کازمی یان دەگۆڕێ یان دەدۆڕێ
2020-09-10 15:48:03
ئاسۆ حاجی
لە چەند مانگی رابردوو کازمی وەک ئەوانەی پێش خۆی مامەڵەی لەگەڵ مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان کردووە و بە هەمان عەقڵیەت هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانی داوە،بەڵام سەرئەنجام لە ژێر فشار بێ یان بە ناچاری بێت رووی کردەوە هەولێر.
کازمی تێگەیشت لە باشوری شیعەستان ناتوانێ چەکدارێکی حەشدی شەعبی دەستگیربکات و عەشیرەتێکیش چەک بکات،لەوەش تێگەیشت حوکمڕانی وڵات بە خۆنمایشکردن ناکرێ و پاڵەوان لە سۆشیال میدیا دروست نابن،با وێنەکانی لە عەبادی و مالیکی جوانتر بن و با لاسایی ئەکتەرەکانی هۆلیود بە باشی بکاتەوە و جلی وەک ئەوان بپۆشێ و گرتەی وێنەکانی وەک ئەوان بێ!
هاتنە هەولێر لە ژیانی سیاسی و حوکمڕانی کازمی سەرەتای مامەڵە کردنە لەگەڵ واقیع و دوور کەوتنەوەیە لەو دونیایەی ئەو بەخەیالەوە ستوونەکانی دانابوون،لە باشور ئێران خەونی خۆشی زوو زڕاند و نەیهێشت وەک پاڵەوان لە کۆشکی سپی پێشوازی بکرێ،بەوەی لە بەرامبەر حەشدی شەعبی شکاندی و سەردانەکەی سعودیای پێ هەڵوەشاندەوە و لە دەروازە سنووریەکانیش نەیتوانی نزیکی ئەو بیست و یەک دەروازە نافەرمیە بێ کە حەشد و ئێران بەکاریان دەهێنن،کازمی ئەگەر بەخۆیدا نەچێتەوە و پێگەی خۆی توندتر نەکا ئەوە دەدۆڕێ.
کازمی دەکرێ جیاواز لەوانەی پێشە خۆی رێگایەکی دیکە تاقی بکاتەوە، لە راست کردنەوەی مێژووی خوارخێچ و پڕ لە زولم و زۆرداری عێڕاق کە خاک و خەڵکی کوردستانی بەبێ رەزامەندی پێوە لکێندراوە و وەک وڵاتێکی داگیرکەر مامەڵەی لەگەڵ کردوون،ئەوەیان ئاسان نیە چونکە جورئەتی دەوێ و بۆشی ناچێتە سەر بەڵام لایەنی کەم دەتوانێ هەوڵبدا هەردوو گەلی کوردستان و گەلی عێڕاق لە درۆی برایەتی کورد عارەب رزگار بکا،وەک دۆستێکی راستگۆ مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد بکا نەک وەک برایەکی زۆردار،ئەوەش گۆڕانێکی گەورە دەبێ لە عەقلیەتی دەسەڵاتدارانی عێراق لە چارەسەرکردنی گرفتەکان.
لە هەولێرەوە کازمی دەتوانێ بە پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ دراوسێکانی دا بچێتەوە و دەکرێ سوود لە پێگە و پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان وەرگرێ بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندی و بەرژەوەندیەکان،لە دوورخستنەوەی هەڕەشە و هێرشی تورکیا و ئێران،بەر لەوەش بە پشت کردنە ئەو کوردانەی دەیانەوێ لە رێگای جاشایەتیەوە دەستدۆیی بۆ بەغدا بکەن و لە دژی کوردستان کار بکەن،ئەوەش وا دەکا هێزە سیاسیە کوردستانیە نیشتیمانیەکان هاوکاربن لەگەڵی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختەی کە خەڵکی عێڕاق و کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن.
ئەو سەردانەی کازمی بەرئەنجامی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیە بۆ بەغدا،کە لەگەڵ ئەمانوێل ماکڕۆنی سەرۆکی فەڕەنسا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێڕاق کۆبۆوە،لەوە دەچێ کازمی هەندێک داوای دۆستانەی لە نێچیرڤان بارزانی کردبێ لە زیاتر رۆلبینین لە نزیک کردنەوەی هەولێر و بەغدا لە پێناو چاورەسەرکردنی کێشەکان،هەروەها کەلک وەرگرتن لە پەیوەندیەکانی بۆ چاککردنەوەی پەیوەندیەکانی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا.