ئاواکردنی فاشیزم و دەسەڵاتی سیاسی کوردستان
2020-09-05 17:33:33
دارا محهمهد
یەکێک لەو مەترسیە گەورانەی دنیای سیاسی ئێمەی تەنیوە پێدەچێت دامەزراندنی بنەماکانی ئەو فاشیزمە نوێیە بێت کە بە شێوەیەکی سیستماتیکانە لە کۆمەڵێک رێگەی جیاوازەوە لە لایەن هەردوو نوخبە سیاسیەکەی دەسەڵاتەوە بە ئەنجامدەگەیەنرێت. رۆژانە ئەو دیاردە سیاسی و رەفتار و پراکتیزە سەرکوتکاریانە دەبینین کە ئاماژەی گرنگن بۆ سەرهەڵدانی عەقڵیەتێکی فاشیخواز و هێڵ و تانوپۆ و بناغەکانی فاشیزمێکن کە هەوڵی رەگداکوتان دەدات لە ناو چەقی دەسەڵاتی کوردیدا و پاشان لە هەوڵی داگیرکردنی کۆمەڵگەدایە لە رێگەی بە چۆکپێدادانی تاکەکەسەکانەوە. ئەم هەوڵانە لەلایەن ئەم دوو نوخبە دەسەڵاتدارەی ناو پارتی و یەکێتیەوە بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو کاری لەسەر دەکرێت، کە دواترینینان ئەو پرۆژە یاسایە بوو لەسەر میدیای ئەلکترۆنی کە پەرلەمان ئامادەی کردبوو. پرۆژەیەک بوو تا سەر ئێسک ستەمکارانە و بنەماکانی دامەزراندنی دەوڵەتێکی پۆلیسی بۆ کۆمەڵگە دادەنێت کە خۆی لە دروستکردنی چاوەکانی چاودێریی و سەرکوتکردن و بە ئاسایشکردنی میدیایە بە گشتی و سەرجەم کەناڵەکانی دیکەی پەیوەندیکردن بە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە و، دواجار ئاواکردنی فاشیزمی هەردوو نوخبە دەسەڵاتدارەکەیە بەسەر سەرجەم کایەی سیاسیدا.
ئەم فاشیزمە نوێیەی کە لەلایەن زۆرێک لە نوخبە سیاسیەکانی وڵاتە ستەمکار و دیکتاتۆریەکانەوە دروستدەکرێت، بە دەسەڵاتی سیاسی کوردستانیشەوە، لە هەموو سیما و ناوەڕۆکەکانیەوە لەو فاشیزمە ناچێت، کە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا هاتۆتەکایەوە، کە سەرکردەیەکی سەربازی حوکمی وڵات دەکات و سوپایەکی بێشومار دروستدەکات و دەستدەکات بە پاکتاوکردنی هەموو نەیارەکانی و لەناوبردنی هەر دەنگێکی ناڕازی و کوشتنی هەموو ئەوانەی دژایەتی سیستمەکە دەکەن. رەنگە ئەم کار و کردەوانە لەسەر هەموو ئاستێک لەبار نەبێت لە ئێستادا بۆ هەندێک لەم نوخبە سیاسیانە کە بەشێکیان لە دۆخێکی فرە حیزبی و جۆرێک لە پلورالیزمی سیاسیدا دەژین و رێگە لەم فاشیزمە عەسکەرتاریە دەگرێت. لێرەوە دامەزراندنی فاشیزمێکی نوێی سیاسی لە زۆرێک لەم سیستمە پاوانخوازانەی دەسەڵاتدا کارکردنە لەسەر نەهێشتنی نەیارەکانیان لە رێگەی دامەزراوە یاساییەکانەوە یان لە رێگەی مۆبیلیزەکردنی جەماوەر و ئەندامەکانی ئەم نوخبە حیزبیانەوە بۆ کپکردنی دەنگە ناڕازیەکان و سەرکوتکردنی ناڕازیبوونی جەماوەریی. یەکەم ئەرکی دامەزراندنی ئەم فاشیزمەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان لەلایەن هەردوو نوخبە سیاسیەکەوە بریتیە لە بەکارهێنانی ئەو دامەزراوانەی کە لەلایەن خودی حیزبەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون و ئەم دامەزراوانەش لە زۆربەی بارەکاندا ئەوانەن کە بەرگێکی یاساییان لەبەردایە و بە دامەزراوە یاسایی و فەرمیەکان دادەنرێن، کە گرنگترینیان بریتین لە پەرلەمان و دادگە و دادوەری گشتی. ئەم پەرلەمانەی ئێستا راستەوخۆ لەلایەن پارتیەوە کۆنتڕۆڵکراوەو خاوەنی کارەکتەری سەربەخۆی خۆی نیە وەک دامەزراوەیەکی یاسادانەری نیشتمانی و کایەیەکی گشتی گرنگ بۆ سازدانی دیبەیتێکی راستەقینە لەسەر یاساکان و سیاسەتە گشتیەکان و بنیانتنانی کارەکتەرێکی بەهێز بۆ خۆی کە توانای لێپرسینەوەی لە حکومەت و کارەکانی هەبێت. ئەوەی ئەم پەرلەمانە پێیهەڵدەستێ بریتیە لە بەگەڕخستن و تێپەڕاندنی ئەو ئەجێندا سیاسیانەی پارتی وەک هێزێکی هەژمونکار بەسەر پەرلەمانەوە کە دەخوازێت بەرگێکی یاسایی پێ ببەخشێت و شەرعیەتی جێبەجێکردنی لەناو دامەزراوەکانی حکومەتدا هەبێت.
