خێڵ و سواڵ
2020-09-06 22:47:57
پەیكار عوسمان
- خۆ ڕاستە تۆ بێ خواستی خۆت و هەر بە لەدایکبوون و تەسکەرە، موسوڵمانیت. بەڵام دنیایەك مزگەوت و مەلاو بانگخوازو جومعەو جەماعەت و دەزگاو مەراسیم.. بەردەوام لەکارایە بۆ مانەوەی تۆ لەناو مێگەلەکەدا.
یان حیزب، بە خواستی خۆت چووبیت، یان بە ناچاری، دواجار دنیایەك بارەگاو ڕاگەیاندن و موچەو خیتاب و سیناریۆی هەیەو بەردەوام کاری لەسەر ئەکا، بۆ پاراستنی مێگەلەکەی خۆی.
یان ئایدۆلۆژیا، خۆ هەر بەوە دانانیشێ کە فیکرێکت بداتێ، بەڵکو بەردەوام شەڕت بۆ دروستئەکاو بەردەوام شەیتانت بۆ ئەخولقێنێ، بۆئەوەی بەتەواوی لە مێگەلیی خۆتدا ڕۆچیت و شەڕەکانی ئایدۆلۆژیا ببن بە گرێ و شەڕی شەخسی خۆت و مەجالت نەبێ بیرێکیان لێبکەیتەوە!
- ئەمەوێ بڵێم مێگەلیی جۆری زۆرەو ناشکوری نەبێ هەمووشیمان هەیە، بەڵام خێڵ سەرەتاییترین جۆری مێگەلە، چونکە بێ ئەرکترین و بێ بەرامبەرترین جۆریەتی بەراورد بە مێگەلەکانی تر!
ئاخر مێگەلەکانی تر ئەرکێك و عەزێتێك ئەکێشن لە پرۆسەی بە میگەلکردنی تۆدا، ئەو ئەرکەش، خۆی لەخۆیدا بەرامبەرێکە کە بە تۆی ئەدەن، بەڵام خێڵ هیچ ئەرکێك ناکێشێ لە دروستکردن و پاراستنی مێگەلەکەیدا، بەڵکو هەربە خوێن و هەر بە تۆوێك کە لە پشتی باوکتایەو ئەگوازرێتەوە بۆ ڕەحمی دایکت، ئیتر تۆ ئەندامی مێگەلی خێڵیت و عەزێتەکە هەر ئەو چوار تەکانەیە کە باوكمان بەسەر دایکمانەوە داویەتی!
- خۆ هەموو جۆرەکانی مێگەلبوون، هەر پووچەو هەر کۆبوونەوەیە لە دەوری هیچ. بەڵام مێگەلەکانی تر دنیایەك شتت بۆ دروستئەکەن بۆ شاردنەوەی ئەو هیچە. وەلێ خێڵ مێگەلێکە کە هیچەکەی بێ پەردەو ئاشکرایەو هیچیش ناکات بۆ شاردنەوەی، کەچی دەمارەکەشی لە هەموویان توندترە!
چونکە مێگەلبوون پرۆسەی لێدانی عەقڵەو ئینسانیش لە دۆخی ناعەقڵیدا ئەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سروشتی، دۆخی سروشتی ئێمەش، دۆخە ئاژەڵییەکەو مەسەلەی زۆربوونەو پەیوەندی خوێنە نەك هیچ حیکایەتێکی تر!
- بەڵێ خێڵ مێگەلێکە، کە لە پرۆسەی مێگەلسازییەکەیدا، کەمترین ئەرك ئەکێشێ و زۆرترین دەسکەوتی هەیەو ڕەنجی مێگەلەکانی تریش هەر ئەچێتەوە گیرفانی خێڵ،، چونکە مێگەلەکان هەموویان هەر لە عەقڵ ئەدەن و مرۆڤیش تا لە عەقڵ دوورکەوێتەوە، لە خوێن نزیك ئەبێتەوەو ئەچێتەوە سەر پلێتی سروشت، کە لەوێدا پەیوەندییەکان خوێنییە!
- بەڵێ مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام پێش کۆمەڵایەتیبوون، کائینێکی عاقڵەو بوونە عەقڵییەکەی پێش بوونە کۆمەڵایەتییەکەی ئەکەوێ. بوونە کۆمەڵایەتییەکەشی کاتێ مانای هەیەو مرۆییەو ئاژەڵیی نیە، کە لەسەر بوونە عەقڵییەکە دامەزرابێ، نەکئەوەی بوونە کۆمەڵایەتییەکە لەسەر حسابی بوونە عەقڵییەکەبێ و مرۆڤیش تەنیا ڕەقەم و مەڕێکی ناو ڕانەکەبێت!
