یەکێتی و بەرهەم ساڵح و کازمی خەریکی چین بۆ هەڵبژاردنی ئایندە!
2020-09-09 11:17:19
گۆران عەلی کەریم
ئەو ناونیشانەی سەرەوە، ناونیشانی بابەتێکە، کەلەیەکێک لەپەیجەکانی نزیک لە حزبێکی باڵادەستەوە بڵاوکراوەتەوە. ئەوەی مەبەستە لێرە بوترێت، وەڵامدانەوە نییە بەو نووسینە، بەڵکۆ ئەو نوسینە تەنها وەک عەینەیەک وەرگیراوە لە بۆچوون و تێروانینی هەندێک لایەن کە ماوەیەکە بەبێ خستنە رووی هیچ بەڵگەیەک پروپاگەندەی ئەوە دەکەن، گوایە سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم و سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی، بەرنامەی هاوبەشیان هەیە، پێکەوە لیستیان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، تەنانەت تا ئەو رادەیە قەڵەم کێشیان کردوەو پێش رووداوەکان کەوتوون، ناوی لیستەکەشیان بەخەیاڵی خۆیان ئاشکرا کردوە و باس لەوەش دەکەن دکتۆر بەرهەم لەپشتی پرۆژەکەوەیەو کارەکان هێندە بەبەرنامەو وردەکاری چووەتە پێشەوە، بەشێک لەپەرلەمانتارانی لایەنەکانی ترو هەندێک لەمیدیاکارانی کوردیش چوونەتە نا پرۆژەکەی دکتۆر بەرهەم و مستەفا کازمییەوە.
وەرگرتنی ئەم هەواڵە بێ دایک و باوکە لای خوێنەرانی، دوو جۆر بۆچوون دروست ئەکات، یەکەم، هەواڵەکە بۆخۆی دەبێتە ریکلامێکی پێشوەختی هەڵبژاردن بۆ مستەفا کازمی و هەندێک لەخەڵکی نارازی و تورە لەحکومەتی هەرێم و حزبەکان، والێدەکات، خەیاڵی پشتیوانی بۆ کازمی لەسەر حسابی هەواڵیکی نادیار دروست ببێت و سۆسیال میدیا پربکات، لەوێنەی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی و وەک فریادرەسێک بۆ دۆخی چەق بەستووی هەرێم وێنای بکەن، بەجۆرێک ئێستا هەندێک میدیا کار رەسدی جوڵەکانی سەرۆک وەزیران دەکەن و بەشانازییەوە دەبێتە سەردێری هەواڵەکانیان، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە، کە چاودێری کردنی جوڵەکانی سەرۆک وەزیران خۆێنەری باشی هەیە.
خاوەنی ئەم جۆرە هەواڵانە کە ئامانجی شکاندن و پەلاماردانی دکتۆر بەرهەم و یەکێتیە، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، ئاودەکات بەئاشی نەیارەکەیداو ئەو بروایە لەناو رای گشتی دروست ئەکات کە ئەگەری بەهێز هەیە لەهەڵبژاردنی ئایندە هاوسەنگی هێز گۆرانکاری گەورەی بەسەردا بێت. دیارە خستنە پاڵی دکتۆر بەرهەم و یەکێتیش بۆ ئەم پرۆژە وەهمییە، جارێکی تر وادەکات، خوێنەر بگەیەنێتە ئەو یەقینەی، کە کورد بۆخۆی هیچ پرۆژەیەکی نییە بۆ ئایندە، بۆیە یەکێک لەحزبە سەرەکییە کوردیەکەی کوردستان کە یەکێتیە و شەریک و هاوبەشی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمە، لەنائومێدی بەهاوبەشەکەی خەریکی دروستکردنی شەریک و هاوبەشێکی ترە، کە ئەویش مستەفا کازمییە.
بۆچوونی دووەمیش، هیچ نییە جگە لەوەی گرەو کردنە لەسەر شکاندنی یەکتری و درێژەدانی لۆژیکی دارزیوی دروستکردنی رق و کینە لەسەر هەر کەس و لایەنێک، کە لەخۆی نەچێت. مەترسی ئەم جۆرە هەڵمەت و پەلاماردانەش وەک ئەوە وایە کەسێک داری ژێرخۆت ببریتەوە، چونکە ئەوەی لەپشتی هەڵمەتەکەوەیە، لایەنێکی خاوەن بریاری حکومەتە و وا دەردەکەوێت کەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی هەبێت.
