هاتنی كازمی بۆ هەریمی كوردستان، روداویكی گەورەنیە
2020-09-13 09:31:41
دكتۆر بكر صدیق
كێشە هەلواسراوەكانی نیوان هەولێرو بەغدا تارادەیەكی زۆر بەودەسەلاتەی سەرەك وەزیران لە عیراقدا هەیەتی، بەردەوام لەژێر رەحمەتی دەسەلاتی سەرەك وەزیرانی عیراقی ئیتیحادیدا توشی چەقبەستن و هەلواسران هاتون . چونكە سەرەك وەزیر لە عیراقدا لە سەر ئاستی حكومەتی ئیتیحادی خاوەنی دەسەلاتی بریاری سیاسی و دارایی و كارگێریە. ئەوكێشە هەلواسراوانەش چ ئەوەی پەیوەستە بە مادەی 140 و چە ئەوەی پەیوەستە بە شەراكەتی سیاسی و چە ئەوەی پەیوەندی بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە ، بەهۆی عینادی سەرەك وەزیرە یەك لە دوای یەكەكانەوە كە دوای پەسندی دەستوری 2005 هاتونە سەر كورسی دەسەلات ، بەردەوام قەوارەی هەرێمی كوردستانیان لەرێگەی خۆدزینەوە لە و پابەندیە دەستوریانە لە قالبی شۆڤینی خۆیان داوە ، كە خودی دەستوری 2005 دەرهەق بە مافە سیاسی و ئەرزی و داراییەكانی هەریمی كوردستان بەسەر سەرەك وەزیرانیدا دەسەپێنێت .
هەمیشەش كورد یان سونە كۆششی سیاسی و پەرلەمانی ئەوە دەكەن كە سەرەك وەزیران لەو كەسانەبێت كە پابەندیەدەستوریەكانی ئەو دوپێكهاتەیە وەك خۆی جێبەجێبكات . لە ئێستادا كە كازمی هاتوەتە سەر تەختی شانۆی سیاسی عیراق ، كە یەكێكە لەو پیاوە سیاسیانەی زۆرترین تێگەیشتنی بۆ كێشەی كورد هەیە و پتر گوێلەمستی ئەمریكایە تا ئیران و توركیا ، لە ناو سیاسیە كانی هەموو پێكهاتەكانی عیراقیشدا بەتین ترین پەیوەندی لەگەل سەرەك كۆمار هەیەو وەك راگەیاندنەكان باس دەكەن بە نەخشەی سەرۆك كۆمار بوەتە سەرەك وەزیر . كەوابێ زۆرترین بوار بۆ ئەو سەرەك وەزیرە رەخساوە تا بەرامبەر هەریم پابەندێتیە دەستوریەكان جێبەجێبكات .
هاتنی كازمی بۆ هەرێم دەبوو بۆ راگەیاندنی مژدەی دەركردن یان كاركردن بێت بۆ كرانەوەی عیراقی سایەیكازمی -وەك بژاردە سیاسیەكەی سەرەك كۆمار – دەرهەق بە كێشەو پرسە هەڵواسراوە دەستوریەكانی نیوان هەولێرو بەغدا . بەلام كازمی هیچ هەنگاوێكی كردەیی یان ئیمزایەكی لەكوردستان و لە مێرگەپانەكەی سەرەك كۆمار فرێنەدا .
كەواتە حەقمانە هاتنی كازمی وەك كاراكتەری نەخشەی ئەو سیاسیانە لێكبدەینەوە كە بیانەوێ لەدەروازەی كازمی و گەندەلیەسیاسی و دارایی و كارگێریەكانی سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە ، بازارێكی سیاسی بۆخۆیان گەرمبكەنەوەو خۆیان وەك مەرجەعی هەموو سەركردەی حیزبەكانی سلێمانی لەبەردەم كازمی و رای گشتی عیراق و كوردستاندا نمایش بكەن . پێدەچێت بەدیقەتەوە نەخشەو پلانی ئەو سەفەرەی كازمی دارێژرابێت ، هەربۆیە پێدەچێت پێی وترابێت لە پێشەوە برۆهەولیرو سێ مەرجەعەكەی هەولێر ببینە بۆ پیشاندانی دۆستایەتی لەگەلیاندا و ئنجا بچۆرە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تا بۆ رای گشتی عەرەبی شیعە و جەماوەرو سەركردایەتی یەكێتیش بلێی تەلیسمی رەمزو سەرچاوەی داهاتی زۆنەكەی پارتی لەمەودوا لەژێر رەحمەتی بەغدادایەو پارتی لەبەر چاوی ئەوانە بەبچوكی پیشان بدات .
لەملاشەوە ویستراوە پیشانی كازمی و رای گشتی عیراق بدرێ كە تەنها مێرگەپان ناوەندی بریاری زۆنی سەوزە .
لەولاشەوە ویستراوە بە پارتی بوترێ كە مێرگەپان دان دەنێ بەمەرجەعیەتی سەری رەشدا ، بەلام زۆنی سەوز لەمەودوا میرگەپانە ، نەقەلاچوالان و دەباشان . ئەگەر ئەوە نیازو مەرامی سیاسی هێنانی كازمی نەبێت ، ئایا نەدەكرا ئەو لیدوانانەی كازمی لە كۆشكی كومار و لە ناوچەی سەوز درابان ؟! لەكاتێكدا هیچ كام لە وتەو هەلوێستەكانی كازمی لە هیچكام لە بریاری سیاسی و ئیداری و داراییدا بەرجەستە نەبون ! بۆیە بەرای ئێمە تاكە سودمەنی بنەرەتی لە هاتنی كازمی بۆ هەرێم تەنها بەقازانجی مێرگەپانە بۆ ئەوەی دەروازەیەكی جەماوەری لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراقدا بدۆزیتەوە تالە ناو كۆشكی كوماردا جارێكی تر چانسی مانەوەی بۆ بمێنێتەوە لەسەر حیسابی كازمی و دەستەوستانی حكومەتی هەرێم لەئاستی قەیرانە داراییە جەرگبرەكەدا و هیچیتر .