ئایا کورد، راسیست و فاشیست نییە؟
2020-09-12 10:55:04
كامیار سابیر
کە دەگوترێ کورد، مەبەست لە هەموو میللەتی کورد نییە، بەڵکو مەبەست لە نوخبە حیزبیی، سیاسیی و رۆشنبییرییەکانی کوردە کە تێڕوانیینیان بۆ عێراق و بۆ عەرەب ( بە شیعە و سوننەوە) چەند راسیستیی و فاشییانەیە!؟
کاظمیی کە خەڵکی کوردستانی عێراق، پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکەن، بە تەنیا نیشانەی فەشەلی پارتیی، یەکێتیی، گۆڕان، یەکگرتوو، حشك، حسک، چەپ، راست، نەتەوەیی، ئیسلامیی...تاد نییە، بەڵکو فەشەلی سەرجەم سیستەم و کەینونەی کوردایەتیی و قەوارەکەیانە( هەرێم)، فەشەلی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە، بەڵام رەخنەگرتن لەم پێشوازییکردنە، یان کەمکردنەوە و لاقرتێکردن بەم پێشوازییە، بۆ دەبێ لە روئییەی راسیستانە و روئیای فاشییانە و نەهجی ناعەقڵانییبوونی نەژادییەوە بێت؟
سەرۆک وەزیرانی عێراق، جارێ هێشتا مەعلوم نییە چیی پێ دەکرێ و چیی پێ ناکرێ! ناشکرێ هیوای لەسەر هەڵبچنرێ و بە فریادڕەس بزانرێ، بەڵام ناشکرێ ئیدانەی ئەو جەماوەرە زۆرە بکەیت کە بە رزگاربەخشی دەزانن! خەڵک ژیان و کەرامەتی ئینسانیی دەوێت، فشەی نەتەوەیی و درۆی نەژادیی و مورتەزیقەی ئیقلیمیی ناوێت. وێڕای ئەوەی پیاوێکی موخابەراتییە و دەیەوێ باڵانسی نێوان ئێران و ئەمێریکا رابگرێت، بەڵام دیدی سیاسیی بۆ قەضییەی کورد، لە زۆربەی هەرە زۆری سیاسییەکانی کورد، لە نوخبەکانی کورد و حیزبەکانی کوردایەتیی، باشتر نەبێت، خراپتر نییە.
هەندێک دەڵێن بۆ شۆ و نماییشی سیاسیی هاتووە، هەندێک دەڵێن بۆ رێککەوتن هاتووە لەگەڵ دزە گەورەکانی کوردایەتیی، هەندێکی تریش دەڵێن هیچ نییە و هەمووی فشەی مێدیایە و تەنیا پرۆتۆکۆلیی و خۆناساندن بووە... ئەمانە هەموویان ئاسایین، بەڵام ئەوەی نائاساییە کە ئەم قسانە هەرچۆنێک دەکەن، ناتوانن زووخاوە راسیزمەکەی ناو هەناویان بشارنەوە، ناتوانن فاشیزمە نەژادییەکەی ناو ئیستیحماری کوردایەتییەکەیان، بەیان نەکەن. هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە کە کاظمیی بە نەژاد عەرەبە و بە دیینیش سەر بە طائیفەی شیعەیە و خۆیشی بە عێراقیی دەزانێت و فەضڵی وەطەنییەت و عێراقییبوون بەسەر ئایدیۆلۆژیای قەومییەت و عیرقییەت و طائیفییەتدا، دەدات.
پەیامی ئەم جۆرە نوخبە سیاسیی و رۆشنبیرییەی کورد، ئەم گرووپانە لە مێدیاکاران و چالاکوانان، رێک ئەوەیە کە قەیناکا ئەمانەی خۆمان! دزیی و تاڵانییش دەکەن، بەس نییە کوردن، ئەمان سووکایەتییمان پێ دەکەن و نیشتمان دەفرۆشن و مورتەزیقەی موخابەراتی وڵاتانی ئیقلیمیین هەر قەیناکە، چونکە کوردن و بە کوردیی تەعدا لە خەڵک دەکەن و بە کوردیی کەرامەتی ئینسانی کورد دەشکێنن، بەڵام کاظمیی چونکە عەرەبە و چونکە شیعەیە و چونکە عێراقییە، ئەوە نیشانەی زەلیلیی و ریسواییە بۆ کورد، پەنای بۆ بەرن!
رەخنەی من لە کاظمیی ئەوەیە کە لەگەڵ کۆمەڵێ سیاسیی کوردد رێکە کە تا بیینەقاقایان لە گەندەڵیی و لە دزییدا نوقم بووە، خۆیان هیچ ئیعتیبارێکی سیاسییان نییە و دەیانەوێ لە رێگەی کاظمییەوە، ببنەوە بە رەقەم و لە ئاییندەدا، پۆستی باڵا لە بەغداد، وەرگرنەوە. مەترسیی هەرە گەورەش لە کاظمیی ئەوەیە کە مل بۆ میلیشیاکانی کوردایەتیی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی بدات و سەرەنجام لەگەڵ دوو طائیفییتریین پیاوی عێراقدا( مالیکیی و بارزانیی) خۆی بگونجێنێتەوە؟ رەخنەی من لە خۆمانە، لەو هەزاران گەنجەیە کە برغوویان بەم سیستەمە چەتەگەرییە ئابوورییەوە نەهێشتووە، لە باری سیاسیی و فیکریی و ئەخلاقییەوە، حەشریان پێی کردووە، کەچیی بەهۆی نا مونەظەمییەوە، ئەوەتا کۆمەڵێ سیاسیی فاشیل و فاسید ، دز و جەبان، دەیانەوێ بەرهەمی ئەو دەیان ساڵە لە رەخنەگرتن و کوتانەوەی فاشیزمی کوردایەتیی، بچننەوە!
سەرەنجام، بەشێکی زۆری ئەو رەخنانەی لە کاظمیی دەگییرێت، بە هۆی عوقدەی عیرقیی، طائیفیی( کوردایەتیی سوننیی) و حەماقەتی قەومییبوونەوەیەوە، دەی بەڕاستیی ئەم جۆرە رەخنانە، ئەم جۆرە دەردەدڵییانە، فاشیزمی کوردیی و راسیزمی کوردیی و طائیفییەتی کوردیی نەبن، ئەی چیین؟ ئەم جارەش وەکو سەردەمی ریفراندۆمەکە، جەوهەری زۆر حیزب، نووسەر، رۆشنبییر، سیاسیی، چالاکوان و ژۆرناڵیستی کورد کەشف بوون کە لە ناخەوە، فاشیزم و راسیزم و نەژادپەرستیی، چۆن دایڕزاندوون؟ چەند ماکیاژیشی بکەن، لە دوو پێچی ئاوهادا، جەوهەریان، حەقیقەتیان، فیکر و مەعریفەی سیاسییان، ناتوانن تا سەر بشارنەوە.