لێرە جێگای خۆیەتی خەڵک ئەو پرسیارە بکات، ئاخۆ ئەو هەموو ترسە لەپای چییە؟ لەهەرێم کەماوەی ٣٠ ساڵە حوکمرانی لای پارتی و یەکێتییە، پارەو دەسەڵات لای خۆیانە، هەرێم زۆرینەی رەهای دانیشتوانەکەی کوردە، زۆرینەی میدیا لەبندەستیانە، دەیان و سەدان دەزگاو سەندیکاو رێکخراوی پیشەیی و مەدەنیان هەیە، ئەبێت ئیتر بۆچی بترسن لە هەر پرۆژەو هەولێک کە بەرێگەی دەنگدان و لەرێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەنجام بدرێت، ئەم ترسە چییە و لەکوێوە هاتوە، ئاخۆچی وادەکات هەرێمێکی دەستوری ٣٠ ساڵ حوکمرانی کوردی وابەئاسانی لەبەردەم پرۆژەکەی مستەفا کازمی (ئەگەر هەبێت)بەچۆکدا بێت، ئایا ئەوە جێگەی پرسیار نییە کە ئاخۆ ئەو لایەنەی ئەو ترس و فۆبیایە بڵاودەکاتەوە گومانی لە پێگەی جەماوەری خۆی هەیە!. یان ئەو هەموو ترسە نیشانەی ئەوەنییە، کە خۆیان لەوە تێگەیشتوون کە خاوەن حوکمرانییەکی شکستخواردون و دەزانن خەڵک بەشوێن بەدیلێکەوەیە بۆ دۆخەکە و بێزار بوون لەحوکمرانی ئێستا، جا ئەگەر ئەو بەدیلە کەسایەتیکی غەیرە کوردیش بێت؟.
لەراستیدا ئێستا زیاتر لە رابردوو بۆ هەموان ئاشکرا بووە، کە دۆخی هەرێمی کوردستان پێویستی بەگۆرانکاری ریشەیی هەیە، دیارە تورەیی خەڵکیش گەیشتۆتە رادەیەک چیتر بۆ خەڵک گرنگ نییە کێ ئەو گۆرانکاریە دەکات و کێ خاوەندارێتی لێدەکات، گرنگ ئەوەیە پرۆژەو بەرنامەیەکی رۆشن هەبێت بۆ رزگار بوون لەم چەقبەستنەی ئێستا، متمانەش بەهێزەکانی ئێستا زۆر کەم بووتەوە کە بتوانن ببنە خاوەن پرۆژەیەکی لەوجۆرە و زۆرینەی خەڵک لای وایە شتەکە لەدەست دەرچووە. خۆ گەر دەسەڵاتدارانی ئێستا نیەتیان هەرئەوە بێت، بەمشێوەیەی ئێستا درێژە بەدۆخەکە بدەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە، کازمیش بەرنامەیەکی لەو شێوەیەی نەبێت، لەئایندەیەکی نزیکدا کەسانی تر دروست دەبن ختوکەی ئەو نائومێدییەی ناخی خەڵک بدات.
دیارە مرۆڤ ئەتوانێت بۆ ماوەیەک بە نەبوونی و کەمدەرامەتی بژی، ئامادەشە قوربانی بدات لەپێناو شتێکدا کە بروای پێیەتی، بەڵام زۆر قورسە بتوانی مرۆڤ لەنائومێدیدا بۆماوەیەکی درێژ راگریت و داوای قوربانیدانیشی لێبکەیت، زۆر ئەستەمیشە بتوانرێت بۆ چەند جارێک خەڵک بەدروشم و بەڵێنی ناراست بخەڵەتێنرێت، چونکەی ئەوەی ئێستا لایەنە کوردیەکان بەدەستیانەوەیە بۆ کێبەرکێی ئەوەی دی، تەنها پرسی خاک و نەتەوەو نیشتمانە، کەبەداخەوە هەڵەکانی رابردوو، یان لەبەرچاو نەگرتنی قودسیەتی پرسەکەو گۆرینەوەی بەپرسی حزبی و بەرژەوەندی کەسی و دورکەوتنەوە لەخواستی خەڵک وایکردوە، ئەو پرسەش لەپرسێکی راستەقینەی حەقخوازنەی مللیەوە، بکرێتە کارتێکی سوتاوی ئەدای گێلکردن و عەوام فریووی هیچی تر.