوڵیر و دهۆكیش هەیە . خۆ ئەگەر حسابی دوو ئیدارەیش بكرێت ئەوە ئەركی جەنابی كاك قوبادە بە پیر ئەم كێشەیەوە بچێت و تازوە ڕێگری بكات لە داگیر كردن و بە تاڵان بردنی موڵكی گشتی . ئەوەی ئەم كارانە دەكەن سەر بە حیزبەكەی و بنەماڵەكەی خۆنی . بۆیە زۆرترین بەرپرسیاریەت دەكەوێتە سەرشانی بەڕێزیان .
لە ناچاریدا دەبێ باسێكی پەڕلەمانیش بكەم هەرچەندە ئەندامانی پەڕلەمانی ئەم خولە بە تایبەتی ئەوانەی حیزبەكانیان بەشداری دەسەڵاتن ، بە تەواوی خۆیان ساخ كردۆتەوە كە نوێنەری حیزبەكانی خۆیانن ، نەك میللەت . بەو بۆنەیەوە قسەیەكی ونستۆن چەرچڵتان وەبیر دێنمەوە كە وتویەتی :
ئەگەر ویستان هەر میللەتێك وەك خۆی بناسن ، سەیری ئەندام پەڕلەمانەكانی بكەن و بزانن شایانی گوڵ باران كردنن یان پێڵاو تێگرتن . ئایا ئەندامانی پەرلەمانی ئێمە شایانی كامیانن ؟؟ وەڵامەكەی بۆ ئێوەی بەڕێَز جێ دێڵم . وڵاتی سەنیگال پەڕلەمانێكی وەكو پەڕلەمانی ئێمەی هەبوو . سەرۆكی وڵات بڕیاری حەل كردنی پەڕلەمانی دا . لێیان پرسی بۆچی ئەم بڕیارەت دا ؟؟.
لە وەڵاما وتی : ئەو پارەیەی لە پەڕلەمانێكی ئاوا بێ كەڵكدا خەرج دەكرێت ، باشتر نییە بە پارەكەی یەكەیەكی بەرهەم هێنانی كارەبای بۆ هاولاتیان پی َدروست بكرێت . هەمومان زۆر باش دەزانین پەڕلەمانەكەی ئێمە لە پەڕلەمانەكەی سەنیگال زۆربێ كەڵك ترە ، خۆزگەی كەسێك دەبوو ئەو بڕیارەشی بۆ پەڕلەمانەكەی ئێمەش دەر بكردایەو یەك دوو سەعاتێك كارەبای نیشتمانی زیادی بكردایە . ئەم خولەی پەڕلەمانی كوردستان بێ كەڵكترین خولی پەڕلەمانە لەسەر گۆی زەوی .
بەڕاستی ئابڕوی ناوی پەڕلەمانیان بردوە . ئاوی خواردنەوەیان پێ حەرامە نەك موچە . لە بری ئەوەی سەرۆكی پەڕلەمان و دەستەی بەناو سەرۆكایەتی پەڕلەمان هەوڵ بدەن لەسەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی تری حكومەت بپرسنەوە لەسەر ئەم كارەساتەی بەسەر ئەم میللەتەیان هێناوە . بونەتە بەرگریكاری حكومەت . سەرۆكی پەرلەمان تەرفیعی كردوە وئێستا ڕێگاش نادات ئەندام پەڕلەمانەكانیش قسە بكەن .
سەیر لەوادایە لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەڕلەمان داوا دەكەن پرسینەوە لە حكومەت بكەن ، سەرۆكی پەڕلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی دژایەتییان دەكەن ، چونكە ئەوان نوینەری هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارن نەك هاولاِتیان .
لە ڕاستیدا دەوڵەت داری ئاوا ناكرێت .حوكمڕانی لە پارێزگایەكدا بەم شێوەیە دەكرێت : هەموو بەرپرسێك كاری تایبەتی خۆی هەبیت ، بەڵام نابێـت هیچ كەسێك دەسەڵاتی هەبێت بە ویستوئارەزوی خۆی بڕیار بدات . كەسی یەكەمی پارێزگا ، پارێزگارەو دەبێ ئاگاداری هەموو بڕیارێك بێت و ڕیگاش نەدات كەس بڕیاریك بدات یان كاریك بكات زیان بە پارێزگاك بگەیەنێت . دەبێ پلان هەبێت بۆئیدارەكردن و بەڕێوەبردنی شارەكان و دەبێ بە هەما هەنگی وئاگاداری یەكتری كارەكان بكرێت . بەڵام لە ئێستادا هەموو شتێك لە گرێژەنە چوەو كەس لە كەسەو هەر بەرپرسەو چۆنی بوێت و دەسكەوتی چۆن بێت ئاوا دەكات .
ئەگەر پارێزگاریش لە حیزبی دەسەڵات نەبێ ، هیچی بۆ ناكرێت . تا ئێستا پارێزگاری سلێمانی لە خانوی حكومەتدا نییەو لە ماڵی باوكیدایە و خانوی پارێزگار لە لایەن بەرپرسی حیزبەوە داگیر كراوە . كەواتە زۆر زەحمەتە بەم پاشا گەردانیە بتوانرێت ئەم هەرێمە بەڕێوە ببرێت . دواجار ئەوەی زەرەر مەندی یەكەمە ، هاولاِتیانن . ماوەتە سەر ئەوەی تا كەی هاولاِتیان ئەم سوكایەتی و غەدر لێكردنەی دەسەڵاتی گەندەل َكارانیان قبوڵە ؟؟ كات درەنگەو هیوادارم غیرەتیان بجوڵێت .