Draw Media

دیوێکی تری کازمی لە کوردستان 

دیوێکی تری کازمی لە کوردستان 

2020-09-11 18:10:13


سیروان گەردی

ئەوەی تۆزێک ئازاری چەشت بێت بە دەست دەسەڵاتدارانی عێراق ، هیچ رۆژێک چاوەڕێ ئاو لە بیابانی عەرعەر و پێدانی گوڵ لە زیندانی ئەبوغرێب ناکات.

سیاسی هەڵتۆقیو بەو کەسانە دەوترێت کە لە پڕ خۆیان دەکەن بەناو سیاسەت و بە رێگای میدیا و هەندێ خەڵکی بەرژەوەند خواز وەک باڵۆن پڕ دەکرێن و ئەیانەوی رووناکی لە ئاسمان ببینین !

لە دوای رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر دۆخی کوردستان بەرەوو قۆناخێکی دژوار و ناجێگیر لە رووی " سیاسی ، ئابوری " هەنگاوەکانی دەست پێکرد و تا ئێستاش لەنگەری نەگرتۆتەوە ، ئاسانیش نیە وا بە ئاسانی بکەوێتەوە سەرخۆی دوای ئەو شەقەی بەریکەوت و بە دەستی خۆشی هێزی شەقەکەی زیاد کرد و دەمێکی باش بورایەوە ، هەر دوای بورانەوەکەشی دەست و قاچیان بەست !

دابەش بوونی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بەرە وایکردووە بەرژەوەندییەکانی هەرێم لە یەک بابەت کۆ بکرێتەوە ئەویش تەنها مووچەیە ، کە مافێکی ڕەوای خەڵکە دەبوایە و دەبێت شتی ترمان بکردبایە قوربانی وەک چۆن پێغەمبەر ابراهیم بۆ رزگارکردنی اسماعیلی کوری "سەلامی خوایان لەسەر بێت" فەرمووی خوا ئەمری پێکردووم بە قوربانی کردن بە بەرانێک لە جیاتی تۆ ئەی اسماعیل .

ئێمەش لە جیاتی ئەوەی هەیە و نیمانە بیکەینە قوربانی سێ سەد ملیارێک کە دیاریش نیە دەنێرن یان نا ، حزبەکان سەرووەت و کۆمپانیاکانیان بکردبایە قوربانی ئەو کات خەڵک گەر دڵنیابە خۆی و خانەوادەیەکی بەرپرس و بازرگان جیاوازێکی زۆر لە ژیانیان نیە ئەوە داوایە ڕەوایەکان بەردەوام نەدەبوون لە دۆخەکە دروستتر تێدەگەیشتن ، واز لەو قورمیشکراوانەی شەقام بێنن کە نان و ژیانیان بە هۆی دژایەتی حکومەتی کوردستانە ، بەڵام بەداخەوە ئەم کاریگەرە نەرێنیەمان لە چینی خوا پێداو نا ، بەڵکو چینی خوار بردراو نەبینی بگرە ئەوان زیاتر کەوتنە خۆدەوڵەمەندکردن !

رێکەوتن لە پێناو چی ؟ 

جیا لە هەموو بیرکردنەوەکان رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە دۆخێکی ئیجباری دەزانم لە لایەن هەرێمەوە کە بەدڵی نیە بەڵام ناچارە ، بۆیە لە کاتی ناچاریش دەبێت ئەو کەلەگاییەی ئێستای  عێراقمن قبوڵ بێت !

گەر نا دوای ۲۰۰۳ یەک سەرۆکوەزیرانی عێراق جورئەتی نەکردووە سەردانی مەرزەکانی هەرێم بکات و بەوپەری هێزەوە "کە بەتاڵە" نمایشی عێراقی بوون هەرێمی کوردستان لێبدات ، بۆیە دڵنیاشم فشاری هاوڵاتیانی مووچەخۆر هەرێمی ناچارکرد لە دەوڵەتی دیفاکتۆوە بگۆڕین بۆ هەرێمی کۆماری عێراق.

دەنگێک هەیە کە پێیان وایە رێکەوتنی هەولێر و بەغدا لەگەڵ حکومەتی کاتی مستەفا کازمی نەکرێت چاوەڕێ هەڵبژاردنی عێراق بین ، بەڵام ئەمەش هەرێمی کوردستانی توشی کۆمەلێک ئاڵنگاری دەکات :

٭لە دابینکردنی مووچەی هاوڵاتیان .
٭لە ئەنجامی پاڵپشتیەکانی نێودەوڵەتی لە کازمی . 
٭دۆخی خراپتربوونی نێوان پارتی و یەکێتی لەوەی هەیە هەڵکشێت.

بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت لە نمایشە جوانەکانی کازمی ئەوەیە ئەو هیچی نیە لە دەستی بدات ، ئەوەی پێشی گەیشتووە لە تەوەقع نەبووە ، بۆیە نمایشێکی سیاسی و سەرباز و دەولی وا دەکات کە سەرنجی نەک خەڵکی سادە بگرە لە ئاستی هەندێ سەرکردە سیاسیەکانی کوردیشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە وەک فریادڕەس دەبینین ، کەئەمەش وا دەکات هەستی نەتەوایەتی و بەرگە گرتنی ئەو میللەتە لە رژێمەکانی عێراق تا ئێستا بە با بدەین و نەوەی داهاتووش فێر دەکرێت مووچە و ژیانی پێش کەرامەت و خاک و نیشتیمان بێت .

بۆیە واینابینم ئەو دیدارنەی کازمی لە هەولێر کە لە وێنەکان دەبینران لە دڵەوەش وا بێت ، چونکە لە پەیوەندی نێودەوڵەتی بەو دیدارانه دەوترێت ناچاری و چوونە ژێر باری داخوازی لە پێناو خواستی هاوڵاتیان کە لە ئێستادا مووچەیە ، لە سەدا حەڤدە پاشەکشەمان کرد بۆ سێ سەد ملیار کە ئەمە خواستی هیچ تاکێکی هۆشیاری کوردستان نیە ، بەڵام هەموو ئەوانە پێمان دەلێت نەبوونی متمانە لە هەرێمی کوردستان لە نێوان خەڵک و دەسەڵات ، پارتە سیاسیەکان ئێمەی گەیاند بەو دۆخە کە هیچ دڵسۆزێک دڵی پێخۆش نیە.

بۆیە پێش بەهێزکردنی ئابوری و ئاشتەوایی سیاسی لە کوردستان پێویستە متمانە و خۆشەویستی بونیاد بنێنەوە لە جیاتی شەڕی تیکتۆک بگەڕێنەوە بۆ وانە "هەرەووزی " .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand