کورد لە نێوان (ترهمپ و بایدن)دا
2020-09-05 18:11:48
كاروخ خۆشناو
وڵاتانی جیهان (بەگشتی) چاویان بڕیوەتە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئهمهریكا، کە بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە رێکكەوتی (3/11/2020) ئەنجام بدرێت، ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تاکو ئێستا ئهمهریكا زلهێزترین وڵاتی دونیایە و (واشنتن)ی پایتەختیش (چەق)ی داڕشتنی بڕیارە چارەنووسسازەکانی جیهانە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش (بەتایبەتی) لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئهمهریكا دایە، چونکە بە گۆڕانی سەرۆکی ئهمهریكا، چاوەڕواندەکرێت هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەدا بگۆڕێت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دا، بە جۆرێک ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و رێکكەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبکرێتەوە، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سووریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویورك تایمز New York Times)دا ڕایگەیاند "ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئهمهریكا، هاوکاری ئۆپۆزیسیونی تورکیا دەکەم بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر ئهردۆغان".
بەڵام لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی (ترهمپ و کۆمارییەکان) ئەوا چاوەڕواندەکرێت وەکو پێشتر ئێران پاشەکشە بکات، چونکە (ستراتیژیەتی ئەوپەڕی فشار) لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت، تاکو ناچار بکرێت بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێکكەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئهمهریكا واژوو بکات، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا گەشە بکات، بە هۆی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەی کە ترهمپ لەگەڵ ئهردۆغان هەیەتی.
جیاوازی نێوان ترهمپ و بایدن (کۆماری و دیموکراتەکان) بەرامبەر دۆزی کورد:
بە هۆی ئەوەی کورد لە رۆژهەڵات ناوەڕاستدا دابەشکراوە بەسەر چوار وڵاتدا، ناتوانین لە نێوان (ترهمپ و بایدن)دا بە دیاریکراوی بڵێین ئەم کاندیدە باشترە لەوەی دی، چونکە هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەکی کوردستان بێت و لەبەرژەوەندی پارچەیەکی دیكهی کوردستان نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندنی کوردانی رۆژهەڵاتە کە (ترهمپ) دووبارە هەڵبژێردرێتەوە چونکە (ترهمپ) دژی ئێرانە، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی باکوور نییە، چونکە (ترهمپ) هاوڕێی ئهردۆغانه، بەپێچەوانەشەوە لە بەرژەوەندی کوردانی باکوورە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە (بایدن) دژی ئهردۆغانه، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی رۆژهەڵات نییە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە ئەگەری هەیە سزاکان لەسەر ئێران هەڵگرێت و رێكکەوتنی ئەتۆمی کارا بکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (ترهمپ) بەرامبەر بە دۆزی کورد، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی (کۆمارییەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرامبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەویش چونکە بەرژەوەندییەکانی ئهمهریكا (پێودانگ و سەنگی مەحەک) بوون لە هەموو هەڵوێستەکانیان نەک شتی دیكه.