لەقاڵبدانی ژن لەدامەزراوە میدیاییەکاندا
2020-09-04 15:33:51
شەهێن سابیر
میدیا بەكۆی ئامرازەكانیەوە وەك دامەزراوەو سیاسەتی میدیایی، دەیان سەرنجی هەڵگرتوە، بەدیاریكراوی لەم ناوچەیە، هاوكێشەی میدیایی جیاواز لەسیاسەتو ئامانجی دیاریكراوی ئەو ڕوبەرەی دیاریكردوە، وەك هەیكەلی دامەزراوەیی هەمیشە جێی ڕەخنەی بەشێك لەژنانو فێمێنیستەكانیش بووە، وەك ئەوەی چۆن ژن لەمیدیای كوردیدا لەقاڵبدراوە.
ئەگەر سەرنجبدەین بەدیاریكراوی ژن لەهەیكەلی دامەزراوەیی میدیاییدا، وەزیفە میدیاییەكەی بەئەندازەیەك لەقاڵبدراوەو تێگەیشتنێكی بۆ وەرگر دروستكردوە، كە تواناكانی لەو چوارچێوە دیاریكراوە زیاتر نییە، ئەمەش كلتورێكی دروستكردوە كە ژنان خۆشیان پابەندی ئەو كلتورەبن كە هەیە! ئەگەر نمونەكە لەسەر تیڤی بهێنینەوە، لەكۆی دامەزراوەیەكی تی ڤی دا ئەركی ژنان بەگەورەیی ئەركی پێشكەشكارییە، زۆربەی كاتیش پێشكەشكاری بەرنامە هونەریی و كۆمەڵایەتیەكانن، جگە لەهەواڵنامە سیاسیەكان، تەنانەت ژنان كەمترین خاوەنی بەرنامەی سیاسین، هەڵبەت ئەمەش لەچەند زاویەیەكەوە دەكرێت بخوێندرێتەوەو هۆیەكانی دەستنیشانبكرێت!
سەرنجبدەن؛ لەدامەزراوەیەكی تی ڤی دا لەبەشەكانی هەواڵو پەیامنێراندا كەمترین ژنەكان سەرنوسەرن، هەواڵسازن، یاخود پەیامنێرەكان كە لەپەنجەی دەست تێپەڕناكەنو زۆركات دەوترێت پەیامنێرە تاقانەكان، چونكە لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكاندا زیاتر هەست بەو گرفتە دەكەیتو لەژنێك تا دوان زیاتر نییە، هەروەك لەڕوە هونەرییو تەكنیكیەكانیشەوە لەكۆنترۆڵەكاندا لەكاری مۆنتێری، دەرهێنان، كامێرا تا هەموو ڕەگەزەكانی دیكەی تەكنیك ژنان هیچ تایبەتمەندیەكیان نییە، كە ئەمەش ڕوبەری هیوایەكمان بۆ ناهێڵێتەوە لەسەر تواناو پێگەیشتی ژن لەمیدیادا، لەكاتێكدا میدیا بەزانست كراوەو ساڵانە لەهەردوو ڕەگەز دەرچویەكی زۆرمان هەیە لەو بوارەدا كە تایبەتمەندی لەبەشەكانی میدیا وەردەگرن.
