لە حەفتانین... هاوكێشەی شەڕ چۆن گۆڕدرا؟
2020-09-07 17:14:20
هیوا سەید سەلیم
لە دوو مانگی ڕابردوو هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا لە ناوچەكانی حەفتانین دەوڵەتی توركیا چەندین ئۆپراسیۆنی دیكەی سەربازی و سیاسی لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان لە لیبیاوە بگرە تا ئەرمینیا و دەریای ناوەڕاست پێشتریش لە سوریا و رۆژئاوایی كوردستان دەستپێكردبوو.
حكومەتەكەی ئەردۆغان لە لیبیا بە پشتیوانیكردنی لە هێزەكانی فائیز سەراج و ڕەوانەكردنی چەندین جۆر لە میلیشیای سەربازی كە پێكهاتبوون لە پاشماوەی هێزە تیرۆرستیەكان لە سوریاو پشتیوانی لۆجستی بۆیان ڕووبەڕووی ناڕەزایی توندی ناوخۆیی لیبیا و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە و هێزە نێودەوڵەتیەكان بوویەوە، بە جۆرێك ئەگەر توركیا لە هەڵوێستی ناردنی هێزی زیاتر پەشیمان نەبایەوە، زۆر نزیك بوو شەڕ لە نێوان توركیا و میسڕ دروست بێت.
لە لایەكی دیكەوە توركیا ئێستا لە دەریای ناوەڕاست لەنێو شەڕێكی ناڕاستەوخۆدایە، نمایشی سەربازی دوو بەرەی ناكۆك ئەگەری زۆری ئاڵۆزبوونی زیاتری ناوچەكەی لە نێوانی یۆنان بە پشتیوانی وڵاتانی ئەوڕپا بە گشتی و فەرەنسا بە تایبەتی، و توركیا و قوبڕسی توركی لێدەكرێت.
جگە لەو قەیرانانە كە توركیا لە ئاستی سیاسی و سەربازی و دبلۆماسی تێیكەوتووە، لە ناوەخۆشدا رووبەڕووی قەیرانی ئابووری و داتەپینی بەهای لیرەی توركی و بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاری بۆتەوە، بەشێوەیەك كە لەو كاتەی كە پارتی دادو گەشەپێدان لە دوای ساڵی ٢٠٠١ دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، هەرگیز دراوەكەی هێندە بێ بەها نەبووە.
لە نێو هەموو ئەو قەیرانانەی كە توركیا تێكەوتووە، تا چەند رۆژی ڕابردوو ئۆپراسیۆنی حەفتانین لەنیو قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان بە درێژایی ٤٠ كم درێژەی هەبوو.
ئۆپراسیۆنێك كە لە ماوەی دوو مانگدا سوپای توركیا تەواوی هێزەكانی ئاسمانی و وشاكانی و هەواڵگری تیا بەكارهێنابوو، بەڵام بەهۆی خۆڕاگری هێزەكانی PKK سوپای توركیا لەچەند ناوچەیەكی كەم نەبێت نەیتوانی بوو پێشڕەویەكی ئەوتۆ بكات، بۆیە بە هەموو پێوەرێكی سەربازی بێت ئەو ئۆپراسیۆنە كە توركیا ناوی نابوو ئۆپراسیۆنی(چنگی پڵینگ) فەشەلی هێناوە.
توركیا مەبەستی لە ئۆپراسیۆنی حەفاتانین ئەوە بوو كە نەگەڕێتەوە، بگرە ناوچەیەكی بەرفرەوان داگیربكات، هەر بۆیەشە لە دەستپێكی ئۆپراسیۆنەكەیان وەزیری ناوخۆی توركیا بۆ میدیاكان وتبووی: هاتووین ئەو ناوچەیە بخەینەوە سەر نەخشە مەزنەكەی توركیا.
شایانی باسە ئەوەی لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی حەفتانین هاوكێشەكانی شەڕی گۆڕی و خەونەكانی ئەردۆغان و ژەنەڕالەكانی ئەكەپەی لەبار برد، وێڕای خۆڕاگری گەڕیلاكانی PKK و گۆڕینی شێوازەكانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای توركیا، گۆڕان بوو لە هاوكێشە سیاسیەكان كە بە زیانی ئەجێندای توركیا لە ناوچەكە شكایەوە.
هەروەها لە نێو هەموو ئەو گۆڕانكاریانەدا هەڵوێستی ئەرێنی دەوڵەتی فەرەنسا بوو كە زۆر بە جددی بەڕووی پلانەكانی توركیا لە لیبیاوە تا دەریای ناوەڕاست و دواجاریش لە عێراق و هەرێمی كوردستان وەستایەوە.
هاتنی سەرۆك كۆماری فەرنسا (ئیمانۆئێل ماكڕۆن) بۆ بەغدا و ناردنی پەیامێكی روون بۆ ئەردۆغان بەوەی دەبێت وڵاتەكەی ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت، ئەگینا فەرنسا بە هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان ناچاردەبێت بۆ گێڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق پلانی وڵاتەكەی جێبەجێ بكات، هەروا پشتیوانی لە حكومەتی عێراق بكات تا سنوورێك بۆ دەستوەردان و پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق دابنێت.
دوای ئەو پەیامەی ماكڕۆن بۆ ئەردۆغان و ئاڵۆزبوونی زیاتری بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە لە دەریای ناوەڕاست و پێشبینیەكان بۆ سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن یەكێتی ئەورپاوە لە دژی توركیا، حكومەتی توركیا كۆتایی ئۆپڕاسیۆنی لە حەفتانین ڕاگەیاند.
ئەوەی كە پێویستە بزانرێت ئەوەیە كە راستە ئۆپراسیۆنە سەربازیەكە لە مەیدانی جەنگدا ڕاگیراوە! بەڵام سوپای توركیا نەك هەر لەو ناوچانەدا نەكشاوەتەوە بگرە لە بۆردومانەكانی بەردەوامەو رۆژانەش فڕۆكەكانی قوڵایی هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكەن، بۆیە دەبێت وا سەیری ڕاگرتنی ئەو ئۆپراسیۆنە بكرێت كە شكستێك بوو لە ئێستادا سوپای توركیا ڕووبەڕووی بۆتەوە بەڵام مەترسیەكەی هەر ماوە.