Draw Media

چی بکرێت ؟  .... زۆر شت دەکرێت..

چی بکرێت ؟  .... زۆر شت دەکرێت..

2020-09-03 15:03:05


چیا عەباس

بەرێز شۆرش حاجی لە دوایین نوسینیدا بەناونیشانی "چی بکرێت ؟" ورد و دروست دەستی لەسەر زامەکانی باشوری کوردستان داناوە. بۆ خۆم خۆشحاڵم کە بەرێزی ئەو باوەرەی ئێستای راشکاوانە بەیان دەکات، چونکە کاتێک ئەو ئەندامی خانەی راپەراندنی گۆڕان بو بەندە و چەند هەڵسوراوێکی تری پێشوی گۆڕان زۆر هەوڵمان لە گەڵ خانەی راپەراندن و بەرێزیشی دا و ئاگادارمان کردنەوە گەر دۆخەکە بەو شێوازە بەردەوام بێت حوکمرانی و گۆڕانیش تڵپی تەریان تیا نامێنێت. لە خانەی راپەراندنی ئەو سەردەمە بە کاک شۆرش یشەوە یەک نوزەی فەرمیشیان نەبیسترا، لە سەر هەڵە و سیاسەتە چەوتەکانیان بەردەوام بون. بەرێزی لە دڵسۆزی و وەفایی بۆ دۆستی دێرینی کاک نەوشیروان نەیدەویست یاخود نەیدەتوانی راشکاوانە چاوەکانی بەرامبەر عەیب و عارەکانی گۆڕانی دوای کاک نەوشیروان بکاتەوە،
هەرچۆنێک بێت باسکردنی ئەو مێژوە بۆ کەمکردنەوەی نوسینەکەی ئێستای نیە، بەپێچەوانەوە چەند خاڵێکی جەوهەری پێکاوە کە هەوڵ دەدم لەم وتارەدا شێیان بکەمەوە و دەست لەسەر کەمو کوریەکانیان دابنێم.
لە گەڕاندا بەدوای رێگە چارەیەکدا و پێش هەنگاوی داهاتو بەرێزی دەڵێت: " دەبێ خەسڵەتی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان و سروشتی خەڵکەکەی دیراسە بکرێ و دەرس لە ئەزمونی رابردو وەربگرین. لە درێژەی گەڕانەکەیدا گەیشتۆتە ئەو باوەرەی کە:  هیچ تاک‌و حیزب‌و رێکخراوێک ناتوانێ بەتەنیا گۆڕانکاری ریشەیی لەشێوازی حوکمڕانی ئەمڕۆی باشوری کوردستاندا بکات، بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێستای کوردستان‌، پێم وایە باشترین رێگاچارە بۆ کۆتاییهێنان بەم شێوازی حوکمڕانییە لەباشوری کوردستان دروستکردنی پلاتفۆرمێک یان بەرەیەکی بەدیلی ئەم دەسەڵاتەیە ....... تاد". وێرای ئەوەی دروستکردنی سەکۆیەک یا بەرەیەکی میللی ئامانجی هەنوکەی بەرەی نارازیە، بەڵام کاک شۆرش بە تەمولێڵی داوای کۆتاییهێنان بە شێوازی حوکمرانی هەرێم دەکات، بێئەوەی روناکی پێویست بە شێوازی بەدیل ببەخشێت و بۆ رێگەی گۆرینەکەش دەڵێت: 
وا چاکە هەمو ئەوانەی لەخەمی ئێستاو دوارۆژی گەلەکەمانن لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوام بن تا ئەو کاتەی گفتوگۆی نێوان هێزو لایەنەکان بۆ دروستکردنی ئەو بەدیلە دەگاتە ئەنجام ‌و لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی کە ئاماژەیان پێکراوە بە لیستێکی یەکگرتو بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا بکەن‌‌و متمانەی زۆرینەی خەڵک بەدەستبێنن.
کاک شۆرش لەم دیدگایەوە ئاورێکی نەرم لە هێزە گەورە و دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دەداتەوە، چونکە زۆر باش دەزانێت دو هێزی دەسەڵاتدار ئەوەندە کەرەستەی مێژویی و حزبی و چەکداری و دارایی و راگەیاندنیان هەیە و رشتوە کە لە هەر هەڵبژاردنێکی نیو مەودا دوریشدا پێگە و دەسەڵاتیان پارێزراو دەبن، بۆیە
خۆ غافڵکردن لەم راستیە دەمان گەرێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا. 
کاک شۆرش کادر و پێشمەرگەیەکی دێرینە، خاوەن ئەزمونێکی هۆشیارانەیە و سەرجەم ئاشتی و شەر و ململانێ و ناکۆکیەکانی نێوان هێزەکانی کوردستان لە ١٩٧٥ ەوە بینیوە و بەشدرای بەشێکیانیشی کردوە، باش دەزانێ جوگرافیای سیاسی کوردستان زیاتر لە نیو سەدەیە دابەشکراوە، لە ئێستادا ئەو دابەشکردنە لە لوتکەدایە، بەهێزی چەکدار و پارە و کارئاسانی و پشتیوانی دەرەکی و گەمەی نەیارانی کورد پارێزراوە و خەستتریش دەکرێتەوە، رەنگبێ لە ئەزمونی خۆیدا ساختەکاری گەورە لە گۆڕان بەیارمەتی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرڵەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ باشترین ئەزمون بێت. پێموایە ئەم بژاردەیە دەمان گەیەنێتە بنبەست.
بەرێزی لە درێژەی باسکردنەکەدا دەڵێت: رەنگە ئەم سێ خاڵەی خوارەوە سەرەتایەکی باش بێ بۆ ئەوەی بکرێتە بەرنامەی کاری هەموان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتەی ئێستا:   
یەکەم/ سەروەری یاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.  
دووەم/ نەهێشتنی هێزی چەکداری حیزبی لەژێر هەر ناوو پەردەو پاساوێک.
سێیەم/ شەفافییەت لەداهات‌و لێپێچینەوەی یاسایی لە گەندەڵکاران.

