Draw Media

كشانه‌وه‌ له‌ چی؟

كشانه‌وه‌ له‌ چی؟

2020-09-07 19:47:02


كامەران وریا قانع

له‌م ماوه‌ی دوایدا براده‌رانی به‌غدا له‌ فراكسیۆنی گۆڕان زۆر رۆمانسیانه‌ دور له‌ به‌رپرسیاره‌تی ته‌ماشای كێشه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن. كشانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمیان كردوه‌ به‌ گه‌وره‌ترین خاڵ،گوایه‌ تاوانێكی گه‌وره‌یه‌ به‌رده‌وام بوون له‌و حكومه‌ته‌. ئه‌م براده‌رانه‌ له‌ بیریان چوو خۆشیان به‌شداری په‌رله‌مانێك بوون كه‌ ئه‌ندامانی پارتی و یه‌كیه‌تی به‌ ئه‌ندامی ئه‌لكترۆنی ناسراون له‌ ئه‌نجامی ته‌زویرێكی گه‌وره‌، واته‌ ئه‌وانیش به‌شدار بوون له‌ ده‌زگایه‌ك كه‌ ئه‌ساسه‌كه‌ی پڕ دزی و گزی و درۆ وگه‌نده‌ڵیه‌ .ئیتر ئه‌م هه‌راج كردنه‌ی هه‌ڵوێست له‌ پای چی؟ هه‌ر ئه‌م براده‌رانه‌ بوون له‌ دره‌نگانه‌ شه‌وێ به‌ فرۆكه‌كه‌ی كابرای بارزانی به‌ره‌و به‌غدا فڕین. له‌ چ شوێنكی دنیا و له‌ چ هێزیكی سیاسی بینراوه‌ ئه‌ندامێك به‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی و مه‌كه‌تب سیاسیه‌كه‌ی بڵێت تۆ ده‌ست له‌ كار بكێشه‌وه‌ منیش ده‌ست له‌ كار ده‌كێشمه‌وه‌، ئه‌مه‌ گاڵته‌ كردنه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك. ئه‌م براده‌رانه‌ ته‌نها داواكاریان كشانه‌وه‌یه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم، باشه‌ بۆ ویژدان كامیان زیاتر گۆڕانی ئازار داوه‌، به‌شداری گۆڕان له‌ كامیان زیاتر كارتۆنیه‌ له حكومه‌تی هه‌رێم یان حكومه‌تی خۆجێیه‌تی سلێمانی، ئه‌ی بۆچی باسی كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی خۆجیه‌تی سلێمانی و ده‌وربه‌ری ناكه‌ن؟ به‌رده‌وام بوون له‌ كامیان سوكایه‌تیه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌كه؟‌، كه‌ به‌رێوه‌به‌ری خاڵه‌ سنوری گۆڕان بێت و پارێزگا و قائیقام گۆڕان بێ به‌به‌رچاوه‌یه‌ مه‌وادی قاچاغ وئێكسپایه‌ر به‌ زه‌بری چه‌ك بێنیته‌ ژوره‌و حساب بۆ كه‌س نه‌كه‌یت، داهاتی گومرگه‌كان زۆربه‌ی ون بێت ، یاخود له‌ كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌زیرێكت هه‌بێت .كه‌ به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ (هه‌رچه‌نده‌ قه‌یرانێكی دروست كراوه‌) سه‌دا هه‌فتاو نۆی موچه‌ دابه‌ش بكات.
رووبكه‌ینه‌وه‌ شه‌قام، ئه‌مه‌ دوا رسته‌ی ئه‌م براده‌رانه‌یه‌ ، جارێك شه‌قام چه‌مكێكی زۆر فێڵاویه‌ ، هه‌روه‌ها شه‌قام ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێكرد و دووجار بزووتنه‌وه‌كه‌ی كرده‌ دوه‌م هێزی سیاسی له‌ كوردستان . بزووتنه‌وه‌كه‌ش هه‌موو رێگاكانی گۆرینی سیستمه‌كه‌ی تاقی كردوه‌ هه‌ر له‌ خه‌باتی په‌رله‌مانی بۆ میدیایه‌كی ره‌خنه‌ گری قورس تاكو به‌شدار بوو له‌ حكومه‌ت هه‌موویان هه‌مان ئه‌نجامیان هه‌بوو ئه‌ویش به‌ هێز بوونی نه‌یاره‌كانی و لاواز بوونی خۆی. لاواز بوونی بزووتنه‌وه‌كه‌ چه‌ندین هۆكاری هه‌یه‌ كه‌ لێره‌دا جێگای باس نیه‌، كه‌ به‌ بۆچونی من به‌شدار بوون له‌ حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان ، به‌ڵام هۆكارێكی لاوازه‌‌.
ئه‌گه‌ر رۆژێك كشانه‌وه‌ بوو به‌ بریاری بزووتنه‌وه‌كه‌ با كشانه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌ بێت له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و خۆجێیه‌تی سلێمانی هه‌روه‌ها له پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستان و عێراق .ئه‌وكات بزانین دوای ئه‌وه‌ چی ده‌بێت؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand