یاسای هەڵبژاردنەکان چۆن کێشەی وڵات چارەسەر دەکا ؟
2020-09-08 18:51:24
هێمن ئەسكەندەر
لای هەمووان روونە کە 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021 وەک وادەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستنیشان کراوە، بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق چەندین لەمپەر و ئاڵنگاری یاسایی ، سیاسی ، ئابووری ، تەندروستی ، لەهەمووشی قورستر گێڕانەوەی متمانەی دەنگدەری عێراقییە بە پرۆسەکە و سندوقی دەنگدان بەرۆکی پرۆسەکەی گرتووە، لێرەدا باسی ئاڵنگارییەکان ناکەین چونکە لای زۆرێکمان روونە ، بەڵام قسە لەسەر شێوازی دابەشکاری بازنەکانی هەڵبژاردنەکان دەکەین ..
زۆرێک لەو کەسانەی کە قسە لەسەر دابەشکاری بازنەکان دەکەن وا وێنای دەکەن کە فرەبازنەی دیموکراسیە و یەک بازنەیی نادیموکراسییە ، کە ئەمە ستەمێک لە تێگەیشتنی خەڵک دەکرێ بەرامبەر یەک بازنەی ، چونکە چ یەک بازنەی چ فرە بازنەی لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەک یان هەر کورسی و بازنەیەک هەموو شێواز و سیستمی دابەشکاریی دەنگدەر و کورسییەکان هەر یەکیان لایەنی سەلبی و ئیجابی خۆی هەیە ، هەمووی دیموکراسییە ئەگەر هەڵبژاردنەکان پاک و بێ خەوش بێ ، بەپێجەوانەشەوە ئەکەر تەزویر و ساختەکاری و گۆڕینی ئیرادەی دەنگدەر بووە سیمای هەڵبژاردنەکان ئەو هەموو شێوازەکانی دابەشکاری بازنەکان عەیبدار و بێ جەدوایە ،
لە هەڵبژاردنەکان گرنگ ئەوەیە کام شێواز بەگونجاوترین دابنرێ بۆ وڵاتێک پڕ کێشەی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و مەزهەبی و نەتەوەیی وەک عێراق ،
بەڕای ئێمە گەڕاندنەوەی عێراق بۆ یەک بازنەی هەڵبژاردن وەک جاری جاران باشترین بژاردەیە بۆ کاڵکردنەوەی ئەو دەمارگیرییە مەزهەبییەی بەرۆکی عێراقییەکانی گرتووە . لەسای دابەشکاری بازنەکانی هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئێستاش کەهەوڵێک هەیە لەوش بچوکتر بکرێتەوە ، دەنگدەری عێراقی ناجارکراوە کە دەنگ بەو کاندیدە بدات کە لەسنووری پارێزگاکەیەتی ، هەمووشمان دەزانین عێراق لەگەڵ ئەوەی کە فرە نەتەوە و فرە مەزهەبیشە و نەتەوە ومەزهەبەکان لەهەموو پارێزگاکان بوونیان نییە ، بەڵکو ئەوانیش لەرووی جوگرافی دابەشکراوان بەسەر هەندێک پارێزگا و نین لە هەندێکی تردا ، بۆ نموونە دەنگدەرێکی کورد لە هەولێر گەر حەزی کرد دەنگ بە کاندیدێکی خەڵکی بەغدا بدات ناتوانێ چونکە ئەو تەنها لە بازنەی هەولێر دەنگ دەدات و کاندیدەکەش تەنها کاندیدی بازنەی بەغدایە نەک هی شارەکانی تر . یان عەرەبێکی بەسرە سرسام بووە بە کاندیدێکی دهۆک و پێوایە ئەو دەتوانی نوێنەرایەتی بکا دیسان ناتوانێت ، واتا شیعەکەی بەسرە ناچارکراوە دەنگ بەشیعە بدات و کوردە سونەکەی هەولێر ناچاکراوە دەنگ بە کورد بدات و بۆ سوونەی تکریتیش هەر هەمان شتە ،
بۆیە ئەگەر یاسادانەری عێراقی بیەوێت هەندێک لە دەمارگیری تایفی کەمبکرێتەوە ئەوە بەگێڕانەوەی عێراق بۆ یەک بازنەی هەڵبژاردن بەشێک لە تایفگەری لاوازدەبێت ، بەشێکی تری بە گێرانەوەی سیستمی لیست بۆ هەڵبژارنەکان چارەسەر دەبێت چونکە ئەوکات رێگە بە دروستکرنی لیست دەدرێ لە زاخۆ هەتا فاو ، بەڵام ئێستا کە شێوازی فەردی تەشریع کراوە ئەوە دیسان پەرلەمانی فرە کوتلەیی لێ دروست دەبێ و پرۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردنەکان ئالۆزتر دەکات ، بۆیە بەبڕوای ئێمە گەڕانەوە بۆ شێوازى یەک بازنەیی و لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی بەشێک لە کێشەکانی عێراق چارەسەر دەکات .
*بەرپرسی دەزگای هەڵبژارنی یەککرتوو