- یەعنی "عەقڵ" بۆ ئەوەنیە کە ئینسان بەتەنیا لە ئەشکەوتێکا بژی و پێویستی بەوانیتر نەبێت، بەڵکو بوونە تاکییە عەقڵییەکە هەر بۆئەوەیە کە بوونە کۆییەکانی لەسەر دامەزرێ و چیتر بوونە کۆییەکان، لەسەر شتە دروستەکە دامەزرابن کە عەقڵە، نەك مێگەلبن و لەسەر هیچە شاراوەو ئاشکراکان دامەزرابن!!
- "بوونی کۆیی" قیتارێکە خۆی ئەڕواو کاری مرۆڤیش هەر ئەوەیە کە بۆ جارێکیشبێ دابەزێت. دابەزێ بۆئەوەی لە "هیچ سەنتەریی" پەیوەندییە کۆییەکە تێبگاو "عەقڵ" بخاتە شوێنی "هیچ"و جارێکی تر لەسەر ئەساسی عەقڵ سەرکەوێتەوە.
یەعنی تۆ ناتوانی لە یەك کاتا لە دوو شوێن بیت، ناتوانی لە وەهمابیت و ئاگاشبیت بە وەهم، بەڵکو ئەبێ بچیتە دەرەوەی وەهم، بۆئەوەی ئاگابیت و خودی وەهم بناسیت!
- جا کۆمەڵگایەك کە هەموو جۆرەکانی مێگەلی تێدایەو هەموو پەیوەندییە کۆییەکانی لەسەر لێدانی عەقڵ و ئیرادەی ئینسان دامەزرابێ، ئاساییە کە سواڵ و کڕوزانەوەو نەفسنزمیی ببێتە دەموچاوی هەرە دیاری کۆمەڵگاکە!
مێگەل ئینسانی کۆیلەو دەربارو بێئیرادەو شکاوی ئەوێ و هەر ئەوە دروستئەکا. بۆ ئەوەشی "پەیوەندی کۆیی"، لە ئاژەڵی و مێگەلییەوە بکەین بە ئەخلاقی و ئینسانی، ئەبێ "وەکو تاك" بگەڕێینەوە بۆ عەقڵ و هۆشیاریی، چونکە ئەمەی کە هەیە لەسەر غیابی ئەوێمان دامەزراوە!
- "مێگەل" پەیوەندی ستەمکارانەی سەردەست و بندەستە، بەڵام ستەم خۆی لەسەر جەهل دائەمەزرێ و ئێمەش ئەبێ لە لێدانی جەهلەوە لە ستەمکاریی بدەین. تەنیا لە عەقڵیشەوە ئەتوانی لە جەهل بدەیت. ستەمکاریی تەنیا بە شتێك لێ ی ئەدرێ، کە ئەو شتە خۆی ستەمکاریی نەبێت، تۆش تەنیا لە هۆشیارییدا ئەتوانی سەمکاریی بناسیت و بزانیت چی ستەمەو چی ستەم نیە.
لە جەهلا، تۆ ئەو کاتەشی کە شەڕ لەگەڵ ستەم ئەکەیت، هەر ستەمکاریی قووڵئەکەیتەوە، چونکە لەوێدا تۆ ستەم ناناسیت و ئەشێ ئەوەی تۆش هەر ستەمێکی تربێ و هەر ستەمکارییەکی تری لەسەر دامەزرێ!
- بۆ جارێکیشبێ لە قیتاری مێگەل دابەزەو سەرکەوە بۆ وێستگەی عەقڵی خۆت و لەوێ تۆزێك دانیشە. خۆ دواتر هەر ئەندامی خێڵەکەی خۆتیت و بەوە لە جافەوە نابیت بە گۆران، بەڵام بەوە لە وەحشەوە ئەبیت بە ئینسان و ئیتر خێڵیش تەنیا وەکو ڕەنگێکی ناو وێنەکە ئەبینیت، نەك وەکو ئەو دێوە بەلەسەیەی کە وێنەکە ئەدرێنێ. جارێك دابەزەو ببە بە بوونێکی هۆشیار بە سەر خێڵەکەتەوە، نەك ئەوەی خێڵ باری جەهل بێت بەسەر شانی نەبوونتەوە!
- مێگەڵ شانۆیەکە تەنیا دوو ئەکتەری تێدایە، کۆیلەیەك و سەردارێك. بەزمانێکی شەعبی (نێرەکەرێك و گرینۆکێك). ئیتر کۆمەڵگا هەزار چینیشبێ هەر دوو چینە، چێنێك کە چینەکەی خوار خۆی ئەچەوسێنێتەوەو چینێك کە لە چینەکەی سەرو خۆی ئەپاڕێتەوە. ئەمە تا هەموو ئاستەکان ئەڕواو وەکچۆن کەسێك ئەگری و لە حکومەت ئەپاڕێتەوە، حکومەتیش ئەگری و لە بەغدا ئەپاڕێتەوە، بەغاش لە ئەمریکا..
- لێرەشدا خەلەلێکی ئەخلاقی هەیەو خەلەلەکەش هەر ئەوەیە کە، پەیوەندی ئینسانی نابێ ستونیی و زاڵێتی بێت، ئەبێ ئاسۆیی و پێکەوەژیان بێت. کە ئاسۆیی بوو، ئیتر لەبری چین، ڕەنگ هەیەو جیاوازەکانی کۆمەڵگا، ئەبنە ڕەنگ لە وێنەکەداو لە تەنیشتی یەکدا، لەکاتێکا لە پەیوەندی ستونیدا، چینەکان ئەچنە سەر یەك و ستەمکارانە پێ ئەنێن بە یەکتردا.
- ئەو گۆڕینەی (ستوونی بە ئاسۆیی، ستەمکاریی بە پێکەوەژیان) ئەگەر لە دەرەوەو لە ئەرزی واقعیشدا خەیاڵ و یۆتۆپیابێت، لە ویژدان و ناوەوەماندا ئەبێ حەقیقەتبێ و ئیمانی پێبهێنین، چونکە شتەکە مەسەلەیەکی وجودییەو پەیوەندی بە بوون و نەبوونی مرۆڤانەی ئێمەوە هەیە!
- یەعنی تا لەناو ئاگایی خۆماندا، پەیوەندی ئاسۆیی نەخەینە جێگای پەیوەندی ستوونی، ناتوانین مرۆڤبین، تا مرۆڤیش نەبین، واقعەکەی دەرەوە، هەر جەنگەڵەو نابیت بە شوێنی ژیان. ئینسان ئەبێ یەکجار لەوە تێبگات، کە جیهانی ڕاستەقینەی ئەو، جیهانەکەی ناوەوەیەتی و لەوێوە دەسکاری دنیا ئەکرێ. لەوێوە دەستپێبکەین، دنیای دەرەوە ئەگۆڕێ و ئیرادەی گۆڕانەکەمان بۆ دروستئەبێ. لەوێوە دەستپێنەکەین، هیچ لە حاڵی دەرەوە ناگۆڕێ و هەموو گۆڕانێکیشمان پێ خەیاڵ و یۆتۆپیایەو بێ ئیرادە ئەبین لە بەردەمیدا!
- لەبەردەم نەبوونیدا، تۆ پێشئەوەی داوابکەیت، ئەبێ بیربکەیتەوە. لەبەردەم سواڵکەردا، تۆ پێشئەوەی نان بدەیت، ئەبێ بیربکەیتەوە. لەبەردەم خێڵدا تۆ پێشئەوەی هیچ بکەیت ئەبێ بیربکەیتەوە. بۆ تێپەڕاندنی "عەقڵی خێڵ" و "کەسایەتی سواڵکەر"، جگە لەبیرکردنەوە ڕێگایەکی ترمان نیە، چونکە خودی ئەوە، بەرهەمی بیرنەکردنەوەیەکی دوورو درێژی کەڵەکەبووە.
- بەڵێ ئەبێ بیربکەیتەوە، چونکە لەبیرکردنەوەدا تێئەگەیت لەوەی کە خودی "نەبوونیی" لە ستەمکارییەوە هاتووەو بۆ چارەسەری نەبوونی نابێ لە ستەمکار بپاڕێیتەوە!
ئەبێ بیربکەیتەوە، چونکە لەبیرکردنەوەدا لەوە تێئەگەیت کە "کەسایەتی سواڵکەر" پەیوەندی بە هەژاری و دەوڵەمەندییەوە نیەو کێشەی نان نیە، کێشەی ئیرادەیە.
ئەبێ بیربکەیتەوە، چونکە لەبیرکردنەوەدا تێئەگەیت لەوەی کە "خێڵ" تەنیا پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا نیە، بەڵکو عەقڵیەتی کۆی کۆمەڵگایە!
- ئەبێ بیربکەینەوە بۆ ئەوەی "عەقڵیەتی چەندێتی" تێپەڕێنین و بگەین بە "عەقڵیەتی چێتی". لە چەندێتیدا ئێمە تەنیا ژمارەو سەرمەڕین و مێگەلەکان قەرەباڵغ ئەکەین. بەڵام لە چێتیدا تۆ لە خودی و مێگەل و مەڕیی تێئەگەیت و ماهیەت و چێتییەکەی ئەزانیت. ڕاستەوخۆ بە دوای چێتیشدا، چۆنێتی گۆڕانی بەسەردا دێ و لەم دەعبایەی ئێستاوە ئەبینە دەعبایەکی ماقوڵتر!