کازمی بۆ هاتە کوردستان..؟
2020-09-11 17:57:00
سەهین موفتی
- ئامانجی سەرەکی هاتن
تا ئێستێ، هیچ کوتلەو گروپێکی پەرلەمانی لە عێڕاق، یا هیچ حیزبێکی گۆڕەپانی سیاسی لە پشتی مستەفا کازمی نییە، ئەوەی هەیە، نمایش و جم و جۆڵی مێدیاو چەند کەسایەتییەکی سیاسین هەوڵی کاریزمایی ناوبراو نیشاندەدەن.
لە کۆبوونەوەی دەگەڵ مەسڕور بارزانی چەند تەوەرێک گفتوگۆی لەبارەکراوە، تا ئێستا هیچ راگەیانراو یا مێدیایێک باسی لێوە نەکردوون..!
لە هەموان گرنگتر، کێشەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ دەستوورو بە دیاریکراویش ماددەی سەدو چل..! پاشان بە وردی باس لە شنگال و ئاوەدانکردنەوەی ئەم دەڤەرە کراوە.
بارزانی کۆبوونەوەیەکی درێژی لەگەڵ کازمی کردووەو راشکاوانە پێی راگەیاندووە" هەر کێشەیەکی سیاسی، دەستووری، یا ناکۆکی لەنێوان هەولێرو بەغداد هەبێت، ناکرێت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ببڕدێت، وەک ئەوەی پێشتر هەبووە، پێویستە کۆتایی پێ بهێندرێت".
لە بەرامبەردا کازمی، کۆی کێشەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ کابینەکانی پێشووتری حکومەتی بەغداد، و بۆ چارەسەرکردنی مووچە، بەڵێنیداوە کە کۆتایی پێدەهێنێت..!
پرسی بوونی پەکەکە، تەوەرێکی سەرەکی دیکەی گفتووگۆ بووەو بە سەرۆکی حکومەتی کوردستانی راگەیاندووە، کە ئەم بەرامبەر تورکیا فشارێکی زۆری لەسەرەو داوای کردووە بە یەکەوە سنوور بۆ چالاکییەکانی پەکەکە دابنێن(بەغداد - هەولێر)، تا بیانووی هێرشەکانی تورکیاو بەزاندنی سنووریش لەلایەن حکومەتی ئانکەڕە کۆتایی پێ بهێندرێت.
ئامانجێکی دیکەی سەردانی کازمی، کە نەیشاردۆتەوەو داوای لە سەرکردایەتی کوردستان کردووە، پشتیوانی لێ بکەن بۆ دەرباز بوون لە هەموو ئەم دۆخە چەقبەستووە(سیاسی، ئابووری، تەندروستی، ناکۆکیی لایەنەکان)، ی دووچاری کۆی عێڕاق بۆتەوە.
ئەوەی کە لەمێدیاکاندا بە ئامانج بڵاوکرایەوە، گوایە داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی گفتووگۆی کۆبوونەوەکان دەبێت، بە پیتێک، نەک وشەیەک باسی لێوەنەکراوە.
- سەردانی کامپ، کەس و کاری ئەنفالکراوان، هەڵەبجە
لە رابردوودا، جەعفەری، مالیکی، عەبادی، عەبدولمەهدیش،هەمانشێوە لە مەڕاسیمە تایبەتییەکانی ئەم یادەوەرییە ناخۆشانەی بەسەر گەلی کوردستانداهاتووە، بەشداربووون، هەندێکجاریش وەک ئێستای کازمی تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنۆمێنتەکانی ئەنفال و کیمیاباراندا داناون، کەچی هەر ئامادەی واژۆکردنی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئەم یادە نەبوون...!
ئامانجی، سەردانیشیان بۆ ئەم شوێنانە روونە، کە دەیانەوێت وەها نیشانی دونیای دەرەوەو وڵاتانی بدەن، جیاوازی لەنێوان پێکهاتەو ئایین و نەتەوەکان ناکەن، بەڵام لە واقیعداو لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێڕاقەوە لە ژێرەدستی حیزبی بەعس، کورد لە حکومەتەکانی عێڕاقیدا تەنها وەک( تەشریفی، ناو، بوون)، بەشداربووون...!
- سەردانی کازمی لەسەر ئاستی ناوەخۆی هەرێمی کوردستان
زۆر لە مێدیا ئامانجدارە کوردەکانی خۆمان، یا چەند پەرلەمانتارێکی کوردی لە بەغداد کە دژی ئەم قەوارەو پێگەیەن کە هەیە، وەها لەبنی گوێی رای گشتی و خەڵکی سادەوساکارییان دەخوێند کە کازمی لەبۆ بچووککردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان و دانانی سنوور بۆ دەستەڵاتی کوردی، تەشریف دەهێنێت و ئیدی تەواوی ئەزموونی سیاسی کوردستان دەگەڕێنێتەوە سەر بەغداد، هێندەیان بە شان و باڵدا هەڵدا، بێ ئاگا لەوەی سەردانی کازمی لەبۆ دوو زۆنەکەی کوردستان ئۆتۆماتیکی دەرخەری دوو ئیدارەیی کوردستانە...!دەنا خۆ دەکرا هەموو هێزولایەنە سیاسییەکان لەژێر چەتری حکومەتی کوردستان یا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەگەڵ کازمی کۆ ببووبانەوە..!
نەک ئەوەی نانی بەیانی لەهەولێرو نیوەڕۆی لە مێرگەپان لەبۆ خوان بکرێت..!
یا لێی بپاڕێنەوە، تاوەکێ سەردانی گڵکۆی رەحمەتی مام بکات..!
ئاخر ئەم جوڵەیە، بۆنی دوو هەرێمی لەنێو هەرێمێکی لێ دێت.
- کڕووزانەوەی چین و تێوژەکانی کوردستان لە کازمی
وەک پێشتر، نووسیم مێدیا ئامانجدارو پەرلەمنتارەکانی بەغداد کە دژی کیانی کوردستان، (خۆماڵییەکان)، هێندەیان کازمی لە قاڵبی خۆی گەورەکرد، تا ئەو ئاستەی دایک و خوشکی ئەنفالکراوان، یا کەس و کاری قوربانییانی شنگال لە بادینان و چەند مامۆستایێک و جووتیارێک لە زۆنی سەوز بێنە بەردەمی کازمی و لێی بکڕوزێنەوەو ئەمیش بەتەنها ئەمە وەڵامی بێت" عێڕاق کێشەی ئابووری هەیە، سەبر بگرن، بۆتانی چارەسەر دەکەم"، دروستە بەشێکی زۆری ئەم کڕوزانەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردی بەرپرسانی کورد لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان و خزمەتنەکردنی هاونیشتیمانییان، بەڵام زەلیل نیشاندانی کوردیش بوو لەهەمانکاتدا لە بەرامبەر دەستەڵاتی بەغداد لە کاتێکدا، نیوەی عێڕاقییەکان لە پشتی حەمڕینەوە هەتا بەسڕەو فاو لە برسا دەمرن، بێجگە لە لاوازی بواری ئەمنی کە رۆژانە چەندان چالاکوان و بەرپرسانی سلکی ئەمنی لەوێ تیرۆر دەکرێن.
بنۆڕن، لەو گەشتیارانەی باشوورو ناوەڕاستی عێڕاق کە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بیاندوێنن، بزانن بەراوردی نێوان هەرێمی کوردستان و عێڕاق لەزاری خۆیانەوە ببیستن...!
- کۆتایی و پوختەی ئامانجی سەردانییەکەی
وەک، کازمی خۆی لە کۆبوونەوەی نێوانی و مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان رایگەیاندووە" هیچ حیزب و کوتلەیەکی پەرلەمانی، لە پشتییەوە نین" پێویستە پشتیوانی لە هەنگاوەکانم بکەن، بە ئاشکرا دیارە کە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێڕاقدا کە بەهەڵبژاردنی پێشوەختە ناوی جێگیرکرا، دەنگ بۆ خۆی کۆ بکاتەوەو بتوانێت پێگەیەکی هیچ نا مامناوەندی لەنێو سیاسی عێڕاقیدا وەدەستبهێنیت، ئەمەیش بەبێ پشتیوانی کورد ئەستەم دەبێت بۆ کازمی .
- لەکۆتاییدا، بۆچوونی من وەهایە، کازمیش هەمان ئەو رێییە دەگرێت، کە ئەمانی پێشی خۆی پێیدا تێپەڕین، چوونکێم ئەمانیش هەزاران بەڵێن و دروشمی زەقییان نەک تەنێ نیشانی کورستان، بەڵکێ عێڕاق و وڵاتانی دراوسێ و دونیاشدا کەچی هەر لەسەر وەزنی ربەی تەق تەقێ هاتن و چوون.