بێگومان ئەم دەسەڵاتە سیاسیە هەمیشە لە هەوڵی لێدان و گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان و دەنگە ناڕازیەکاندا بووە و بە کردەوەیی لە هەوڵی دامەزراندنی چەندین دەزگای ئاسایشیدا بووە لە ژێر ناوی جیاوازدا کە ببێتە دەزگاکانی ترساندنی خەڵکی و چاودێریکردن بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جوڵە و خۆپیشاندانێکی جەماوەریی. ئەم جۆرە لە فاشیزم توانای داگیرکردنی راستی نیە و ناتوانێت سەرجەمی حەقیقەت بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ بکات. ئەم دوو نوخبە سیاسیە بێ فەرهەنگە لەبەرئەوەی خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی دیاریکراو نین، توانای ئەوەشیان نەبووە کە تەنها یەک راستی لە رێگەی پەروەردە و خوێندنەوە بگەیەنن و بتوانن ئەوە بسەپێنن بەسەر زۆرینەی خەڵکدا کە ئەو ژیان و سیستمی حوکمڕانیەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت هەر ئەوەندە دەتوانرێت بۆ ئێستای کوردستان بەدیبهێنرێت. زۆرینەی هاوڵاتیان و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان هۆشیاری ئەوەیان هەیە کە ئەم حوکمڕانیە سیاسیە کە لەلایەن دوو نوخبەوە بەڕێوەدەبرێت بریتیە لە حوکمڕانیەکی بنەماڵەیی کە نوقمی گەندەڵیەکی رێکخراوە و سەرتاپای جومگە حیزبی و حکومیەکانی گرتۆتەوە و هەوڵی بە گەندەڵکردنی ئەندامانی کۆمەڵگەش دەدات. کەواتە هۆشیاری خەڵک لە ئاستێکدایە کە چیتر باوەڕ بەم دەسەڵاتە ناکات کاتێک دەیەوێت بە خەڵک بڵێت کە دۆخی هەنوکە دەکرێت باشتر بکرێت. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە لە فاشیزم لە ناو دەسەڵاتی سیاسی کوردستاندا توانای زەوتکردنی حەقیقەت و گەیاندنی یەک راستی نیە بۆ کۆمەڵگە، بەڵکو لە رێگەی دیکەوە هەوڵی سەپاندنی هەژمونی سیاسی خۆی دەدات. واتە کاتێک توانای داگیرکردنی هۆشیاری خەڵکی نیە، هەوڵی شکاندنی ئەو رۆحیەتی بەرەنگاریی و بەرهەڵستکاریی و ئامادەییە بۆ روبەڕوبوونەوە دەدات کە زۆرینەی هاوڵاتیان و کۆمەڵگە بە شێوازی جیاواز مانیفێستی دەکەن. کاتێک ئەم گیانی بەرگریە کە گرنگترین خاڵی مەترسیە بۆ سەر ژیان و مانەوەی دەسەڵات توشی جۆرێک لە نائومێدی دەبێت سەبارەت بە گۆڕینی ئەم سیستمی حوکمڕانیە، لێرەدا دەسەڵات قسە لەسەر چاکسازیی دەکات.
بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم فاشیزمەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان کە لەلایەن دوو نوخبەوە بەڕێوەدەبرێت لە غروری پاوانکردنی دەسەڵاتەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتێکی زیاتر و دروستکردنی هەژمونێکی گەورەتر بەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگەدا، دەخوازێت لە رێگەی پرۆژە یاسای تۆتالیتاریانە و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە چاودێریی بەسەر تاکەکەسەکانەوە کۆنترۆڵی هەمووان بکات. کارێکی دیکەی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە دەستەمۆکردنی ئۆپۆزسیۆن و هێزە نەیارەکانە. ئەم پرۆسەی دەستەمۆکردنە بە چەند رێگەیەکی جیاوازدا دەڕوات و سەرەتا رەنگە لە دژایەتیکردن و جەنگێکی میدیایی و هەندێکجار لە پێکداداندا بەڕێوەبچێت و پاشان نوخبەی دەسەڵاتدار هەوڵی گرتنەخۆ یان ئیحتیواکردنی ئۆپۆزسیۆن بدات. هەروەها بەکارهێنانی دانوستاندن و پێشکەشکردنی پلە و پایە لەبەرامبەر بێدەنگبوون و پاشان خەساندن و دەستەمۆکردنی ئەم ئۆپۆزسیۆنە و کپکردنەوەی ئەو پرۆژە رادیکڵانەی بانگەشەیان بۆ کردووە. ئەمەش دەبێتەهۆی لێکترازانی ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن و دروستبوونی جیابوونەوە لە نێو ئەندامەکانیاندا کە بەشێکی زۆریان ئەمە بە خۆ تەسلیمبوون بە نوخبەی دەسەڵاتی سیاسی دەبینن. ئەم پرۆسەی راهێنان و جڵەوکردن و دەستەمۆکردنەی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن نوخبەی سیاسیەوە دوو مەبەستی سەرەکی دەپێکێت. یەکەم، ئەو پەیامە بە خەڵکی دەگەیەنێت کە ئۆپۆزسیۆنبوون و کردنەوەی بەرەی نەیاری بێهودەیەو دواجار بە دەستەمۆکردن و رازیبوون بە کەمترین داواکاریی کۆتایی دێت. دووەم، ئەو گیانی بەرەنگاریی و ئازایەتیە بۆ بەردەوامی ململانێکردن لەگەڵ دەسەڵاتدا لاواز دەکات، کە تاڕادەیەکی زۆر ئەم دوو خاڵە پێکەوە گرێدراون لە لای زۆرینەی تاکەکەسەکان و بە تایبەتی چالاکوانان. واتە لاوازبوونی ئۆپۆزسیۆن و دەستەمۆبوونی ئۆپۆزسیۆن دەبێتەهۆی لاوازبوون و دروستبوونی نائومێدیەکی گەورە لەناو بەشێکی گەورەی ئەوانەی ئومێدیان لەسەر ئەم هێزە ئۆپۆزسیۆنە بنیاتنابوو. دواجار ئەم بارە سیاسی و سایکۆلۆژیە ئەوە دروستدەکات کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە چیتر بڕوای بەوە نامێنێت ئۆپۆزسیۆن توانای بردنەوەی لە دەنگداندا هەبێت و نوخبەی دەسەڵاتدار لەوەدا سەرکەوتوو دەبێت کە خەڵکێکی زۆر نائومێد بکات و ئەو بڕوایەیان لا دروستبکات کە بێهودەیە دەنگ بە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بدەن چونکە توانای بردنەوەیان نابێت. جگە لەمەش نائومێدیەکی گشتی لەلای خەڵک دروستدەکات سەبارەت بە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان، هەروەک چۆن لە هەڵبژاردنی پێشودا رێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا لە کوردستان و عێراقیشدا رێژەیەکی زۆر کەمی نیشاندا. (لە دەرفەتەکانی داهاتودا باس لەوە دەکەم کە چۆن پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان و دامەزراوە فەرمی و یاساییەکان دەبن بە کەرەستەیەکی بەسوود بەدەست نوخبەی سیاسیەوە بۆ بەردەوامیدان بە سیستمی سەرکوتکاریی و فەرمانڕەوایی خۆیان).
کەواتە ئەم دوو نوخبە سیاسیەی کوردستان لە هەوڵی دامەزراندنی فاشیزمێکدان کە پێیەکی لەسەر بەناو بەیاساییکردنی کۆمەڵێک بڕیار و پرۆژەی پاوانخوازی دەسەڵات داناوە و، پێیەکەی دیکەی لەسەر لاوازکردن و دەستەمۆکردنی ئۆپۆزسیۆن داناوە بە جۆرێک کە مەبەست و ئامانجی سەرەکی ئەم دەسەڵاتە دانانی سیستمێکی چاودێری و کۆمەڵگەیەکی برا گەورەیە کە نەک هەر ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ و بێکاریگەر بکات، بەڵکو تاکەکەسەکانی ناو کۆمەڵگەش توانای دەربڕینی راوبۆچونەکانی خۆیان نەبێت لە رێگەی کەناڵەکانی گەیاندنەوە و، دواجار سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن لە رێگەی یاسا سەرکوتکارەکانەوە کە سیستمێکی دادوەری حیزبی جێبەجێیدەکات. ئەمە ئەو فاشیزمەیە کە ئەگەر ئەم وتارە ببێتە جۆرێک لە هاندان بۆ خۆپیشاندان دژی ئەو پرۆژە یاسا تۆتالیتاری و مومارەسە سەرکوتکاریانەی کە دەخوازێ هەموو دەنگە ناڕازیەکان و مافی خۆپیشاندان و رەخنەگرتن کپبکات، ئەوا ئامانجی هەردوو نوخبەی سیاسی بریتی دەبێت لە توندکردنی هەموو نوسەر و قەڵەمێکی رەخنەگر و بەرپرسیار لە کونجی زینداندا. لێرەوە دەبێت ئەوە روون بێت کە تەنها هێزی شەقام و ناڕەزایەتی سەرتاسەریی دەتوانێت بەر بەم فاشیزمە بگرێت.