بەخاڵی دوەم دەست پێدەکەم: نەهێشتنی هێزی چەکداری حزبی، دروشم و داواکاریەکی دروست و پێویستە، بەڵام چۆن نزیکەی سێ سەد هەزار چەکداری پابەست بە حزب و سەرکردە و فەرماندە و جەمسەر و خێل و .... دەنێریتە ماڵەوە؟ چۆن ئەو وەڵا و گرێبەستانەیان لە گەڵ دەسەڵات هەڵدەوەشێێنیتەوە؟  دو خاڵەکەی تری لە پراکتیکی بەدیلدا دەردەکەوێت.
راستی پێکاوە کە ناشێت: دواڕۆژی نیشتمان‌و گەلەکەمان بە قەدەر بسپێردرێ.
پێموایە بەدیلی راستەقینە بۆ هەر دەسەڵاتێک لە ئیرادەی هاوڵاتیەوە دەست پێدەکات، ئەوە کەوتۆتە سەر سروشتی دەسەڵات و خەسڵەتەکانی دۆخەکە چۆن ئەو ئیرادەیە رۆڵی یەکلاییکەرەوەی خۆی ببینێت.
لە دۆخی ئێستای کوردستان دەشێت چاو و زهن و ئیرادەمان لە یەک هزردا کۆنەکەینەوە و تەنها بەو ئاراستەیە کار بکەین. وازهێنان لە شمولیەتی پرسە نەتەوەیی و حوکمرانی و چاکسازیەکان کلیلی سەرەتاییە بۆ بیرکردنەوەیەکی واقیعی و دۆزینەوەی رێگەچارەی پر بەپێستی دۆخەکە. لێرەوە بیرکردنەوە و کارکردن لەسەر دروستکردن و چەسپاندنی بەدیلی پێویست لە گەرەک و گوند و ناحیە و قەزا و شارەکانی کوردستانەوە دەست پێدەکات، بێئەوەی چاوەروان بیت تا هەمو کون و قوژبنێکی نیشتمان دەگاتە ئاستی پێویست بۆ گۆرانکاری.
دروستکردنی ئەنجومەنی میللی لە هەر گەرەک و گوند و شوێنێکی کوردستان کە زەمینەیان لەبارە بەرێگەی مەدەنی ئەو کارە بکەن بۆ خۆی ئامادەسازیەکی گەورەیە بۆ بەدیلێکی لۆکاڵی بۆ دەسەڵات، کۆکردنەوەی سەرجەم ئەم ئەنجومانە تا لەوێشەوە دەگەنە ئەنجومەنی پارێزگان و لەوانیشەوە بۆ دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بەدیلێکە ئیرادەی هاوڵاتی بنیاتی دەنێت و بەرەنگاربونەوەی کارێکی ئاسان نابێت.
ئەنجومەنی باڵای کوردستان یاسا و رێساکان بۆ ئایندەی نیشتمان دیاری دەکات و دەبێت مافە رەواکانی هەمو کەس و لایەنێکیش لە سایەیدا پارێزراوبن و بە پێرەوکردنی یاسا ئەوانەی تاوان و ناهەقیان بەرامبەر بە خەڵک و نیشتمان کردوە دادگایی بکرێن و سزا بدرێن. بێگومان هەڵمەتێکی وا گەورەی گۆرانکاری پێویستی بە توانا و ئەزمون و ئیرادەی بەرەی گۆرانکارە، پێشئەوانەش پێویستی بە کامپینێکی بەرفراوانە بۆ رونکردنەوەی رۆڵی هاوڵاتی لە پرۆسەکەدا.
کورد لە باشور تاقەتی لە ئەزمونی حزبی و سەرکردە و هەڵبژاردنی بێ کاریگەری چوە، کاتیەتی پێی بوترێت دەتوانیت بە ئاراستەیەکی نوێدا ئیرادە و وزەکانت بیانخەیتە گەر کە بۆ ئایندە و خۆشگوزەرانی و داپەروەری خۆت و نیشتمانەکەتە.    

نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٣ سێپتەمبەر ٢٠٢٠
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand