Draw Media

بڕیاری دەوامکردن و چەند سەرنجێکی یاسایی

بڕیاری دەوامکردن و چەند سەرنجێکی یاسایی

2020-09-04 10:43:08


عەبدولقادر ساڵح

ئەمشەو بەرێز گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی پۆستێکیدا لە پەیجی تایبەتی خۆی ، رایگەیاند کە دەوام لە رۆژی یەک شەممەی داهاتووە وەک جارانی لێ دێتەوە واتە هەموو رۆژێک دەوامکردن لە کاتژمێر (8)ی سەر لەبەیانی بۆ کاتژمێر (3)ی پاشنیوەرۆ، بۆ وەستانەوە لەسەر ئەم بریارە لەرووی یاسا و قەزای کارگێڕییەوە چەند سەرنجێ لە خوارەوە تۆمار دەکەین:
یەکەم: نکولی لەوە ناکرێت کە پەیوەندی نێوان فەرمانبەر و حکومەت پەیوەندییەکی رێساییە(علاقە تنڤیمیە) کە ملکەچە بۆ ئەو یاسا و رێنماییانەی کە ئەم پەیوەندییەیان رێکخستووە لەرووی ئەرک و مافەکانەوە ، کەواتە لەم روانگەیەوە دەسەلاتی جێبەجێکردن بێ گەرانەوە بۆ فەرمانبەر دەتوانێت شێوازی ئەرکەکانی سەرشانی فەرمانبەران رێکبخاتەوە بە گوێرەی یاسا و رێنماییەکان، بەلام بەو مەرجەی کە بابەتەکە تەنها قەتیس نەکرێت لە ئەرکەکان بێ رەچاوکردن و جێبەجێکردنی ئەو یاساو رێسایانەی کە مافەکانی فەرمانبەرانیشی رێکخستووە.
دووەم: هەموو بڕیارێکی کارگێڕیی دەبێت هۆکاری(سبب)ی هەبێت، کە لە کاتی خۆیدا و بریاری حکومەت بۆ گۆڕینی شێوازی دەوامی فەرمانبەران ، پەیوەندی بە هەبوونی پەتای نەخۆشی کۆرۆناوە بووە ـ گەر وەک واقیع بابەتی دواکەوتن و بڕینی مووچەی لێ بەدەر بکەین ـ ، ئەم هۆکارەش کە حکومەت بە هۆیەوە بریاری پێشووی داوە و جێبەجێکردنی بریارەکە وەستاندۆتەوە لەسەر مانەوەی هۆکارەکە، ئەوا لە کاتی ئێستادا هێشتا هۆکارەکە هەر ماوە و ئاسەوار و مەترسیەکانی بەردەوامن، لەسەر ئەم بنەمایەش ناکرێت بێ رەچاوکردنی ئەم هۆکارە ، بڕیارەکە دووبارە هەموار بکرێتەوە یان هەڵبوەشێتەوە ، چونکە بەردەوامی جێبەجێبوونی بریارەکەی پێشووی حکومەت وەستابوو (موقوف) لەسەر هەبوونی هۆکارەکە کە کۆرنابوو ، کاتێکیش هۆکارەکە وەک خۆیەوە مایەوە ئەوا بریارەکەش بەردەوام دەبێت.
سێیەم: پێشتر بریاری شێوازی دەوام لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە و لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە درابوو بە گوێرەی زانیاری ئێمە، لەم کاتەشدا لەرووی یاسا و قەزای کارگێڕییەوە هەر بریارێکی دیکە دەربچێتەوە بۆ گۆرینی شێوازی دەوامکردن، دەبێت لە کۆبونەوەی بەرێزی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دووبارە دەربچێتەوە و بەبروای ئێمە بەرێز وتەبێژی حکومەت دەسەلاتی هەموارکردنەوە یان گۆرینی بریارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی نیە و دەبێت خودی ئەنجومەن خۆی بریارەکە هەموار بکاتەوە یان هەڵیوەشێنێتەوە .
چوارەم: بریاردان لەسەر دەوام بەو جۆرەی کە لە راگەیەنراوەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، هەمان دۆخی ئاسایی دەوامکردنە لە کاتێکدا کە فەرمانبەران مووچەی خۆیان لە کاتی خۆیاندا وەردەگرت و هیچ پابەندییەکی داراییان لای حکومەت نەبوو، بەلام لەم دۆخەی ئێستادا کە بە ئاشکرا حکومەت خۆی دانی بەوەدا ناوە ناتوانێت پابەندییەکانی سەرشانی جێبەجێ بکات و لانی کەم بە (50) رۆژ جارێک مووچە دەدات بە لێبرینەوە کە هەم دواخستنەکە و هەم لێبرینەکەش سەنەدی یاسایی نیە، کەواتە لەم حاڵەتەدا وەک جێبەجێبوونی راگەیەنراوەکەی گوتە بێژی حکومەت دوچاری مەحاڵبوونی رێژەیی (الاستحالە النسبیە) دەبێتەوە لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسادا، بەو مانایەی لە تەنیشتی ئەمەدا دەبێت رەچاوی ئەم دۆخە بکرێت لەرووی مووچەوە و پابەندییەکانی سەرشانی حکومەت سەبارەت بە مووچەکانی رابردووش و ناکرێت هاوسەنگی پەیوەندییە وەزیفیەکە بەم جۆرە بە زیانی فەرمانبەر کۆتایی پێ بهێنرێت و هیچ حسابێک بۆ ئەم لایەنەیان نەکرێت کە ئەمەش وادەکات بریارەکە بە ئاسانی جێبەجێ نەکرێت.
پێنجەم: بڕیاری کارگێڕیی سیمای کاری یاسایی حکومەتە و دەبێت ئەم کارە یاساییە بە وردی دیراسەتی جێبەجێکردنەکەی کرابێت لەرووی واقیعیەوە و لەرووی یاساییەوە شەن و کەو بکرێت ئەو کات بریاری لێ بدرێت، ناکرێت کە بەم جۆرە بڕیارێک لەم چەشنە دەربکرێت بێ دیراسەتکردنی رووی جێبەجێکردنی ئەم بریارە، چونکە جێبەجێنەکردنی بریارەکە لەرووی واقیعییەوە شکۆی بریارەکە و هێزەکەی و ئەو لایەنەی دەری دەکات دەخاتە ژێر پرسیارەوە .

 

* ڕاوێژکاری یاسایی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand