بۆچی ترەمپ رێککەوتنی (ئیمارات - ئیسرائیل)ی بە رێکەوتننامەی ئیبراهیمی ناوبرد؟
2020-09-01 21:07:56
هیوا سەید سەلیم
هەر چەند ساڵ جارێک ناوەندەکانی لێکۆڵێنەوەی ئەمریکی هەڵدەستن بە ئامادەکردنی توێژینەوە لەسەر کێشەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست.
سەبارەت بەو کێشانە و ڕێگاچارەیان تا ئێستا ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمەریکا هەریەکەوە لە ژێر ناونیشانێک باسی لە ئایندەی ئەو ناوچەیە کردووە، لە باسکردن لە پرۆژەی رۆژەهەلانی ناوەڕاست، یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بگرە، تا دوا جاریش ساڵی پار بوو باس لە رێکەوتنی سەدە کرا، دوایین رێگاچارەش پرۆژەی ئیبراهیمی بوو کە لەسەر زاری دۆنالد ترەمپ باسی لێوەکرا.
پرۆژەی ئیبراهیمی چیە؟ لە کوێوە هاتووە؟ ئایا هی سەردەمی دۆنالد ترەمپە یان پێش ئەویش باس کراوە؟
لێکۆڵەرەوان دەڵێن ئەو ناوە دەگەرێتە بۆ پێغەمبەر ئیبراهیم، هەروەها ناوهێنانی ریکەوتنی ئیمارات – ئیسرائیل بەو ناوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیبراهیم خاڵی هاوبەشە لە نێوان سێ ئاینی ئاسمانی (یەهودی- مەسیحی – ئیسلام) کە جگە لە تەوڕات کە کتێبی ئیبراهیم بووە، لە (ئینجیل و قورئان)یش ناوی ئیبرهیم هاتووە، واتا خاڵی هاوبەشی هەرسێ دینە، کە ئێستا هەرسێکیان لایەنی ناو رێکەوتنە تازەکەن، ئیمارات وەک ئیسلام ، ئیسرائیل وەک یەهودی و ئەمەریکاش کە چاودێری ریکەوتنەکەیە ولاتێکی مەسیحیە.
شایانی باسە ساڵی ١٩٩٠ لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ئەمریکیەوە باس لە گفتوگۆی ئیبراهیمی دەکرێت، واتا پڕۆژەکە کۆنترە لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ، ئەوەشیان بە مانای رۆڵ دان بە پیاوانی ئاینی دێت بۆ چارەسەری قەیرانەکان، کە هەندێک جار پێشی دەوترێت دبلۆماسیەتی روحی.
د. هوبا جەمالەدین مامۆستا لە بواری پەیوەندیە نێودەوڵەتیاکان لیکۆڵینەوەیەکی لەسەر ئیبراهیمیە کردووە وا باسی دەکات:
ئیبراهیمیە پرۆژەیەکە لە تۆڕی هاوبەشی پیاوانی ئاینی و سیاسی و دبلۆماسی ئامانجیان چارەسەری ئەو قەیرانانەیە. کە سیاسیەکان لە بەرامبەری دەستەوەستانن.
دوترێت لە نێو ئەو هەموو پێغەمبەرە بۆیە ناوی ئیبراهیم هەڵبژێردراوە کە گوایە ئەویان دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی هاوبەشی نێوان هەرسێ ئاین لە بواری لێبووردەی ئەو پێغەمبەرە کە پێی ناسراوە.
ئەمەریکا ساڵی ٢٠١٣ لە ڕێگەی چەند ناوەندێکی لێکۆڵێنەوە دەستی بە توێژینەوە لەسەر ئیبراهیمیە کردووە،.
سەرەتا لە زانکۆ هارفۆرد دەستی پێکرد و ناوی نا دبلۆماسیەتی دووەم یان دبلۆماسیەتی روحی، کە تیایدا لە دیدارێک کە ١٠٠ کەسایەتی بەشداری تێدادەکەن، کە نیوەیان سیاسی و دبلۆماسی بوون نیوەکەی دیکە کە پەنجا کەس بوون لە پیاوانی ئاینی کە سەر بە هەرسێ ئاین ( ئیسلام – مەسیحی- یەهودی) لە زانکۆی هارفەرد پێشنیاری رێچکەکەی ئیبراهیمی کرا کە دەکرێت بکرێتە سنوری ئەو دەوڵەتە تازەیە کە بە دەوڵەتی ئیبراهیمی ناوی دێت، ئەو رێچکەیە یان گەشتی ئیبراهیم کە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستی پێکردووە و بە ئیسارئیل تێپەڕیوە تا گەیشتۆتە مەکەو مەدینە.
دیداری دووەم سەبارەت بە پڕۆژەی ئیبراهیم لە زانکۆی فڵۆریدای ئەمریکی بوو کە لەوێ بەڕوونی باس لە دەوڵەتی ئیبراهیمی، و تەنانەت باس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئیبراهیمی کراوە، کە بریتی دەبێت لە ولاتانی عەرەبی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای نیشتمانی عەڕەبی بە ئێران و تورکیا و ئیسرائیلیشەوە.
شایانی باسە دوای ڕێکەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل باس لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەکرێت ئەو هەنگاوەی ئیماڕات بنێن.
بۆیە پێدەچێت پرۆژەکە فراوانتر بێت و ئەمەریکا لە رێگەی دبلۆماسیەتی دووەم بیەوێت دەستکاری سنووری دەوڵەتانی ناوچەکە بکات، کە لەو دەستکاریەدا زامنی ئاسایش و بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیلی کرد بێت و دۆستەکانی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی کۆبکاتەوە.