دروستكردنی ئەم مۆدێلە بۆ دەركەوتنی ژن لەمیدیادا، داهاتوی ژن دەخاتە بەردەم مەترسی گەورەكردنی ئەو ڕوبەرەی پیاو لەمیدیادا قۆرخی كردوە، هەروەك ئەوەی بەرەنجام ژن لەمیدیادا لەقاڵبدراوە بۆ هەندێك چوارچێوەی بچوكو قەتیس كراوە، ئەمە سەرەڕای ئەو بۆچونانەی باس لەوەدەكەن ژن خزمەتی چاوی وەرگرەكانی دەكاتو هەندێك كات دەوترێت وەك كاڵا بۆ ڕاكێشانی سەرنجی وەرگر بەكاردەهێنرێن، هەڵبەت نەك لەكۆمەڵگەیەكی وەك كوردستان، بەڵكو لەجیهانیشدا ئەو تێڕوانینە لەسەر دەركەوتنی ژن لەبوارە جیاوازەكاندا هەیە، بۆیە لەكوردستان ئەو لێكدانەوەیە قوڵترە، هەروەك دەبینین لەژمارەیەك كەناڵی كوردی تایبەت بەكاتبەسەربردن، بەلێشاو بەرنامەی نمایشكارییو مەیك ئاپو فاشنو دیداری هونەری ئەنجامدەدرێتو پێشكەشكارەكانیان ژنن كە بەجۆرێك لەجۆرەكان بەرگی ئەم مۆدێلەیان بەباڵای ژناندا دوریوەو ئەم گۆشەی دەركەوتنەیان بەسەردا سەپاندون !
دەكرێت بڵێم بۆ وەها بابەتێك لەچوارچێوەی لێكوڵینەوە یان توێژینەوەیەكدا دروستترو شیكاریتر هۆكارو دەرەنجامەكانیمان دەستدەكەوێت، بەڵام ئەگەر لێرەدا ڕەهەندە سیاسیەكە چاولێبكەین، وەك كاریگەرترینو بەهێزترین هۆكاری ئەم كێشەیە، زۆر بەسادەیی دەتوانین هێڵی كێشراوی ئەم دۆخە ببینینو بپرسین خاوەندارێتی میدیاكان بۆكێ دەگەڕێتەوە؟.
گومانی تێدانییە مەكینەی میدیای پارتە سیاسیەكانو سێبەرەكانیان لەكوردستان تەواوی ڕوبەرەكەی داگیركردوە كە سیاسەتوستراتیژی لایەنێكی دیاریكراو جێبەجێدەكات، ئەمەش دەرگای پرسیارێكی دیكەمان بۆ دەكاتەوە، ئایا سیاسەتی پشتی میدیاكان چەند باوەڕیان بەباڵانسی جێندەری هەیەو زەمینەیان ڕەخساندوە كە ژن خاوەندارێتی بگرێتەدەستو ڕۆڵی بەڕێوەبردن وەربگرێت، لەكاتێكدا ژن لەناو خودی حزبەكاندا كێشەی ڕێژەییو بەشداریكری سیاسی هەیە؟ ئەم نەفەسە لەبیركردنەوە لەناو حزبەكاندا كلتورێكی دروستكردوەو سەپاندوە تا ئەندازەی لەقاڵبدانی بیركردنەوەی خودی ژنان تا شوكرانەی ئەو كادیرەبكەن كەتێیدا دەردەكەونو تەنها لەیەك بازنەدا بخولێنەوە نەك خاوەندارێتی، بگرە دەست بۆ تایبەتمەندیەكانی دیكەی كاری میدیاییش نابەن كە ئەمانە هەموی پەیوەستن بەفەلسەفەی كاركردنی پشتی میدیاكانو ئێستا پێویستیان بەگۆڕانكاری هەیە.
بەم تێروانینە خێرایە دەگەینە ئەوەی لەم ژینگە میدیاییەی ئێستاداو لەپاڵ شۆڕشە گەورەكانی تەكنەلۆژیاو توانای ژن وەك زەرورەتێك لەبەشەكانی دیكەی كاری میدیاییو بەڕێوەبردندا، پێویستیمان بەشكانی كۆنكرێتی بیری كۆنی حزبیو شۆڕشی عەقڵە بەسەر ئەو كلتوری لەقاڵبدانەی ژنو ڕاچڵەكینی ژنە بۆ هۆشیاركردنەوەی هزرو ڕوناككردنی بیری تاریكیو دەركەوتنی لەبەرگێكی دیكەی پێگەیشتنو ڕۆشنبیركردنی لەبەشەكانی میدیاو ئەزمونكردنی خاوەندارێتیو بەڕێوەبردنی دامەزراوەی میدیاییدا.