سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا و چەند سەرنجێك .
2020-09-05 19:05:54
ساڵح ژاژڵەیی
سەرەتایەكی كورت: بە درێژایی 29 ساڵی حوكمرانی یەكێتی وپارتی هەر وەڤدێك بۆ هەر شوێنێك چوبێت هاولاِتیان بە گشتی كۆمەڵێك سەرنج و گومانیان هەبوە . دواجار دەریش دەركەوت كەوت هەموو سەرنج و گومانەكانیش لەشوێنی خۆیاندابون . ئەگەر چونی وەڤدەكە گرنگ بوبێت بۆ پارتی خۆی ، ئەوە سەرۆكی وەڤد دەبوو هەر پارتی بێت .
خۆ ئەگەر ئەو مەبەستەی وەڤدەكەی بۆ ڕێك خرابێ زۆر گرنك نەبوێت و زیاتر پڕۆتۆكۆلی بوبێت و بەرژەوەندی تایبەتی پارتی تێدا نەبوبێت ، ئەوا وەڤدێكی گەورەیان لە هەموو حیزبەكان پێك هێناوە و هەمویانیان دەخەڵەتاند .
خۆ ئەگەر بارودۆخەكە پێویستی بەوە هەبوبێت وەڤدێك پێك بهێنرێت و بە ناچاریش یەكێتی تێیدا بەشدار بوبێت ، ئەوا لە كاتی چونی وەڤدەكەدا بۆ ئەوشوێنە هەر چۆنیك بێت پاشقولێكیان لە ئەندامانی تری وەڤدەكە گرتوەو فرسەتیان هێناوە لە پشتی پەردەوە كاری خۆیان كردوە . بۆ زیاتر ڕون كردنەوەی ئەم بۆچونانە سەیری ئەم نمونانەی خوارەوە بكەن .
یەكەم : جارێكیان وەڤدێكی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیر بارزانی دەچنە بەغدا بۆ وتو وێژ لەسەر كیشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا . هەرچەندە مێژوەكەیم لەیاد نەماوە بەڵام ئەوەندەم لە یاد ماوە سەرۆكی لایەنی وەڤدی یەكێتی سەعدی ئەحمەد پیرە دەبێت . كۆبونەوەی ئاسایی تەواودەبێت . بەڵام لە شەودا نێچێر بارزانی و چەند كەسێك لە حیزبەكەی خۆی ، خۆیان دەگەیەننە لای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران . دیارە بۆ دەسكەوتی تایەبتی حیزبەكەیان چون . بۆ بەیانی كە ئەوە ئاشكرا دەبێت و برادەرانی یەكێتی گلەیی دەكەن ، لەوەڵاما دەڵێن : كاك نێچیر هەندی قسەی تایبەتی خۆی هەبوو ، بەڵام لەبەر ئەوەی عەرەبی باش نازانێت ، ئێمە وەكو وەرگێڕ لەگەڵی چوین . سەعدی ئەحمەد پیرە عەرەبی زانێكی زۆر باشە . بۆ ئەوەی هیچ گومانیك دروست نەبێت ، ئەو بەشداری دانیشتنەكەی بكردبایە ، باشتر نەدەبوو ؟؟؟.
دووەم : لەم چەند رۆِژەدا سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی بەغدای كرد ، سەرۆكی هەرێمیش سەردانی سەرۆكی فەرەِنسای كرد لە بەغدا . دیارە چونەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر داوای سەرۆكی فەڕەنسا بوەو ئەوەش مانای وایە چیتر هەوڵیر بایەخی جارانی نەماوە . لەبەر ئەوەی ئەم كۆبونەەیە هەم ماوەكەی زۆر نەبوەو هەم شتی نەهینیشی تێدا باس نەكراوەو هیچ دەسكەوتێكی تایبەتی پارتیشی تێدا نەبوو ، سەرۆكی هەرێم هەردوو جێگرەكەشی لەگەڵ خۆی بردن . لە لایەك دڵی جێگرەكانی خۆش كرد . لە لایەك دڵی یەكێتی و گۆڕانیشی ڕازی كرد بەوەی گرنگی بە نوێنەرەكانیان دەدات . لە لایەكی تریشەوە پارتی هیچ زیانێك ناكات .
بەڵام دوای گەڕانەوەی سەرۆكی هەرێم لە بەغدا یەكسەر سەفەری كرد بۆ توركیاو لەگەڵ سەرۆكی توركیاو وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبونەوەی كرد . بەڵام ئەم جارەیان هیچ لە جێگرەكانی لەگەڵ خۆی نەبرد ، هەموو ئەندامانی وەڤدەكە لە نزیكەكانی خۆیی و سەر بە حیزبەكەی خۆی بون . كەواتە خەڵك حەقیەتی پرسیاریشی هەبێت و گومانیشی هەبێت لەم دوو سەردانەی سەرۆكی هەرێم . پێش ئەوەی بۆچونی خۆم لەسەر ئەم سەفەرەی سەرۆكی هەرێم دەربڕم ، پێم خۆشە ئەمانەشتان وەبیربێنمەوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن پارتی هەمیشە خەرێكی پاشقول گرتنە .
یەكەم : زوربەتان ئەوەتان لەبیرە كە وەڤدێك بە سەرۆكایەتی نێچیر بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی مۆسكۆیان كرد . وابزانم بڕی 3 ملیار دۆلار قەرزیان وەرگرت . لە بری ئەوە نەوتی خاویان پێدان. بۆری نەوتی هەرێمیان پێ فرۆشتن . ڕێگایان پێدان نەوتیش دەرێنن .
ئەوەی زۆر گرنگە و دەمەوێت ئاماژەی بۆ بكەم كە پارتی هەمیشە یەكێتی خەڵە تاندوە ئەمەیە : نوێنەری ڕەسمی حكومەتی هەرێم لەو كاتەدا لە مۆسكۆ هەبوو ، ئامۆزای كاك قوباد خۆشی بوو ، ئەویان بەشداری پێنەكرد لەكاتی گفتوگۆ و ئیمزاكردنی گرێبەستەكە ، بەڵام نوێنەری پارتی وەكو حیزب بەشداری كۆبونەوەكە بوو . ئەگەر من بومایە لەشوێنی كاك قوباد هەرگیز ئەوسوكایەتیەم قبوڵ نەدەكرد و كۆبونەوەكەم جێ دەهێشت . بەڵام نازانم بۆچی ئەوەی نەكرد؟؟
دووەم : هەموتان ئەوەتان باش لە یادە كە ماوەی پیشو چەندین جار وەڤدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای دەكرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پارەو بودجە . وەڤدەكە ئەوەندە زوو زوو دەچونە بەغدا وای لێهاتبوو پێیان دەگوتن ، تكایە تا ئاگادارتان نەكەینەوە مەیەنەوە بۆ بەغدا . بۆ ئەمەیان سەرۆكی وەڤد كاك قوباد بوو . دیار بوو زۆریشی لاگرنگ بوو كە كراوە بە سەرۆكی وەڤد . بەڵام ئەگەر پارتی بیزانیایە خێری بۆ خۆی تێدایە ، هەرگیزكاك قوبادیان نەدەكرد بەسەرۆكی وەڤد . دیارە حكومەتی بەغدا دیقە دیقەی بە وەڤدی هەرێم دەكرد . ئەوەیان لە بیر مابوو كە كاتی خۆی نێچیر بارزانی دەیگوت بەغدا پارەی نەماوەو ئیفلاسی كردوە .
كە وەڤدەكە دەگەڕایەوە و بۆ كاك مەسرۆریان باس دەكرد ڕازی نەدەبوو بە مەرجەكانی بەغدا . دواجار كە ناچار بون و هیچ ڕێگایەكی تر نەما لەبەر دەمیان هەر بەو مەرجانە ڕازی بون كە لە كۆبونەوەكانی پێشو حكومەتی بەغدا ڕازامەندی دەربڕیبو. بەڵام مەسرور بارزانی هەموو ڕەنج و ماندوبونەكی كاكە قوبادی كرد بە هی خۆیی و تەلەفونی بۆ مستەفا كازمی كرد كە ڕازین بە مەرجەكانی ئێستای بەغدا .
دوای ئەوە كرا بە هەڵڵاو گوایە ئەوەی ئەو وەڤدە بە چەندین جار كۆبونەوە نەیان توانی ئەنجامی بدەن و بگەنە ڕێكەوتن ، بەڵام كاك مەسرور بە یەك تەلەفۆن جێ بەجێی كرد . سەیركەن چۆن لیرەشدا كڵاویانكردە سەری كاك قوبادی زۆر گوناح .ئەگەر كاك قوباد كەسێكی شارەزای سیاسەت و فرت و فێل بوایە هەر نەدەبوو بچێتە ژێر ئەوەی ببیتَە سەرۆكی وەڤد و بچێتە بەغداو خۆی بكات بە خاوەنی ئەو كارەساتانەی كە پارتی بەسەر ئەم میللەتەی هێناوە .
هیوادارم چیتر كاك قوباد نەچێتەوە بۆ بەغدا بۆ قسەكردن لەسەر بودجە و بە پارتی بڵێن : فەرمون چۆنتان وێران كردوە ئاواش چاكی بكەنەوە . بەڵام وەكو باس دەكرێت وەڤدەكە بە سەرۆكایەتی كاك قوباد دەچێتەوە بۆ بەغداو كە چەلەحانیەكەی تەواو كرد ، بۆئیمزا كردنی بڕیاری كۆتایی كاك مەسرور دەچێت و سەركەوتنەكە دەكات بە هی خۆی .
سێیەم : لە دوای ڕاپەڕێن و ئەو كاتەی سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان وەكو ناوچەی دژە فڕین دیاریكران ، فڕانسۆ میتران سەرۆكی ئەوكاتەی فەڕەنساو زۆر دۆستی كورد بوو . داوای وەڤدێكی كوردی كرد سەردانی فەڕەنسا بكەن . كە وەڤدەكەدەچنە فەڕەنسا پێشنیاری ئەوەیان بۆ دەكەن كە هەوڵ دەدەن كەركوكیش بخنە ناوچەی دژە فڕینی فڕۆكە جەنگییەكانی بەعس و هێزێكی تایبەتی پۆلیسیش بۆ ئیدارەدانی شارەكە دروست بكەن . ئەوەش بە مانای ئەوە دەهات هێواش هێواش كەركوكیش بخەنە سەر هەرێمی كوردستان . ئەگەر كورد سیاسەتی بزانیایە ئەوە هەنگاوی یەكەم دەبوو بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بە كەركوكیشەوە بە تەواوی سەر بەخۆ بێت .
هەر كە كۆبونەوەكە تەواو دەبێت و وەڤدەكە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان ، هوشیار زێباری لە توركیا لادەدات و دەچێتە لای بەرپرسانی تورك و لە هەموو ناوەرۆكی كۆبونەوەكە ئاگاداریان دەكەنەوە . ئەوكات توركیا دەیكاتە هاوار و عێراقیشی لێ ئاگادار دەكەنەوەو ئەو پرۆِژە گرنگەی فەڕەنسا بۆ كورد لە بار دەبەن .
چوارەم: كاك نەوشیروان یادی بەخێر بۆی گێراینەوە و وتی بەرپرسە فەڕەنسیەكان ئامادەیی خۆیان نیشاندا كە باشترین كەسانی شارەزا لە بواری یاساو كاری پەڕلەمانێدامان بۆ بنێرن بۆ نوسینەوەی دەستور بۆ ئەوەی كاتێك لەگەڵ بەغدا ڕێكەوتن دەكەین و دەقە یاساییەكان دەنوسرێنەوە توشی هەڵە نەبین و بزانین داوای چی دەكەین . لە درێژەی قسەكانیدا وتی : پارتی ڕازی نەبوو لە ترسی ئەوەی بەغدا لێیان عاجز نەبێت .
پێنجەم: هەموشتان لە بیرتان ماوە چۆن لە خولی یەكەمی پەڕلەماندا پارتی ڕازی نەبوو داوای فیدڕاڵی بكەین و ئەوان هەر سوور بون لەسەر حوكمی زاتی . ئەمانە كۆمەڵێك پرسی گرنگن و بەپێویستم زانین بیرتان بهێنمەوە . سەیری ئێستای پارتیش بكەن ، لە لایەك ڕاپرسی ئەنجام دەدەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان و خۆیان كردۆتە قارەمان . هەر ئەم سەرۆكی هەرێمەی ئێستایە كاتی خۆی دەیفەرمو ئێمە ئابوری خۆمان سەربەخۆ دەكەین و نەوتی خۆمان بۆ خۆمان دەردێنین و دەیفرۆشین چونكە ناچارین ئەوە بكەین بەغدا ئیفلاسی كردوە . ئەم جارەش لە بەغدا لەبەر دەم مستەفا كازمیدا دەیفەرموو : من شانازی بە عێراقی بونی خۆمەوە دەكەم .
ئێستا كاتی ئەوەیە بپرسین : چی لە پشتی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمەوەیە بۆ وڵاتی توركێا ؟؟.
هەموو كەسێك لە ئێمە حەقی خۆمانە گومانمان هەبێت لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا . حەقی خۆشمانە بپرسین بۆچی سەرۆكی هەرێم كتوپڕ دوای كۆبونەوەی لە گەڵ سەرۆكی فەڕەنسا ، گەڕایەوە بۆ هەولێر و سەفەری كرد بۆ توركیا . لەبەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم پێشتر و لە كاتێكدا هیچ پۆستێكی حكومی نەبوە خۆیی و ئاشتی هەورامی چونە توركیاو گرێبەستی نەوت و غازی لە گەڵ توركیا بۆ ماوەی 50 ساڵ مۆر كردوە . نێچیر بارزانی هەرێمی كوردستانی توشی قەیرانی دارایی وئیفلاسبون كردۆتەوە . مەترسی لەناو چونی قەوارەی هەرێمی كوردستانیشی دروست كردوە . بۆیە هەر سەفەرێك بە تەنها ئەنجامی بدات ، گوماناوی و جێگەی موتمانەی جەماوەر نابێت .
كێ ناڵێت لەم سەردانەشیدا پەندێكی لەوە خراپترمان پێ نادات ، كارەساتێكی گەورەی ترمان بەسەر دا ناهێنێت .لەوانەیە كارێك بكات بە حسابی خۆی هەڵەی پێشوی چاك بكاتەوە ، بەڵام خرابتریشی بكات. باشە بۆچی سەفەری كردوە ، ئایا پرسی بە پەڕلەمان كردوە ، ئایا سەردانەكەی حیزبییە ، بنەماڵەییە ، یان حكومییە ؟؟ ئەمانە هەموو پرسیارن و وەڵامیان دەوێت و نابێ وەكو مۆركردنی گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت و غاز تێپەڕێت و كەس نەزانێت . ماوەتەوە ئەوەی بۆچونی خۆم دەربڕم لەسەر ئامانجی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا:
یەكەم : نێچیر بارزانی پەیوەندی شەخسی باشی لەگەڵ بەرپرسانی تورك هەیە و لە هەمان كاتیشدا مامەلەی بازرگانی زۆر گەورەشی لەگەڵ توركیا هەیە ، بۆیە خۆی بە دۆستی بەرپرسانی تورك دەزانێت ، لەوانەیە هەندی زانیاری گرینگی لە كاتی كۆبونەوەكەدا لە پەناوە دەست كەوتبێت و پەیوەندی بە توركیاوە هەبوبێت و بیەوێت بەرپرسانی توركیا ئاگادار بكاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر ببێتە جێگای متمانەیان .
دووەم :لەوانەیە بەرپرسانی توركیا خۆیان داویان لی َكردبێت سەردانی توركیا بكات و بیانەوێت زانیاری وردیان دەسكەوێت لە بارەی كۆبونەوەكەوە چونكە خۆیان دەزانن پەیوەندییان لەگەڵ مستەفا كازمی باش نییە.
سێیەم :لەوانەیە بۆ قسەكردن بێت لەسەر پرسی پەكەكە . كێ ناَڵێت توركیا بڕیاری نەدابێت پەلاماری قەندیل نەداو داوای هاوكاریش لە پارتی بكەن .
چوارەم : ئەی بۆچی بۆ مەبەستی هەڕەشە كردن نەبێت لەپارتی و ئاگاداریان بكەنەوە لەوەی نەبنە پاڵپشتی كازمی .
پێنجەم : بە دووریش نازانرێت سەرۆكی هەرێم خەرێكی ئێمزاكردنی گرێبەستێكی تر بێت و وەعدیان بداتی ئەگەر هەرێمی كوردستانی عێراق داگیر بكەن و ئەوان بكەنە حاكمی هەرێم، ئامادەن پاڵ پشتییان بكەن .
ئەمانەی كە من نوسیومن هەمویان ئەگەرن و پرسیارن . هەتا ئەو كاتەی بنەماڵەی بارزانی ئاوا بە نەهێنی پەیوەندی لەگەڵ ئەم وڵات و ئەو وڵات ، ئەم تاقم و ئەو تاقم ، ئەم كەس و ئەو كەس ببەستن و كەسی لێ ئاگادار نەكەنەوەو هەر خۆیان بیزانن ، گومانەكانیش هەر بەردەوام دەبن . هیوادارم سەردانەكەی ئەم جارەی سەرۆكی هەرێم بۆ زیان گەیاندن نەبێت بە هەرێمی كوردستان .
هیوادارم هەردوو جێگرەكەشی بێدەنگ نەبن و لە گەڕانەوەیدا داوی لێ بكەن هۆكاری سەفەرەكەی بۆ توركیا بۆ پەڕلەمان و ڕای گشتی ڕون بكاتەوە .چونكە ئەگەر ئەنجامێكی خراپی هەبێ ، ئەوان وەكو نوێنەری دوو خیزبی بەشداری حكومەت ، ڕوبەڕوی بەرپرسیاریەتی دەبنەوە .
3/9/2020