دوژمنەكەی كورد لە كۆشكەكەی بارزانیدا چی دەكات؟
2020-09-10 16:17:19
هێمن باقر
دۆاجار وەك نوسەرە پرۆپارتیەكان دەیانوت"كازمۆك" گەیشتە هەولێر و لە فڕۆكەخانەوە تا كۆشكەكەی بارزانی پێشوازی شاهانەی لێكرا.
مەسرور بارزانی لە پشتی لاپتۆپەكەیەوە هاتەدەر و بەپێی خۆی تا بەردەم فڕۆكەكەی كازمی چوو. مەسعود بارزانی باوكیشی تا بەردەرگای كۆشكەكەی هات و پێشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كرد.
لەماوەی رابردوودا،میدیای پارتی، هیچ تۆمەتێك نەما ئاراستەی كازمی نەكات،بەتایبەتی دوای ئەوەی دەنگی دروستكردنی لیستی كازمی هاتە ئاراوە لە كوردستان.
لە بنەرەتدا ڕێگای ڕاستی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنی گفتوگۆ ۆدانوستانە لە نێوان سەركردە سیاسیەكانی بەغدا و هەولێر،
پارتی كاتێك دەگەنە بنبەست و دژایەتی كەسێك دەكەن هیچی تێدا ناهێڵنەوە.بەڵام هەرئەوەندەی بۆیان هەڵكەوت یان بە بەرژەوەندی خۆیان زانی هەموو شتێك لەبیر دەكەن و لەماوەی شەو ڕۆژێكدا وەها دەگۆڕێن كە نایاناسیتەوە.
لێرەدا وتەیەكی مەریوان وریا قانعم بیر دێتەوە كە دەڵێت پارتی هیچ سڵ لە هیچ حەرامێكی سیاسی ناكاتەوە و دەست بۆ هەموو حەرامێكی سیاسی دەبات.
بە كورتی قسەكە ئەمەیە،ئەگەر مستەفا كازمی دوژمنی كوردە و بەشێكە لە پرۆژەی هیلالی شیعی بۆ بچوكردنەوە و لە قاڵبدانی هەرێمی كوردستان و پیاوێكی شۆڤێنیەو وەك ئێوە دەڵێن چاوی بە سەركەوتنەكانی كورد و پێشكەوتنی كوردستان هەڵنایەت ئەوا مافی خۆمانە بپرسین ئەم دوژمنە سەرسەختە كە بۆ بچوكردنەوە ناوتان لێناوە كازمۆك چی دەكات لە كۆشكەكەی بارزانیدا و بۆچی هەتا فڕۆكەخانە فەرشی سوری لەبەرپێدا ڕادەخەن؟.
ئەگەر هەر لەبەر ئەوەش كە داوای شەفافیەتی نەوت و داهاتی گومرگ و خاڵە سنوریەكانتان لێدەكات كەیفتان پێی نایە،ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێن كە كازمۆك دوژمن و دێوەزمەی ئێوە بووە نەك خەڵكی كوردستان.
ئەوەی هەتا ئێستا دیارە كازمی ئەجێندایەكی دوژمنكارانەی بەرامبەر كورد و هەرێمی كوردستان رانەگەیاندوە و لە زۆر لەیەنیشەوە نیەت باشی نیشانداوە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا،بەڵام ئەگەر هەست بە دەستی دەستی و بڕیاری نا سەربەخۆی كوردستان بكات بە تایبەتی لەمەسەلەی نەوتدا، ئەوا چیتر ئامادەنییە یاری مشك و پشیلە لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بكات و دور نییە دەرگای بەغدا بەڕوی وەفدی كوردیدا دابخات.ئەوكاتەش هەرێم و كێشەكانی بەتەنیا دەمێننەوە بەبێ هاوكاری عێراق و تەنانەت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش.
هەرچەندە لە بنەرەتدا سەردانەكەی كازمی ئاماژەیە بە سەركەوتنی دیبلۆماسیەتی كازمی و سەلماندنی هەیمەنی دەوڵەت و سەرۆكایەتی خۆی بەسەر تەواوی خاكی عێراقدا لە زاخۆوە تاوەكو فاو،بەڵام دەرفەتێكیشە بۆ حكومەتی هەرێم و سەركردایەتیە سیاسیەكەی كە خۆیان و هەرێمی كوردستان لە قەیرانی گۆشەگیریی و داڕمانی ئابوری و تەندروستی و حوكمڕانی ڕزگار بكەن و سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن كە لەلایەن كازمییەوە بەڕوی هەرێمی كوردستاندا كراوەتەوە.