دوو ژنی تر کوژران، بەربەرییەت لە ماڵەکانماند!
2020-09-10 15:26:31
جەعفەر عەلی
(١)
دوو مرۆڤ؛ ئەگەر دیندار و باوەڕدارین، دوو خوڵقێنەری خودا، ئەگەر باوەڕیشمان بە مرۆڤایەتی و مافی ژیانکردنی ئازاد هەیە، دوو مرۆڤ کە شایستەی رێزلێگرتن و ماف و ئازادین.
ئەگەر باوەڕمان بە پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی، ئازادی و ماف و یاسا هەیە، ئەوە هیچ کەسێک، تەنانەت بە مافی باوکایەتی و برایەتی و هەر مافێکی دیکە، نابێ تا ئەو جێگەیە بڕوات، کە پێیوابێت مافی ژیان و مردنی ئەوانیدی، لە گیرفانی ئەودایە، چ کاتێک حەزبکات بژین، کاتێکیش ئارەزووی کرد بمرین! ئەگەر باوەڕیشمان بە خودا و پەیامی خودایی هەیە و ئیماندارین، ئەوا دیسان هیچ تێکست و دەقێکی خوداییش نامانگەیەنێت بە ئاستی خودا و بڕیاری خودایی. واتە بە هیچ پاساو و هیچ مافێک نابێ خۆمان لێ ببێت بە خودا و لە شوێنی خاڵقەوە بڕیار لە رۆژی ژیان و مردنی مرۆڤەکان بدەین.
ئاخر ئەمە چ یاسایەکی مرۆڤایەتی و چ روکنێکی ئیمانە، دوو شلکە دارمێوی ناسکی ئەم نیشتیمانە، بە ناوی باوکایەتی و بە پاساوێک، کە لە بەدئەخلاقی پیاوەکانەوە نەبێت، لە هیچ شتێکی دیکەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بە دەم شنەی بەهاری جوانییەوە هەڵوەرێنیت! ئاخر هەموومان؛ خوێندەوار و نەخوێندەوار، رۆشنبیر و جاهیل و گەمژە، ئیماندار و بێ ئیمانەکانیش، باش دەزانین، پاساوێک لەم نیشتیمانەدا، کە ژنی لەسەر دێتە کوشتن، ئەگەر بە هەمان پاساو پیاو بکوژرێت، دوور نییە وەک دایناسۆر ئینقیراز کەین و، رەنگە بە دەگمەن سێبەری پیاوێک لە شەقامەکانی ئەم رۆژهەڵاتە، بە کوردستانیشەوە، ببینیتەوە.
هەر رۆژهەڵاتناس و کوردناسێکی رێی کەوتبێتە ئەم نیشتیمانەی ئێمە، باسی لە ئازادی ژنی کورد و کارکردنی هاوشانی پیاوان کردووە. ئەم دیدە ئەوروپییە هەرگیز لەوەوە نەهاتووە، کە پیاوی ئێمە باوەڕی بە ئازادی ژن و مافی ژن هەبووە. هۆشیاری ئێمە هێشتا زۆر لەوە بچووکترە سەر بە ماڵی ژیاندۆستی و ماف و ئازادیدا بکات، من ئێستا ئەوەم بۆ روونترە، کە ئەو کاتیش ژن لە ماشێنێکی کارکردن و نەوەخستنەوە زیاتر هیچی دی نەبووە.
(٢)
تراژیدیای ژیانی ئێمە لێرەوە نایەت، کە دوژمن گەمارۆی داوین، بەڵکو لەو ڤایرۆسە سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەوە دێت، کە شێوەی جوڵە و رەفتاری ئێمە و فۆرمی بینین و بیرکردنەوەی داگیرکردووین.
ئاخر دوژمنەکەی دەرەوەمان ناسراوە، دەزانین کەی توڕە دەبێ، کەی بۆمبەکانی دەبارێنێ، کەی جەستەی نیشتیمان بریندار دەکات و کەی دەمانکوژێت، بەڵام دوژمنەکەی ناوەوەمان، وا بە تەنیشتمانەوە، بە یەکەوە نان دەخۆین، پیاسە دەکەین، پێدەکەنین، دەگرین، دەخەوین، بەڵام هێشتا ناسراو نییە، لوغم و بۆمبەکانی ناخی دۆزراوە نین، نازانین کەی و لە کوێ دەیانچێنێت، چەند لە ناسینییەوە نزیکین، هێندەش لە نەناسینی، نازانین ئامادەیە چڕنوکی تیژی تا ئاستی بڕینی دوا هەناسەی هیوا و ژیان لە گەرووی ئازیزانی گیربکات، نازانین ئەو باوەڕی نەگۆڕی وایە، کە لە دونیای تایبەتی خۆی و بەپێی بچووکی بینینی، لە ماڵە بچکۆلانەکەی، هەم پاشا، هەم ئیمپراتۆر، هەم خودایە. پیاویش کە بوو بە پاشا، یان ئیمپراتۆر و خودای ماڵ، ئامادەیە لەسەر چاونوقاندن و چاوداگرتنێک، لەسەر نامەیەک، پیاسەیەک، گەڕانێکی ئێواران، وێنەیەک، تەنانەت لەسەر خەیاڵێکی پڕ لە گومانی درۆی ناوەوەی خۆی، هەموو هێزی گەمژەیی خۆی، لەسەر کۆیلە و دەست و پێوەندەکانی، لەسەر ژنەکەی، کچەکەی خۆی تاقیبکاتەوە.
تا ئەم هێزی گەمژەییە زەلیل نەکەین، تا ئەم هۆشیاری و ئەخلاقە کۆمەڵایەتییە ریسوا نەکەین، تا ئەم دەسەڵاتە پڕ لە شەرمە دادگایی و شەرمەزار نەکەین، کە لە پشتی ئەم بە دۆزەخبوونەی ژیان و ئەم دونیابینی و جەهل و گەمژەییەدا وەستاوە، هەم بەربەرییەتی ژنکوشتن دەتوانێ زیاتر بژی، هەم دوژمنی دەرەوەش دەتوانێ رەز و باخمان هەرچی زیاتر بسوتێنێ، چونکە ئەوەی ژن بکوژێ، مرۆڤ بکوژێ، بە دڵنیاییەوە ئامادەیە شابنەشانی دوژمنانیش، رەز و باخ و جوانی نیشتیمانیش بسوتێنێ.