Draw Media

ئێمەو ئەوان، خاڵی هاوبەش ماوە لەنێوانمان ؟

ئێمەو ئەوان، خاڵی هاوبەش ماوە لەنێوانمان ؟

2020-09-11 08:07:03


ئەبو كاروان
‏‎گەلی كوردستان لەسەرەتای دابەشبوونیەوە لە بەرخوردان‌و تێكۆشاندا بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی. لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجانە دونییایەك قوربانی داوە، چ ئەوانەی لە ڕیزی حزبە سیاسییەكاندا بوونە یا چ ئەوانەی لە دەرەوەی حزبە سیاسییەكاندا خەباتیان كردوە.
حزبی شیوعی لایەنێكی كاریگەرو گرنگی ئەو بزوتنەوەیە بووە كە بۆ داكۆكیكردن لە گەلی كورد ستان‌و بەدیهێنانی مافی چارەنووس لە مەیداندا بووە. ئەو ئەركەی بە بەشێكی سەرەكی لە خەبات‌و بەرنامەی خۆی زانیوەو سەنگ‌و قورسایی خۆی هەبووە لەو بوارەدا. شاراوە نیە كە حیزبمان لە شۆڕشی ئەیلول‌و شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، بەشداری كاریگەری بووە، هەر بۆیەش لە پای ئەو بەهێزبوون‌و پێگە كاریگەرییەی، حزبە كوردستانییەكان هەوڵیان داوە دۆستایەتی‌و هاوپەیمانێتیان لەگەڵیدا هەبێت، زۆرجار ئەم هەوڵانەش بەمەبەستی سودوەرگرتن بووە لەو پێگەیەی كە حیزبمان هەیبووە، بەتایبەت لە مەحفەلە جیهانیەكاندا. بەڵام هەر ئەم حیزبانە لە بەرانبەردا بەردەوام لەپشتەوە بە شێوازی جیا جیا هەوڵیان داوە لاوازی بكەن.
حزبی شیوعی هەر لە سەرەتاوە دەركی بەو كارە قێزەونانەی ئەو حزبانە كردوە، بەڵام بەهۆی بەرژەوەندی هاوبەش كە خۆی لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا دەبینێتەوەو یەكێك لە میحوەرە سەرەكییەكانی تێكۆشانی حیزبمان بووە، بۆیە لەگەڵ بوونی چەندین ناكۆكیشدا هەرگیز كاری هاوبەشی لەگەڵ ئەو لایەنانە ڕەتنەكردۆتەوەو شانبەشانی ئەوان لە هەموو قۆناغەكانی خەباتی گەلەكەمان كاری كردوە. هاوكات حیزبمان دركی بەوە كردوە كە ساڵ بە ساڵ‌و قۆناغ بە قۆناغ ئەوان لە جەوهەری داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان دوور دەكەونەوەو شتێك لە مەنهەج‌و بەرنامەو سیاسەت‌و كاری ڕۆژانەیاندا نەماوە ناوی بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان بێت. دەسەڵات‌و كورسی‌و پلەو پۆست بووەتە كاری سەرەكییان‌و لەو پێناوەدا ڕەش‌و سپی یان تێكەڵ كردوەو بێ شەرمانە لەگەڵ سەرسەختترین دوژمنی دەوروبەر بوونەتە دۆست‌و هاوپەیمان. بە دەیان نموونەمان لە بەردەستدایە كە مێژوو سەلماندونی كە ئەو دوژمنانە چۆن دژی دروستبوونی بچوكترین كیانی كوردستانی بوونە، بۆ نمونە، لەدوای شۆڕشی چواردەی تەمووزو شۆڕشی ئەیلول‌و شۆڕشی نوێی گەلەكەمان‌و تا دەگاتە ئەزموونە سەركەوتووەكەی ڕۆژئاواو ئەو نیمچە سەربەخۆییەی باشور. ئەم سیاسەتە دوژمنكاریە تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیەو نەگۆڕاوە.
‏‎گەر بەكورتی بەمێژوودا بچینەوە باش دەزانین كە ئەمریكای زلهێزو ئێرانی سەردەمی شا، چۆن شۆڕشی ئەیلولیان شكست پێهێنا، هەر ئەو دەست تێكەڵاوكردنەی ئەو دوو لایەنە، هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ نسكۆی ئەو شۆڕشەو لەناوبردنی. ئەو نسكۆیە دونییایەك ئێمەی لە سەرانی شۆڕش دوورخستەوە. كە جێگەی ئاماژەیە كاتی خۆی حزبی شیوعی لە مەترسییەكانی ئەو هەنگاوانە بەر پرسانی شۆڕشی ئاگاداری كرد بووەوە.
‏‎لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، حزبی شیوعی هەوڵی بێوچانی دا بۆ دروستكردنی بەرەییەكی نیشتمانی‌و دژی شەڕی براكوژی وەستایەوەو لە مەترسییەكانی هەموو لایەكی ئاگادار كردەوە، بەڵام پێشنیارو داخوازییەكانی حزبیان بەهەند وەرنەگرت‌و ئەوەندە ئاڵۆزیان كرد تا حزبی شیوعیش بووە بەشێك لەو شەڕە كە دوور لە خواستی خۆی بوو، هۆكارەكەیشی دیارو لەبەرچاو بوو، لە لایەكەوە واقعەكەو سلوكی حزبە بەشەڕهاتووەكان ئەو هەنگاوەی فەرز كرد، لە لایەكی ترەوە كاریگەری هەندێ لایەنی دەرەكی لەسەر بەشێك لە سەركردەكان ئەو تێوەگلانەی دروستكرد.
‏‎كارێكی تر كە دووری خستینەوە لەو حزبانە، هاوكاری كردنیان بوو لەگەڵ پاسداری ئێران‌و بوونیان بە كەواسوری بەر لەشكر، نمونەی لە گردەمەندەوە تا داگیركردنی هەڵەبجەو هێرشی هاوبەشیان بۆ سەر بیرە نەوتەكانی كەركوك‌و كارگەی ڕستن‌و چنین لە كفری‌و تەقینەوەی پردی ناساڵح... هتد.
‏‎هەموو ئەمانە زیانی مەزنی گەیاندە گەلەكەمان‌و توشی كارەساتی كردین، كە تێكڕای ئەم كردەوانە بە پێچەوانەی هەڵوێستی حزبی شیوعییەوە بوون، كە حیزبمان چەندین جار لە مەترسییەكانی ئەو كردەوانە ئاگاداری ئەو حزبانەیان كردبوەوە. ئەم هەڵوێستە نانیشتیمانی و دژ بەبەرژەوەندی گەلەگەمان كە پێچەوانەی سیاسەتی مەبدەئیانەی ئێمەبوون، حیزبمانی پتر لەو لەو حزبانە دوور خستەوە، چونكە ئێمە بەتەواوەتی دژی دەستێكەڵكردن لەگەڵ ئێران‌و ئەو سیاسەتە چەوتانە بووین.
‏‎لە دوای ئەنفال شەقی زەمانە لە مانگی پێنجی هەشتاو هەشت بەرەی كوردستانی بۆ دروستكردین‌و ڕیزەكانی حزبەكانی یەكخست‌و بووە هەوێنی سەركەوتنی ڕاپەڕینی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردن‌و دروستبونی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم، كە بەداخەوە یەكێتی‌و پارتی بە تزویرو ساختەكاری خۆیان سەپاندو پاشانیش هەرچی كەرەستەی خزمەتگوزاری یە ئاودیوی وڵاتانی دراوسێ یان كرد، كە ئەمەش دووربوو لە خواست‌و ئیرادەی گەلی كوردستان‌و حزبی شیوعییمان، كە دیسان ئەم كارە قێزەوەن‌و تاڵانكاریەیان گاوخانێك دووری خستینەوە لە یەكتر.
‏‎بەڵێ دوای دامەزراندنی یەكەم كابینەی حكومەت‌و پەرلەمان بەشێوەی فیفتی فیفتی‌و دابەشكردنی پلەو پۆست لە سەرەوە بۆ خوارەوە، هەر بەهەمان شێوە، دونییایەك ناڕەزایەتیمان دەربڕی‌و بەكردەوەش بەپاڵپشتی نووسەران‌و ڕۆشنبیران‌و جەماوەری دڵسۆزی گەلەكەمان دژیان وەستاینەوە. مەخابن ئەنجامی ئەو سیاسەتە وێرانكاریە، قۆناغێكی تری شەڕی براكوژی‌و دەست تێكەڵكردن بوو لە گەل دەوڵەتانی ئەقلیمی‌و هێنانی سوپای سەدامی خوێنڕێژ بوو بۆ هەولێر لەلایەن یەكێك لە شەڕخوازەكان دژ بە لایەنەكەی تر.
‏‎ئێمە لە حزبی شیوعی كوردستان ئەڵقەی ناوەندی لە سیاسەتمان ئاشتی‌و ئاشتبونەوە لە كوردستان‌و پارێزگاریكردن لەم كیانەی هەرێم بووە، و تائێستاش لەسەر هەمان هەڵوێست بەردەوامین. كەچی ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم بە بەرنامە سووربوون لە وێرانكردنی ئەم هەرێمە، كە ئەمەش بەپێچەوانەی دروشم‌و پرۆژەكانی حزبمان‌و دژی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بوون. ئەم جووت حیزبە قۆرخكارە، تاكو ئێستا بەردەوامن لە بەحزبیكردنی سەرجەم دامودەزگاكانی حكومی‌و غێر حكومی، ئەمانە تاكو ئێستا دوو ئیدارەو دوو هێزی پێشمەرگەو دوو ئاسایش و.... هتدن. كە پێچەوانەی خواست‌و بەرنامەو دروشمەكانی ئێمەیە، ئەوان یاسا پێشێل دەكەن‌و ئەو یاسایانەی پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانیانە جێبەجێی ناكەن، ئەوان كۆمپانیاو گیرفانی خۆیان بەهێز دەكەن‌و مووچەی مووچەخۆران خەرج ناكەن، ئەوان بەردەوامن لە بەتایبەتكردنی كردنی كەرتی گشتی‌و هەڕاجكردنی دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان، ئەوان بەردەوامن لە بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان‌و دژی مافەكانی مرۆڤن، ئەوان بەردەوامن لە برسیكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و كەمكردنەوەی داهاتی تاك‌و فراوانكردنی بێكاری، ئەوان لەژێر ناوی چاكسازی خەڵكی فریوو دەدەن، ئەوان حوكمڕانییەك دەكەن كە لە دونیادا نموونەی نەبووەو نییە. بۆیە دەبینین لە ئێستادا خاڵی هاوبەش لە نێوانماندا نەماوە، ئیدی گرنگەو زۆریش پێویستە گۆڕانكاری لەكارو سیاسەت‌و دروشمەكانماندا بكەین، سەرپەرشتی خۆپێشاندان‌و ناڕەزایەتییەكانی جەماوەر بكەین، بەڵێ كاتی ئەوە هاتووە داوای پێداچوونەوە بكەین لە هەڵوێست‌و پەیوەندیەكانماندا بەرامبەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەكان .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand