Draw Media

ھەڕەشە ومەترسیەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان

ھەڕەشە ومەترسیەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان

2020-09-07 08:12:34


جەلال جەوهەر 

بەشی دووەم :

٢-١: ململانێ و شەڕی نێوان هێزولایەنە چەکدارەکانی ھەرێمی كوردستان
چاكتر وایە لێرەدا بەم پرسیارە دەست پێبكەین: كەی و چۆن ھێز و لایەنەكانی كوردستان دەبن بە ھەڕەشە بۆ سەر میللەت و خاكی كوردستان ؟
وڵامی ئەم پرسیارە لە چەند نیشانەیەكی ئەو ھەڕەشە و مەترسیانە كورت دەكەمەوە :

١- كاتێك ھێز و لایەنەكان سەرقاڵ و سەرگەرمی ململانێ و شەڕی یەكتربن، و بە لاوازی بكەونە بەر دەستی نەیار و دوژمن، وبەناچاری سازشیان لەگەڵدا بكەن، لە پێناو مانەوە و پاراستنی خۆیان، ئەنجام دەبن بەبەشێك لە ئەجندا وھاوكاری نەیار ودوژمنانی گەلی كوردستان.

٢- كاتێك بەرژەوەندی حیزب و دەسەڵاتداران دەكەوێتە سەرووی بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان، دەسەڵاتداران داھات و سەروەت و سامانی میللەت پاوان دەكەن و بەتاڵانی دەبەن، وگەندەڵیش دەگاتە ھەموو جومگەكانی دەوڵەت، ئەنجام میللەت ودەسەڵاتداران دەكەونە دوو بەرەی جیاواز و دژ بەیەك تاڕادەیەك.

٣- كاتێك ھێزولایەنەكانی كوردستان سەركەتوو نابن لە ھەڵسەنگاندن و ناسینی خۆیان وتوانای دوژمنەكانیان، وبەھەڵەدا دەچن و دەكەونە ململانێ و شەڕی نابەرامبەر لەگەڵ ھێزی دوژمن، ئەنجام لە دۆخی وادا میللەتەكە و جولانەوەكەشی تێكدەشكێ، بە ھۆی خوێندنەوەی نادروستی دۆخ و واقعی كوردستان و دۆست ودوژمنەكان.
میژوی سەد ساڵی ڕابردووی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی عێراق، پڕە لە شەڕو توندوتیژی و ململانێی حیزبی و ناوچەیی، لە پێناوی بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و خێزان و بنەماڵەو حیزب، بەجۆرێ كەساڵانی ململانێی حیزبی وشەڕی نارەوا و نانیشتیمانیانە بەراورد ناکرێ لەگەڵ ساڵانی ئاشتەوایی و تەبایی و پێکەوەیی.
لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ئازارو بەهاری ساڵی (1991) ، و پێكھێنانی پەرلەمان و حکومەت و ئەم قەوارە سیاسیە، ناکۆکی و شەڕ لە نێوان هێزو لایەنە چەکدارەکانی کوردستان ھەڵگیرسا{(شەڕی پارتی وسوشیالیست لە ١١ /١٩٩٣/١٢) و (شەڕی بزوتنەوەی ئیسلامی ویەكێتی لە ١٩٩٣/١٢/٢٠) و (شەڕی پارتی و یەکێتی لە ١٩٩٤/٥/١)} ، وزۆر پەرەی سەند ودرێژە كێشا، بەجۆرێک دەوڵەتانی هەرێمایەتی ڕاستەوخۆ بوون بە بەشێک لەو شەڕو ململانێیانە، و بەرژەوەندییەکانیشیان بەشێوەیەک گرێدرا بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری دەوڵەتانی ناوچەکە... بەرژەوەندی حیزبی بە تەواوی جێگای بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی و نەتەوەیی گرتەوە، دواجار ئەم شەڕە بەفشار ونێوەندگیری ئەمریكا كۆتایی ھات، بەڵام شوێنەوارەكانی تا ئەمڕۆ زۆر بەزەقی دیارە.
لەماوەی سەرەتای مانگی ئابی ساڵی (2014) ەوە، تا ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی ساڵی (2017) ، دەسەڵاتدارانی کورد (پارتی و یەكێتی) زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستانیان (شەنگال، رەبیعە، زممار، مەخمور، دوبز، کەرکوک، داقوق، دوزخورماتوو، جەلەولا و خانەقین) لە دەستدا، و ناوچەكە بەتەواوی کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ، و ئێستا لە سایە ولە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵدا شێوازێكی نوێ لە پاكتاوكردنی كورد لەو ناوچانە جێبەجێ دەكرێ.
ئەمڕۆش ئەم ناکۆکی و ململانێیە لەنێوان هەردوولادا، ھەمیشە لە ھەڵچون وداچون وتوندبون وخابونەوەدایە، و بەجۆرێکە هیچ ئومێدی ئەوەی لێناکرێت بتوانن لە ئاستی ڕووداو و گۆڕانکاری وھەل و ھەڕەشە و ئاڵنگاریەکانی داهاتوو بن.
لە داهاتووشدا مەترسی ئەوە هەیە، ئەو هێزو لایەنانە بەپێی جوغرافیا و بەرژەوەندی سیاسی ئابوری وئەمنی دابەشبن بە سەر دوو بەرەی جیاواز، ودوو دەوڵەتی جیاوازدا، و ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، بێگومان ئەگەری دابەشبوونی تری خاک و میللەتەکەشمان لە کوردستانی عێراق لە ئارادا دەبێت.
بەم پێیە؛ لانیكەم سێ لە نیشانەكانی ئەو ھەڕەشە و مەترسیانە دەركەوتووە، و بەزقی لە ئارادایە، لەبەر ئەوە ململانێ وشەڕی لایەنە چەكدارەكانی ھەرێم ھەمیشە لە سەرپێیە.
چی بکەین بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی لایەنە چەکدارەکان لەسەر هەرێم و ڕەواندنەوەی مەترسی دابڕانی جەماوەر لە لایەنە سیاسیەکان!؟
بە خوێندنەوەی سادەی من دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم دوو موساڵەحە و ڕێکەوتنی ڕاستگۆیانە بکەن، گەر سەقامگیری تەواوی ئەم هەرێمەیان دەوێت.

یەکەم : سوڵح و ڕێکەوتن لە نێوان لایەنەكانی كوردستان :
ا/ رێكەوتن لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەسەر بنچینەی :

1- پاراستنی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی ودەستوری و سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، و دروستکردنی هەرێمێکی یەکگرتوو، حکومەتێکی نیشتمانی یەکگرتوو، هێزی چەکداری نیشتمانی یەکگرتوو، ئابورێکی نیشتمانی یەکگرتوو و پەیوەندی سیاسی و دبلوماسی یەکگرتوو....

2- دانانی بنەمای دروست بۆ چاکسازی ڕاستەقینە، و بە کردەوە ڕوبەڕوی گەندەڵی ببنەوە، و کار بکەن بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی هەرێم و میللەت بۆ سەر بەرژەوەندی حیزبی.

3- پەیوەندی هەرێم و عێراق، و پەیوەندی هەرێم و دەوڵەتان لەسەر بنچینەی دەستوری عێراق ڕێکبخرێتەوە بە مەرجی پابەندبوونی هەردوولا.

ب/ پارتی و یەکێتی ڕێکەوتنی سیاسی بکەن لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردستان لەسەر بنەمای:

1- پابەندبونی پارتی و یەکێتی بە دیموکراسیەت و بنەماکانی دیموکراسیەت، و کۆتایی هێنان بە هەڵبژاردنی ساختە و پەرلەمان و حکومەتی یەک حیزب و ئیفلیج،....
2- دانانی ڕێوشوێنی تەندروست بۆ چاکسازی ڕاستەقینە لە هەموو بوارەکان.
ئاراستەیەکیش هەیە باسی بژاردەی گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان دەکات بە حكومەتی ناوەندەوە، وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی گەندەڵی و دیموکراسی، وەك ئەوەی لە حكومەتی ناوەند كێشەی گەندەڵی ودیموكراسی نەبێ،...!؟
من لەگەڵ گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان نیم بە بەغداوە، بۆ چارەسەركردنی کێشەکان، لانیكەم لەبەر ئەم دوو ھۆیە:
یەکەم : زیاتر لە دە ساڵە دەوڵەتی عێراق یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە فاسد(گەندەڵ) و فاشییلەکانی دونیا (دەوڵەتی دووفا) ،بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەڵەتی.
دووەم : دەولەت وحکومەتی عێراقیش (هی پێش بەڕێز مستەفا کازمی) فاشیل نەبوایە لە ئیدارەدان، دانیشتوانی دە پارێزگا (بەغداد + نۆ پارێزگای خوارووی عێراق) نە دەهاتە مەیدان و سەرشەقامەکان لە دژی حکومەتی عێراق بۆماوەی نزیكی دە مانگ . گەر حکومەتی عێراق بڕوای تەواوی بە دیموکراسیەت هەبوایە، بەو توندوتیژییە ڕوبەڕووی خۆپیشاندەران نەدەبووەوە، و ئەو هەموو قوربانییەشى نەدەبوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand